شەماڵ بارەوانی: لەنێوان نەجوا کەرەم و سەید قوتبدا.

برادەرێکم هەیه کاتی خۆی من کردم بە ئیسلامی و بردم بۆ حوجرەی ئیسلامیەکان و قوتابخانەی ئیسلامی و پێکەوەش فەقێیاتی و قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانمان تەواوکرد.
پێشووتر زۆر هاوڕێ بووین و بۆ هەرکوێیەك بڕۆشتباین هەر پێکەوە بووین،
لە هەولێر لەکاتی فەقێیاتی لەبەرمن خۆی نەقلی سلێمانی کرد تا لەگەڵم بێتە سلێمانی و لێم دانەبڕێت. کە لە سلێمانیش هاتمەوە بۆ حوجرەی هەولێر، دووباره گووتی بۆ کوێ بڕۆیت منیش دێم بۆ ئەوێ و دیسان لەگەڵم خۆی نەقڵکردەوە هەولێر.
بەڕاستی وەکو دوو برای دوانە وابووین. دوای ئەوەی من تووشی گۆڕانی فیکری بووم، نێوانمان هەندێک ساردی تێکەوت و ئەو خۆی لێم بە دوور دەگرت و دەترسا تووشی هەمان گۆڕان ببێت.
بە حوکمی ئەوەی من، ئێستا هەفتانە، بەشێک لە بیرەوەریەکانی سەردەمی فەقێیاتی و خوێندنی حوجرە و قوتابخانەی ئایینی و کۆلێژی شەریعە(زانستە ئیسلامیەکان)، لەژێر ناونیشانی(بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا..) لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان) و هەریەك له: ماڵپەڕەکانی(دابڕان) و (دەنگەکان) و (قەندیل24) و (وتاری کورد)بڵاو دەبێتەوە و پاشان لە ماڵپەڕی(کوردیپێدیا) بە ئەرشیڤی دەکەین.
پێش ماوەیەکە بە هۆی ئەوەی بەشێکی بیرەوەریەکان چیرۆکێک و بیرەوەریەکی سەردەمی فەقێیاتی(سێ قول هو اللە و دوو فەقێ و فێڵێك) یەکێک بوو لە بەشەکانی بیرەوەریەکە و چیرۆک و بیرەوەرەیەکە خۆم و خۆی بووین، دیاربوو زۆرپێی قەڵس ببوو و یەکسەر لە فەیسبووک بڵۆکی کردم.
هەرچەند لە دەرەوەی فەیسبووک کەمێک پەیوەندیمان ماوە و جار جار تێڵم بۆدەکات و ئێستاش کەم کەم یەکتری دەبینین و هێشتا خەیاڵی ئەوە دەکات کە من ڕۆژێک دادێت و دەگەڕێمەوە باوەشی ئیسلامی سیاسی و دووبارە دەبم بە بابایەکی دۆگمایی.
جا پێم دەڵێت: دەزانم ڕۆژێک دێت و دەگۆڕێیت و دەگەڕێیتەوە، بەڵام چ گەڕانەوەیەک؟ ڕێک وەکو سەید قوتب!
منیش پێی دەڵێم: پیف لەو گۆڕان و گەڕانەوەیە، بیرمەند و خەڵکی موتەنەوەری لە نموونەی: مەڵای گەورەی کۆیە و شێخ محەمەدی خاڵ و مامۆستا عەلائەدین سەجادی و دەیان کەسایەتی ئایینیتری کوردی خۆمان خەڵاس بوون، تا من لە شێوەی سەید قوتبی عەرەبی و ڕادیکاڵ و تیۆرسەنی هزری توندئاژۆیی و باوکی ڕۆحی بزووتنەوە فێندەمێنتالیستەکان و ئیلهام بەخشی گرووپە تیرۆرستەکان بگەڕێمەوە ئامێزی ئیسلامی سیاسی!
هەڵبەت، ئەوخەونە خۆش و خەیاڵە مەحاڵەی ئەو هاوڕێ ئیسلامیه ئەوەمان پێدەڵێت کە مینتاڵێنت و بیرکردنەوەی تاکی ئیسلامی سیاسی چەندە به بیری عرووبە و هزری ناڕەسەن موتوربەکراوە و چ قەدەرێک تۆی ئوسوڵیەت و بێگانە پەرستی گەمارۆی ئەقڵ و هزری کەسی ئیسلامی داوە.
ئاخر ئەوان هەمیشە سەید قوتب و حەسەن بەناو ئەبو ئەعلای مەودوودی و سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانلی و فلانولدینی ئەفغانی و ئەویتری پاکستانی و جەوهەردۆدایڤی شیشانی و کێو کێیتری سودانی و عەرەبستانی بە ڕێبەر و سەرمەشقی خۆیان دەزانن، نەك سەید ڕەزای دێرسیمی و شێخ سەعیدی پیران و پێشەوا قازی و سمکۆی شکاک و شێخ حەفید و دەیان ئایکۆن و کەسایەتی تری نەتەوەیی ناو مێژووی ڕزگاری خوازی کورد.
ئەوە بیرمە ئیسلامی بووم و مەلا (عوزێر حافز) هاتبوو بۆ (لقی یەکگرتووی ئیسلامی) لە بەردەڕەش و وتار و وەعزێکی بۆ داین سەبارەت بە سەڵاحەدینی ئەیوبی و قودس و فەڵەستین.
جا وەعز و وتارەکەی هێندە بە عاتیفی دەدا و باسی ئەوەی دەکرد کە ڕۆژێک دادێت دووبارە ڕۆڵەکانی سەڵاحەدین (قودس ئازاد دەکەن!) ئێمەش هەموو کێرڤی حەماسەتی دینیمان بەرز بەرز ببوویەوە و هەموان پێکەوە دامانە پڕمەی گریان. ئەوەیە حەقیقەتەکە ئازیزم.
ئیسلامی سیاسی یانی لە جیاتی بێت و باسی داگیرکردن و بە پێنج پارچەکردنی کوردستان و ، ئازادکردنی کەرکوک و مەهاباد و عەفرین و ئامەد بکات و بۆ وڵاتی خۆی بگریێت و فیغان بکات و ئەشک بڕێژێت، شەڕی بە وەکالەت بۆ عەرەب دەکات و شیوەن بۆ قودس دەگێڕێت!
من وەکو لە وتاریتریش گوتوومە، هەرگیز گلەیی کورد بوون لە ئیسلامی سیاسی و کوردە بە ئیخوانبووەکان ناکەم. چونکوو ئەوان لە بنەڕەتدا بۆ قەزیەی کوردی و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و بەرگری کردن لە زمان و خاک و فەرهەنگ و کەلتوور و مێژوویی کورد درووست نەبوون. بەڵکو ئەوان لەسەر دەستی ئەم دەوڵەتی داگیرکەری خاکی کوردستان و بە سپۆنسەری ئەویتری نەیاری کورد و بۆ لێدان لە کورد بوون و ئەنفاڵکردنی ئنتیمای کوردایەتی دروستکراون. خەم و خەونی ئەوان، خاک و فەرهەنگ و زمانی کوردی و برایەتی نێوان کورد و ڕۆنانی کوردستانی گەوره نییە.
ئەوەی ئەوان خەیاڵی بۆ دەکەن و خەونی پێوە دەبینن و هەوڵی بۆ دەدەن، بە ئیسلامیزەکردنی تەواوی سێکتەرەکانی کۆمەڵ و جومگەکانی ژیانە.
دروست کردنی دەوڵەتێکی سیوکراتی و زیندووکردنەوەی خەلافەتی ئیسلامییە. خزمەتکردنی زمان و فەرهەنگ و کولتوور و مێژووی عەرەب و تیرۆرکردن و خەفەکردنی هەست و سۆزی کورد بوون و وێرانکردنی چەمکی کوردایەتییە. بەهێز کردنی شعور و ئەقڵیەتی (ئومەی ئیسلامی) و بەرزکردنەوەی باڵانسی عاتیفەی ئیسلامی سیاسی و لەسەر حیسابی هەستی نەتەوایەتی و دوورکەرتکردنی کوردایەتیه.
ئینجا با بێمەوە سەر بنەچەی بابەتەکەو خەیاڵە خۆشەکەی ئەو برادەره ئیسلامیەم، ئەوە بیرمە مناڵ بووم و کۆتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوو بوو(1998 – 1999)، ئەوکات باوی نەجوە کەڕەم و نەوال زوغبی و کلودیا شمالی و ڕاغب عەلامە و حەبیب عەلی و دیانە حەداد و ئەوانە بوو، و هێشتا نانسی و ئەلیساو هەیفا نەببوون بە ئەستێرە و لە هیچ شوێنێك دیارنەبوون و خەڵك نەیدەزانی کێن. دیانە حەداد گۆرانیەکەی(ئەمانێ) و نەجوا کەڕەمیش بە(ئەنا مافی)دەنگیان دابوویەوە.
جا کوڕێکی گەنج هەبوو لە دێیەکەمان، دێی( بارەوان)، کورد وتەنی پیس عاشقی نەجوا کەڕەم ببوو و نەجوا دڵی فڕاندبوو و هەموو هۆشی داگیرکردبوو و دەیگووت:ژنم ناوێ.
جا کوڕە پلکێکم هەبوو زۆر کۆمێدی بوو و سەبارەت بەو کوڕه دەیگووت: دەڵێت ژنم ناوێ، ئیلا نەجوا کەرەم نەبێت. ئێ کاکە نەجوات لەکوێ بۆ بێنین؟! بە خوای هەرگیز نەتدیت.
منیش بەو بە برادەرە ئیسلامیه دەڵێم: بەخوای هەرگیز نەتدیت من جارێکیتر ببمەوە بە ئیسلامی و سەید قوتب و وەکو ئەو برادەرە، چۆن خەیاڵێکی مەحاڵی به نەجواکە کەرەمەوە دەکرد، ئێوەش خەیاڵە مەحاڵەکەتان سەبارەت بەمن و سەید قوتبەوە خۆش.
ئێنجا گیانەکەم، من تووشی گۆڕانی فیکری بووم و باوەڕم بە ئایدیۆلۆجیەت و ئەجێندا و بەرنامەی ئیسلامی سیاسی(حزبە ئیسلامیەکان) نەما.
دواتر خۆمن لەبەر هۆکارێکی مادی، یان غەرەز و ڕقێکی شەخسی، یان عیشق و ڕۆمانسیەت و دڵداری و خۆشەویستی کچە مەسولێکی یەکگرتوو وازم نەهێناوە(وەک ئەوەی بیستوومەوە واتان گووتبوو).
گیانە، دەیانی من و نووسەری تری لە نموونەی: دکتۆر عادل باخەوان و دکتۆر ئیبراهیم مەلا زادە و مامۆستا محەمەد هەریری و یونس ڕاوی و کێ و کێیتر، کە پێشووتر و لەسەردەمی غەیبووبەی فیکری و بەستەڵەکی ئەقڵیدا، هەموان بزووتنەوە و یەکگرتوو و سەلەفی و مەلا و فەقێ و ڕادیکاڵ و ئیسلامی سیاسی بووین و ئێستا و دوای هۆشیاربوونەوەمان لە خوڕافەی فیکری و هاتنە دەرەوەمان لە ئەشکەوتی تاك ڕەهەندی و تونێلی فێندەمێنالیستی،
بووین به هەڵگری تێگەیشتنێکی باڵا و خاوەنی جیهان بینیەکی ناسیۆنالێستانە و لیبڕاڵانە و هیومانیستانە و شەو ڕۆژ، بە پێنووس و لە ڕێگای نووسین و وتارەکانمانەوە، بەرگری لە ئازادی فیکر و، ئازادی ویژدان و، ئەقڵانیەت و نەتەوە و مرۆڤ بوون دەکەین.
ئیتر چۆن جارێکیتر دەگەڕێینەوە سەرەتاو خاڵی سفر و سەر مەزهەبی بە کۆیڵەکردنی مرۆڤ و بە کەم سەیرکردنی ژن و دژایەتیکردنی ئەقڵ و پلورالیەت و پێکەوە ژیان و لێبووردەیی و، دەبینەوە بە سەید قوتبێکی توندئاژۆ و بابایەکی ڕادیکاڵ؟!