شەماڵ بارەوانی/ گێلە فەقێ/ بەشی دووەم.

کوڕم، بە خوا ماکەرەکەی ماڵی کەریمۆکی، لە چاوەتۆ، سوقراتە..!
چۆن دەنگەکە لە نکاوڕا هات، ئاوایش لە نکاوڕا ڕۆیی! ترسێکی وا هەموو لەشی داگرتبووم، خەریک بوو بدەمە زیڕە و تا هێزم تیایە هاواربکەم.
لە بیرکردنەوەیەکی قووڵ ڕۆچووم، باشە دەبێت ئەوە کێبێت؟ بۆچی هاتبێت و بۆچی لەو هەموو شوێنە و لەناو ئەو هەموو خەڵکەی، هات بۆ مزگەوت و یەخەی منی گرتووە؟دەبێت کێ بێت خودایە؟ هەر بەڕاستی ئەوە تارمایی و جندۆکە و شتێکی خراپبوو و هات تا دەستم لێبوەشێنێت و شێتم بکات؟ یان بە پێچەوانەوە، ئەو خدری زیندە، یان فریشتە و فریادڕەسێکە و خودا بۆ منی ناردووە و دەیەوێت لە ڕێگای ئەوەوە، فێری شتانێکم بکات کە نایزانم؟ کێ ناڵێت هاتووە بمکات بە محەمەد مەهدی، یان موجەددێکی ئەو سەدەی بیست و یەکە؟
لە یەککاتدا، هەم ترسێکی فۆبیایی و هەم لوتبەرزیەکیش منی گرتبوو. ترس لەوەی نەوەک جنۆکە بێت و کە زانیبێت من چەندە لە گۆڕستان و تاریکی و دارمەیت و ژووری مردوو شۆرینی ناو مزگەوت دەترسم و ترسێکی فۆبیاییم لە مردوو هەیه. ئێ خۆ سوپاس بۆتۆ خودایە، ئەو مزگەوتە، نەژووری مردوو شۆرین و نەیش هیچ دارمەیتێکی تێدایه.
باشه ئەگەر جنۆکەبێت، دەیەوێت بەچی بمترسێنێت؟ خۆ گۆڕستانی دێیەکە، ڕاستە نزیکە لە دێ، بەڵام لە مزگەوتەکە تا ڕادەیەک باش دوورە.
لوتبەرزیشم بۆ ئەوە بوو، کە دیارە من زۆر کەسێکی گرنگم و خودا تایبەت، فریشتەیەکی ناردووە و دەیەوێت لە ڕێگایەوە بمکات بە شتێک و کەسایەتییەکی وەک مەولانا و عەتاری نەیشابوری و حەلاج !
باشه ئەو دەنگەی کە نازانم بلێم: فریشتە، یان جندۆکە، خدری زیندە، یان تارمایی؟ دەبیت چی بێت، خودایه! هەرچیەک بێت، دێو و جندۆکە، یان فردیادڕەس و فریشتە، ئەو بوونەوەرێکی زۆر زیرەکە بەڕاستی.
سوێند بە زاتت خودایە، بە قەد هەموو مەلاکانی کوردستان. زانستی شەرعی و زانیاری و مەعریفە و فەلسەفەی لایه. دڵنیام گەر میتۆلۆژیای دزینی ئاگر لە ئاسمان ڕاست بێت و پرۆمسیوس، لە پێناو ئەوەی مرۆڤەکان لە ساردی زستان خۆیانی پێ بپارێزن، ئاگری لە خودا دزی بێت، ئەو دەنگە ترسناک و نادیارەیش، ئەوە زانست و مەعریفەی لە پێناو ڕۆشبنیری کردن و هۆشیارکردنەوە و فێرکردنی مرۆڤەکان، لە خودا دزیوە!
باشە گەر وا نەبێت، چۆن ناوی ئەو هەموو زانست و تیور و فەیلەسوف و شتە دەزانێت ! ئەو باسی هەندێک شتی کرد، وەڵاهی نەک هەر من، هیچ مەلایەکی کوردستان، بە حەیاتی خۆی ناوی نەبیستووە.
بەڕاستی زیرەک بوو. من لەوبیر و خەیاڵانەدابووم، دووبارە دەنگەکە هاتەوە: لەو ڕۆژەی ئیمپڕاتۆڕی ساسانییەکان، لەسەردەستی عەرەبەکان ڕووخاوە، لەوڕۆژەوە، لەسەر گۆڕی (دیاکۆ)ی باپیری کوردان، بەڵێنم داوە هەرگیز، چاکە لەگەڵ هیچ کەسێک نەکەم کە دژایەتی کورد بکات و هەموو ئەو کوردە داماوانەش کە بوون بە مازۆکی و چێژ لە لستنەوەی کێری مێژووی عەرەب دەبەن و جاشایەتی لۆ کولتوور و زمان و هەموو شتێکی عەرەب و نەیارد دەکەن و لە کوردبوون داماڵدراون، سەرەتا هەوڵیان لەگەڵ بدەم کە هۆشیار و چاکیان بکەمەوە، گەر هەر چاک نەبوون و هەوڵەکەم شکستی هێنا و دەستبەرداری کەرێتی خۆیان نەبوون، ئەوە وایان لێبکەم زیاتر لەو کەربوونەی خۆیان ڕۆبچن و لە زەڵکاوی عەرەب پەرستی و بێگانە پەرستیدا بخنکێن !

گێلە فەقێ، گوێبگرە باش.
تۆ بەر لەوەی بێیتە فەقێیاتی، ناڕاستەوخۆ زۆم هەوڵدا، کە پەشیمانت کەمەوە، لەو بڕیارە حیزەی کە دابووت ببیت به فەقێ. بەڵام دوای ئەو هەموو ساڵە، هەوڵدان لەگەڵ تۆ سودی نەبوو و گەیشتم بەو بڕوایەی توو تازە چاک نابیتەوە. بۆیە تا بۆم بکرێت، زیاتر ئەو قوڕی نەزانییەی کە تێی کەوتوویت خەستردەکەم و هێندە خەستی دەکەم، کە هەرگیز لێی دەرنەچیت. کوڕم کورد زۆری ماوە، تا تێبگات و دۆست و دوژمنی خۆی بناسێت و خەیاری هاوردەی عارەب و گێزەری ڕەسەنی خۆی لێکتری جیابکاتەوە.
گێڵە فەقێ، تۆ بچیت لە مێژوو بخوێنیت و شارەزایی و پسپۆڕی لە مێژووی باب و باپیرانت، مێژووی گوتی و لولویی و کاشی و ماد و خوری و ساسانی و کەیخوسرە و ئاستیاگی خۆت بەدەست بێنیت، گەلەک باشتر و شەڕافەت مەندانەتر نییە لەوەی هاتووی شوێن قنی مێژووی عارەبی پێ پەتی کەوتوویەتی و خالد و قەعقاعی عەرەب، لەو کوردە داماوە بکەیت بە پاڵەوان و سۆپەرمان؟!
چلمن گیان، باشە تو ئیش خلاس ببوو، تا بێیت و ببیت بە فەقێ و مەلا؟! یان خەمی تۆ تەنها ئەوەیه کە بە دوای ورگت و پارووی چەوری مەلایەتی دەگەڕێیت؟
توخوا یەک سودی مەلام پێ بڵێ؟ توخوا لۆخۆت کاسبیەکیدی بکەیت چاکتر نییە لەو ئیشە قۆڕەی؟ بەخوا مەلا و فەقێ سەرتان لەو خەڵکەی شێواندوە و ڕێی خواشتان لەبەر ئەو خەڵکە داماوەی بزرکردیه.
مەلا، یەکێ نەشارەزابیت دەڵێت هەموو فەیلەسوفن. لەوەش گەڕێ، هەریەکە و لە ئاوازەکی دەخوێنیت و مەلاکان، کورد گوتەنی بە دڵی خۆیان خواردەکەنەوە و لە هەر شتەکیش کاتیێک پرسیاریان لێدەکرێت، ئەگەر نەیزانن، دەڵێن ئەو مەسەلەیە (فیه خیلاف) هاهاها دەبڵێن نایزانین کاکە خۆ دنیا خراپ نابیت.
سوقرات بەو هەموو فەلسەفە و عیلمەی خۆی، سەگبابەی هێشتا دەیگوت هیچ نازانم. ئەو مەلایانەش هەموویان عەلاگە عیلمیان لا نییە و شەرمیان بەخۆیانە بڵێن نازانین، ئەگەر هیچیش لە مەسەلەکە نەزانن و تەقەی سەریان بێت، هەرگیز، دان بە نەزانی خۆیان دانانێن و(واللە اعلم)، یان بە(فیه خیلاف) خۆیان قورتاردەکەن و وڵامت دەدەنەوە !کوڕە بە تەلاقی کەریمۆکی، نەخوێندەوارترین و بێ کەڵکترین چینی کۆمەڵ، ئەو مەلا و پیاوانی ئایینین.
پیاح کە بێ مانان. بە تایبەتی مەلا سەلەفی و ئیسلامیەکان، بەعزێکیان دەڵێی مێشکی کەریێان خواردیە.
کوڕە هەوکا ئەتو بە من ناڵێیت لۆ دەم لەهەموو شتی دەکوتن و قسە لەسەر هەموو شتەکی دەکەن و هەرچی هەیه خۆی تێهەڵدەقورتێنن! جا چەند ناحاڵی و تڕ زل و لوتبەرزن ! عەینەن لایان وایە نوێنەری تایبەتی خوای گەورەن.
کوڕە دەلاچۆن، تەڕپووش زل و ئەقڵ بچووکینە. یەکەو تەڕپووشی زلی بەقەد یەک مەنجەڵیتان لەسەری خۆتان نایه، دەلێی هی ئەو تەڕپوش سوورانەی فیلمی جەماعەتی بابولحارەن. کوڕە دەوڵاهی هەموو مەلاکانی کوردستان، بە قەد مەلابەختیاری لە ئیسلام شارەزایییان نییە و عیلم و مەعریفەیان لا نییە.
ئەو عرووبە چی و بەکرێ گیرا و جاشانەی مێژو و زمان و کولتووری عەرەب. هەموویان بە ساقەی تۆزی سەر گۆڕی مەلای گورەی کۆیه و مەلا ئیبنولبالەکی شێخ محەمەدی خاڵ بن.
کوڕە فەقێی سەرک ئەستوور، تیتکت هەموو دەوەرێ تیتک، ئەو جامانە گەورەیەی دەڵێی باگوردانە، چییە کردیتە سەر ئەو سەرکە ئەستوورەی خۆت؟
کوڕە کا هەتا زووە فڕێیدە، ئەو شتە قۆڕەی.
ئەو کێیە، خودایە ؟
سەرم بەرزکردەوە، هیچ کەسێک نییە.
ئاوڕم دایەوە ئەملا و ئەولام، هیچ کەسێک دیار نییە.
ئەوجاره ئاوڕم داوە دواوە، دیسان هیچ کەسێکی لێ نییە !
دووبارە ترسێکی دووقات فۆبیاییترلەوەی پێشووم لێنیشت. گوتم خودایه، ئەو دەنگە چیبوو؟
خۆدایە ئەوە دەنگە، یان من وڕێنە دەکەم ؟!
لەخۆم ڕامام تۆزێک، دوو جار (بسم اللە) و (ئەعوزوبیلا)م خوێند.
دوای خوڵکێک جارێکیتر دەستی پێکرد:
فەقێ فسکەن، توخودا یەک سودی مەلام پێ بڵێ؟
پاشان هەی فەقێی نەخوێنەوار، توخوا لۆخۆت کاسبیەکیدی بکەیت چاکتر نییە لەو ئیشە قۆڕەی؟
کۆڕم بە خوا، ماکەرەکەی ماڵی کەریمۆکی ماڵی خێڵانی، لەچاوتۆ، سوقراتە !
مێشک نایلۆنی فشەکەر. چییە هەرخۆت بەو کتێبە زەرد و بێ کەڵکانە خەریک کردووە، بڕۆ هەندەک کتێبی فیکری و فەلسەفی و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و گووناسی بخوێننەوە.
ئەفسوف، ئەو مێشکە جوانەی خۆت بە شافیعی و نەفتەوەهی و سیبەویهی و بەرکەوی و ئیبنولتەیمیەوەیهی و سەید قوتبەوەیهی و کێ و کێیتروەیهییەوە تێک و پێک داوە.
بڕۆ و سۆقرات و پلاتۆ و ئەڕسۆ و هێگڵ و کانت و دیکارت و هایدگەر و نیچە و هابرماس و تەورداس و تەڕەماشیش هەندەک بخوینەوە.
بەشکو هەر هیچ نەبێت، قیچەک ئەو مێشکە پووچ و بچووکەت بکرێتەوە و بەستەڵەکی ئەو ئەقڵەت بتوێتەوە و تۆزەک ئاسۆت فراوان بێت و دنیا بە فراوانی و مرۆڤەکان بە جوانی ببینیت و لەو چاڵە حیز و تەسک و داخراوەی ئیدەلۆژیا و فیکر و تێڕوانینی فێندەمێنتاڵیستانەت بێیتە دەر.
گێلە فەقێ، تۆ دەتەوێت لەو چاڵە تاریک و حیز و داخراوەی ناحاڵیبووندا بمێنیتەوە و جگە لە خوێندنەوەی کتێبی فیقهی و مەزهەبی و ئایینی چیتر نەخوێنیتەوە؟
مێشک سفر کیلۆ مەتر، مارکس دەڵێت بۆ ئەوەی لە سروشتی سەگ تێبگەیت، دەبێت لەبواری سەگ بخوێنیتەوە.