پێشڕەوی سەید برایمی: دڵدار دامەزرێنەرو خاوەنی بیرۆکەی دارکەر لە کەرکوک و ساڵی 1937.

مشت و مڕو ناڕوونیەک هەیە لە کات و شوێن و ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ” دارکەر”، بەڵام زۆربەیان، گەر نەڵێم هەر هەموویان لە ئەندامان و ئەوانەی مێژووی ئەو کۆمەڵەیان نووسیوەتەوە کۆکن، لەسەر ئەوەی دڵدار خاوەنییەتی بیرۆکەکەیەتی، لە دەست نیشانکردنی ناوەکەی و سەرۆکایەتیەکەشی. لە ڕاستیدا ئەو ناڕوونییە وەلادا دادەچوو، گەر بەخت، یەکەم یاری دڵدار بووایە و دووەمیش یاری مێژووی کورد بووایەو ئەو بیرەوەریانەی دڵدار لەبەردەستدا بان و لەناو نەچووبان. دڵدار یەکەم جار لە تەمەنی 20 ساڵیدا ” 1938 ” نووسیویەتیەوە، جاری دووەمیش لەدوا ساڵی خوێندنی زانکۆی، کە دەبێ 1945 بێ. دڵدار خەفەتی بۆ دەخوا ( ئەو دەفتەرەی، کە موزەکەراتم تێدا نووسیبۆوە، گەلێ شتی بە قیمەتی تێدا بوو لێم وون بوو نازانم کە کام دەست ئەم خەزێنە بەنرخەی لە دەست دام ). بۆیە ئەرکی لێکۆڵینەوەمان تا ڕادەیەک ئاستەنگ دەکا، بەڵام وەنەبێ گیرمان بکا، چونکە بایی ئەوەندە سەرچاوە هەن، کە بتوانین ئەسکوی ڕاستی لێ دەربهێنین.
ئەو کۆبونەوەی لە کەرکوک لە ماڵی بورهان حامید بەگی جاف لە گەڕەکی” بەگلەر” کرا، کە بە کۆبونەوەی دامەزرێنەر ئەژمار دەکرێ ( لە ئێوارەیەکی نیوی یەکەمی مانگی ئەیلولی 1937 بوو لەسەر داوای خوالێخۆشبوو یونس رەئووف دڵدار بوو). موکڕەم تاڵەبانی ناوی ئەندامانی دامەزرێنەریش باس دەکا ( ئامادە بووان، جگە لە یونس رەئوف، بورهان حامید جاف، کاکە حەمەی خانەقا ، موکڕەم تاڵەبانی و سێ خوێندکاری دیکەش لەبەر نهێنی کۆمەڵەکە نەم توانی ناویان بزانم، بەڵام خەڵکی کەرکوک نەبوون، لەوانەی دەیانناسم) . بەڵام لە چاوپێكەوتنێک دا، کە لە کوردستانی نوێ بڵاوکراوەتەوە، دیارە یەکێک لەو سێ کەسەی بە بیر دێتەوە، کە بەشداری کۆبونەوەکەی کردووە( یه‌كێكی‌ هه‌ولێری‌ ناوم نه‌ده‌زانی‌، له‌پاشان زانیم ناوی‌ جه‌لال قادره‌، پێم وایە لەو دوو کەسەکەی دی، یەکیان دەبێ ( موسا عەبدولسەمەد)، چونکە ناوبراو هاوڕێی خوێندنی دڵدار بووە و پێشتر باسی کوردایەتی و سیاسەت و دامەزراندنی رێکخستنێکی سیاسی لە هەولێر لەگەڵ کردووە.
موکڕەم تاڵەبانی هەر داننانێ بەوەی دڵدار خاوەنی بیرۆکەکە بووە، بەلکو لە کۆبونەوەکەش ( وتارێکی کاریگەری دەربارەی بارودۆخی گەلی کوردی لە کوردستان خوێندەوە،کە دابەش بووە لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیا، هۆکارەکەشی بەڵێنە درۆزنەکانی دەوڵەتانی ئەوروپی بوو. هەروەها باسی ئەو هەوڵ تەقەڵایانەی تورکیای کرد، کە دەیەوێ کورد لە نیشتمانی خۆی دەربەدەر بکا. هەرچەند شۆڕشەکانی کورد داوای سەربەخۆیان دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی خەسڵەتی خێڵەکی پێوەی لکا بوو، چونکە کوردستانی نەبوو، لەبەر هەندێ سەرکەوتوو نەبوون و هەرەسیان هێنا. نەبوونی رێکخراوێکی سیاسی لە ناو گەلی کوردا، کە بتوانێ کورد کۆکاتەوە سەرکرایەتی شۆڕشەکەیان بکا هۆکارێکی دیکەی شکستە، بۆیە پێویستە لە ئەستۆی روناکبیرانی دا دەست پێشخەری بکا بۆ سەرکردایەتی کوردو یەکبوونی گوتاری گەل. هەر ئاواش هەرێمە دابەشکراوەکانی ئەلمانیا و ئیتاڵیا یەکیان گرت هەر یەکەو دەوڵەتی یەکگرتووی خۆی پێک هێنا) . دکتۆر موکڕەم دەڵێ وتارێکی کاریگەری پێشکەش کرد، بەڵام دوورو درێژ تر، کە لە توێیدا نەتەوەییانە بۆچونی خۆی دەربڕیوەو واقیع بینانەش بارودۆخی گەلی کوردی دەست نیشان کردووە بە بۆچونی زێنەب دڵدار ( سوڕەتی قەومی خۆی کێشا). تاکە چارەسەریش هەر تەنها یەکگرتن و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی یە، کە مەراقی گەورەی دڵدار بووە، بەدەردی زێنەب دەبێژێ (قەهری بێ دەوڵەتی کورد) وای لە دڵدار کرد تەندروستی خۆی لەسەر دانێ.
هەمیشە مەزنی بۆچونەکان و جوامێری کەسەکان لە کاتی تەنگانەو لێقەومان دەبێ پیرۆز بکرێ، نەک لەگەڵ شکست و هەرەس بێ دەسەڵاتانە قوڕ بپیوین!. دڵدارو هاوڕێیکانیشی لەو سەردەمە خراپەی کورد هەر وایان کردو قۆڵی جوامێرییان لێ هەڵکرد و دەستیان بە جۆشدانەوەی خەبات کرد. ( دڵدار پێشنیازی پێکهێنانی کۆمەڵەیەکی نهێنی کرد بە ناوی ” کۆمەڵەی دارکەر” دوای دانوستان رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی کۆمەڵەو ناوەکەی). لاتان ڕوونە و دەبینن دڵدار پێشنیازی کردووە.
جارێکی دی موكەڕەم تاڵەبانی سەبارەت بە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەكە لە چاوپێکەوتنێکدا جەخت دەکاتەوەو دەڵێت: ( بە ئامانەت دەیڵێم ئەوەی كە ئێمەی كۆكردەوە بۆ دامەزراندنی كۆمەڵەیەك، یونس رەئوف دڵدار بوو كە لە كۆیەوە هاتبووە كەركووك).
نوری شاوێس لە بیرەوەرییەکانی دا ڕاستەوخۆ باسی رۆڵی دڵدار لە دامەزراندنی “دارکەر” ناکا، بەڵام خوێنەر بە شێوەیەکی گشتی هەست دەکا، کە کەسایەتی دڵدار لەناو خوێندکارەکان جێگای ڕێزو گەورەیی بووە. نوری شاویش پێی وایە ” دارکەر” لە ساڵی 1938 دامەزراوە، دوایی تەسەلتر لەسەر ئەم مێژووە دێینە بەرباس و خواس. دەنووسێ، ( لەو ساڵەدا چوومە پۆلی چواری زانستی عەبدوڵڵا جەوهەریش چواری وێژەیی. لەگەڵ خوێندکارەکان یەکترمان ناسی، کە لە ” کۆیە” و هەولێر هاتبوون، لە ناویان دا جەلال حامید بەگ و شاعیر یونس دڵدار، کە خەڵکی کۆیە بوو. لە ئێمە گەورەتر بوو، لە کاتی قسەکردندا زمانی دەگیرا، زۆرمان خۆش دەویست. لەو کاتەی، کە زمانی دەگیرا ئێمە نەمان دەتوانی پێنەکەنین، ئەویش هاواری دەکردە سەرمان: بەسە! کۆتایی پێ بێنن. هەرگیز لێمان تووڕە نەدەبوو. دوای ماوەیەک پێوەندی دۆستایەتی و هاوخوێندنمان بەهێز بوو، بۆیە بڕیارمان دا کۆمەڵەیەکی سیاسی ” کۆمەڵەی دارکەر” دامەزرێنین) . لەو برگەیەو بڕگەکانی دواتر نوری شاویش لەگەڵ ناوی خۆی ناوی دڵدار دەهێنێ: ( رێککەوتین من و دڵدار) و ( پەیوەندیمان بە خەڵکی دیکەوە کرد) و ( ئەوانەی ئامادەی کۆبونەوەکە بوون من دڵدارو …) جگە لە دووپاتکردنەوەی ناوی کۆیە. خوێنەر بە سەرنجێکی کەم حاڵی دەبێ، کە ناوی دڵدار و کۆیە زاڵن لەو لاپەڕانەی پەیوەستن بە دارکەر و هیوا. دەبێ هۆکارەکان چی بن، کە دڵداری بە سکرتێری دارکەر دەست نیشان نەکردبێ؟ یان لەکەمترین حاڵەتدا بە خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی دارکەری نە زانیبێ؟
نوری شاوێش پێمان دەڵێ لەگەڵ عەبدوڵڵا تۆفیق جەوهەر بۆ خوێندن دێنە کەرکوک، ساڵەکەش بە 1938 دیاری دەکا دوایی هەردووکیان بوون بە ئەندامی دارکەر. ئەوجا دەبێژێ: ( بەڵام دوایی ماوەیەک زانیمان، کە عەبدوڵڵا تۆفیق جەوهەر پێوەندییەکی نهێنی هەیە لەگەڵ کۆمەڵەی ” برایەتی” ” الأخاء”، ئێمەش دەمانەویست کۆمەڵەکەمان تەواو نهێنی بێ، حەزیشمان نەدەکرد هیچ ئەندامێکی کۆمەڵەکەمان ئەندام بێ لە کۆمەڵەیەکی دی، بۆیە من و یونس دڵدار لەسەر دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا جەوهەر رێککەوتین، بۆ ئەمەش فێڵێکمان دۆزییەوە. پێمان ڕاگەیاند، کە ئێمە بڕیارمان داوە کاری سیاسی نەکەین و باشترە کۆمەڵەکەمان هەڵوەشێنینەوە. بەمەش توانیمان عەبدوڵڵا جەوهەر لە کۆمەڵەکەمان دوور خەینەوە). نوری شاوێس و عەبدوڵڵا جەوهەر هەردووکیان خەڵکی سلێمانین، پێکەوەش بۆ خوێندنی دواناوەندی هاتوون بۆ کەرکوک، پێکەوەش لە کۆمەڵەی “برایەتی” بوون، دواییش لە کەرکوک ” دارکەر”. وێ دەچێ هەردووکیشیان لەیەک شانە بووبن. کاتێ عەبدوڵڵا جەوهەر ئاشکرا دەبێ وازی لە ” برایەتی” نەهێناوە، تەگبیری دەرکردنی دەکرێ. چونکە پێرەو و پرۆگرامی نەنووسراوی “دارکەر” توندو تۆکمە بووە، زۆر نهێنی بووە رێگەی نەداوە ئەندامەکانی جگە لە دارکەر لە رێکخراوێکی دیکە کار بکەن. ئەمەش بۆ سەلامەتی و پتەوی رێکخستنی گرنگ بووە. دیارە ” دارکەر” شلە رێکخراوێک نەبووەو جیاوازی هەبووە لەگەڵ سەرجەم رێکخراوە کوردییەکانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو. ئێستا پرسیار لێرەدا ئەوەیە: کێ دەسەڵاتی دەرکردن و دوورخستنەوەی ئەندامانی لە ” دارکەر” هەبووە؟ دیارە بەرپرسی یەکەم، یان دەستەی سەرکردایەتی. باشە گەر دڵدار بەرپرسی یەکەم نەبووبێ بۆ نوری شاوێس لەگەڵ دڵدار رێک دەکەوێ و بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا جەوهەر دەدەن؟
هەروا بووە، نوری شاوێس بەرپرسی ئەو شانەیە بووە، کە عەبدوڵڵا جەوهەری تێدا بووە. دوای ئەوەی نوری شاوێس زانیویەتی عەبدوڵڵا جەوهەر سەرپێچی کردووەو لە رێکخراوێکی دیکە هەر ئەندامە، بۆیە ئاگاداری سەرووی خۆی کردووە، دڵداری سکرتێری ” دارکەر”، بۆ ئەوەی سزای حزبی بدرێ، پێدەچێ دڵدار لەگەڵ دەرکردن بووبێ، چونکە دڵدار لەو مەسەلانە، وەک لە زۆر شوێن و لە بیرەوەرییەکانی هەستی پێدەکەین حەزی بە پابەندبوون دیسیپلین بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هاوشاری نوری شاوێش بووەو هەر ئەویش داوای کردووە، بە شێوەیەک دەربکرێ، عەبدوڵڵا هەستی پێنەکا.
هونەر تۆفیق و کامیر سابیر لە لێکۆڵینەوەکەیاندا بە ناوی ( بێ فیکری و بێ تێکستی کوردایەتی، بەشی سێێەم) دەنووسن: ( نووسەری شیعری ئەی رەقیب: یونس رەئوف – دڵدار، لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی دارکەر و دواتر حیزبی هیوا بووە )
د کتۆر ئیسماعیل شوکر دەڵێ: ( یونس رەئووف دڵدار خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی” دارکەر” بووە، هەروەها بزوێنەری بە تەوژم و سەرۆکی ڕاستەقینەی بووە، تا ئەو کاتەی رەفیق حیلمی بەسەرۆکی کۆمەڵەکە هەڵبژێردرا)
مستەفا نەریمان، کە ئەندامێکی هیوا بووە، ئەو بە کۆمەڵی ناو دەبا، نەک پارت، لە بیرەوەرییەکانی دا بۆمان دەگێڕێتەوە، کە: ( کۆمەڵی هیوا ساڵی 1939 لەسەر بناغەی رێکخراوی دارکەر دامەزرا بوو، دامەزرێنەری (دارکەر) یونس رەئوف (دڵدار) ی شاعیر بوو)
موسا عەبدولسەمەد دەڵێ: ( ئێمە کۆمەڵێ خوێندکاری ناوەندی و ئامادەیی بووین، بیرمان لە رێکخراوێکی نەتەوەیی کردووە… یونس رەئووف دڵدار پێشنیازی ناوی ( دارکەر)ی کرد) . پێشنیازکردنی ناوی رێکخراوەکە ئاماژەیەکی بەهێزە لە توێی دا ناڕاستەوخۆ تێمان دەگەیەنی، کە دڵدار خاوەنی بیرۆکەکە بووە
گۆران سۆران عزەددین فەیزی سەرچاوەکانی کردۆتە شایەت و بەڵگەیەک، کە دڵدار دامەزرێنەری ” دارکەر” بووە. (لە زۆربەی سەرچاوەکاندا باسی رۆڵی نەتەوەپەروەری پێشکەوتنخوازی شاعیری نوێخوازی ناسراو یونس رەئووف دڵدار دەکرێ لە دامەزراندن و هەڵسوڕاندنی رێکخراوەکە).
سینەم بەدرخان زانیارییەکی نوێترمان دەداتێ، کاتێ باسی دڵدار وسرودی ئەی رەقیب دەکا، کە ( هەتا هەتایە بە نەمری دەمینێتەوەو خۆی یەکەمین کەس بوو بیرۆکەی کۆمەڵەی ” دارکەر و پارتی هیوا”ی دانا، بەڵام بە پشتیوانی بنەماڵەی مەلا رەئووفی خادمی سوجادە. دکتۆر کەمال غەمبار، ژیننامەی زەینەب خان لە هۆنراوەکانیدا، چاپخانەی ماد، هەولێر، 2021، ل 13). هەرچەند وەک دەستەی دامەزرێنەری” دارکەر” ناوی کەسانی بنەماڵەی خادم سوجادە نەهاتووە، وەک دواتر پتر باسی لێوە دەکین، بەڵام دڵنیام سەرجەم بنەماڵەکە پشت و پەنای دڵدار بوون، هەر لەساتەکانی پێش دامەزراندن و دوای دامەزراندنی ” دارکەر”. لە دامەزراندنی هیواش بەهەمان شێوە لەوانەیە بەگوڕتریش.

دارکەر لە 1937 دامەزرا
ساڵی دامەزراندنی ” دارکەر” دەلەنگێ لە نێوان ( 1936، 1937و 1938). بە گوێرەی بەڵگەنامەیەکی میری بڵاونەکراوەی وەزارەتی ناوەخۆ ئاماژە دەکا، کە کۆمەڵەیەکی چالاک لەسەر دەستی کۆمەڵێکی رۆشنبیری هەولێر لە ناوەڕاستی سییەکان بەناوی “دارکەر” دامەزراوە) . بەڵگەنامەکە 1ی حوزەیرانی “1936”ە، کەچی موکەڕەم تاڵەبانی پێی وایە ( لە یەکێ لە ئێوارەکانی نیوەی یەکەمی مانگی ئەیلولی ساڵی 1937 کۆمەڵەیەکی نهێنی بە ناوی کۆمەڵەی دارکەر دامەزرا ) . لە کاتێکدا نوری شاوێس لە بیروەرییەکانی نووسیویەتی : ( دوومانگ تێپەڕی نەکردبوو لە دەستپێکردنی خوێندن کاتێ کۆمەڵەی دارکەرمان پێکهێنا، ئەوەش لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1938 بوو ) .
هەوڵ دەدەین روونکردنەوەیەک بدەین سەبارەت بەو ساڵانەی، کە گوایە ” دارکەر” تێیاندا دامەزراوە:
یەکەم: ساڵی1936
دڵدار لە قۆناغی ناوەندیدا ــ 1935 ئەو کاتەی پۆلی یەکەمی ناوەندی بووە ــ لە هەولێر لەگەڵ برادەرانی کۆیی، شەقڵاوەیی ورەواندزییەکاندا،لە لایەن خەڵکی هەولێرەوە خۆشەویست بوون، دەنووسێ: ( ئێمە قوتابییە غەریبەکان کۆیی وشەقڵاوەیی رەواندوزی لە هەولێر بە عینایەتێکی تایبەتی معامەلەیان لەگەڵ ئەکرا وە بەچاوێکی زۆر موقەدەر سەیر دەکراین. کەس ڕقی لە ئێمە نە ئەبۆوە، بەلکو ” بالعکس” محەبەتمان ئەتوانم بڵێم لەدڵی هەموو هەولێرییەک هەبوو، چونکە وایان ئەزانی بەڕاستی کوردین مەسدەری وەتەنییەت و حەماسەت نمونەی کورد زوبانێکی فەعالین. لەبەر ئەوە قوتابییە هەولێرییەکان زۆر خۆیان لێ نەزدیک ئەکردینەوە، زۆر بە ئینتیباهو حەماسێکەوە گوێێان لە شیعرە حەماسییەکانی ” عەونی، دلاوەر، بێ کەس، زێوەر، ئەحمەد بەگ’ رائەگرت، کە بۆمان ئەخوێندنەوە) . گروپێکی تەباییان پێک هێناوە، کە لە دانیشتنەکانیان دا بەتایبەتی لە چایخانەی ( مەگردیج، کە هەم مەکتەبەو هەم چایخانە بوو… بە شەویش لە ماڵی قوتابییە کۆیی، کە لەگەڵ شەقڵاوەیی و رەواندوزیەکاندا موشتەڕەکەن لە محەلەی عارەب خانوێیکیان گرتبوو بە گۆرانی ئەشعاری وەتەنی رامان ئەبوارد ) . دڵدار ناوی کۆیی و شەقڵاوەیی و ڕەواندزییەکان نانوسێ، کەچی ناوی هەندێک لە هەولێرییەکان باس دەکا وەک ( فەتاح جەبار، کە بەخەسرەو ناسرابوو، جەلال قادر، مستەفا محەمەد ” مستەفا محەمەد تەها عوزێری” و بورهان محەمەدی شاعیر، کە نازناوی شیعری جاهید بوو) . ئەوەی بەلامەوە سەیرە ناوی موسا عەبدولسەمەد ناهێنێ، بەقسەی ساڵح حەیدەریش یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ” دارکەر”. دیارە لەو ماڵەی کۆیی، شەقڵاوەیی ورەواندزییەکان پێکەوە بەکرێیان گرتبوو سەرجەم دانیشتنەکانیان باسی سیاست وکوردایەتی بووە، هەمان شت لە چایخانەکەی “مگردیج”یش. ( لە مەکتەبەکەی مگردیج دائەنیشتین وە ئەکەوتینە باسی دوورو قوول، گەر یەکێکی نا جائیز بهاتبا خێرا مگردیج ئەفەندی بەلامانەوە ئەهات بەدەنگێکی هێواشەوە ئەیووت: کونشمەین. واتە مەدوێن) . جگە لەوەش لە قوتابخانە چەندین چالاکی کوردایەتی هەبووەو شانازی بە کوردبوونی خۆیان کردووە. دژی ئەو جیاوازییەش بوون کە لە قوتابخانە دەکرا وزمانی عەرەبی پێش دەخرا وئیمتیازی هەبوو. هەر لەبەر ئەوەش ( بەڕاستی لە هەموو لایەکەوە تەزیق کراین، شورتە موراقەبەی ئەکردین) . نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ هەر لەو ساڵەدا لەسەر دەستی هەندێ شۆفینی وەک ساطع الحصري (1879- 1968)، کە لە بازنە نەتەوەییەکان بە ( ئیمام و فەیلەسوفی نەتەوەی عەرەب) دەناسرا، هەموو هەوڵێکی دەدا بە ئاشکرا یاسای زمانە ناوخۆییەکان پێشێل بکا، ( ئەمەش کاردانەوەی بەهێزی هەبوو لەلایەن توێژی رۆشنبیری کوردەوە … لە کۆیەش خوێندکاران لەسەرەتای 1936مانیان گرت، کە یەکەمینە لە مێژووی بزووتنەوەی کوردی لەوانەشە لەسەر ئاستی هەموو عیراقیش ) . دیارە نوێنەری کورد لە پەرلەمانی ئەوکاتەی عیراق ” عەلی کەمال بەگ 1900 -1998 ” بەرگری کردووە، ئەمەش بۆتە مایەی خۆشحاڵی دڵدار. ( لە جەریدەی بلاد دا چەند مەقالەییکمان خوێندەوە، کە دیفاعی “عەلی کەمال” ی تێدا نووسرابوو. داوای تەتبیقی قانوونی لوغاتی محەلی دەکرد ) .
لەو زانیاریانە، گەر تاوتووێی بکەین چیمان پێ دەبەخشێ؟ لەلایەن ئەو خوێندکارانەوە ویست ونیازی کوردایەتی لە برەو دابووە. کۆبونەوەو گفتوگۆی ( دوورو قوول) بە گۆتەی دڵدار کراوە. بەبێ دوودڵی باسی خەباتی گەلان کراوە، بە تایبەتی ئەوانەی بۆ خوێندن لە وانەی مێژوو شرۆڤە دەکرا. دوو شوێنیش لە ئارادا بوو وەک مەکۆ بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەکان ( چایخانە وکتێبخانەکەی مگردیج وماڵی خوێندکارانی نا هەولێری لە گەڕەکی عەرەب)
لە ئەنجامی تاوتوێکردنی ئەو زانیاریانە بیرم بۆ ئەوە دەبا، کە دڵدار لەو کۆبونەوەو گردبوونەوانەدا باسی بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی ” دارکەر”ی بۆ هاوڕێیانی لە هەولێر کردبێ. دانیشتنەکانی ئێواران لە چایخانەکەی مەگریدج و کۆڕی شەوانی ماڵی خوێندکاران قسەو باسی زۆر تێدا کراوە، دڵدار بە ( مسامەڕات ) ناوی دەبا، بۆیە ئەگەرێکی زۆر هەیە چەندین جار، نەک جارێک، بیرۆکەی دامەزراندنی رێکخراوێک لە 1936، کە ئەوکاتە دڵدار لەپۆلی سێی دواناوەندی بووە، لە هەولێر باس کرابێ.
هەر ئەو کاتە ئەوانە لە لایەن پۆلیسەوە چاودێری کراون، چونکە چالاکی کوردانەی ناو قوتابخانەو دانیشتنەکان یان، هەروەها هەڵوێستیان، تا ڕادەیەک ئاشکرا بوو، بۆیە دەکرێ بڵێین، ئەو راپۆرتەی پۆلیسی هەولێر، کە لە بەڵگەنامەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، سەبارەت بە رێکخراوی” دارکەر” سەرچاوەکەی ئەو گردبوونەوانەو خودی ئەوکەسانە بێ، کە لە لەگەڵ دڵدار بوون، بەڵگەش بۆ ئەمە دڵدار ناوی هەندێ لەو برادەرانەی باس دەکا، کە لە راپۆرتەکەی پۆلیس هاتوون وەک فەتاح جەبار، مستەفا محەمەد عوزێری. ئەوانەی ناویشی نەهێناون بەلام لە راپۆرتەکەدا هەیە، هاوڕێی بوون وەک جمیل رەشید میران، کە خەڵکی شەقڵاوە بووە. کەواتە دەتوانین بڵێین، دامەزراندنی ئەو کۆمەڵەیە لەو ساڵەو لە هەولێردا نەبووە. ئەگەرێک شک دەبەین بۆ ساڵەکە 1936، بەڵام، نەک لە هەولێر بەلکو لە کەرکوک، چونکە ئەوکاتە وەرزی ئەزموونەکانی بەکالۆریای ناوەندی ودواناوەندی لە کەرکوک ئەنجام دەدران، وەک د. نوری تاڵەبانی باسی دەکا. بۆیە دەکرێ ساڵی 1936 بە ساڵی دامەزراندنی کۆمەڵەی ” دارکەر ” دابنێین، بەڵام بێ دڵدار، چونکە وەک خۆی دەڵێ لە ساڵی 1936 خوێندکاری سێی ناوەندی بووە، واتە لە قۆناغی سێیەمینی خوێندن بووە، کە دەکەوێتە نێوان 1936 – 1937. بێ دڵداریش گەر حسێبی بکەین، گشت ئەو مێژووە دەسرێتەوە، کە دەڵێ دڵدار خاوەنی پێشنیازو بیرۆکەی دامەزراندنی ئەو کۆمەڵەیە بووەو بە ئامادە بوونی خودی خۆی و بە خوێندنەوەی وتاری دامەزراندنەکەی بووە.
لەلایەکی دیکەوە دڵدار بیروەرییەکانی تا سەرەتای 1937یش نووسیوەتەوە،( دارکەر)ی گەر لە 1936 دامەزراندبێ، بێگومان باسی دەکرد، وەک چۆن ئاماژەی بە سەرجەم ئەو ڕوداوانە کردووە، کە خۆی تێیدا بەشدار بووە، یان ئاگای لێ بووە. ئەمەش بە بەهێزترین بەڵگە ئەژمار دەکرێ.
ساڵی 1937
تاکە شاهێدی زیندووی دامەزراندنی ” دارکەر” د. موکەڕەم تاڵەبانییە، جگە لە کتێبێکی تایبەت بە ” هیوا” و بیرەوەرییەکانی وکتێبی دووبەرگەی ( مراحل تطور الحرکة القومیة الکردیة)،چەندین وتاری نوسیووەو چەندینی دیکەی لەچاوپێکەوتن، کە زۆربەیان لەسەر دامەزراندنی ” دارکەر” و ” هیوا” یە. جەخت دەکاتەوە، کە ساڵی دامەزراندنی ” دارکەر” 1937ە. نەک هەر ساڵەکە بەلکو شارو ئەو ماڵەش دەست نیشان دەکا، کە ” دارکەر”ی لێ دامەزراوە، جگە لە کەسانی دەستەی دامەزرێنەر. دواییش باسی کۆنگرەی یەکەمی ” دارکەر” دەکا شوێن و ساڵەکەشمان پێ دەڵێ.
کەریم زەند کاتێ باسی کۆنگرەی یەکەمی ” دارکەر” دەکا لە کەرکوک 1938 دەڵێ :( بەشداربووان باسی چالاکییەکانی کۆمەڵەیان کرد لە نێوان 1937-1938) واتە دوای ساڵێک بەسەر دامەزراندنی) ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ، کە ” دارکەر” لە 1937 دامەزراوە، نەک پێشتر.
موسا عەبدولسەمەد، وەک لە بیرەوەرییەکانی ( ساڵح حەیدەری 9ی ئەیاری 1922 – 6ی ئابی 2001) دا هاتووە ، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( دارکەر) وخەڵکی هەولێرە، پێی وایە مێژووی خەباتی (دارکەر) لە نێوان 1937 -1938ە. موسا عەبدولسەمەد دەڵێ : ” کۆمەڵێ خوێندکاری ناوەندی وئامادەیی بووین، بیرمان لە دامەزراندنی رێکخراوێکی نەتەوەیی دەکردەوە. ئەوێ دەمێ لە کتێبی مێژوو بابەتی رێکخراوێکی نەتەوەیی دەخوێندرا، کە لە پێناو یەکبوونی ئیتالیا تێدەکۆشا بە ناوی ( ڕەژووکەر). لە گفتوگۆکانمان دا سەبارەت بەناوی رێکخرەاوەکەمان یونس ڕەئوف – دڵدار- پێشنیازی ناوی ( دارکەر) ی کرد. دەستەی دامەزرێنەریش پێک هاتبوو هەر یەک لە : مستەفا عوزێری، موسا عەبدولسەمەد، فەتاح جبار، دڵدار، کەسێکی کەرکوکیش بە ناوی نورەدین. ئەوەش لە ساڵەکانی 1937 -1938 بوو.
