عەبدوڵا کەریم مەحمود: چرای ئاشتی بۆ رەبات و هەزارکانی.
دوای چوارساڵ بە سەرکارەساتی دڵتەزێنی ئامۆزاکانی( رەبات و هەزارکانی) لە سەنگاو، گەر بڕوانینە هۆی سەرهەڵدانی کێشەکە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی لەو چرکە ساتانەی رووداوەکەدا، عەقڵ و لۆژیک رۆڵی نەبووە.
ئامۆزاکانی رەبات لە یەکەم رۆژی کارەساتەکەوە، ژیرانە هەڵسوکەوتیان لە گەڵ روداوەکەدا کردووەو هەڵوێستی جوامیریی خۆیان نواندوە، بە هەست بەلێپرسینەوە و شەهامەت و گەورەیی خۆیان، دەرکیان بەوە کردوە: هەڵە بە هەڵە چارەسەر ناکرێت.
هەموو ئامۆزاکان دوای کارەساتە دڵتەزێنەکەی رەبات، خۆزگەیان بەوە دەخواست ئەو کارەساتە رووی نەدایە، ئیستاش دوای چوار ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا، دەبێت ئامۆزاکان لە ئاستی چارەسەری کێشەکەدا دابن، بە ئەزمونێکی نوێ بوار نەدەن، جارێکی تر رووداو و کارەساتی تر روو بداتەوە.
ئامۆزاکانی رەبات و هەزارکانی بە هەوڵ و پەرۆشی و دەستپێشکەری کەسایەتی یە کۆمەڵایەتی و ئاشتی خوازەکانی سەنگاو و گەرمیان و ناوچە چیا جیاکان، گەیشتنە ئەو ئەنجام و ئەزمونەی، هەنگاو بۆ هەڵوێستی نوێ بنوێنن، بۆ گفتوگۆ و لەیەکتر گەیشتن و ئاشتی.
ئامۆزاکانی هەزارکانی دوای پەیرەوکردنی بوارە یاساییەکان، چەند مانگێک لە زینداندا بوون، دادگا بڕیاری بەربوونی دان، لە دەست پێشکەریەکی شایستەو جوانی لۆژیکانەدا، لە زیندانەوە لە بری گەڕانەوە بۆ هەزارکانی، روویان کردە سلێمانی بۆ ئەوەی بەعەقڵی و لۆژیکی برایەتی و ئاشتیی یەوە، رووبکەنەوە رەبات و هەزارکانی و سەنگاو.
لەم چەند مانگەدا لە دوو کات و لە دوو شوێنی جیاوازدا، وەک هاوڕێ و برا لە گەڵ هەردوو ئامۆزاکانی ( رەبات و هەزارکانی) دا دانیشتم، بە وردی و چڕی و قوڵی، هەموو لایەکانی کێشەکانمان تاوتوێ و شێتەڵ کردەوە.
ئامۆزا بەڕیزەکانی رەبات وەک چۆن لە یەکەم ساتی کارەساتەکەوە هەنگاوی عەقڵانی و لۆژیاکانەو جوامێرانەیان ناوە، ئێستاش بە رۆحی هەست بە لێپرسینەوەو ژیریان بەخشندەن، هەڵوێستی ئارامیان مایەی ڕێزو پێزانین و شەهامەت گەورەیی و لوتکەی شکۆی ئازایەتی یە.
ئامۆزاکان لە ماوەی ئەم چوار ساڵە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی لە بری تفەنگ و فیشەک بە کورو ئامۆزاکانیان ببەخشن و سەنگەر لە یەکتریی بگرن، قەڵەم و کتێبیان پێ دەبەخشن و کتێبخانەیان لە رەبات و هەزارکانی و سەنگاو بۆ دەکەنەوە.
بۆ ئەوەی رەبات و هەزارکانی بە گفتوگۆو لەیەکتر گەیشتن و برایەتی و ئاشتی، لاپەرەیەکی نوێ و جوان بۆ مێژووی ( رەبات و رەباتی)یەکان، بۆ ئێستا و ئایندە لە ( سەنگاو و گەرمیان ) تۆمار بکەن.
بە عەقڵی رۆشنگەری سەردەم بە جۆرێک کێشەکان ریشەكێش بکەن، بە چرای عەقڵ و رووناکبیریی نوێ، رەبات و هەزارکانی و سنگاو بکەن بە چراخان.
* با ئامۆزاکانی رەبات بە شەهامەت و ئازایەتی و گەورەییان، ئەم جەژنی قوربانە بکەن بە جەژنی گفتوگۆی برایەتی و لێبوردن، با بە جەژنی حەج و ئاشتی لە ئاستی چارەسەری کێشەکەدا بەخشندەبن.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عەبدوڵا کەریم مەحمود: قفڵی زمان و کلتور.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: زنجیری دەبابەکان – بەشی دووەم و کۆتایی.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: زنجیری دەبابەکان – بەشی یەکەم.
- All Posts