عه‌بدوڵا که‌ریم محمود: ئارام ی سەرکردە/ بەشی دووەم.
شاسوار جه‌لال سەرکردیەکی خاکی و زیره‌ک و راستگۆ و خاوەنی بیروبۆچونی هزری وردی زانستی سیاسیی قوڵ، له کاتی گفتۆگۆو لێدواندا، به هێمنی دهدواو و گوێی له ڕاوبۆچونی جیاوازی به‌رامبه‌ره‌که‌ی ده‌گرت، رێزی هەموو بیر و بۆچونه جیا جیاکانی ده‌گرت.
به به‌ڵگه‌وه قسه‌ی ده‌کرد، یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سایه‌تی به‌هێزی ئارام، شێوه‌ی قه‌ناعه‌ت کردنی لۆژیکانه‌ی هەبوو بۆ به‌رامبه‌ره‌که‌ی.
رۆژنامه نوسێکی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و نووسه‌رێکی ورد‌و قوڵ و به‌سه‌لیقه بوو، به راشکاوانه بێ سڵکردنه‌وه ڕاو بۆچونه‌کانی خۆی به جورئه‌ته‌وه ده‌خسته روو.
ئارام له نوسینی ستونی رۆژنامه‌وانی ووتاری سیاسی‌دا، بێ سنوور بەتوانابوو، به ته‌کنیکێکی رۆژانه‌مه‌وانی نوێ، له هەموو بواره جیاجیاکان دەدوا.
سەرەتای حەفتاکان، ده‌یان بابه‌تی به پێزی لە رۆژنامەی هاوکاریدا بڵاو کردوه‌ته‌وه، وتارەکانی بونەتە مایه‌ی مشتومڕو لیدوانی جیاجیای سیاسه‌ت مه‌داران و خوێنه‌ری ئاسایی.
نوسینەکانی ئەوەندە سەرنج راکێشەرو جوان و کاریگه‌ربوون، خوێنه‌ره‌کانی بەجۆرێک تێکەڵ بە ناوەرۆکەکەی وتارەکانی دەکرد، ناونیشانی وتار‌و ستون و نوسینه‌کانیان، بیر کاڵ نەدەبونەوە، بیر نەدەچونەوە. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له نیشانه‌کانی سه‌رکه‌وتنی رۆژنامه‌وانی ئارام.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ئینشانوسانهی هه‌موو رۆژێ لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌کان داگیر ده‌که‌ن، به‌ڵام نوسینه‌کانیان، هەمووی رستەی ئینشایی ساردوسڕی مردووە،هیچ کەس نایان خوێنێتەوە، رۆژنامەکەشیان وەک بڵاوکراوەیەکی دیوارەو دەکرێ بە سفرەو هیج رۆڵێکی نابێ.
شاسوار جەلال سه‌عید غه‌نی ناسراو به( ئارام )، له مانگی تشرینی دووه‌می 1947 له گه‌ره‌کی حاجیحان له سلێمانی له‌دایک بوه، ئاستی بژێوی خانه‌واده‌که‌یان مام ناوه‌ند بووه، بنه‌ماڵه‌که‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆسه‌ر شێخانی به‌رزنجه.
شاسوار و وه‌زیره‌خان هه‌ر له منداڵییه‌وه، جگه له‌وه‌ی خوشک و برا بوون. له باوه‌شی خێزانێکدا په‌روه‌رده‌بوون، وه‌ک دوو هاوڕێ هۆگری یه‌ک بوون، پێکه‌وه یارییان کردوه‌و کاته‌کانی ژیانیان به‌ڕێ کردوه.
له 20. 9. 1953 شاسوار جه‌لال له پۆلی یه‌که‌می قوتابخانه‌ی غازی سه‌ره‌تایی کوڕان لە سلێمانی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر خوێندن. له ساڵی خوێندنی 1955 -1956 مه‌لیحه‌خانی خوشکی ده‌کرێت به مامۆستا له ماوه‌ت. شاسواریش له پۆلی سێیه‌م له قوتابخانه‌ی غازی یه‌وه ده‌گوێزرێته‌وه بۆ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی له ماوه‌ت له گه‌ڵ مه‌لیحه‌خانی خوشکیدا پێکه‌وه ده‌ژیان. له‌ساڵی 1958 شاسوارجه‌لال ده‌بێت به‌هاوڕی ئاوات عه‌بدول غه‌فور،
تایبه‌تمه‌ندی هێمنی و زیره‌کی له راده‌به‌ده‌ری شاسوار، له ناو قوتابیانی قوتابخانه‌ی ماوه‌ت، ببووە مایه‌ی تێڕامانی قوتابیان و مامۆستاکانی.
وهزیرهخانی خوشکی دووساڵ له شاسوار گه‌وره‌تر بوو، له پۆلی پێنجه‌می سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی عێراقیه‌ی کچان بوو، گواستنه‌وه‌ی شاسوار له سلێمانی یه‌وه بۆ ماوه‌ت، دوریی و دابڕانی لە شاسوار، کاریگه‌رییه‌کی زۆریی له‌ناخ و ده‌رونی وه‌زیره‌خان دورستکرد.
هه‌میشه هه‌ستی بە نامۆیی ده‌کرد، به‌شێک له‌ڕۆحی ون کردووه، دوای ئه‌وه مهلیحهخان له قوتابخانه‌ی ماوه‌تی سه‌ره‌تایی یه‌وه گوێزرایەوە بۆ قوتابخانه‌ی چوارتای سه‌ره‌تایی، شاسواریش گوێزرایەوه بۆ قوتابخانه‌ی چوارتا.
شاسوار له‌ساڵی خوێندنی 1958 -1959 له پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی له گه‌ڵ فازیلی مه‌لامه‌حمود ده‌بن به‌هاوڕێ و زۆربه‌ی کاته‌کانیان له قوتابخانه له چوارتا پێکه‌وه بوو.
شاسوار پۆلی شه‌شه‌می له چوارتای ته‌واو کردوه، له ساڵی 1959مه‌لیحه‌خانی خوشکی له دارلمعلمین وه‌رده‌گیرێت، شاسواریش له گه‌ڵیدا گه‌ڕایەوە بۆ سلێمانی، له‌ساڵی خوێندنی 1959 -1960له‌پۆلی یه‌که‌می ناوه‌ندی له ئاماده‌یی سلێمانی ده‌خوێنێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئاستی ژیری و توانای له پله‌یه‌کی باڵا بووه، هه‌مووساڵێک به نمره‌ی به‌رز، قۆناغه‌کانی خوێندنی ته‌واو کردووه، ساڵی 1963 -1964قۆناغی خوێندنی ئاماده‌یی به نمره‌ی باش ته‌واوکردووه.
سه‌رچاوه/ دیدارێک له گه‌ڵ وه‌زیره‌خان جه‌لال ی خوشکی شه‌هید ئارام ی سه‌رکرده له سلێمانی.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگایی‌کردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts