ڕەووف محەمەد ئالانی: لاساییکردنەوە، تێکچوونی میزاجی کوردەواری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبوی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لاساییکردنەوە بەمانای بەکارهێنانەوەی شێوازێک لە سیما ووتنەوەدا. سیما، واتە لەجلوبەرگ و شێوەی کەسێک. وتنەوەش، بەواتە لەدەربڕین (قسەکردن و گۆرانی وتن).
ئەگەر بەووردی سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بکەین، لەقۆناغەکانی سەرەتای مرۆڤایەتیدا، مرۆڤی چاخەکانی بەردین یەکەم داهێنانیان لاساییکردنەوەی سروشت بووە، لەو سروشت و دەوروبەرەی تێیدا ژیاون، لەدەنگی با و ئاوو ئاژەڵ و باڵندەکان، بەردەوام ئاگای لێیان بووەو لەگەڵیان جەنگاوەو سودی لێبینیوون بۆ ژیانی خۆی، یان ڕاوی کردوون. لاساییکردنەوەی مرۆڤی ئەو سەردەمە، داهێنان بووە. چونکە بۆتە هۆکاری گۆڕانکاری گەورە بۆ مرۆڤایەتی.
لەم کاتوساتەدا لاساییکردنەوە بۆتە دیاردەیەکی ناشیرین وقێزەوون، بەتایبەت بۆجیهانە جوان و پڕخرۆشانەکەی هونەری گۆرانی، هەمیشە گۆرانی وەک بەشێکی گرنگی کەلتووری نەتەوەیی بۆتە ناسنامەی گەلان، لەخۆڕا نیە، کۆنفیشیۆسی فەیلەسوفی چینی دەڵێ: (بۆ شارەزابوون و زانینی ڕۆشنبیری هەرنەتەوەیەک، گوێ لەگۆرانیەکانیان بگرە).
هەریەکێک لەئێمە کاتێ تەنیا دەبین، یان بیرکردنەوە لە بابەتێک تەریکمان دەکات، لەبەرخۆمانەوە ئەگەر بەنووزە نووزیش بێت، گۆرانیەک بۆ ڕەوینەوەی ئەو حاڵەتە دەڵێین، بۆیە (وەدیع سەعادە)پێناسەی ئەو بێدەنگیەمان بەمجۆرە بۆدەکات و دەڵێت: ( لە بێدەنگیدا، گۆرانی جوان. لەناو بێدەنگیدا، سەرسوڕمان دەنگ دەدات. کاتێک دادەنیشیت و بێدەنگ دەبیت، ئاوازی نوێ دێتەبوون).
زۆرلەکایەکانی کۆمەڵگەی کوردی شپرزەو شێواوون، بەهۆی لێنەپرسینەوەو گوێپێنەدان و هاندان بۆ بەردەوامی ئەو خراپکارییانە.
جاران گۆرانی دڵوگیانی هەموومانی بەخۆشنوودی شاددەکرد، چونکە گۆرانی و دەنگەکان ساف و پاک بوون، ئەوەتا هونەرمەندو نوسەر و شاعیر (ئارسەر ڕیمبۆد 1854- 1891 )دەڵێت: (ئەی دونیا، گۆرانی پاک و جوان بۆ خەمە نوێیەکان بڵێ).
کێ هەیە لەئەمڕۆدا خەماکانی بە گۆرانیەکان بڕەوێنێت؟ کام گۆرانیانەو کێ بیانلیت؟
لەئێستادا کەگوێ لەو گۆرانیانە دەگری کەلاسایی هونەرمەندە گەورەکان دەکەنەوە، میزاجت تێکدەچێت و بەنانبەدڵێش و ناچاریی دەچێتە ناو گوێکانت و تۆش لەجیاتی خۆشی تێکەڵ بە هەستێکی ناخۆش دەبیت، جا ئەگەر تینت بۆهات لەشوێنێکی گشتی بووی، یان دەبێ ئەو شوێنە جێبێڵیت، یان بەزمانێکی نەرم و شیرین بەخاوەنی شوێنەکە بڵێی ئەرک نەبێت ئەو گۆرانیە بگۆڕە، ئەگەر ئەویش توڕەنەبێت و بڵێ کاکە ئەو گۆرانیە عەیبی چیە؟ یان دەڵێ هەرئەوەمان لایە، ئیتر تۆش ناچاری بێدەنگ بیت و ناخۆشییەکە بنۆشی.
