دکتۆر هەژار عوسمان مەعروف: پزیشکێک لە گێژاوی هەست و سۆزە چڕو پڕەکان دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە بواری کاری پزیشکی و بە تامێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی گشتی و کەمۆکەیەکیش چینایەتی و سیاسی، پزیشکی پسپۆڕی بێهۆشکاری هاوپیشە و هاوڕێم دکتۆر هەڤین کەمال شا محەمەد بە کتێبی (لوب دوب) کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند کرد. بۆ ئەم کارەی لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لێدەکەم.
دکتۆر هەڤین لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی (فریاکەوتن) کاری کردوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەریی جوانکاری و سوتاوی لە سلێمانی کاردەکات. هەر لە منداڵیەوە کتێب خوێندنەوە دەبێتە خولیای و بەمە ژێرخانێکی بتەوی ڕۆشنبیریی گشتی بۆ خۆی دروست دەکات. دکتۆر هەڤین لەسەرەتای کتێبەکەیدا دەپرسێ بۆ خەڵک پێی سەیرە پزیشک چیرۆکنوس و شاعیر بێت، پرسیارەکە پێچەوانەدەکاتەوە کە بۆ ئەوانە نەبێت؟ مادام پزیشک ڕۆژانە سەروکاری لەگەڵ ئێش و ئازار و خۆشیی ژیان و فریاکەوتن و ژیاندنەوە و ناخۆشیی مردن و ئاخ و ئۆفی مرۆڤ هەیە ئیتر پێویستی بە ڕامان و گەڕانی زۆر بە دوای هزر و ئایدیا و وێنە خەیاڵیەکان نیە، هەر ئەوەی بەسە تۆماری ئەوە بکات ڕۆژانە لە کارەکەیدا دەیبینێ و دەیبیسێ و دەژی لە ناویدا. ئەو لە دورەوە شەیدای نوسینەکانی نوسەرێکی ناودار دەبێت، گەنجینەی بیرەوەریەکانی وەک پزیشکێک لێوانڕێژە لە بەسەرهاتی نەخۆشەکانی، ناڵە و فیغانی نەخۆشە پڕئازارەکانی دڵە هەستیار و ناسکەکەی نائارام دەکات و خەو دەزڕێنن لە چاوانی. بە هیوای ئەوەی نوسەرەکە لە چواچێوەیەکی ئەدەبی دا بەسەرهاتەکان بکاتە چیرۆک و ڕۆمان، بە چەند بازنەیەک دەکەوێتە نوسینەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکان و پەیتا پەیتا دەیاننێرێ بۆی، لە کۆتایی کتێبەکەیدا بۆی دەردەکەوێ کە نوسەرەکە زۆر نەخۆش بوە، بۆیە پۆستەکەی ئەمیان نەداوەتێ و دواتر مردویشە، ڕۆژێک هەمو پۆستە نێردراوەکانی بۆ دەهێنن بۆ نەخۆشخانەو ڕادەستی دەکەنەوە.
ئینجا وەرە لەم کۆمەڵەو لەم هەرێمە پڕ کێشەیەدا ژنێکی پڕ لە هەستیاری و هاوسۆزی بیت، دوکتۆرێکی بۆ کارەکەت دڵسۆز و کەسێکی ڕۆشنبیریش بیت، لە سیستمی تەندروستی (کە ئیمڕۆ بوە بە بازاڕی تەندروستی) و لە سیستمی حوکمی کوردی هەست بە هەمو کەم و کوڕیەکان بکەیت و لە نەخۆشخانەیەکی کەرتی گشتی دا کاربکەیت کە پەیوەندیی بە فریاکەوتنی دۆخە ترسناک و لەناکاوەکانی نەخۆشەوە هەبێت، پسپۆڕیەکەشت لە ئێش و ئازارەکانی مرۆڤ بەگشتی و هی کوردیش بە تایبەتی بێت، دەبێ بار و دۆخی ئەم پزیشکە خۆی چۆن بێت؟ نا نا وامەزانە دکتۆر هەڤین لە نائومێدی و ڕەشبینیی کاتیدا توشی سستی و خاوی و شلی بێت لە کاری ڕۆژانەیدا، ئەو هەڵوێستە جوان و چاک و مرۆڤدۆستیەکانی کەسانی دەوروبەر دەبینێ و هێز و وزەیان لێوەردەگرێ و بەردەوامی دەدات بە کارەکەی.
ڕۆژێک بە پەلە دەیبەنە سەر(خەندە) ی تەمەن بیست بەهار، خەندەی چی! وێرانە وێران، نزیکەی هەمو جەستەی سوتاوە و ئاه و ناڵەی دەگاتە ئاسمان، نوسەر بە دڵدانەوە و بە دەرزیی ئازارشکێنی بەهێز فریای دەکەوێت.وەک دایکی زۆربەی ئەو کچ و ژنانەی خۆیان دەسوتێنن دایکی خەندە ش دەڵێت نەوتی کردۆتە زۆپاوە و کراسەکەی گڕی گرتوە، دکتۆر هەڤین دەیان جار ئەم درۆیانەی بیستوە و بە ئاسانی بە دایکی خەندە دەردەخات کە کچەکەی خۆی سوتاندوە، هۆکەشی ئەوە بوە ڕۆژێ پێشتر باوکی بە زۆر مارەی کردوە لە ئامۆزایەکی، بەمە خەونی خەندە، کە ئەوە بوە خوێندن تەواوبکات و ببێتە مامۆستا و ئینجا شو بکات بەو کوڕەی ماوەیەکە یەکتریان خۆشدەوێ، دەبێتە هەناسەیەکی سارد و لە ئاسمانی بێکۆتایی دا بزردەبێ. خەندە لە بێهۆشیەکی قوڵ قوڵ و بەردەوام دایە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ژیان، نوسەر کە هۆڵی نەخۆشەکان ئارام دەبێتەوە دەچێتە تەنیشت چرپاکەی خەندە و بەسەرهاتەکانی بۆ دەگێڕێتەوە.
نوسەر ئاوێنەیەکی زیندوت دەداتە دەست کە تێیدا هەمو نەخۆشی و کارەسات و مەرگەساتەکان و کەم و کورتیەکانی ئەم کۆمەڵەت بە گێڕانەوەیەکی پڕ لە هەست و سۆز پیشان دەدات، ئەو زۆرجار خۆی پێناگیر و دانەدانەی مرواریی سروشکە بەسۆزەکەی دەبارێنی بەسەرنەخۆشەکانیدا.
باسی کچی بەزۆر بەشودراو دەکات، چۆن خۆی دەکات بە کڵۆیەکی ڕەژو و ئەم کە دەبینێ ناتوانێ ڕزگاری بکات یا ئێشەکانی کەمبکاتەوە چۆن خۆزگەی مردنی وەک جۆرێک لە ڕزگاربون بۆ دەخوازێ.
باسی قوربانیەکانی شەڕی براکوژیی دوای ڕاپەڕین و باسی دەس و قاچ پەڕیوەکانی مین و بۆمبا فڕێدراوەکان دەکات کە چۆن لە نەخۆشخانەی ئیمیرجنسی چارەسەر کراون و بەهۆیانەوە نەخۆشخانەکە ناونراوە نەخۆشخانەی قاچ پەڕیوەکان. نوسەر باسی ئەو کچە دەرچوەی زانکۆمان بۆ دەکات کە ڕۆژی دوازدە کاتژمێر لە کارگەیەکی ماستدا کاردەکات و لەتاو ئێشی جومگەکانی هاتوە بۆلای بۆ چارەسەر. باسی ئەو کچۆڵە ناسکە پڕ لە هەست و زیرەکیەمان بۆ دەکات کە بەهۆی جیابونەوەی باوک و دایکی، ئەم لەژورێکدا لای باوکە کتێب فرۆشەکەی دەژی، لەڕێی کتێبەوە ژیانی خۆش و ئایندەی ڕوناک و کۆمەڵی بەختەوەر و دەسەڵاتی دیموکرات و دادپەروەر دەناسێ، بەڵام لەسەر کاغەز، ڕۆژێک چاوەڕوان نەکراو هاواری لێ هەڵدەسێ و بە باوکی دەڵێ کەی ئەمە ژیانە ئێمەی تێداین.
نوسەر بە نمونەی زیندو بڕوات پێدەهێنێ کە دەسدرێژی کردنی سێکسی بۆ سەر منداڵ لەم کۆمەڵەدا هەیە، کە هەندێ پیاوی ڕاهاتو بە مادەی هۆشبەر بۆ بەدەستهێنانی مادەکە ئامادەیە خۆی و ژن و منداڵەکەشی بفرۆشێ. باسی قوربانیانی ڕوداوەکانی هاتوچۆدەکات.
دکتۆر هەڤین لەسەر چەقی جادە فریای کوڕێکی گەنج دەکەوێت کە بەهۆی ئەوەی پارەی نەبوە دەرمانی پەرکەمەکەی بکڕێ دەبورێتەوە و دەکەوێت. (دڵارام) ی شۆخ و شەنگ لە تافی لاویدا شێرپەنجە چڕنوکە بێ بەزەییەکانی لە بینی گیردەکات، ڕۆژێک بە نوسەر دەڵێت: خۆزگە شێرپەنجە دەبو بە مرۆڤ و توشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبو و هەمو ئەو ئازارانەی دەچەشت کە ئێمە دەیچێژین بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانمان تێبگات. حەزدەکەم شێرپەنجە بمرێت بۆ ئەوەی کەس وەک من ئازار نەچیژێت. باسی (ئەحمەد) ت بۆ دەکات، ئەو شاعیرە گەنجەی کە دو دیوانی شیعری بەچاپ گەیاندوە، لە نەبونی و دەستکورتیی دوای ڕاپەڕینی 1991 دەبێتە مین هەڵگرەوە و بە تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دەدات، پزیشکی نەشتەرگەرو نوسەر و یاریدەدەرەکانیان لە لێواری مردن دەیگێڕنەوە بۆ ژیان، لە وەڵامی ئەوەی لە بێهۆشیە قوڵەکەی تێی کەوتبو چیی بینیوە، ئەحمەد دەڵێت: ئەوەی بیرمە خەوێک بو، لە خەوەکەما زۆر دڵخۆش بوم، گەڕابومەوە بۆ دێکەمان، ئێوارە بو، لە ژێر دارئەرخەوانەکەی بەردەمی ماڵمان دانیشتبوم، کزەبایەک یاریی بە شەرواڵ و کراسەکەم دەکرد، منیش بە هێمنی دانیشتبوم شیعرم دەنوسێ. دەبێت تیمی پزیشکان و یاریدەدەرەکانیان چۆن لە خۆشیی ڕزگارکردنی ئەحمەد باڵیان لێ ڕوابێت! نوسەر ڕەخنەگرانە باسی مێشک و دڵی ئەو توێژە کەمەی کچ و ژنی سەرمایەداران و دەسەڵاتدارانی کوردی دەکات کە جگە لە خەمی ڕواڵەتی جەستەیان و خۆجوانکردن هیچی تریان تێدا نیە. نوسەر وەک ڕۆشنبیرێک دەیان پەند و بیر و هزری جوان و قوڵی بیرمەندان و فەیلەسوفانی دنیامان بۆ دێنێ و دەیانبەستێتەوە بە باسەکانی.
دکتۆر هەڤین باسی ژیانی تایبەتیی پزیشک دەکات و بە گشتی بەرگریان لێدەکات کە چۆن خزمەتی نەخۆشەکانیان دەکەن و چۆن ئەوانیش کێشەی خۆیان هەیە و پێش ئەوەی پزیشک بن مرۆڤن وەک هەر مرۆڤێکی تر، بەڵام ڕەخنەش لەو دوکتۆرانە دەگرێت کە ڕەوشتی پزیشکیان لاوازە و لە پێناوی پارەدا قوربانی بە لایەنی مرۆڤدۆستیی پیشەکەیان دەدەن. نوسەر زۆر جوان باسی پاڵەوانە ڕاستەقینە گومناوەکانی ئەم کۆمەڵە دەکات و ڕەخنە لەو کەسانە دەگرێت کە جگە لە قسەی زل و بێکردار هیچی تریان لێنایەت، باسی فشەڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوسی ڕواڵەتی و نادڵسۆزمان بۆ دەکات و لێیان دەپرسێت کوا کۆڵینەوەو بنکۆڵکاریەکانیان بۆ ئەم کۆمەڵەی لە ژێر سەدان دەردی کوشندەدا دەناڵێنێ.
نوسەر بەرگری لە مافی ژن دەکات وەک ئینسان و تەکەز لە سەر ئەوە دەکات کە ژن هەر جەستە و بوکەڵەی ڕازاوە و جوانی بەردەست پیاو نیە، ئەو دوپاتی دەکاتەوە کە پیاوسالاری بەسەر ئەم کۆمەڵەدا زاڵە و سوارە، بەڵام کوێرانه بەرد لە پیاوان ناگرێ و بەرگریی کوێرانەش لە ژنان ناکات، ئەوەتا ڕەخنەی توند و ڕەوا لە ڕێکخراوەکانی ژنان دەگرێت کە چالاکیەکانیان لە گەشت و سەیران و دەعوەت و قسەی بێکرداری بەر مایکرۆفۆنی ڕادیۆ و تەلەفیزۆنەکان و ناو سیمینارەکان تێپەڕ ناکات و زۆربەیان ئاگایان لە ئێش و ئازارە زۆر و جۆرا و جۆرەکانی ژنانی کوردستان نیە.
بێ دودڵی (لوب دوب) شایەنی خوێندنەوەیەکی ورد و شێلگیرە، دڵنیام ئەمە تەنیا کتێبی دکتۆر هەڤین نابێت و کتێبی تریشی بە دوادا دێت، چاوەڕوانین.
هیوادارم پزیشکانی کوردستان بە تایبەتی پزیشکە لاوەکان کتێبی (لوب دوب) بخوێننەوە و گرنگی بە بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم ژیانە ڕەنگاوڕەنگە بدەن نەک هەر قەتیس بمێنن لە تونێلی تەنگی زانستە پزیشکیەکان، بێگومان دەبێت بەردەوام لە بواری پزیشكیدا خۆیان نوێبکەنەوە و ئاگایان لە دوا پێشکەوتنەکانی پزیشکی بێت لە دنیا دا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت بەردەوام ئاگایان لە کۆمەڵی کوردستان و باری سیاسیی هەرێم و عێراق بێت و بزانن باری کۆمەڵایەتی و ئابوری و دەرونیی نەخۆشەکانیان چۆنە، ئێمە چەند پێویستمان بە پزیشکی پسپۆڕی زانا هەیە بە هەمان ئەندازە پێویستامان بە پزیشکی ڕەوشت بەرز هەیە کە ئاستی ڕۆشنبیریی بەرز و فراوان بێت و لە خەباتی مەدەنیی خەڵک دا بۆ بەدەستهێنانی مافە خوراوەکانیان بەشداریی کاریگەر بکات.
لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حکومەتی هەرێم ئیمڕۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیە حکومیەکان بە هۆی کەمی یا نەبونیی دەرمان و کەرەسەی نوێی پزیشكی و خزمەتگوزاری، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پوکانەوە و چۆڵەوانی دەڕۆن، ئەو بەسەرهات و ڕوداوانەی ڕۆژانە ڕودەدەن تێیاندا، گەر هەمو وردەکاریەکانیان تۆمار بکرێن لە لایەن پزیشکان و یاریدەدەرەکانیانەوە، کەرەسەی دەیان ڕۆمان و فیلمی دۆکومێنتار و فیلمی سینەماییان تیادەبێت کە دەشێت بکرێنە بەڵگە لەسەر گوێ پێنەدانی حکومەتی هەرێم بەم بوارەی خەڵک کە پەیوەندیی بە ژیان و مردنیانەوە هەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت