شەماڵ بارەوانی: خەنجەری خێڵ/ بەشی سێ.

ئەو ڕۆژەی بەهار بوو بە پایز
ڕۆندک گیان:
هەر لە دێیەکەی ئێمە، کاتی خۆی لە خێڵەکەی ئێمە پیاوێک لەسەر بابەتی زەوی و زار، پیاوێکی خێڵی دێی(عەشیرەت ئاوا)دەکوژن، ئەو دێیەی کە گوتم: لەسەر قازێک، سیانزە زەلام لە نێوان دوو خێڵدا کوژران. دواتر لە بەدەل خوێن، جوانترین کچی خێڵەکەی ئێمە داوا دەکەن، دایکم دەیگوت: بەهار کچێکی هێندە جوان بوو نموونەی نەبوو لەو دەڤەرەی عەشایر سەبعە، ڕێک سەمیرە تۆفیق، خێڵی لێ کوژراو هەر لەلایان خێڵێکی تری دێیەکەمان پێیان گوترابوو کە حاجی ئاکو کچێکی زۆر ناسک و جوانی هەیەو بڵێن ئەو نەبێت نامانەوێت. ئەوانیش عینادگرتنی گوتیان یان پیاوێکتان(برای بەهار) لە تۆڵە لێدەکوژینەوە، یان ئەوکچە. ناچار پیاوماوڵان و ڕیش سپیانی خێڵەکەمان گوتیان: لە پێناو ئەوەی خوێنیتر نەڕژێت و نێریترو پیاویتر نەبێت بە قوربانی، با ئەو کچە بکەین بە قوربانی و ئەو سوڵحە عەشایەریەی پێ بکەین.
گوتی: ڕۆژی سوڵحەکە، حەوت جوانەگایان سەربڕی و ژنانی خێڵ هەموو خڕبووینەوە بۆ چێشت لێنان و دەخێڵیتر لەو مەنتیقەی عەشایەر سەبعە(دەڤەری حەوت عەشیرەتەکە) ئامادەی دانیشتن و سوڵحە عەشایەریەکە بوون و کێشەی خوێن و دوژمنداری و ناکۆکی خێڵایەتی لە دیوەخانی ماڵی ئاغای دێ کۆتایی هات و مەلای دێ بەهاری لەو پیاوەی خاوەن خوێن مارە بڕی وەلێ تراژیدیا و دۆزەخێکیتردەستی پێکرد،
بەهار، ئەو ڕۆژە کاتێک ئەو هەواڵەی پێگەیشت کە لە پیاوێک مارە بڕدراوە لەتەمەنی شەست ساڵیدا و دوو ژنی تری هەیە، خوایە ئەوەی من بینیم ئەو ڕۆژە، ئێزدی باعەدرێ و گاوری ئەڵقوش و جولەکەی سندۆرێ نەیبینن.
بەهاری گوڵ، تازە لە بەهاری تەمەند دابوو، چواردەساڵی تەمەنبوو، چوار مامی بەهار و نیوەی پیاوی خێڵەکەمان هەر لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، دەستیان لەسەردانابوو و سوێندیان بە قورعان و خێڵ و خەنجەر و تەڵاق خواردبوو، کە بەهار یان بۆ خاک، یان بوکی کوڕەکانیان دەبێت، وای بەهارەکەم، ڕۆڵە بێ نازەکەم، بۆت نەمێنم و جەرگم بسووتێت و ئاگرم تێ بەربێت، وەک چۆن ئەو ڕۆژە ئاگرت لە دڵی سێبەشی خەڵکی دێی ماڵی خێڵان بەردا.
بشم کوژن من شوو بەو پیرە پیاوەناکەم، خۆم دەسوتێنم و دڵنیابن و بەڵێن بێت دەبەیەک نەوت دەکەم بە خۆمدا و گڕ لە خۆم بەردەدەم گەر یەک ڕۆژ بەبەر تەمەنمەوە مابێت.
ئەیهاوار بۆچی من دەکەن بە سوتەمەنی ئارەزووی ناوگەڵ و قوربانی غەریزەی شەڕانگێزی خۆتان، تاکەی کچ دەکەن بە قوربانی ئەقڵیەتی خێڵ و سوڵحی کەرایەتی(عەشایەری). خودایه خۆت دەبینیت کەس گوێم بۆ ناگرێت و لێم تێناگات، هەر هیچ نەبێت دەتۆ دەمت بکەرەوە و شتێک بڵێ. بۆ بێدەنگی و تاکەی هەروا بێدەنگ دەمێنیتەوە؟!ٚ
تۆبه خودایه، ئەستەغفیرەڵڵا، دەزانم کفری دەکەم و ئەو قسانەم هەمووی کفرە، بەڵام ژن هەر لەگەڵ یەکەم چرکەساتی دەسپێکردنی مێژووی ژن بوون و پێخستە ناو ژیان و مێژووەوە بە تۆمەتی خواردنی سێوێکی پووچ تاوانبارکرا و تەوقی نەفرەت خرایه ملی!
خودایە تکایە بابەس بێت، لە بەڵای خێڵ قورتارمانکەو باچیتر کچ نەبێت بە قوربانی نەریتی خێڵ و مێنتاڵێتی خێڵ. دوێنی سەروین و ئەمڕۆ من، بەیانی و تا ڕۆژی حەشر دەبێت کێیتر و چەندان کچیتری بێ تاوان ببن بە قوربانی ئەقڵیەتی نێرسالاری و خێڵ سالاری.
بەهار خۆی لەناو زێراب و جۆگەڵەی دێ دەگەوزاند و قژی خۆی دەڕنی و یەخەی کراسەکەی دادەدڕی و هەرچی گلەیی و لۆمە و وشەی کفر بوو ئەوڕۆژە بۆ ئاسمان و خوداوەندی بەرزکردەوە و چی تف و نەفرەت و توڕەیش بوو لە ڕووی مەلای دێ و مەزهەب و خێڵ و پیاوسالاری و نەریتدا ڕژاندنی و جوێنی وای دەدا و بوێری وای نواند دایکە حەوا وا بکردبووایە، من دڵنیام ئەو ڕۆژەی کە بە تۆمەتی خواردنی سێوێکی گەنیو بێ نرخ و خوێڕی تاوانباکراو بەهۆیەوە لە بەهەشت دەرکرا، خوداوەند لەو بڕیاری دەرکردنەی باوکە ئادەم و دایکە حەوا لە بەهەشت پەشیمان دەبوویەوە و ژن و مرۆڤیش فڕێی ئەو سەرزەمینە نەفرەتیە نەدەدراین.
خودایه: دیاره تۆش ڕۆشتوتیە بەرەی خێڵ و خەنجەر، خۆتۆ سورەتێکت لە قورئانی پیرۆز بەناوی ژنەوە کردووە، کەچی لێرە نققەت لەخۆت بڕیوە!
تکایە قسەیەک بکە و هەر ئەمڕۆ نەگات بە ئێوارە هەرچی پیاو خێڵ و نەریتە، وەکو قەومی لوت، هەر هەمووی لە زەوی بەرەخوارەوە، باچیتر ژیان ئارام بێتەوە، ژیانێک ئیتر نەخێڵ و نەپیاو نەنەریتی تیا نەبێت.
هەموو خەڵکی دێو و هەرچی خێڵ هەبوو لە دێ، بەژن و پیاو، پیر و مناڵ و گەنجەوە، هەمووی سەیری ئەو دیمەنە تراژیدیک و خەفەتناک و ناخ هەژێنەمان دەکرد. بەهار پڕ بە گەرووی دەیگوڕاند: نەفرەت لە خێڵ، گوو بە نەریت، تفووووو لە نێرسالاری.
ڕێک لەو ساتەیا کەریمۆکی مامۆی بەهار، دەهری بوو و ئیمان لەکەلەیا نەما و وەکو شێت و هارێک، پەلاماری بەهاری بەستەزمان و بێ دەسەڵاتیدا و خەنجەرێک کە دایمە لە بەر پشتوێنەکەیبوو، لە کێڵانەکەی دەرهێنا و خستیە سەر گەردنی بەهار و وتی: یەک گووی تر بخۆیت و یەک کفری تر بکەیت و بێڕێزیەکیتر لە بەرامبەر پیرۆزی خێڵ و سەروەری نەریت بدرکێنیت، هەرئێستا خەڵتانی خوێنت دەکەم و سەرت لەلاشەت جیا دەکەمەوەو بە جەحنەمت دەسپێرم، سەگی بەڕەڵاو گڵاوی پیس، تۆ چیت تا بوێری و بێ ڕێزی وا بکەیت و لە ڕووی بڕیاری خێڵ و پیاوانی خێڵ بووەستیتەوە؟ هەی قەحپەی بێ تەربێتی بێ لغاو، دەی قسە بکەو گوویتر بخۆ تا بە جەحننەمت موشەڕدەف کەم.
هەی دێلە سەگی بێ ئەخلاق، دەتەوێت لە پیرۆزی خێڵ بدەیت و سەری خێڵەکەمان شۆڕبکەیت و حەیامان بەریت؟ قسە بکە دەی با بۆ شوێنێکت بنێرم ڕۆژی سەت جار، لەسەر ئەم هەموو کفرو بێ ڕێزی و گوو خواردنەت، بتکەن بە دارەوە و لەشیشت بدەن، هەی بێ حەیای ناکەس پەچە.
“خەنجەرەکەت دەر بێنە، بیدە لەو شوێنەی مرۆڤ بە ئاگادێنێتەوە.”(١). هەی نامەردی بێ غیرەت، وادەزانی من لە خێڵ و تەڕەماش دەترسم؟ هەی مرۆڤ کوژ، پیاو نیت و زەڕەیەک کەرامەت و بەهات نییه، دڵنیام کە نیشتە، گەر هەر ئێستا ئەوەی وتم وانەکەیت.
دایکم گوتی: کە بەهار وا بە بوێری و بەبێ منەتی لە ڕووی مامۆی وەستایەوە، بەر لەوەی کارلەکار بترازێت و بەهار بکوژێت، حەوت ژن خۆمان هاوێشتە بەرپێی کەریمۆک و کەوتینە ماچکردنی پێڵاوەکانی تا ئەو کارە نەکات و بەهار نەکوژێت و بە هەزار تکا و پاڕانەوە و بەقوربانت بم و نەکەی توخوا توخوا، تا خەنجەرەکەی لەسەر گەرووی بەهار لابرد و لە بەهارمان دوور خستەوە.
بەهارمان تۆزێک برد بۆ ئەولاتر و حەوت ژنیتر و پانزە پیاو ماقوڵ و ڕیش سپی تری خێڵ هاتن و کەوتینە قسە لەگەڵ بەهار و پێمان گووت: دەزانین ئەوە زوڵمە لە تۆ دەکرێت، نە ئێمه قبوڵمانە و نەخوای گەورە، چی بکەین و چیمان لە دەست دێت؟ تۆ دەتەوێت قوڕەکە خەستر بێت و کێشەکە ئاڵۆزتر و گەورەتر بێت و کاروانی برات بکوژن لە تۆڵەی ئەوەی کەریمۆکی مامت بەر لە چەند ساڵە پیاوێکی لە خێڵەکەی ئەمان کوشتووە؟
دەتەوێت ئەو برایەی کە هەمیشە لەبارەیەوە دەتگوت: من ئامادەم لە پێناویدا خۆم بخەمە ئاگرەوە و گیانم بکەم بە قوربانی کاروانەکەم و تاقانە براکەم؟، ئەو برایەی بڕواناکەین کەسێکیتر هەبێت لەو دنیایە بەقەد ئەم تۆی خۆش بوێت و بەقەد تۆیش کەسیترهەبێت ئەو تاقە برایەی خۆش بوێت.
بەهار گیان: دەتەوێت جەرگی باوکت و دایکت بسووتێت و تۆیش بێ برا و ماڵ وێران بیت؟
گوتی: کەوامان گووت: بەهار گوتی ڕازیم، تەواو.
ئەوجاره کاروان هاوار و فیغانێکی کرد، دەنگی گەیشت بە کەشکەڵانی ئاسمان و هەموو ئەوانەی لەوێ ئامادەبووین، چ فیغان و هاوارێک، خودایه کێوی دەتواندەوەو بەردی دەکرد بە ئاو کافر بە بینینی ئەو حاڵەی کاروان موسڵمان دەبوو، کاروان خۆی هاوێشتە سەرپێیەکانی بەهار و قاچەکانی ماچ کرد و گوتی: تکا دەکەم خوشکەئازیزەکەم، بەهاری براکەت، شیرینی ژیانم، بەسۆزترین خوشکی ژیانم، هەموو دنیام، نەکەی بەو هاوسەرگیریە و پیرە پیاوە و بەو ژیان وێرانکردنەی خۆت ڕازی بیت، هەرگیز، تکایە بەهاری من، بڵێ نەخێر و یاخی بە، مەترسە و بوێربە، من لە پشت تۆم، تۆ بەس بڵێ نەخێر، با من بکوژن، تکایە ماڵی خۆت کاوڵ مەکە و بەدەستەکانی خۆت قوڕ بۆ ژیانی خۆت مەگرەوە و بەهاری عومرت بە پایز مەکە. تکایه، با ئیتر یاخی ببین و له ڕووی خێڵ و خەنجەر و نەریت و نێرسالاری بوەستینەوە و چیتر ڕادەستیان نەبین. تکایه بە قسەم بکە، هەرگیز، زەرەرناکەیت، بەهارگیان، گیانی براکەت.
بیرتە باوکم دەیگوت: بەهار بڵێت شوو بە کوڕی پاشای هۆڵەندا دەکەم و دڵم بۆ ئەو لێدەدات، دەیکەم بە شاژنی هۆڵەندا، بەهار تۆ داوا بکەو فەرمان بکە، تا باوکت نەک خێڵێک، بەڵکوو ئیمپڕاتۆڕیەتێکت لە پێناودا بڕوخێنێت. باوکە، ئەی تۆ هەمان ئەو باوکەی جاران نیت کەوات دەگوت و تا درهەمێکت بە من دەدا، دوو درهەم بە بەهار و دەتگوت: بەهارجەرگی منە، دڵ و هەناسەی باوکەیه، ئەی بۆچی ئێستا بێ دەنگیت و لە بەرامبەر ئەو غەدرە گەورەیە هیچ شتێک ناکەیت و هیچ ناڵێیت؟!
کە کاروان وای بە باوکی گوت. حاجی ئاکۆ تا هێزی تیابوو ڕایکرد بەرەو کچەکەی و باوەشی کرد بە بەهاردا و دایه پڕمەی گریان گوتی: ناچار بووم لە نێوان مەرگی تۆ و کارواندا، یەکێکتان هەڵبژێرم، مەرگی تۆم هەڵبژارد، دەزانم ئەوەی تۆش مەرگ کچە ماڵوێران بووەکەم، بەهارەکەم، دەزانم ئەو هاوسەرگیریە ناچاری و بەزۆریە خێڵگەرایە، هەڵوەرینی خونچەی ژیان و به پایزکردنی تەمەنتە.
بمبوورە کچەشیرینەکەم، بەهاری باوکەی، توخوا لە باوکت دەبووریت؟ دەزانم من شایەنی تف و نەفرەت و ڕقم تا مردن، نەک بەزەیی و لێخۆشبوون و لێبوردن، توخوا گەر مردم، مەیه بۆ پرسه و سەر تەرمەکەم، تەنها یەک جار نەبێت، ئەویش کاتێک بە خاکیان سپاردم، وەره و تا هێزت تیایه تفێک بکە لە گۆڕەکەم و بڵێ: نەفرەت لەو باوکەی کە ناپاکی لێکردم و منی لە سوڵحێکی عەشایەری و لە یاریەکی قۆمارئاساو گەوادی دا دۆڕاند.
تفو لەو باوکەی کە لە لوتکەی نازداریمدا، هەموو ئەو نازانەی لێ سەندمەوە کە پێشتوور پێی بەخشی بووم و ئاوا بێ ناز و ماڵێوانی کردم.
نەفرەت لەو باوکەی کە فریوی دام و تا دوێنێ دەیگوت: بەهار هەموو ژیانی منە، بەهار دڵی بابە و ڕۆح و هەناسەی منە، کەچی ئەمڕۆ، دڵ و هەناسە و ڕۆح و ئەو هەموو ژیانەی خۆی گەلێک شەرمانە و لە ماوەی پێنج خوڵەکدا و زۆر بێ ویژدانانە لە شێوەی جگەرەیەکی بێ نرخ لەبەردەم خوا و هەمواندا سوتاند.
تکایه، کچە شیرینەکەم هەرگیز نەکەیت هەڵەی وا بکەیت و بمبووریت. وای چ چرکە ساتێکی ناخۆش و چ دیمەنێکی تراژیدی بوو خودایە.
حاجی ئاکۆ و هاوسەرەکەی (نەسرین خان) و بەهار و کاروان باوەشیان کردبوو بە یەکتریدا و فرمێسک و فیغان و شیوەنیان هەموانی خستە جەحنەم و سوتان و گریان.
بەو شێوەیه لە ژێر هەڕەشەی خەنجەر و بە پێی یاسای خێڵ، دوو پیاوی خێڵ هاتن و بەهاریان لەباوەشی باوک و دایک و براکەی دەرهێنا و بردیان بۆ دێی (عەشیرەت ئاوا) و ڕادەستی ئاغا (سەیفواللە)یان کرد و وەرزی بەهاریان کرد بە پایز.

١- نەبەز گۆران، میرنشینی خاک و خۆڵ، چاپی دووەم 2022، چاپخانەی: ئەندێشە،لاپەڕه:٧٤.