شەماڵ بارەوانی: یەکپۆشی یان دیکتاتۆریەتی زۆرینە؟!.

تێناگەم ئەو وڵاتە بۆ وای لێ بەسەرهاتووەو شتەکان بەرەو ئاڕاستەیەکی ئیخوانیانە و ئاقارێکی خراپ‌ و نەرێنی و ناسروشتیدا دەڕۆن! خەریکە منیش وەکو مامۆستایەکی هاوڕێم بڵێم: کوردستان لە لێواری قەندەهاربووندایه.
ماوەیەک قسەکردن لەسەر یەکپۆشی لە زانکۆکان بووەتە بابەتێکی گەرمی ڕۆژەڤ و باس و خواسی نێو میدیا و سۆشیال میدیای کوردی. تەنانەت من لەهەندێک پەیجی ئیخوانیزم و ئیسلامیه سیاسیەکان بینیم داوایان دەکرد کە ئەو یەکپۆشیە لە قوتابخانەکانیش بەسەر مامۆستاکانیشدا بسەپێندرێت!
هەڵبەت من وەک مرۆڤێکی لیبڕاڵ و سیکۆلار دژی یەکپۆشی و سەپاندنی جۆرێک لە پۆشاکی دیاریکراوم بەسەر خوێندەکاری زانکۆ و ئەو یەکپۆشیەیش بە دژایەتی کردنی فرەیی و ئازادی تاك دەزانم.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشیە، لە بەرنامەکەی کاکە ڕەنج سەنگاوی (لەگەڵ ڕەنج)دا سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و سلێمانی و دهۆک و تەنانەت وەزیری خوێندنی باڵاش لەگەڵ یەکپۆشی نەبوون.
وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: من کەسێکی ئاڕاستە لیبڕاڵم و هەرگیز دەنگیش بۆ ئەو پرۆژەی یەکپۆشی نادەم. تەنها سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین نەبێت کە دەتگووت:کادرێکی بزوتنەوەی ئیسلامیه، هێندە بە حەماسەت و گەرمیەوە بەرگری لە یەکپۆشی دەکرد!
بێگوومان سەبارەت بەو یەکپۆشیە ئەوەی تێبینیم کرد لە سۆشیال میدیای کوردی و کەناڵە ئیسلامیەکان، ئیسلامی سیاسی لە خۆشیان شاگەشکە کردووە و بەرنامەی لەسەر دادەنێن و چەپڵەی بۆ دەکوتن و زۆر زۆریان بەدڵە.
هەڵبەت ئەو پشتگیری کردنەی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەتی ئایینی لەو یەکپۆشیە، لەخۆڕا نییە و ئەقڵیەت و بیرکردنەوەو مینتاڵێنتێکی کۆنە خوازانە و ئیدەلۆژیایەکی بناژۆخوازانەی لە پشتەوەیە. چونکو ئەوان هەڵگری ئایدیۆلۆژیەتێکی تۆتالیتار و شمولی و خاوەنی دیدەنیگایەکی پۆپۆلیستین.
ئێ بە دڵنیاییەوە ئەو یەکپۆشیە ڕێک لەگەڵ خواست و مەیل و ئیدەلۆژیا و نەفەس و نەهج و پەروەردە و میزاجی ئەو هێزە ئوسوڵی و پۆپۆلیست و کۆنزەرڤاتیڤانە یەکدەگرێتەوە.

ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، دوو هێزی تۆتالیتارن.
هێزە تۆتالیتار و شمولیەکانیش دایمە هەوڵی سڕینەوەی چەمکی پلورالیەت و جیاوازیەکان دەدەن. هەرکاتێک دەسەڵات و دەرفەت و هێزیشیان بوو، خاتری هیچ هێزێکی لیبڕاڵ و لایەنێکی سیکۆلار و ڕێکخراوێکی مەدەنی و کۆمەڵی دیموکراسی ناگرن و بێ سێ و دوو، ئەجێندای خۆیان بەسەر تەواوی کایەکانی ژیان دەسەپێنن. هەموو ڕەنگێکی جیاواز لە بۆتەی تاقە ڕەنگێکدا دەسڕنەوە و هەرچی دەنگی نا ئیسلامیزم (حزبی ئیسلامی) و ناسەلەفیزم هەیه، دەست دەنێنە گەروویەوەو جوان جوان دەیخنکێنن. هەموو جیاوازیەکان لە ناو دەبەن و چەمکی ئازادی ئیبادە دەکەن و دیموکراسیەتی بەستەزمانی بەناو سیکۆلاریستە موجامەلەچی و دۆڕاوەکانیش گۆشە و گۆش سەر دەبڕن.
خوا بکات هەر ئەو یەک پۆشیە ئیدەلۆجیای ئیسلامی سیاسی و دەست و فیتی ئەوانی لەپشت نەبێت و لە ژێر فشاری ئەوان نەبێت. ئاخر بینیمان لە ژێر لۆبی و فشاری ئەو هێزه ئیسلامیە سیاسیانە چۆن وەزیری پەروەردە داستنانێکی (داستانی دەروێش عەڤدی) فۆلکلۆری نەتەوەیی سەتان ساڵەی کوردی لە پرۆگرامی خوێندن لابرد!
بینیمان چۆن لە ژێر فشاری ئیسلامی سیاسیدا بەڕێز: وەزیری پەروەردە چەندینجار هات و سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بابەتی (پەروەردەی ئیسلامی) لە قوتابخانەکان، بە شەرم و ترس و شێوازێك لە موجامەلەو پاڕانەوە لە بەردەم ڕاگەیاندنەکان قسەی کرد و نەیتوانی دەستکاری (نەک لابردن- کەس هەڵە لێکدانەوە بۆ قسەکەم نەکات) چەندین دێڕ و لایەنی ئەو بابەتی پەروەردەیە بکات، کە بە نەفەس و ڕۆحیەتێک نووسراوە، ڕێک دەڵێیت لە مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی و ماڵی عەلی باپیر و مەکتەب عەسکەری کۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی و بە پێی میزاج و خواست و فرمان و ئەجێندای ئەوان و لە پێناو حزب و بەرنامە و ئیدەلۆژیاکەی ئەوان نووسراوە. نەک پەروەردەیەک بێت لەگەڵ دنیای پێکەوە ژیان و ئازادی ویژدان و بنەمای مرۆڤایەتی و ڕۆحی سەردەم و زانست و کوردایەتی و ئەو تێگەیشتن و تەفسیرە جوان و پڕ لە تەسەوف و ڕۆحانیەت و کرانەوە و هیومانیستەی مەلای گەورە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سوجادی و مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس بۆ ئایین بگونجێت و یەکبگرێتەوە.
ئەوان(ئیسلامگەراکان) دەیانەوێت تەعریبەکەی ئیخوان و ئەجێندا ڕادیکاڵ و جیهانبینیە ناڕەسەنەکەی خۆیان تێکەڵ بە هەموو سێکتەرەکانی ژیان و کونج و کەلەبەرێکی کۆمەڵی کوردەواری بکەن. هەر لە وەزارەتی پەروەردە بگرە، تا دەگات بە وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەوان دەیانەوێت سیستەمی یەک ئایین و یەک ئەقیدە و یەک مەزهەب و یەک ڕۆئیا و یەک ئیدەلۆژیا، بەسەر هەمواندا بسەپێنن. ئەوان هێندە ڕاسیزم و دەمارگیرن، مردنیان لا خۆشترە، لەوەی گوێیان لە ناوی زەردەشتیەك و جووەك و ئێزدیەك بێت و کەسێکی لائیک باوەڕ، یان سیکۆلار ببینن. ئینجا ئەو یەکپۆشیەی کە ئیسلامیەکانی هێناوەتە شایی و بزەخەنە، گوایە جیاوازی چیانایەتی دەسڕێتەوە، سەیرە!
ئەزیزم جیاوازی چینایەتی هەرگیز بە یەکپۆشی لەناو ناچێت و بنەبڕنابێت و ناسڕدڕێتەوە. جیاوازی چینایەتیتان لە جڵ و بەرگ و یەکپۆشیدا کورتکردووەتەوە، لەکاتێکدا سیستەم و ئەقڵیەت و هەموو شتێکمان کاپیتاڵیستانە بێت و جیاوازی نێوان زانکۆیەکی حکومی و ئەهلی ئاسمان و ڕێسمان بێت. دەیان جیاوازیتری چینایەتی گەوره هەیه لە کومەڵ، دەتوانین کار لەسەر نەهێلانیان بکەین و هەوڵی سڕینەوەیان بدەین، نەك بابەتێکی سادەی وەکو پۆشاک.
بێگوومان ئەو یەکپۆشیە دژی ئازادی تاک و مافەکانی مرۆڤ و فەلسەفەی لیبڕاڵیەتە. ئەوە ڕەنگە لەداهاتوودا سەر بکێشێت بۆ شتی تر و سەپاندنی تر لە ژێر ناوی زۆرینە. بێگوومان لە یەکپۆشیدا مرۆڤ بوونی مرۆڤ ون دەبێت و ئازادی تاک پێشێل دەکرێت.
وەک سەروکی زانکۆی سلێمانی لە بەرنامەکەی کاکە ڕەنج ئاماژەی بۆ کرد: لەو یەکپۆشیه زیاتر فۆکەسەکە خراوەتە سەر ڕەگەزی مێینە و ئامانج لێی کچەکانە زیاتر. دەیانەوێ لەو ڕێگەیەوە ڕێگە بگرن لە هەر کچێک جلێکی مۆدێرنانە، یان بە ویست و حەز و ئازادی خۆی پۆشاکێك بپۆشێت. بەدڵنیاییەوە ئەوەش داواکاری و خەون و ئاوات و بەرنامەی ئیسلامیەکانە.
هیوادارم لە داهاتوو لەسەر خواستی برایانی کۆمەڵ و خوشکانی یەکگرتوو و کچانی بزووتنەوەی ئیسلامی، یەکجاری بیکەن بە باڵاپۆشی، دڵنیام ڕاپرسی بۆ ئەو باڵاپۆشیەش بکەن 70٪ی دەنگ و زیاتریش دەهێنن، چونکوو ئەو کات بەشێکی زۆری کچان لە ترسی ئەوەی ئیسلامیە سیاسیەکان پێیان نەڵێن: ئەها دژایەتی جبە و باڵاپۆشی و دینی خوا دەکەن و لە کۆمەڵ وەک دڕندەیەک پێناسەنەکرێن و دژایەتی نەکرێن و بە بێ ئەخلاق وەسف نەکرێن، دەنگ بە باڵاپۆشی دەدەن.
ئینجا سەبارەت بەوەی لە فلان زانکۆ 70٪گوتوویەتی بەڵێ لەگەڵ یەکپۆشین و بابای ئیسلامی سیاسی (پەڕلەمانتارێکی کۆمەڵەکەی عەلی باپیر) بەژدار بووی بەرنامەکەی ڕەنج دەیگووت: زۆرینە گووتوویەتی لەگەڵیم، دەبێ ڕێز لە ڕای زۆرینە بگرین، جارێ بابای ئیسلامیست تۆ و حزبەکەت کەی باوەڕتان بە زۆرینە و جەهەر و ڕەهەندەکانی دیموکراسیەت هەیه؟!
ئەزیزم دواتر بەو لۆژیکەی زۆرینە و کەمینە بێت، مادام سەتا هەفتا گووتی: هەرکرانەوەیەکی کۆمەڵ و ئازادیەکی تاک و تازەگەریەک و تێکەڵی هەردووک ڕەگەز لە قوتابخانە و جیاوازی جل وبەرگ قەدەغەبکرێت، کەواتە لە وڵاتێکی وەکو هیندستانیش، کاتێک زۆرینەی خوێندەکارە هیندۆسەکانی دژ بە لەچک و باڵاپۆشی چەند کچە خوێندەکارێکی موسڵمان بوون و زۆرینەیان دەنگ بۆ قەدەغەکردنی ئەو باڵاپۆشیە بدات، ئەوە بڕیارێکی ڕەوا و دیموکراسیانەیە و مادام بۆچۆن و خواستی 70٪ بێت و لێرە دەبێت کەمینە و 30٪ کە ناچاری پابەندبوون بێت بە هەر بڕیارێکی زۆرینە و بچیتە ژێر سەپاندن و دیکتاتۆریەتی زۆرینە!
لە وتاریتیش گووتوومە و لێرەش دەیڵێمەوە: ئەزیزم ئەوە تێگەیشتنێکی زۆر سەقەت و ناساخڵەم و دیماگۆجیانەیە بەرامبەر بە چەمکی دیموکراسی و بەرەواژو و هەڵە حاڵی بوونە لە چەمکی زۆرینە و کەمینەیش، قوربان زۆرینە بە واتای عەنتەری و سەپاندن و دکتاتۆریەت نایەت.
لە دیموکراسیەتدا، 99٪ لەسەر بۆچوونەك بن و یەک کەسیش تەنها لەسەر بۆچونێکی دژ و پێچەوانەبێت، دەبێت حیساب بۆ بۆچوونی ئەو تاکە کەسە بکرێت و ڕێز لە حەز و خولیاو ئازادیەکانی بگیرێت. لە دیموکراسیەتدا تۆ ئازادی ڕەنگی سور بپۆشیت و من سپی، ئەویتر سەوز، یان ڕەش، یان زەرد و شین.
نەک تۆ بێیت و ستایلێکی دیاریکراو ڕەنگێگی دیاریکراو تەنورەیەکی هێندە درێژ، یان کورت، یان واو وا بەسەر خوێندەکاراندا پسەپێنیت.
بێگوومان پێچەوانەی ئازادی تاک و فەلسەفەی لیبڕاڵیەتە.