شیعرێکی (زێنب) وەک بەڵگە :
دوای بە چاپ گەیاندنی دیوانی ( زەینەب خان – کچە کورد)، کە خوشکە گەورەی دڵدارە، بەڵگەیەکی بە هێزمان دەست دەکەوێ سەبارەت بە ساڵی دامەزراندنی (دارکەر)، زەینەب خان شیعرێکی داناوە لەسەر ( دارکەر) ودەڵێ:
داركەرین، داركەرین
دار كەرین، تێ كۆشەرین
كچ وكوڕی كوردستان
هەموومان كوردپەروەرین
ساڵی 1937ی داناوە بۆ شیعرەکە
ساڵی1938
تەنها نوری شاوێس، وەک دەستەی دامەزرێنەر ساڵی دامەزراندنی ” دارکەر” دەکاتە 1938. بە تەواوی پایزی 1938 دیاری دەکا بۆ رۆژی دامەزراندنی ” دارکەر”. دەکرێ دوو لێکدانەوەی بۆ بکرێ. یەکەم: ئەگەر هەیە زەینی ناوبراو چاکی نە پێکابێ، بەو حسابەی، ئەو لە 1922 لە دایک بووە. دڵدار 1918. دەبێ 1937 یەکەم ساڵی خوێندنی دواناوەندی بێ لە کەرکوک ( 6ساڵ پێش خوێندن + 6ساڵ سەرەتایی + 3 ساڵ ناوەندی). دووەم: دەشێ یەکەم ساڵی خوێندنی لە کەرکوک 1938 بووبێ، ئەو کاتەش ” دارکەر” ساڵێک بووە دامەزراوە، بەڵام چونکە رێکخراوێکی نهێنی بووە، مەرج نییە ئاگای لە دامەزراندنی بووبێ، بەتایبەتی ” دارکەر” ناسراو بوو بە رێکخراوێکی تۆکمە نهێنی. بۆیە وای لێک دەدرێتەوە، کاتێ شاوێس بۆخوێندن 1938لەگەڵ عەبدوڵڵا جەوهەر هاتوونەتە کەرکوک دڵدار ناسیویەتی و داوای لێکردووە بێتە ناو ڕێکخستنەکانی ” دارکەر”. گەر سەرنجیش بدەین، د، موکەڕەم لە بیرەروەییەکانی دا، کاتێ باسی کات و شوێن و کۆبونەوەی دامەزراندنی ” دارکەر” دەکا،کە دڵدار پێشنیازی کردبوو ( ئامادەبووان ئەوانە بوون، جگە لە یونس رەئووف دڵدار، بورهان حامید جاف، کاکە حەمە خانەقا و موکەڕەم تاڵەبانی و سێ خوێندکاری تریش) ناوی نوری شاوێش ناهێنێ، هەرچەند باسی سێ کەسی دیکەش دەکا، بەڵام وێ دەچێ ئەوانە خەڵکی هەولێر بووبن، وەک پێشتر باسم کردبوو.بۆیە ناوی نوری شاوێس ناهێنێ، چونکە بە قسەی شاوێش لە 1938 بۆ خوێندن هاتۆتە کەرکوک، کەچی د. موکەڕەم باسی ساڵی 1937 دەکا، وەک زۆربەی زۆری ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر.
دوا قسەمان سەبارەت بە بۆچوونی شاوێس لەمەڕ ساڵی دامەزراندنی ” دارکەر”؛ پێدەچێ ناوبراو کۆبونەوەی حوزەیرانی1938 لە کەرکوک، کە هەندێک بە کۆنگرەی دامەزراندنی ” دارکەر” ی دادەنێن و هەندێکی دیکەش بە کۆنگرەی یەکەمی رێکخراوەکە، بە ساڵی دامەزراندنی حساب کردبێ، هەرچەند لەسەر مانگەکەش وێ چوون نییە، چونکە شاویش باسی پایزی 1938 دەکا، کە دەکاتە نێوان تشرینی یەکەم و دووەم! ئەو کۆبونەوە فراوانەی ” دارکەر ” د. موکەڕەم بە کۆنگرەی یەکەمی داناوە ، کە لە باخچەی ” ام الربیعین ” ی سەر رێگای کەرکوک – هەولێر ئەنجام درا، زیاتر لە 60 ئەندامی چالاک، کە سەرجەمیان خوێندکار بوون بە شداریان تێدا کردبوو، بە ساڵی دامەزراندنی حساب کردبێ، بەڵام وێ دەچێ شاوێس لە دەست نیشانکردنی ساڵ، بەلانی کەمییەوە، لە یەک دوو مێژوو بە سەهو چوو بێ.
(فاتیح رەسول) یش، وەک نوری شاوێس پێی وایە ” دارکەر” لە 1938 دامەزراوە، زۆر بە ڕوونی پێدەچێ جەخت لە قسەکانی شاوێس بکا، چونکە نەک هەر بە ناوەڕۆک، بەلکو بە دەقیش بۆچونی ئەو دوپات دەکاتەوە ( بە هۆی ئەوەی پیش جەنگی دووەمی جیهانی لە هەموو کوردستانی باشووردا تەنیا یەک قوتابخانەی ئامادەیی هەبوو ئەویش لە شاری کەرکووک بوو. سالی 1938 ژمارەیەک لە دەرچوانی پۆلی سێیەمی قوتابخانەی ناوەندی لە سلێمانی وهەولێر بۆ درێژەدان بە خوێندن روویان کردە کەرکووک وهەر زوو ئاشنایی وپەیوەندی بە هێز لە نیوانیاندا چێ بووو کۆمەلەکیان بە ناوی (کۆمەڵەی دارکەر) پێکهێنا) .
عەبدولستار تاهیر شەریف باس لە دامەزراندنی سێ رێکخراوی کوردی دەکا لە ساڵی 1938دامەزراون ( کۆمەڵێ لاوانی کوردی هاوتەمەن لە سلێمانی لە 1938 کۆبونەوە رێکخراوێکی وەک رێکخراوی ” برایەتی” بەناوی ” ئازادی کوردی”، دامەزراند سێیەمیش ” دارکەر”) . کەچی نوری شاوێس ساڵی1935 بە ساڵی دامەزراندنی کۆمەڵەی ئازادی” دادەنێ ( مامۆستاکەمان ” مەبەستی مەحمود شەنگەیە” بڕیاریدا پێکەوە لەگەڵ ئێمە رێکخراوێکی سیاسی دامەزرێنین بە ناوی ( کۆمەڵەی ئازادی کورد لە نێوان مانگی تشرینی دووەم کانوونی یەکەمی 1935، یەکەم کۆبونەوەشمان لە ماڵی مامۆستا مەحمود بوو، کە دوای بە مەحمود ئازادی ناسرا)
بۆ کۆمەڵەی (برایەتی) یش ساڵی 1938 نوسیووە هەروەها 1938 بۆ “دارکەر”یش. دیارە دکتۆر عەبدولستار، هەمان ڕای نوری شاوێسی هەیە، بەڵام ناڕوونتر.
بەو بەڵگانەی، کە لەسەرەوە باس کران، پێم وایە مشتومڕی ساڵی دامەزراندنی ( دارکەر) دەبردڕێ و بە تەواوی ساڵی 1937 بە ساڵی دامەزراندنی ئەو رێکخراوە خوێندکارییە، کاریگەرەو هەوێن و بەردی بناغەی پارتی هیوا، دادەندرێ. زۆربەی نووسەران لەسەری رێکەوتوون. مەمانانیش کۆکین لەسەر ئەو مێژووە. بێ (سێ و دوو)ش دڵدار دامەزرێنەرو سەرۆکی بووە.
کەرکوک زێدی ( دارکەر):
دڵدارو گشت خوێندکارانی دەرچووی ناوەندی لە هەولێرو سلێمانی بۆ تەواوکردنی خوێندنی دواناوەندی، کە دوو ساڵ بووە، دەبوایە بچن بۆ کەرکوک، چونکە تاکە ئامادەیی بووە لە کوردستان. هاتنی خوێندکارێکی زۆر لە شارەکانی هەولێرو سلێمانی بۆ کەرکوک، خۆی لە خۆی دا بۆتە مەکۆیەکی چالاکی لاوانی خوێندەوارو خوێن گەرمی کورد. د، موکڕەم جگە لە بوونی تاکە ئامادەیی کوردستان لە کەرکوک، باسی دوو بۆنەی گرنگیش دەکا، کە زۆرترین خوێندکارانی کوردی لە کەرکوک کۆدەکردەوە. یەکەم: ئەزمونی بەکالۆریای گشت ناوەندییەکانی کوردستان بۆ ماوەی دوو هەفتە لە کەرکوک ئەنجام دەدەرا، دووەم: ساڵانە نمایشی وەرزشی لە مانگی مایسی هەر لە کەرکوک دەکرا، بەمەش زۆرترین خوێندکاری کورد بەشداریان تێدا دەکرد . دڵداریش ئەوەی بە هەلێکی گەورەو مێژووی زانیوە، بۆ ئەوەی خەبات لەناو دەروونی خوێندکاران جۆش وخرۆش بدا، بەتایبەتی کۆمەڵێکیان کوردایەتی ختووکەیانی دەداو لە بنەماڵەی ناسراوی کوردایەتی ئەو سەردەمە بوون.
دڵدار، کە ساڵی یەکەمی ئامادەیی (1937 -1938) بووە، پێدەچێ هەر لە دەسپێکی خوێندن پێوەندی بە چەند خوێندکارێک کردبێ، دەکرێ بڵێم هەڵیبژاردوون، دوای ئەوەی لە ڕووی خوێندەواری و کوردایەتییەوە تاقی کردوونەتەوە، بە تایبەتی دڵدار بەهرەیەکی لێهاتووی هەبووە لە دەست نیشانکردنی کەسێتیەک، وەک لە بیرەوەرییەکانی دا هەستی پێدەکەین. نموونە زۆرن، بەڵام هەر دوویان دەهێنیەوە. یەکەم کاتێ ” جاهید ” ی شاعیری هەولێری هەڵدەسەنگێنێ . دووەم کە باسی کەسایەتی ” سەید فەتاح سەید عەزیز ” ناوێک دەکا.
د. موکەڕەم تاڵەبانی لە کتێبەکەی ولە چەندین چاوپێکەوتندا جەخت دەکاتەوە و دەڵێ: ( لە ئێوارەیەکی نیوەی یەکەمی مانگی ئەیلولی 1937کۆمەڵەیەکی نهێنی بچووک بە ناوی ” دارکەر” دامەزرا) . د. موکەڕەم شوێنی کۆبونەوەکە ” کەرکوک ” دیاری دەکات و ناوی ماڵەکەو گەڕەکەش دەهێنێ، بێ ئەوەی لە بیری بچێ، وەک سەرجەم ئەوانی دی، کە دڵدار بانگهێشتی کۆبونەوەکەی کردوون. لەبەر سێ هۆ دەتوانم بڕوا بە قسەکانی تاڵەبانی بکەم، یەکەم : بە گشتی زۆربەی بەرەبابی تاڵەبانیان زەین وهێزی بیرکرنەوەیان تەندروستە. دووەم : خزمایەتیان لەگەڵ کۆییان بە گشتی و بە تایبەتیش لەگەڵ بنەماڵەی خادیم سوجادە لە کۆیە وکەرکوک، وەک پێوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەسەرهات و ڕووداوە هاوبەشەکانیان لە بازنەی بیرکردنەوەدا زێتر دەمێنێ. د. نوری تاڵەبانیش، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا باسی کردوون. سێیەم: د. موکەڕەم گەر یەکەم کەسیش نەبێ لە باسکردنی مێژووی ” دارکەر” و ” هیوا “، بەڵام توانیویەتی بە لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی، نەک وەک زۆربەی ئەوانی دی بە گێڕانەوەیەکی ئاسایی بەسەرهات و بویەرەکانی دامەزراندنی ” دارکەر” باس بکا، جگە لەوەی خۆی تاکە شاهیدی زیندووە. هەر لەبەر ئەو هۆکارانە دەکرێ 1937 بۆچونەکانی لەمەڕ ساڵی دامەزراندن وشوێن وخاوەن بیرۆکەکەی ” دارکەر” بە هەند وەرگرین.
نوری شاویس لە بیرەوەرییەکانیدا هەرچەند پاییزی 1938ساڵی داناوە بۆ ساڵی دامەزراندنی” دارکەر”، وەک پێشتر باسکرا، بەڵام شوێنەکەی هەر کەرکوکە. فاتیح رەسولیش هەمان بۆچونی نوری شاوێسی هەیە، وەک لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، کە کەرکوک زێدی رێکخراوی ” دارکەر”ە.
کاروان مەحوی بە پێچەوانەی زۆران رایەکی جیاوازی هەیە لەگەڵ مستەفا عوزێری بەتایبەتی لە سەر ساڵی دامەزاندنی ” دارکەر”، بەڵام کۆکە لەگەڵیدا کاتێ دەڵێ لە هەولێر دامەزرا ( كۆمەڵەی ” داركەر” لەهەولێر ساڵی 1937 دوای كۆمەڵەی برایەتی لەلایەن چەند قوتابیەكی شۆڕشگێرو نەتەوەیی دامەزراوە)
نووسەری دیکەش لەسەر هەمان رێچکە دەڕۆن ولاسایی ئەوانی پێش خۆیان دەکەنەوە ( لەم چوارچێوەیەدا كۆمەڵەی برایەتی لە ساڵی 1927 لە سلێمانی دامەزرا، ئامانجی كۆمەڵەكەش رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان بوو. لە هەمان ساڵدا كۆمەڵەی (داركەر)یش لە شاری هەولێر لەلایەن كۆمەڵە لاوێكی رۆشنبیری كورد دامەزرا) . بێگومان ساڵەکە (1927) هەڵەیە، چونکە ئەو کۆمەڵەیە لە سڵیمانی لە ساڵی 1937 دامەزراوە. مستەفا نەریمان شاهێدێکمان بۆ دەست نیشان دەکا، کە داندەنێ ” دارکەر” لە کەرکوک دامەزراوە: ( کاک رەشید باجەلان 1920 کە تێکۆشەرێکی کوردی سەردەمی هیوایە لەگەڵ یونس رەئوف دڵدار دوو ساڵ کۆلێجی حقوق پێکەوە بوون ووتویە دڵدار بۆی گێڕاوەتەوە لە کەرکوک لایەن چەند قوتابییەکی ئامادەییەوە دامەزراوە) .
موسا عەبدولسەمەد باسی هاتنی رەفیق حیلمی دەکا بۆ ناو ” دارکەر” دەڵێ: ( کاتێ چووینە بەغدا رەفیق حیلمی لە ماڵی خۆی داوەتی کردین گوتی: ئێوە رێکخستنێکی تایبەتی ونهێنیتان هەیە لە هەولێر، پێم خۆشە لێی ئاگادار بم) رەفیق حیلمی سەرەتا وای زانیوە ” دارکەر” لە هەولێر دامەزراوەو ئەندامەکانیشی هەر تەنها هەولێریین. موسا عەبدولسەمەد لەم بارەیەوە دەڵێ : ( سەرەتا هیچمان بۆ ئەو باس نەکرد، بەڵام دوای ئەوەی زانیمان جێگەی بڕوایە لە هاوینەهەواری شەقڵاوە لە باخەکەی جەمیل میران بە ئامادەبوونی خەلیل خۆشناو و دەستەی دامەزرێنەر بەیەک گەیشتین و کۆبوینەوە) . هەر لەوێ رێککەوتوون رەفیق حیلمی ببێتە ئەندامی ” دارکەر” بۆ ئەم مەبەستەش ” دارکەر” نەریتێکی هەبووە، هەر یەکێک بۆ ئەندامێتی دەپالێودرێ دەبێ سوێند بە خەنجەری کوردەواری قورئان بخوا، کە ناپاکی لە کوردایەتی و رێکخراوەکە ناکا. بەم جۆرە رەفیق حیلمی دەبێتە ئەندامی “دارکەر”، ( دوای ئەوەی رەفیق حیلمی زانی، کە سەرکردایەتییەکە هەر تەنها هەولێری نین پرسی: ئەدی بۆ دەیان گوت تەنها لە لاوانی هەولێر پێک هاتووە؟) . لێرەدا سەلمێندرا، کە ” دارکەر” لە هەولێر دانەمەزراوە.
بۆچونێکی دیکە هەیە لەمەڕ زێدی ” دارکەر”، کە پێی وایە ئەو رێکخراوە لە شاری سلێمانی دامەزراوە. ( شێخ لەتیفی حەفید کۆمەڵەی برایەتی لە شاری سلێمانیدا دروستکردو‬ ‫ئەندامەکانی زیاتر بریتی بوون لە کارمەندو موچەخۆری میری و دوو مامۆستای ئایینی. پەیوەندیە گومان لێکراوەکانی شێخ‬ ‫لەتیف بە ئینگلیزەوە لەلایەك و بوونی ئەو دوو مامۆستا ئایینیە لە ڕیزەکانی کۆمەڵەی برایەتیدا لەلایەکەی ترەوە، ئەو هەلەی بۆ‬ ‫لاوانی نەتەوەگەری کورد ڕەخساند کە یەکەمین ڕێکخراوی سیاسی سەربەخۆی خۆیان لە شاری سلێمانیدا دابمەزرێنن‬ ‫بەناوی کۆمەڵەی دارکەر کە پاشتر لە ساڵی 1938دا حزبی هیوای لێ دروستبوو.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬) . ئەو بۆچوونە خودی نوری شاوێس، کە خۆی بە دەستەی دامەزرێنەری ” دارکەر” زانیوە لە بیرەوەرییەکانیدا رەتی دەکاتەوە وکەرکوک بە زێدی ” دارکەر” دادەنێ. ناوبراو پێش ” دارکەر”یش ئەندامی کۆمەڵەی ” برایەتی” بووە.‬‬‬‬ ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ، کە تا ڕادەیەکی باش ئاگاداری مێژووی هەردوو رێکخراوەکە هەبووبێ.‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬‬
ئەحمەد دڵزار هاوشار و هاوڕێی منداڵی دڵدار پێی وایە ( لەماڵی(حەمید)ی برای دڵدار لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ دەبێ حیزبی دارکەر دادەمەزرێن .. ماڵی حەمیدی برای دڵدار لە کەرکوکێ بووە، کە دارکەر دامەزراوە). وێ دەچێ بە شێوەیەکی هاوبۆچونانە، کە رای یەکەم جێگیر بکرێ، وەک زۆرینەی نووسەران لەم بارەیەوە لەسەری کۆکن. رایەکەی دڵزاریش، وک لە دواییدا هەستی پێدەکەین، دەکرێ وەک یەکێ لە کۆبونەوەکانی پێش دامەزراندنی ” دارکەر” حسابی بۆ بکرێ.
بە پێی لێکدانەوەکانی سەرەوە دەتوانین رژد بین، کە : “دارکەر” دڵدار خاوەنی بیرۆکەکەی و دامەزرێنەری بووە، لە 1937 دامەزراوە، زێدی کەرکوکەو لە ماڵی شاکر بەگ لە گەڕەکی ” بەگلەر” ڕێکەوتنی لەسەر کراوە.