شــــــــوان خورشــــــید: گەر دەمانەوێ سەدر وەک خۆی بناسین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر لە هەموو شتێک، کەسایەتی موقتەدا سەدر، هەڵچوە لە ڕاڕای و ناجێگیری بڕیارو ڕاسپاردەکانی، بە جۆرێک هەر ڕۆژەو لە سەر ڕەئێکەو، بڕیارەکانی ناجێگیرە. بەڵام بە گشتی ئەوە لە بونیادی موقتەدا دا هەیە، بونی و جموجۆڵ و بڕیارو هەڵسوکەوتەکانی لە گەڵ گەلی کورد، یەکانگیر نابێت و، ئەوەی لە هزری دا ئەگوزەرێت، گەڕانەوەی هەموو خەونە لە مێژینەکانی کوردەو، هەڵوەشانەوەی سەرجەم دەسکەوتە نیوەناچڵەکانێتی. چونکە سەدر یەکلایەنەیە،بڕیارو بۆچونەکانی تاکلایەنە دەردەبڕێت و تەنانەت لە پرسە چارەنوس سازەکانیش دا پرس بە هاوپەیمانەکانی ناکات، هەتا پرس و ڕاوێژ لەگەڵ نوسینگەکەی خۆشی دا ناکات،کە نوسینگەی خۆی و جێگای بڕیارو ڕاسپاردەکانی خۆیەتی. موقتەدا لەوەتەی هاتۆتە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ئەسپی خۆی لێ ئەئاژوێ،کەسێکی تا بڵێی ڕاڕایەو لەسەر بڕیاری خۆی ناوەستێت و، زوو زوو یاری بە قسەکانی دەکات، زوو زوو هەوادارەکانی دەخاتە هەلەکە سەماو، سەریان دەخات و دایاندەگرێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، ئەوەی لەسەرەتای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە کورد بەدەسی هێناوە، سەدر مەیلی هەڵوەشانەوەی هەیە، دژی هەرێمی کوردستانە، بەهەموو مانایەک. دژی دەستوری عێراقە کە هەموو گەلانی عێراق لەسەری ڕێک کەوتون. سەدر پێداگری دەکات بۆ هەموار کردنەوەی،کە گەلێ مادەی بە سودو گرنگی بۆ گەلی کورد تێدایە. دژی پێشمەرگەیەو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ملیشیا ناو دەهێنێت. لە کاتێک دا پێشمەرگە لە ڕوخانی بەعس لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی کارای هەبوو لە شەڕی دژی داعش و تێکشاندنی تیرۆرزمی جیهانی، لە ڕیزبەندنی بەرخودان بوو. کەچی موقتەدا دەس بۆ پیرۆزی پێشمەرگەی کوردستان دەبات و پێشمەرگە بە ملیشیا ناو دەبات و، سوپای مەهدی بەفریادڕەس ئەشوپهێنێ، لەهەموی گرنگتر سەدر، دژی سیستەمی پەرلەمانیەو کار بۆ سیستەمی سەرۆکایەتی دەکات، ئامانجی ئەوەیە حکومەتێکی هاوچەشنی کوماری ئیسلامی ئێران جێگای سیستەمی پەڕلەمانی عێراق بگرێتەوە، یان عێراق بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانی تاکڕەوی بەعس و خۆی دەستورو بڕیارو، ڕاسپاردەو کل فی یکون بێت. ئا ئەمە بونیەیەتی جارێک لەگەڵ حکومەتی ئەغڵەبیە واتا حکومەتی مەرکەزی دایە. لایەنێکی بەهێزی کوردیش پشتیوانی لێ دەکات و لەگەڵ هەژمونی بیروبۆچونەکەی دایە، سەرەڕای ئەو هەموو ڕووە نەرێنییەیی موقتەدا سەدر. دواجار پاشگەز دەبێتەوە لە سیستەمی مەرکەزی و،کار بۆ دروستکردنی حکومەتی تەوافقی دەکات.
ئەگەر لێکۆڵەرێکی بە ئەزمون سێرچێکی تویتەکانی بکات، هەر لەسەرەتای هەڵتۆقینی سەدر و بون بە ڕەقەم، دەبینێت چەندە هەڵبەزوو دابەز، لە بۆچونەکانی دا هەیە، چەندە ڕاڕاو خاوەنی بڕیاروو ڕاسپاردەی خۆی نیە، ئەوە بەدەر دەکەوی ئەگەر چارەنوسی عێراق، بکەوێتە دەستی موقتەدا، عێراق بەرەو چ کارەساتێک دەبات، جارێ لە فەرهەنگیدا دیموکراسیەت گۆشاو گۆش سەردەبڕێت و، ئازادی ڕادەربڕین بە قامکەکانی دا هەڵدەواسێ، ئەوەشی پێی دەوترێت هەرێمی کوردستان تەنها مەگەر مێژوو چەند لاپەڕەیەکی بۆ ڕەش کاتەوە، دەنا دەبێت هەموو گەلانی عێراق، خۆیان بێ بەری بکەن لە نەتەوەو، تەنها موسڵمان بون، لە نێویشیان دا، شیعە مەزهەب، لە نێو شیعەش دا سەدرینیزم بن.
بۆ لەبەر چی ئەبێ وابێ؟ چونکە بونیادی سەدر وایە، ئەگەر سەیری چاوەکانی و پەنجە ڕاوەشاوەکانی بکەین، ئەو ڕاستەمان بۆ دەردەکەوێت، سەدر کەس ناخوێنێتەوە، نەک کورد کە ئەو وەک دوژمن لێی دەڕوانێت، تەنانەت شیعە مەزهەب و هاوخوێنەکانی خۆشی بە نەیارو ڕەقیب سەیر دەکات.
ئێستا ئەو مادەیەیی کە هەیە سەدرو بۆچونەکانێتی، سەدریەکان و نیازەکانێتی، ئەگەر کورد دەسبەرداری قەزییەی دەوڵەت و پرسی نەتەوەی و پرسە نیشتمانیەکان و فیدڕاڵی بوەتەوە، هەق وایە پشتیوانی موقتەدا سەدر بکات، بەڵام گەر بەنیازی ئەو دەسکەوتانەی هەیە ئەوە دەبێت بزانێت و لای سوور بێت،کە موقتەدا سەدر زۆر زۆر مەترسی دارە لەسەر کوردو ئەو دەسکەوتانە، بۆیە هەر ڕێکەوتنێک و پشتیوانیەکی سەدر لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە، هەڵدانی پێکێکی ژەهری کوشندەیە،گەلی کوردو دۆزەکەی دەبێ نۆشی کات.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت