شەماڵ بارەوانی: بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا/ بەشی بیست و سێ.

لەسەر گوێگرتن لە گۆرانی شکاتم لە دوو فەقێکرد.!
پێشووتر و لەبەشی یەکەمی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گومڕادا باسم لەوەکرد، کە من فەقێیەکی زۆر وشک باوەر و فێندەمێنتالیستێکی زۆر ناحاڵی بووم و هەر لەو سۆنگەیەشەوە زۆرێک لەشتەکانم لە خۆم حەرام و قەدەغە و بە تابۆ کردبوو، یەکێک لەوانە گوێگرتن بوو لە میوزیك و گۆرانی بوو. ماوەیەکی باش، جگە لە سروودی ئایینی گوێم لە هیچ گۆرانیەک نەدەگرت و گۆرانی و مۆزیکم لا حەڕام و تاوان و لادان بوو. یەک دوو نامیلکۆکەی سەلەفیگەراکانم سەبارەت بە حوکمی مۆسیقا و گۆرانی، لە ڕوانگەی ئایین و قورئان و ڕیوایەت (فەرموودە) و سەحابە و شتەوە خوێندبوویەوە.
سەبارەت بەوە، چەند بیرەوەری و بەسەرهاتێکی سەردەمی فەقێیاتیم هەیه، دەمەوێ بۆ خوێنەرانی ئازیز باسیان لێوەبکەم.
ئەوە ساڵی دوەمی فەقێیاتیم بوو، کۆمەڵەک فەقێی تری نوێمان بۆ هاتنە حوجرە، هەموویان هی دەڤەری برادۆست و سۆران و ئەو ناوە بوون، ئەوان فەقێی زۆر دڵ پاک و سادە بوون، وەکوو من هێندە بە وشکی و ناحاڵیانە و ڕادیکاڵانە و بە تووندی دەستیان بە ئایینەوە نەگرتبوو. هەیان بوو جارجار گەر بەیانیان بە زۆر خەبەرمان نەکرابایەتەوە، نوێژی لێدەدان. ئەوان هەیان بوو گوێی لە گۆرانی دەگرت، کوڕە یەک دوو دانەیەکیان، خوایە بوختان نییە و خۆم چەندین جار بە چاوەکانی خۆم ئەوەم بینیوە، کە چاویان لە کچ و شتیش دەگێڕان.
قوتابخانەیەکی کچان لە تەنیشت حوجرەکەی ئێمە بوو، لە گەڕەکی ئیسکان، جا هەم لەسەر بانی مزگەوتەکەی(حاجی قەرۆك)و، هەم لە ژووی حوجرەکەیش، کە کونێکی لێ بوو، به نهێنی سەیری کچانیان دەکرد. جارێك لەسەر بانێ بەسەردا هەڵووم، کەمنیان بینی و منیش وەزعەکەم بینی، پێکەنین.
جا ڕۆژەکی فەقێیەك لەو دوو فەقێیه دیقەتم دا، گۆرانی زەکەریا عەبدولڵا و ئەیوب عەلی لە مۆبایلەکەیدا خەزنکردووە و وا خەریکی گوێگرتنیەتی لەگەڵ فەقێیتر.
منی بیر و باوەڕ ڕادیکاڵ، کە ئەوەم بینی دەهری بووم و تابڵێیت بەوە قەڵس و توڕەبووم و گووتم: وای وای وای، وەڵا هەر ئەوەمابوو، قەحپەخانەیه و لە حوجرە گۆرانی لێدەدەن. هاهاها. یەکسەر چوومە لای مەلا(سەید.س) بەڕێوەبەری (مدرسە المحمدیە للعلوم الشرعية- قوتابخانەی محەمەدیە، بۆ زانستە شەرعیەکان) و نەشەرم و نە هاوڕێیەتی و نە ئعتیبار وحیسابم بۆ هیچ کرد و جوان جوان شکاتم لێکردن و گووتم: ئەوە لادان و بێ ئەخلاقی و گوناه و تاوانە بەڕاستی. چۆن دەبێت فەقێ بیت و لە حوجرەش بیت و گوێ لە گۆرانی دڵداری و حوبن حوبێن و بێ ئەخلاقی بگرێت؟!
جا ئەوکاتەی من چووم، یەك دوو مەلایتریش کە مامۆستاشمان بوون لە قوتابخانەی(محەمەدیه)، لە ژووری بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دانیشتبوون، کەوام گووت، لە جیاتی بەڕێوەبەرەکەمان، مەلا(م.زەڵمی)، کە ئەو توڕەییەی منی بینی، خەندەگرتی و وڵامی دایەوە و گووتی: کەس بە گوێ گرتن لە گۆرانی و میوزیک کافر نابێت و لە ئایین دەرناچێت.
ئەو هەستی بەوە کردبوو و دەیزانی من تۆزەک توندڕۆم، مەلا م زەلمی مەلایەکی هەتا بڵێیت بەڕێز و لەسەرخۆبوو، وانەی نەحو و زمانی عەرەبی پێدەگووتین، لە بابەتەکەش خراب نەبوو و زۆر بە جوانی فەقێی حاڵی دەکرد و زۆریش کەیفی بەمن دەهات و ڕێزی دەگرتم. منیش زۆر خۆشم دەویست و ڕێزم دەگرت و لە شێوازی وانەوتنەوەکەی ڕازی و مورتاح بووم.
مەڵا. م. زەڵمی، کەوای پێگووتم، لە دڵی خۆمدا گووتم ئای ئای، دیارە من هەڵەم و مادام گوێ گرتن لە گۆرانی شتێکی نۆرمەڵە و هێندە تاوانێکی گەورە نییە، دەی شەرت بێت ئیتر بێ دڵی خۆم نەکەم و بە دڵی خۆم کامە گۆرانی حەزی پێ بکەم گوێی بۆ شلکەم.
دواتر ڕێک چووم پڕی ناو مۆبایلەکەمم گۆرانی هەمە جۆر کرد و لەو ساوە، دووبارە دەستم بە گوێ گرتن لە گۆرانی و مۆسیک کردەوە و ئینجا دواتر کۆمەڵێک کتێبی ترم سەبارەت بە حەڵاڵێتی و ڕەوایەتی گۆرانی و میوزیك خوێندەوە، لەوانە: یوسف قەڕەزاوی “فقه الغناء والموسيقى في ضوء القرآن والسنة” و
“مجموع الفتوی)کەیم هەردووك خوێندنەوە، قەرەزاوی دەڵێت: گوێ لە گۆرانی دڵداریش بگرن ئاساییە و ئێوە کاتێک لەو گۆرانیانە گوێتان لە وشەی دڵداری و ڕۆمانسی و ئیرۆتیکی دەبێت، دەتوانن تەئویلی کەنەوە بۆ هاوسەرەکانتان و خەیاڵتان بۆ هاوسەرەکانتان بگوازنەوە، نەک کەسیتر و کچی تر. بەڵێ شتێک لەو بابەتەی باسکردبوو و ئینجا محەمەد ئەلغەزالى لە کتێبەکەی”السنة النبوية بين أهل الفقه وأهل الحديث” گوێگرتن لە گۆرانی و میوزیک بە شتێکی ئاسایی دادەنێت و ئیمام غەزالی (ابو حامد الغرالی) لە “إحياء علوم الدين)ـەکەی سەبارەت بە گۆرانی و میوزیک دەڵێت: من لم يحرّكه الربيعُ وأزهاره، والعودُ وأوتاره، فهو فاسدُ المزاج ليس له علاج”(٭).
ئیبنولحەزمی زاهیریش لە (المحلی)دا دەڵێت: هەرچی ڕیوایەتێک سەبارەت بە میوزیک هاتووە هیچی ڕاست نین و هەمووی(منقطع) و مەوزوعە و ئەو ڕیوایەتەی لە عایشەی خێزانی پەیامبەر دەکاتە بەڵگەی موباحی و ڕەوایەتی گۆرانی و میوزیك، کە دەڵێت: أن جاريتين كانتا تغنيان فدخل أبو بكر فنهرهما وقال: أبمزمور الشيطان في بيت رسول الله فقال الرسول :” دعهما يا أبا بكر فإنها أيام عيد”.
عەلی باپیریش لە “چەند مەسەلەیەکی باوی سەردەم” و لە ” سروودی و مۆسیقا و چەند بابەتێکی هونەری لەبەر ڕۆشنایی قورئان و سونەتدا” هەمان شێوە میوزیک بە حەڵاڵ دەزانێت و هەمان قسەکانی قەرەزاوی و ئەم و ئەوی هێناوەو تەنانەت ناوی کتێبەکەی دووەمیشیان: سروود و مۆسیقا و شتەکە دەڵێم، ناونیشانکەیشی دەڵێیت: لە فیقه الغنا والموسیقاکەی قەرەزاوی وەرگرتووە و تەنها تۆزەک بە دەستکارییەوە کورداندوویەتی. لە بەشیتری(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا، لەداهاتوو زیاتر باسی عەلی باپیر و کتێبەکانی و شێوازی نووسین و زۆر شتیتری ئەو پیاوە دەکەم.
بەو چەشنە، دوای خوێندنەوەی ئەو هەموو کتێب و شتە، مەسەلەی گوێ گوێگرتن لە گۆرانی و مۆزیک زیاتر لام خاو ئاسایی بووەوە و ئەو حەرامێتی و تابۆ و قەدەغە و شتەی پێشووتر سەبارەت بەوە کە لە مینتاڵێنت و مێشکم دا جێگیرم کردبوو، بە تەواوێتی دیلیتم کرد و فڕێمدایە دەرەوە.

1- أبو حامد الغزالي: (ت 505هـ/1112م)، إحياء علوم الدين، 2/269 ، بيروت، دار المعرفة، 1402هـ/1982، 2/275.