هۆمەر نۆریاوی: بە حەسەن زیرەک بوون، ڕەنجی فەرهادی گەرەکە.

شمشاڵێک مرد
ئاوازەکانی چوونە سەر مەزارەکەی
کە سەیریان کرد:
لق و پۆپی دارتووەکان
بوونەتە”خاوکەر” ی سەوز و
باڵندەکانیش بە گوڵی
دارئەرخەوان!
(شمشاڵ، شێرکۆ بێکەس، ل499)
وشەی بەرایی:
کورد، نەتەوەیەکی هەستپاکژ و زووباوەڕە و هەست و نەست بەسەر ئاوەز و ئەقڵیدا زاڵە، هەر لەم سۆنگەیشەوە بەدرێژایی دیرۆک زەرەرمەند بووە.
بۆ ماوەیەک دەچێت یەک لە ئەستووندەکە سەرەکییەکانی موزیک و گۆرانی کوردی،”حەسەن زیرەک”بووەتە پرسێکی سەرەکی نێو کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵک و بگرە کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی و لە نێو چەقی پرسەکەدایە و لە بن نسێی ئەم گەورە هونەرمەنەدا هەر یەکە و بە جۆرێک لە مەیدان و گۆڕەپانەکەدا ئامانجەکەی خۆی بەرەوپێشەوە پاڵ پێوە دەنێت. بەڵام گەلێک ڕوون و خویایە ویژدانە بێدارەکان هەردەم لە مەیدانەکەدا ئامادەنە و کەسیش ناتوانێت تۆسقاڵێک لە سەنگ و قورسایی ئەم هونەرمەندە ڕاستینەیە کەم بکاتەوە چونکە بە شایەتی خودی مۆسیقا و گۆرانیی ئێستای کوردی، هێشتاکە زۆرینە هەر لەبەری هونەرە واڵاکەی حەسەن زیرەک دەخواتەوە.
دیوی ڕاستینەی پرسەکە:
لەمێژە ئەم ڕستەیە بووەتە بنێشتەخۆشەی سەرزاران کە “حەسەن زیرەک نەخوێندەوار بووە”. بەڵام کێ بێت و نەزانێت حەسەن زیرەک بۆ مۆسیقای کوردی دەوری دایک دەبینێت و بە خەزنەی ئاواز و مێلۆدی کوردی دادەنرێت. ئەم هونەرمەندە لە ئامێزی هونەری ڕەسەنی نەتەوەیەکی خودان هونەردا پەروەردە بووە و لە بن سێبەری بەخت و چارەنووسەکەی خۆدا بست بە بستی خاکی کوردستانەکەی دەگەڕێت. ئەم گەشت و گەڕانە زۆرە، سامانێکی فرەوانی ئەوتۆ دەخاتە بەردەست حەسەن زیرەک کە کورد نەک ئەمڕۆکە بەڵکوو بۆ هەتایە لێی بەهرەمەند دەبێت و شانازییشی پێوە دەکات.
“عه‌لی مه‌ردان” ی مه‌زن به‌مجۆره‌ باس له‌ زیره‌کی نه‌مر ده‌کات: ته‌نیا خودا بۆ خۆی ده‌زانێ که‌ من چه‌نده‌ حه‌سه‌ن زیره‌کم خۆش ده‌ویست و به‌ نه‌مانی زیره‌ک،گۆرانییه‌کانی له‌ گه‌روومدا خنکان. من قه‌ت حه‌سه‌ن زیره‌ک لە‌ ‌بیر ناکه‌م و ئه‌و باشترین گۆرانیبێژ بوو”.
ئەمە وەڵام و بەرسڤێکە بۆ ئەوانەی نازانم لەبەر چ هۆکارێک دەیانەوێت شکۆی هونەری نەتەوەیەک بشکێنن!
ژه‌نیاری هه‌ره‌ ناودیاری کورد “موجته‌با میرزاده”‌که‌ خزمه‌ته‌که‌ی به‌ حه‌سه‌ن زیره‌ک لای که‌س شاراوه‌ نییه‌،سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری باڵای زیره‌ک ده‌ڵێ : حه‌سه‌ن زیره‌ک ئه‌رچی نه‌خوێنده‌وار بوو، به‌ڵام شیعری زۆربه‌ی گۆرانییه‌کانی هه‌ر هه‌مان ساتی تۆمارکردن ده‌هۆنییه‌وه‌.ئه‌و خاوه‌نی بیرگه‌ و زه‌ینێکی تیژ و بۆ له‌به‌رکردنی شیعر و مێلۆدی و مه‌قام، که‌سێکی ناوازه‌ و که‌موێنه‌ بوو و حه‌سه‌ن زیره‌ک ئیدی له‌ مۆسیقای کوردیی دا دووباره‌ نابێته‌وه‌، چونکه‌ جوانترین و له‌به‌ردڵانترین مێلۆدی و گۆرانی به‌ گوڵجاڕی گۆرانی کوردی به‌خشی”.
کاتێک موجتەبا میرزادە بەو چەشنە لەسەر ئاستی وریایی هونەریی حەسەن زیرەک دەدوێت ئیدی مرۆ سەری سووڕ دەمێنێت بۆچ خودی خۆمان بەردەوام هەڵە زەقەکە پاتە دەکەینەوە و پێوەرمان بۆ خوێندەواری تەنێ بڕوانامەیەکی ڕواڵەتییە کە هەزاران بڕوانامەی باڵا بە گەردی بەرپێی بەرهەمێکی حەسەن زیرەک نابێت!
موزیکزان و ژه‌نیاری هه‌ره‌ به‌توانای کورد “ع.ج.سه‌گرمه”یش‌ به‌مجۆره‌ وه‌سفی زیره‌ک ده‌کات: “حه‌سه‌ن زیره‌ک لووتکه‌ی گۆرانی کوردی له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌م دایه‌.
ئەمە تەنیا ڕا و بۆچوونی چەند گەورە سیمایەکی هونەری کوردی لەسەر حەسەن زیرەک بوو کە کورد گوتەنی”هەر کەسێ کەسە، حەرفێکی بەسە”.
کەس نییە حاشا لەم ڕاستییە بکات کە حەسەن زیرەک بەڕاستی زیرەک و وریا و بلیمەت بووە و لە سەخڵەتترین ڕۆژگاری ژیندا هەرگیز یاری بە هونەری نەتەوەکەیەوە نەکردووە و قەت لە دووی گیرفان ئاخنین نەبووە و بەرانبەر میللەتەکەی تا سەر ئێسقان ڕاستبێژ بووە.
تا باسی حەسەن زیرەک دێتە ئاراوە، دەگوترێت نەخوێندەوار بووە کەچی سامانی هونەریی و بەرهەمەکانی ئەم هونەرمەندە بۆ خۆی بەڵگە و شایەتن بۆ ئاستی باڵای وریایی و وشیاری.
حەسەن زیرەک لە سەردەمێکدا داهێنەر و پێشەنگ بووە کە کورد خاوەن میدیا و دەنگی خۆی نەبووە. بەڵام حەسەن زیرەک دەرفەتە چکۆڵەکانی بەردەم خۆی بە باشترین شێواز بۆ پێشخستنی هونەری نەتەوەکەی قۆستووەتەوە و سەرباری کەند و لەندە بەرفرەوانەکانی بەردەم،بەوپەڕی تواناوە خزمەتی هونەری نەتەوەکەی کردووە؛ڕاستە دەیان سیمای خەمخۆر و لێهاتووی وەک موجتەبا میرزادە،عەلی مەردانی مەزن و … دەبنە پاڵپشت و یارمەتیدەری، بەڵام حەسەن زیرەک بۆ خۆی هەگبە هونەرییەکەی لێوڕێژی مێلۆدی و ستران بووە.
حەسەن زیرەک لەپڕێک و گۆترە و تەنێ لە سای بەهرەی دەنگخۆشییەوە نابێتە حەسەن زیرەک. ئەم هونەرمەندە سەرانسەر نیشتمانەکەی دەگەڕێت و ئاشنا بە هەموو سووچ و قوژبنە هونەرییەکانی نەتەوەکەی بووە و دەگەڵ سەدان هونەرمەنددا دادەنیشێت و کار دەکات.
ئەم هونەرمەندە لە سەردەمێکدا دەبێتە حەسەن زیرەک کە ئامێرەکانی تەکنۆلۆژیا وەک ئەمڕۆ ئەوەندە پێشکەوتوو نەبوونە کە هەر نووزەیەک بە ناوی هونەرەوە فەخر بە میللەتەکەی بفرۆشێت و لە مەیدانێکی ئامادە و بەرفرەواندا لەم سامانە زەنگینە هونەرییە بەهرەمەند ببێت و بگرە بەناڕەوایش تەراتێنی تێدا بکات.
ئەمە هەر لە هونەرە بەرزەکەی حەسەن زیرەک دەوەشێتەوە هەرکە گوێبیستی گۆرانییەکی دەبیت، ڕاست دەتباتەوە تا نێو خودی شاخ و داخ و دۆڵ و بنار و چیای نیشتمان چونکە ناخی سیخناخە بە بەرامەی ئاواز و مێلۆدییە ڕەسەنەکانی گوند، شار،شارۆچکە و یەک بە یەکی ناوچە و دەڤەرەکانی کوردستان و ئەمەیش دەرەنجامی ئەزموونە دەوڵەمەندە هونەرییەکەی ئەم هونەرمەندەیە.
لە نێو ڕووبەری هونەری کوردیدا کەم گەروو و قوڕگی هونەرییت پێ شک دێت ئەوەندەی حەسەن زیرەک بێخەوش و پاکژ بێت و ماف و حەقی تەواوەتی بە وشە کوردییەکان بدات و وەک خۆ بێژەیان بکات.
ئەو پێوەندییەی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵ بە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەکەوە دەیگرێت لە کەمتر هونەرمەندێکدا دەبینرێت. هۆکاریش ئەوەیە گۆرانی زیرەک دەڵێی لە گەرووی خودی جووتیار و شوان و …کوردەوە دەردەچێت.
حەسەن زیرەک بەسەر سەدان پردی گچکە و گەورەی هونەردا دەپەڕێتەوە و لە ئاواز و مێلۆدی هەر ناوچە و دەڤەرێکی کوردستانەکەی توێشەبەرەیەک پڕ دەکات و لە سای لێزانیی و کارامەیی خۆیەوە پتر لە 1500گۆرانیی ڕەسەنمان پێ دەبەخشێت کە هونەرمەندانی ئەم سامانە هەر لە دوێنێوە تا سبەیەکی دوور دوور لە بەرەکەی دەخۆنەوە و سەرپاکیش قەرزباری ئەم گەورە هونەرمەندەن.
حەسەن زیرەک هۆبە بە هۆبە،دیوەخان بە دیوەخان و هەوار بە هەواری نیشتمانەکەی پشکنیوە تا زیرەکی لێ دەرچووە کەچی بە سەد داخەوە ئەمڕۆکە ژمارەیەک مرۆی کاڵفام و هەلپەرستی بەناو دەنگخۆش دەیانەوێت لە ڕێی ئەم سامانە فرەوانە هونەرییەوە لەپڕێک ببەن بە کوڕێک و دووکانێک بۆ خاپاندنی جەماوەر بۆ خۆ بکەنەوە،ڕاستە جەماوەر هێشتاکە بە هەست و نەستەوە بڕیار دەدات لێ شوکر هەنووکە ئاستی وشیاریی هونەریی خەڵك بەرز بووەتەوە و هەست بە جیاوازییەکان دەکات.
هەرگیز دژ بە بەهرە و توانای کەس نەبوومە و نیم و ناشبم بەڵام گەییشتن بە ئاستە واڵا هونەرییەکەی حەسەن زیرەک شەونخوونییەکی زۆر و ڕەنجی فەرهادی گەرەکە.
حەسەن زیرەک یەکە و قەتیش پاتە نابێتەوە. ڕەنگە بە هەزاران سەوداسەر و ڕێبواری قوتابخانە و ڕێبازە هونەرییەکەی بن بەڵام هەمووان تەنێ لەبەرە هونەرییەکەی زیرەکی مەزن دەخۆنەوە و سامان زیرەک،ئیحسان زیرەک و … تەنیا تامی خودی خۆیان دەدەن و نە زێتر.
ئای چەندە بەختەوەرە زیرەکی نەمر تا دێت ڕێبوار و شەیدای هونەرە ڕەسەنەکەی سەر لە ئاسمان دەسوێت!
دوا پەیڤ:
یەکەم/ پتر لە 50 ساڵ بەسەر مەرگی جەستەیی حەسەن زیرەک دا تێدەپەڕێت کەچی هێشتاکە زۆربەی بەناو هونەرمەندی ئەمڕۆکەی کورد قەرزباری هونەرە بەرزەکەیەتی و هێشتایش پەنا بۆ ئاواز و مێلۆدییە ڕەسەنەکانی ئەم هونەرمەندە دەبەن.
دووەم/ حەسەن زیرەک، زادەی دەڤەرێکە سیخناخ و لێوڕێژ بە تۆرە و ئەدەبی کوردی؛ هەر بۆیە ئەم سامانە ئەدەبییە دەبێتە گەورەترین پاڵپشت بۆ حەسەن زیرەک و زووتر پێدەگات.
سێیەم/ ئەوانەی پێیان وایە تەنیا لە سای بەهرەی دەنگخۆشییەوە دەتوانن کتوپڕ بەسەر پەیژەکانی هونەردا سەر بکەون و هەر بە شەوێک یەک بە یەکی قۆناخە هونەرییەکان ببڕن، تەواو لە هەڵەدان و هەرگیز هونەرمەندێکت پێ شک نایە لەپڕێک بووبێتە کوڕێک.
چوارەم/ حەسەن زیرەک،خاوەنی بیرگە و زەینێکی تیژ بووە و هەرکە جارێک شیعرێکت بۆ خوێندبایەوە ،دەستبەجێ لەبەری دەکرد و بە بێ هەڵە و پەڵە و بە زمانێکی پاراو،بەرگی گۆرانی بەوەردا دەکرد.
پێنجەم/ حەسەن زیرەک ،نەک حەوت مەنزەڵ بەڵكوو هەفتا قۆناخی هونەر دەبڕێت تا دەبێتە ئەو زیرەکەی کورد تا هەتایە شانازی پێوە دەکات و نەوە لە دوای نەوەیش پتر شوێن هونەرە واڵاکەی دەگرێت. چونکە حەسەن زیرەک مڵکی نەتەوەیەکە و هەرگیز ناتوانیت بە شار یان دەڤەرێکەوە بیبەستیتەوە.
شەشەم/ حەسەن زیرەک ڕەنجی هەزار فەرهاد دەکێشێت و سەدان لەمپەری سەرڕێ لا دەدات تا ئەو حەسەن زیرەکەی لێ دەردەچێت کە کورد و ناکورد پەسنی دەدات و ڕێز لە هونەرە بەرزەکەی دەنێت.
حەوتەم/ لە ڕۆژگارێکدا گەلانی وریا و وشیار تۆڕە جڤاکییەکان بە باشترین شێواز دەخەنە خزمەت پێشخستنی ئاستی وشیاریی گەلەکەیان،سەد حەیف و سەد مخابن ئەم دەستکەوتە بۆ نەتەوەکەی من بووەتە سەرئێشە و بگرە مێمڵ و هۆکارێکیش بۆ لەخشتەبردنی کۆمەڵ. دیارە ئەم پرسەیش لە ڕێی ژمارەیەک مرۆی هەلپەرست و کاسبکاری تەواو ئامادە و تەیاری نێو گۆڕەپانەکەوە ئەنجام دەگرێت و بە دوای ئامانجێکی پۆخڵ و دزێویشدا دەچێت کە هیچ لە بەرژەوەندی هونەر و کولتووری کوردیدا نییە و بگرە خۆڵ لە چاوی جەماوەر دەکات و خەڵک چەواشە یان بە واتایەکی ڕاستتر دەخاپێنێت. هەر بۆیە ئەرکی گشت مرۆیەکی وریا و وشیاری سەردەمە دژ بەم گێژەڵووکە هەژێنەرە بوەستێتەوە و ڕاستییەکان وەک خۆ بخاتە بەردەم جەماوەر.
شیاوی ئاماژەپێدانە ھونەرمەندی به‌ناوبانگی کورد”حەسەن زیرەک”، ساڵی 1921 (1300ی هه‌تاوی )لە شاری “بۆکان”چاوی له‌ ڕووی ژیان هه‌ڵدێنێت و پاش عومرێک چه‌رمه‌سه‌ریی و ده‌ربه‌ده‌ریی و ته‌مه‌نێک خزمه‌تکردنی گۆرانی کوردی، ڕۆژی 4ی پووشپه‌ڕی ساڵی 1351(1972) نه‌خۆشی به‌رۆکی ده‌گرێت و سه‌ره‌نجامیش ئه‌م گه‌وره‌ هونه‌رمه‌نده‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی بۆکان به‌ نامورادی سه‌ر ده‌نێته‌وه‌ و بۆ هه‌میشه‌ گۆرانییه‌کانی به‌ کوردستان ده‌به‌خشێت.له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی “ناڵه‌شکێنه‌”ده‌بێته‌ دوا هه‌واری ژینی. زیره‌ک بۆ هه‌تایه‌ به‌ ده‌نگێکی ڕه‌سه‌نی نێو گۆرانی کوردی ده‌مێنێته‌وه‌ که‌ تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن،قه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نابێت گه‌ردێک بخاته‌ سه‌ر چریکه‌ی ده‌نگه‌که‌ی.
ژێدەر:
1 – دیوانی شێرکۆ بێکەس ،بەرگی یەکەم، چاپی دووەم،سلێمانی 2002،لە چاپکراوەکانی پرۆژەی کتێبی دانسقە
2 – پەندی پێشینیان، شێخ محەممەدخاڵ، چاپی سێیەم، سلێمانی 2000، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
3 – گۆرانیبێژە نەمرەکان، بەشی دووەم، باکووری، چاپی یەکەم، هەولێر 2002،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس
4 – چریکەی کوردستان، میدیا زەندی، پەخشکاری بۆرەکەیی، 1376ی هەتاوی(1996)
5 – حەسەن زیرەک، لووتکەی گۆرانیی کوردیی سەدەی بیستەم،هۆمەر نۆریاوی،دووحەوتەنامەی” دیار کهن”، ژمارە 84،گەلاوێژی 1394ی هەتاوی(2015)

لە گۆگلە بنوسە wtarikurd ڕۆژانە بابەتی نوێ بخوێنەوە. ACEPTAR
Aviso de cookies