لەناو هەموو میلەتێکدا چەندین گۆرانیبێژی گەورەو ناودار هەن، کەبوونەتە بەشێکی گەورەی کەلتووری نەتەوەیی، لەناو گەلی کوردیشدا بەهەمان شێوەیە، هەندێ کەس حەزیان لەوتنی گۆرانی بێت، یان دەنگیان خۆش بێت، بۆ ناساندنی خۆیان وەک گۆرانیبێژ دێن و گۆرانی هونەرمەندە گەورەکان دەڵێنەوە، چۆن وتنەوەیەک؟ هەرگۆرانیەکە ناخۆش دەکەن، لەهەمووی ناخۆشترو خراپتر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و تیپی موزیکی ئەو کەناڵانە کاری دابەشکردنی موزیک و ئاوازەکان دەکەن، لەوکاتەدا ئەوانیش هێندەی دەنگبێژەکە تاوانبارن لە ناشیرینکردنی گۆرانیەکە.
ئینجا پاش ماوەیەک کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نۆرەی بۆ دەگرن تا بەبینەرەکانیانی بناسێنن، بەهونەرمەندیش ناوی دێنن.
یان چەند کەسێک هەن لەلایەن حیزبەکان و کەسایەتیە سیاسیەکانەوە ئەوەندە پشتیوانی دەکرێن، بەگروپ، کچانی دەنگ ناساز کۆدەکەنەوە، گوایە خولیان بۆدەکرێتەوەو فێری گۆرانی وتن دەکرێن، جگە لەنووزە نووز هیچی تر نین، پەلاماری گۆرانی هونەرمەندە گەورەکان دەدەن و دەیشێوێنن، وەک گۆرانیەکانی (حەسەن زیرەک، عەلی مەردان، تایەر تۆفیق، ماملێ، عەباسی کەمەندی، سەیدعەلی ئەسغەری کوردستانی و… زۆری تر).
شاعیری جوانی (عەبدوڵا گۆران 1904- 1962) هەرزوو هەستی بەو خەمە گەورەیە کردو لەشیعرە ناوازەکیدا، جوان ڕۆچوە بە ئەو خەمەی دڵی هەموومانی بریندارکردوە، کەبۆ دەروێش عەبدوڵای نوسیوە، دەڵێت:
بە ڕەنگی زەرد و شێوەی دەست و شمشاڵی کزا، دەروێش
حەزم کرد بەستەیەک ببیەم سەراسەر حوزن و ماتەم بێ
لە سیماتا بەدیم کرد هەیکەلی عومرێکی حەسرەت کێش
وەها دیارە کە بەختت ئاشیانی بولبولی خەم بێ
بەڵێ، دیارە، لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا.
بەڵێ گۆرانی مەزن جوانی فەرمووە، لەئێستادا، بەدەستی کۆمەڵێ کەسی دەنگ ناساز خەریکە، میزاجی هونەری خەڵک تێکدەچێت و خەڵک ناچار دەکەن هانا ببات بۆ گوێگرتن لەگۆرانی بێگانە، ئەوسا دەبێ بێینەوە سەر هەمان دەقی گۆرانی مەزن کەدەڵێت:
ئەوەندەم بیست لە مۆسیقاو خرۆشی ڕۆحی بێگانە
میزاجی کوردەواریم تێکچووە، دەروێش عەبدوڵڵا
دەخیلت بم دەسا بەو لاوک و ئای ئای و حەیرانە
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆڵم کە
لە بیتهۆڤن گەلێ زیاتر بە ڕۆحم ئاشنای، وەڵڵا
دە ئەی دەروێش سکاڵایەک لەگەڵ ڕۆحی کڵۆڵم کە.
هەقوایە، لایەنی پەیوەندیداربەتایبەت بەڕێزان لەوەزارەتی ڕۆشنبیری بەگشتی و بەتایبەتتر بەڕێز وەزیر خۆی چاودێری ئەم لایەنەبکات و بەبڕیارێک ڕیگری بکات لەلاساییکردنەوەی دەنگە ڕەسەنەکان و بەتایبەت ئەوانەی لەژیاندا نەماون، بڕیار لەسەر ئەمانەی خوارەوە بدات:
1- لیژنەیەک دروست بکات لەکەسانی پسپۆڕ بۆ بە دواداچونی ئەو کەسانەی گۆرانی کەسانیتر دەڵێنەوە، لیژنەکە بڕیار بدات کارەهونەریەکە بکرێت یان نا.
2- هەرکەسێک بەبێ ئاگاداری لیژنەکە ولەدەرەوەی ئەوان ئەوکارانە بکات سزایەکی دارایی قورس بدرێت و زیندانی بکرێت بەپێی یاسا
3- هەموو کەناڵەکانی میدیا ئاگاداربکرێنەوە، لەوەی گۆرانی لاساییکردنەوە دانەبەزێنن و پەخشیان نەکەن
ئەم ڕێکارانە دەبنە هەنگاوی مانەوەی دەنگە ڕەسەنەکان و پاراستنیان لەشێواندن، هەروەها دەبێتە برەودان بە گەشەپێدان بەهونەری گۆرانی کوردی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبوی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت