بەهرۆز جەعفەر: خەڵک بۆچی داکۆکی لە نەوت و گاز بکات!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرمیلێک نەوت { وەک پێکهاتەی کیمیایی} تا دەبێت بە بەرمیلێک نەوت و سامانی ئابوریی (80 بۆ 100) ملیۆن ساڵی پێویستە. واتە تەمەنی نەوت لە تەمەنی حیزبە کوردییەکان زۆر درێژترە. نەوت و گازی سروشتی و کانزاکانی تر ڕاستەوخۆ سەرمایەیەکن کە سرووشت و خواوەند بە کوردستانیان و نەوەکانیان داوە. بەڵام کاتێک ئێمە سیڤییەکەمان شەش لاپەڕەیە، تەنها داوای هەماهەنگیی دەکەین لە دەستەڵاتی کوردیی، تەنها نوسراوێک دەکەین { داخۆ ئێستا کارگرووپ خاوەنی 60٪ ی هێڵی بۆڕیی کوردستانە، یان 40٪؟!} وەک بڵێی ئەولادی داعش و نەوەی مەغۆل و نێردەی حەجاج بین؛ دەڵێن سەبر بگرە، ئەم ماوەیە وەڵامت دەدەینەوە!؟
یەکێتی لە سلێمانی دەرگای بۆ سەلەفییەکان خستۆتە سەرپشت، ئەو سەلەفییەتەی کە شەهید هوجامیان بە تەور مل بڕی، ئەوەی شێرکۆ و حسێن مەنسوریان شەهید کرد. هیچ هەفتەو مانگێک نییە لە شاردا خانەو شانەو سەرکردەی داعش دەستگیرنەکرێن! دەرگایان بۆ واڵاکردوون، پەیمانگە بۆ خوێندن، زەویی بۆ گەورەکردنی بارەگاکانیان، ڕادیۆ، پاسەوان، ئۆتۆمبیلی گرانبەها، ژن و کچ لە بەردەستیان، پەیوەندیی دەرەکییان، براکانیان دەکەنە پەرلەمانتار و ڕاگری کۆلێج و منداڵەکانیان دادەمەزرێنن.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش، ئامادەیە، ملیارێک، دوو ملیار بۆ تەنها یەک بریکاری وەزیر خەرج بکات، بەڵام ئامادە نییە ڕێگای کەلار- دەربەندیخان بەسەر بکاتەوە!؟ ئامادە نییە هەزاران خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بیرێک لێ بکاتەوە!؟
من تەنها لەماوەی ئەم ساڵەدا، لە ئیمارات، لە میسر، لە قوبرس، لە تورکیا، لە بەغدا لە ڕێگەی بەشدارییەکانمانەوە بەرگریی سەرسەختم لە نەوت و گازی کوردستان کردووە، لە ڕێگەی دوو لێکۆڵینەوەوە کە لەبەناوبانگترین جۆرناڵەکانی جیهان بڵاوبونەتەوە، لە ڕێگەی دەیان وتار و دەیان چاوپێکەوتنی میدیاییەوە، لەڕێگەی پاوەرپۆینتەوە بۆ بەڕێوەبەرەکان، بۆ ڕێکخراوەکان کە دەمتوانی پێچەوانەکەی بکەم و دەستکەوتی زۆریشم دەبوو! چوونکە هەمیشە لەناو کورددا، لەناو حیزب و حوکمڕانی کوردییدا جاش و خۆفرۆش و مێژوو- پیسەکان « ئەفزەڵییەت و ئەولەویەت» یان هەیە. نایکەم، چوونکە باوەڕموایە پێویستە کوردستان و قەوارەکەی پێویستە بپارێزرێن، وزەش دەرفەت و ڕێگایەکی گونجاوە تا هێزی خۆت نیشانی ئەوانی دیکە بدەیت.
ئەی بەڵام! ئەو خەڵکە بۆچی داکۆکی لە نەوت و گاز بکات! بۆ کێ؟! لە پێناو چی؟! خەڵک ئیمانی نەما { ئیمان} کوڕی خۆی بە کوشتدا، ماڵی خۆی وێران کرد بۆ ئازادی، بەغدا نەوت بفرۆشێ هەر پارە نییە، خۆتان دەیفرۆشن ( 31 ) ملیار دۆلار قەرزارن!؟ لەولاشەوە دونیایەک هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆنی ساختەچی و مەلای حەرامخۆر و پەرلەمانتاری قۆنتەراتچی و نەخوێنەوار بەردراونەتە گیانی ئەو خەڵکە! کاتێک یەکێکیش پرۆژەیەکی هەیە بۆ دەرچوون لەقەیرانەکان، لەبری هاندان، هەموو هەوڵێک دەدەن لە بۆتەی ململانێ و مامەڵە هیچ و پووچەکانی حیزبایەتییدا بیتوێننەوە.
چۆن چۆنی یەکمان خۆش بوێ؟ ڕێگای خۆشەویستی، ڕێگای نیشتیمانپەروەری، ڕێگای بەرگریی لە بەها هاوبەشەکان تەنها و تەنها بەڕێگای « دادپەروەری» یدا تێپەڕدەبێ، تەنها لایەنی کەمی دادپەروەری « نەک دادپەروەری ڕەها»،، ئەمەش تەنها و تەنها بە هۆی بوونی دەستورێکەوە دێتە دی { کە دوای 32 ساڵ حوکمڕانی هێشتا هەرێمی کوردستان دەستوری نییە} ئیتر لەوە زیاتر قسەی ئینشائی و لا- بە- لا تا هیچ کوێ بڕ ناکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت