زاهیر باهیر: کۆبوونەوەکانی لوتکەی کەش و هەوا چارەسەری گرفتی ژینگە ناکەن/ بەشی هەشتەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەنجامگیریی:
بێ گومان ئەوەی سەرەوە سەرەتایەکی زۆر کورتە لەسەر پرسێکی ئێکجار گەورە و بە بایاخ کە هەزاران کتێب و وتاری لەسەر نوسراوە بێ لە کۆڕ و بەرنامە و تاقیکردنەوەی بە کرداریی. لەگەڵ ئەوەشدا بە گوێرەی داتاکانی سەرەوە دەکرێت زۆر شت بسەلمێنرێت یا هەر هیچ نەبێت هەلی بیرکردنەوەمان پێدەدات کە تێفکرینێك لە پەیوەستبوونەوەی خراپیبوونی ژینگە و سروشت لەتەك کۆمپانیا زەبەلاحەکان و سیستەمی هەنووکەییدا. ئەمەش بە ئاسانی نیشانی دەدات کە گرێدانەوەیەك لە نێوانی گەرمبوونی زەوی و کارەساتەکانی کە کەش و هەوای خراپ دەیهێنن ئاشکرایە.
لەگەڵ ئەو هەموو وردەکاری و ئامارانەدا لەسەر ڕۆلی کۆمپانیاکان کە ڕۆلی سەرەکییان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام ڕۆلی تاکیش هەم لە پیسکردن و هەم لە ڕێگرتن لێی و کەمکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەو خۆ، هەیە. ئەمەش هەر لە پیسنەکرنی ژینگە و کاری زۆر بچوكی وەکو کردنی دوشێکی کورت بەئاوی شلەتێن، کوڵاندنی ئاو لە کترییەكدا بە قەدەر ئەوەی کە دەتەوێت، زۆر گەرمنەکردنی ماڵ و کەمتر بەکارهێنانی ئامرازەکانی فێنککردنەوە، دانەگیرسانی گڵۆپ لە کاتی ناپێویستدا، بەکارنەهێنانیی سەیارە مەگەر لە کاتی زەرووریدا، کەمکردنەوەی سەفەر بە سەیارە و دەیەها کاری بچوکی دیکە تا دەگاتە وازهێنان لە گۆشت بە هەموو چەشنەکانییەوە. ئەمانە هەمویان ڕۆڵی خۆیان هەیە وێڕای ئەوەی کارێکی بچوکیشن. کەواتە مرۆڤەکانیش وەكو تاك لە ڕەفتار و کرداری ڕۆژانەیان و شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردنیان بە ڕۆلی خۆیان دەتوانن و دەکرێت کە کارایی ئەرێیانەی خۆیان لەسەر ئەم پرسە گەوەرەیە دابنێن.
ئەو شیکردنەوە و داتایانە پێمان دەڵێن کە هەندێك لە بەشداربووانی خودی کۆبوونەوەکە خۆیان بە گومانن کە لەم جۆرە کۆبوونەوانەدا چارەسەری ئەو کێشە گەورەیە بکرێت. ئەویش لەبەر ئەوەی:
یەك/ ئەزموونی کۆبونەوەی ساڵی 2009 لە کۆپنهاگن-یان هەیە کە بڕیار بوو ساڵانە 100 ملیار پاوەند یارمەتی وڵاتانی هەژار بدرێت، بەڵام نەدرا. لە کۆبونەوەی Cop26 کە پارەکە، 2021، لە شاری گلاسکۆی بریتانیا گیرا و چەندەها بڕیاری زۆری تێدا درا و بەڵام هەندێکیان یا جێ بە جێنەکران یاخود زۆر کەمیان کران.
هەر بۆ نموونە بریتانیا کە ڕازی بوو بە بەرنامە و بڕیارەکانی لوتکەی ساڵی پار کەچی ژێر بەژێری دەوڵەت نزیکەی 100 مۆڵەتی داوە بە کاری پشکنین و شەقکردن و هەڵکۆڵینی زەوی بۆ گەڕان بەدوای نەوت و غازدا. قسەش لەسەر ئەوە هەیە کە کانی خەڵوزی ‘ کامبریا’ بکاتەوە لەبەر ئەوەی کە ڕەنگە ئەم زستانە بریتانیا گرفتی کارەبای هەبێت. ئەمە لە کاتێکدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ساڵی 2021دا ڕایگەیاندبوو کە هیچ پڕۆژەیەکی نوێی سووتەمەنی بەردینی ناتوانێت لە ساڵی 2022 بەرەو پێشەوە بچێت واتە گەشەتر بکات ئەگەر جیهان ڕووبەڕووی گەرمبوونی جیهانی و خراپتربوونی کاریگەرییەکانی لەسەر ملیارەها کەس ببێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە لە بریتانیا ساڵانە بڕێك لە بودجە تەرخان دەکرا بۆ وڵاتانی هەژار. بەڵام ڕیشی سوناك کە وەزیری دارایی بوو ئەو بڕە پارەیەی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا کە لە سەدا 0.7 ی داهاتی نیشتمانی بوو، هێنایە خوارەوە بۆ لە سەدا 0.5 .
ئەڵمانیاش لەگەڵ ئەوەی کە هەوڵێکی ئێکجار زۆری داوە کە وڵات لە سەرچاوەی وزەی کانە خەڵوزەکان و سێنتەرە نوەوەییەکان ڕزگار بکات و هەڵیانی پەساردووە، بەڵام بە هۆی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە کە گوایە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا ڕەنگە پەنا بەرێتەوە بۆ بەکارهێنای سەرچاوەی خەڵوز لە وزەدا.
دوو/
درێژەی هەیە

* نوسینی ئەم وتارە بەرهەمی خوێندنەوەی زیاتر لە 20 وتار و توێژینەوەیە. بە پێویستم نەزانی لە دامێنی وتارەکەوە ئاماژەیان پێبکەم ، بەڵام هەر خوێنەرێك بە گومانە لە ئامار و بەڵگەکان دەتوانێت لە مێسنجەرەوە یاخود بە ئیمەیل ئاگەدارم بکاتەوە تاکو هەندێك لەو سەرچاوانەی بۆ بنێرم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت