شەماڵ بارەوانی: بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا/ بەشی بیست و شەش.

مەلای گەورەم بەقەد مارکس خۆش دەوێت.!
ئینجا دووبارە دەڵێم: مرۆڤ كەمال و مەعسوم نییە و گەر ئاگای لە خۆی نەبێت، دەكەوێتە ژێر كاریگەری كاردانەوەكان و لە كاتێكدا کە وەڵامی شتەكان، یاخود بوختان و چەواشەو هەلبەستراوەكان دەداتەوە، سروشی مرۆڤ وایە، بۆیە ئەگەر كۆنترۆل و بەرزەفتی خۆی نەكات و هێمن نەنووسێت، ئەوا دەكەوێتە هەمان لادان و هەڵەی بەرامبەرەوە.
وەمن پارساڵ لەسەر کتێبێکی ڕووناکبیر و نووسەرێکی هاوڕێمم نووسی، کتێبەکە تاڕادەیەک بیرەوەری بوو، هەرەچەندە نووسەرەکە ناونیشانێکی تری بۆ دانابوو،
پێشم گووت: موجامەلەت ناکەم و ڕەخنەشت لێ دەگرم، حەققەت گووتی: بە دڵی خۆت بنووسە و ئازاد بە لە ڕەخنە و دواتر نووسینەکەشم لە چوار ماڵپەڕ بڵاو بووەوە.
لە میانی ڕانان و هەڵسەنگاندم بۆ کتێبەکە، بۆ ئەو نووسەرەم نووسی:کە هەندەك جار و لە هەندێک شوێن لە زمانی ئەكادیمی نووسین و بابەتی بوون دوور کەوتووتیەوە و لە نووسینەکە زۆر ڕاشکاوانە پێم گووت:کە هەندەك وشە بۆ ئەوكەسانە بەكاردەبات كە نەدەبوو ئەو وەك نووسەر و ڕووناكبیرێك، ببڕای ببڕ پەنای بۆ ئەو شێوازە لە دەربڕین و زمانە نەگونجاوە ببات.
وەك بەكاربردنی وشەی: موراهیقی سیاسی، شێت، جەلاد، ترسەنۆك، دووڕوو، جەنەڕاڵی نووسەر، درۆزن، درۆكۆ، فشەكەر، نەخۆش، ناجوامێر، بێ نەزاكەت، ئاست نزم، ماستاوچی، هەڵپەرست، راپۆرتنووس، و چەند وشەیەكیتری لە شێوەی ئەمانە!
هەڵبەت، ڕەخنە گرتن ئەوكاتە نەرێنی و ڕاست و لۆژیكی و تەواو دروستە، كاتێك لە فۆرمێكی ئەكادیمی و بابەتیانە و لۆژیكیانەوە دەرببڕدرێت. مەبەستم ئەوەنییە بڵێم: ڕەخنەكانی ئەو نووسەرە بەڕێزە سەراپای خاڵی بوون لەو مەرج و پڕەنسیپانە، بەڵكو لە هەندێك شوێن پێشێلی ڕێساو یاسای ڕەخنەو زمانی نووسینی ئەكادیمیانەی کردبوو و لە میتۆدی ڕەخنەیی لایدابوو.
ئەو نووسەرە بەڕێزەیش، وەکو بەشێکیتری ئەوانەی بیرەوەریەکانیان دەنووسنەوە، لە پێشەكی كتێبەكەیدا باسی لە ڕق و كینەکردبوو و ئیدانە و سەركۆنەی ئەوەشی کردبوو بە خراپ و كارەسات وەسفی کردبوو. كەچی خوێنەر لە كاتی جێهێشتنی پێشەكی كتێبەكە و دواتر خوێندنەوەی تەواوی كتێبەكەی ئەو نووسەرە بەڕێزە. هەست بەوە دەكات كە نووسەر خۆیشی بە نەزعەیەكی سایكۆلۆژی تاڕادەیەك توندو، ڕقێكی نیمچە ئەستوور بەسەریدا زاڵە، لە بەرامبەر ئەو بەڕێزانەی كە لەو کتێبەی وەڵامی دابوونەوەو لە هەندێك شوێن زمانێكی هەڵچوو و ڕەددو ڕەد فعلێكی پێوەدیار بوو.
لە كاتی نووسین و ڕەخنە و وڵامدانەوەكانیدا شێوەیەك توانج و لاقرتێ و پلار و نزیك لە سنووری گەر هەڵەنەبم و گونجاوبێت بڵێم: سوكایەتی بە تایبەتی بە یەكێك لەو نووسەرانەی لەنێوان ئەو چەند نووسەرەی وەڵامی دابوونەوە لە کتێبەکەی دەبیندرا. كە نەدەبوو هەرگیز، نووسەر و ڕووناکبیرێکی لێهاتوو و خاوەن قەڵەم و ئەزموون و مێژوو و كەسایەتییەكی ئینسایكلۆپیدیای پڕ لە زانیاری و مەعریفە و فەلسەفە و كەشكۆڵێك لە ڕووناكبیری و ئەزموون، و ڕێزدار و ناوداری وەك ئەم، تووشی هەڵە و شێوازی وا لە وڵام دانەوەبێت!
نووسەرێک، كە قسە لەسەر زۆر ڕەهەند و بابەت و بواری جیاجیای وەك زانستی، هیۆمانیزم، سایكۆلۆژیا، ئەنسرۆپۆلۆژیا، سۆسیۆلۆژیا، فیكر، ئەدەب، سیاسەت، ئیسلامگەرایی، گلۆبالیزەیشن، عەلمانیەت، مۆدێڕنە، فێمێنیزم، ڕۆشنگەری، مێژوو و… تاد، دەكات و لەبارەیانەوە دەنوسێت.
من بابایەکی ئیسلامی سیاسی ئایدیۆلۆژیستگەرا و سۆفیەکی وشکباوەڕ و سەلەفگەرایەکی دۆگمایی و بوونەوەرێکی تاك ڕەهەند و دەمارگیر نیم، من مەلای گەورەی کۆیەم بە قەد قازی محەمەد و مارکس و غاندی و زەردەشت و بوودا خۆشدەوێت و وەک چۆن هەروتەیەکی جوانی سوقرات و پلاتۆن و نیچە و ماندێلا و گیڤارا و زەردەشت و مەسیح و ڤۆلتێر و دیکارت و سپینۆزا و فلان فەیلەسوف و ئەویتری بیرمەند ئاماژە پێدەکەم، ئاواش وتەکانی پەیامبەری ئیسلام و ئایەتەکانی قورئان.
ئینجا من کەسێکی لائیک باوەڕ و ئاڕاستە سیکۆلار و بۆچوون لیبڕاڵم و ڕوانگەیەکی هیومانیستانە و لیبڕاڵانەم بۆ چەمك و شتەکان و کەسەکان هەیه و هەرگیز، ڕێگە بەخۆم نادەم کە لەقاڵبێکی ئیدەلۆژیدا بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گۆومڕا بنووسمەوە و دەرفەت نادەم قەناعەتی کەسی خۆم کاریگەری بەسەر بیرەوەریەکانەوە هەبێت و هەمیشە هەوڵمداوە شتەکان و چیرۆك و ڕوداو بەسەرهاتەکان وەکو خۆیان ڕاستگۆیانە لە دوو توێی بیرەوەریەکان تۆمارکەم و بۆ هەر کەسێک کە بیرەوەریەکانی دەنووسێتەوە دەبێت بزانێت کە لە نووسینی بیرەوەریدا دوو شت زۆر گرنگن: ڕاستگۆیی؛ شێوازی نووسین”(1). هیوادارم من لە هەردووکیاندا پێکابێتم و نەکەوتبێتمە ناو هەڵە و بێ ویژدانیەوە.
ماوەتەوە لە کۆتایی ئەو بەشەی (بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕا)دا بڵێم: سوپاسی هەموو مەلا و فەقێ و هاوڕێیانەم دەکەم کە لە سەردەمی حوجرە و قوتابخانەی ئیسلامی و کۆلێژی شەریعە پێکەوەبووین، هەرکاتێک و لە هەر شتێکدا لە نووسینەوەی بیرەوەریەکانی فەقێیەکی گوومڕادا، پێویستم پێیان بووبێت، درێخیان نەکردووەو یارمەتییان داوم و نزیکەی دە فەقێی هاوڕێی سەردەمی حوجرەم و چەند خوێندەکارێکی هاوڕێی سەردەمی خوێندنم لە کۆلێژی شەریعە (زانستە ئیسلامیەکان) لە بیرهاتنەوەکان و بەسەرهاتەکانی سەردەمی فەقێیاتی و حوێندنمدا گەلێک یارمەتیان داوم، هەرکاتێک پێویستم پێیان بووبێت.

پەراوێزەکان:
1- ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، هەڤاڵ کوێستانی، چاپی پێنجەم،2021، لاپەڕه 6.