بەهرۆز جەعفەر: سەرنجەکانی عەقید کارتسۆڤ، ناوەندی سوپای قەیسەر لە قەوقاز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وا دیارە لە ساڵی (1896) دا، تێگەیشتنەکانی عەقید ڤلادیمێر ئەلیکساندرۆڤیچ کارتسۆڤ لەمەڕ کورد پەنگی خواردۆتەوە، بۆیە لەژێر ناونیشانی «چەند سەرنجێک دەربارەی کورد» کتێبێکی خستۆتە بەر ڕووناکی، لە سەر خەرمانەی ئەرشیفی سوپای ڕووس و داوودەزگە هەواڵگیرییەکاندا هەڵی خستوە.
هاوەڵی هێژا، دکتۆر سوارە شاکەلی ئەم کتێبەی لە ڕووسییەوە کردۆتە کوردی؛ ئەم کتێبە نییە، 28 کتێبی لە ڕووسییەوە کردۆتە کوردی. ئەمە دیرۆکی گەنجێکە لەو گەرمیانە [ ئەوەی دەرفەت بێ تیای نەبوە] چۆتە ڕووسیاو دکتۆرای خوێندوە؛ ئەوەی لەسەر کورد لە ئەرشیفی سوپای قەیسەر و هەواڵگیریی ئەوسای ڕووسەکاندا بوە، دەستی پێگەیشتوە، خۆبەخشانە کردوویەتی بە کوردی. خەم و ئەرکی چاپکردنەکانیش لەولاوە بوەستێ! ئەڵپاچینۆ دەڵێ: کارەکە قورسە، مانای وایە کارەکە درووستە.
عەقید کارتسۆڤ، ئەم هەوڵەی لە سەدەی 19ەدا ، بەبەکارهێنانی سەرچاوە و ڕووانگەی خۆی بۆ ختووکەدانی کوردو کوردستان خستۆتەگەڕ. لەبارەی مێژوو، جوگرافیا، ئاین، جموجوڵی عەشیرەت و هۆزە کوردەکانەوە قسە دەکات، هەروەها لەسەر تێگەیشتنی ڕووسیا ( کە دواتربوو بە سۆڤێیەت) بەرانبەر کوردان لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییدا دەوەستێ.
خوێندنەوەی ئەم کتێبە (189) لاپەرەییە، چەندین گرینگی هەیە. پێش هەموو شتێک دەستت دەگاتە زانیاری و وشەی دوورە دەست. بۆ نموونە، عەقید کارتسۆڤ دەنووسێ؛ “کوردان لە دێر زەمانەوە، بەناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی چیای تاڤر (مەبەستی تاور یان تاڤریشە)- بەلای ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتدا بڵاو بونەتەوە.” ئایا لە سەدا چەندی کوردستانیانی باشور لە سەدەی بیستویەکدا زانیارییەکیان لەبارەی «چیای تاور» ەوە هەیە!؟ بێگومان لە سەدا زۆر کەم، ئەی بۆچی زۆربەی خەڵکی لەبارەی هەرشتێکی دی کە پەیوەندیی بەوانەوە نییە، دەزانن، ئەگەر لە کیشوەرە دوورەکانیش بێ؟ ڕووسەکان، بەگشتی ئەمە وا دەبینن کە خەتای جیهانگیرییە، تاوانی ئامرازەکانی لیبراڵیزم و مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، کە سنوری نەهێشتۆتەوەو ناسنامەی گەلان و تاکەکانیشی سڕیوەتەوە. بۆیە ڕووسەکان بەگشتی دەوروخولی «جیۆپۆڵەتیک» دەدەن کە تیایدا سنوورەکان پێویستە پارێزگاری لێ بکرێ، چوونکە ئەمە هەر سنووری جوگرافی نییە، بەڵکو گشتێکی گشتگیرە لە؛ سیاسەت و زمان و هونەر و ئابوریی و ئاین و جوگرافیا و تایبەتمەندییە کەلتورییەکان؛ ئەمانە ئەو شتانەن کە پێویستە لە ڕێگایانەوە خۆمان نمایش بکەین و خۆمان پێناسە بکەینەوە..
باسی کورد بێ، لە ئەرشیفی ڕووس دا بێ، لە سەدەی نۆزدەدا جێگەی سەرنج لێدانە؛ سەدەی نۆزدە وێڵاشی مێژووە، هەر دەڵێی هەموو سەدەکانی پێشووتر، مێژوو هەر -خۆی ئاوس کردوە بە ڕووداوە یەکلەدوای یەکەکان و،، هەر هاتوە- هەر هاتوە- هەر هاتوە، ئیتر لەم سەدەی نۆزدەیەدا لە هەموو شوێنەکانی سەر ئەم هەسارەیە تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریی و هرزیی و مرۆیی گەورە ڕوویداوە. ئایا گرینگ نییە لە سەدەیەکدا کە هەموو جیهان دەکەوێتە سەر سکەیەکی نوێ، بزانین کورد چی کردوەو گۆڕانکارییەکانی وە کوێ گەیشتون لەو سەردەمەدا؟
لە دامێنی سەدەی نۆزدەوە جیهانگیریی «گڵۆباڵیزم» هاتە دەرو مێژووی نوێ دەستی پێکرد. لە سەدەی نۆزدەدا بو کە کۆیلایەتی لە بەشێکی زۆری ئەورووپا و ئەمریکادا هەڵوەشایەوە. شۆڕشی پیشەسازیی یەکەم هەرچەندە لە کۆتایی سەدەی 18 دەستی پێکرد؛ لەسەدەی 19ەدا کەوتە ڕێ و مۆدێرنە چرۆی کرد.
لە سەدەی 19ەدا بو کە ئیمپراتۆرییەتەکانی ئیسلامی کەوتنە پاشەکشە و ئیمپریالیزمی ئەورووپی بەشێکی زۆری باشووری ئاسیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و نزیکەی هەموو ئەفریقای خستە ژێر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیزمەوە. لە سەدەی 19 ەدا بو کە ئیمپراتۆریەتی گەورەی ئیسپانیا و مەغۆلی هیند داڕمان. ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ پەرەسەندنی ئیمپراتۆریەتەکانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ڕووسیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن هاوشانی ئەمریکا.
لە سەدەی 19ەدا بوە کە؛ ڕووسیا خاکی خۆی فراوانتر کرد بۆ ئاسیای ناوەڕاست و قەفقاز، ئەوە بۆیە ناوەندی سوپای قەیسەر لە قەفقاز ئەکتیڤ بوە.
ڕەنگە هەموو مێژوو هەرهێندەی سەدەی 19 ڕووداویان لە هەگبە نابێ، لەو سەدەیەدا، فەڕەنسا هێرشی کردە سەر جەزائیر و داگیری کرد. لەو سەدەیەدا شەڕی ناوخۆیی لەنێوان ویلایەتەکانی باکور و باشوری ئەمریکا سەریهەڵداو، ئەبراهام لینکۆڵن خۆی خستە ئەستێڵی مێژووەوە. سەدەی نۆزدە سەدەی سەربەخۆیی ئەمریکای لاتین. سەدەی کارەساتی گەورەش بوو؛ لە ساڵەکانی 1871- 1872بەهۆی برسێتی و قاتوقڕییەوە 2ملیۆن کەس لە وڵاتی فارس گیانی لە دەستدا.
ئەح برا..خەریکبوو بیرم بچێ، ئەو سەدەیە سەدەی ژیان و ژیانئاوایی کارل مارکس بوو؛ ئەو پیاوێکی ئاسایی نەبو، کە ڕۆژی 14 ی مارسی 1881 مرد تەنها (11) کەس لەگەڵی چوون بۆ گۆڕستان، لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لە هەر (10) کەس لە جیهاندا (3) کەسیان شوێنکەوتەی مارکس بوون. مارکس کوڕی سەدەی نۆزدە بوو، لێ تارماییەکەی تا هەتا هەتایە وا بەسەر دونیاوە.
ئاساییە، دکتۆر سوارە شاکەلی نەتوانێ کتێبەکانی خۆی چاپ بکات، چاپخانە و کارخانەی تایبەت بە خۆی هەبێ، دوای کەڵەگەکردنی 28 کتێب لێی نەپرسنەوە و نەیناسن! مارکس پیاوێک بوو تەواوی بەرهەمەکانی کارکردنە لەبارەی پارەو قازانج و سەرمایە و شیتەڵکاری ئابوورییەوە، بەڵام ژیانێکی کولەمەرگی دوور لەپارەو داهاتی گوزەراند و نەفرەتەی هەژاریی تامردن بەرینەدا، دەستنیشانی قەیرانی دارایی و ئابووری هەموو دنیای کرد و کەموکورتی پێشکەوتوترین سیستمی ئابووری دەرخست، بەڵام توانای ئەوەی نەبوو چارەی هەژاری و دەستکورتی خۆی بکات، تەنانەت لەرۆژێکی ساردی لەندەن لەناو دەستنوسەکانی ڕستەیەکی تراژیدی دۆزرایەوە کە دەڵێ (کەوتومەتە دۆخێکی سەیرەوە، پاڵتۆکەم لەبری قەرز داناوە، ناشتوانم قەرزەکە بدەمەوە بۆ ئەوەی بتوانم پاڵتۆکەم وەربگرمەوەو بچمە دەرەوە). ئەوەی مارکس لەهەموو فەیلەسوف و بیرمەندانی تری دنیا جیا دەکاتەوە ئەوەیە سەرەڕای کولەمەرگییەکانی ژیان، سەرسەختانە بۆ بڕواو قەناعەتەکانی ژیا.
با بیرمان نەچێ؛ سەدەی 19 سەدەی لە دایکبون و زۆربەی ژیانی مەکسیم گۆرکێیە، کە شاکارێکی وەک ڕۆمانی «دایک» ی نووسیوە. سەدەیەک ماکس ڤێبەر، ئەمیل دۆرکهایم، جون ستیوارت میل، شوبنهاوەر، بیرتراند راسل، ویلیام جەیمس و ئۆگەست کۆنت..و..زۆری دیکەی بۆ مرۆڤایەتی هێنابێ، دەبێ هۆکارەکەی چی و چۆن بێ کە کوردی نەگەیاندۆتە هیچ کوێ؟!
سەدەی نۆزدە بۆ کوردیش، ئەوەندە بەتاڵ نییە؛ سەدەی ژیان و مردنی حاجی قادری کۆیی. سەدەی مامە شێخ ڕەزای تاڵەبانی و هەجوەکانیەتی. سەدەی تەوژمی هەستانەوەکانی شێخ سەعیدی پیران و شێخ عوبەیدوڵای نەهرێ بو.. لای خۆمان سەدەی لە دایکبون و ژیانی حەزرەتی «نالی»ە: نالی لە ئەدەبیات و عیرفان دەربهێنی وەک ئەوە وایە بینایەک لایەکی ڕووخابێ. سەدەی مەولەوی و مەحویە. سەدەی هاتنی زێوەر و پیرەمێردە. سەدەی حەمدی و ئاهی و ئەختەر و کەیفی و کەمالی یە.
سەدەیەک ئەو هەزارەها گۆڕانکارییەی بۆ ناو لاپەڕەکانی مێژوو هێنابێ، بۆچی هیچی بۆ کورد پێ نەبوە؟ ئاخەر دەبێ مێژوو ببینین، لەسەدەی نۆزدەدا گراهام بێڵ تەلەفۆنی داهێنا، یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی بە یاریدەدەرەکەیەوە کردو وتی “ئەلوو..کاک واتسۆن، وەرە ئێرە – دەمەوێت بتبینم”. ئەدیسۆن لەسەدەی نۆزدەدا “ڕووناکی” داهێناو گڵۆپێکی فیلامێنتی کاربۆنی لە ساڵی 1879 درووستکرد.. عەقید- کارتسۆڤ (ئەگەرچی کورد نییە) لەسەرنجەکانی خۆیدا، بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی من دەداتەوە:
یەکەمیان/ پەیوەست بە تێگەیشتنی هەڵە، یان نەبوونی تێگەیشتنێک کە بەهۆی کوردەوە ڕووسیا بتوانێ ستراتیژییەتی ناوچەکە بنکەن بکات. بۆ نموونە؛ تێگەیشتنی هەڵە لە گرینگی بەتوانایی هۆزەکانی کورد بۆ بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی ڕووسیا. وەک خۆی دەنووسێ؛ تێگەیشتن لە مانای بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بە مانای پشتگیری کردنی کوردان لە دژایەتی کردنی حکوومەتی ئەو وڵاتانەی، کە کوردان لە چوارچێوەیدا دەژیان، بارودۆخی کوردانی قورستر کرد، هەرئەمەش دەبوە هۆکاری تێکچونی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی ڕووسیا، لەگەڵ ئەم دەوڵەتانەدا، کە نە سەرکەوتنی ئەو هۆزانەی مسۆگەر دەکرد، کە نیەتی جددییان نیشان نەداوە بۆ لایەنگیری لە ڕووسیا، نە جێبەجێ کردنی چاوەڕوانییەکانی ڕووسیا لەلایەن ئەوانەوە. ئەم بابەتە لەسەدەی نۆزدەدا وابوە، ئێستاش سەدەی بیستویەکە هەر بەشێکی گەورەی تێگەیشتنی ڕووسیایە بەرانبەر کورد لە هەموو پارچەکان.
ئەگەرچی عەقید کارتسۆڤ ئارگیۆمێنتەکانی فراوانتر دەکات بە ئاماژەکردن بۆ کوردناسی سۆڤێیەتی و ڕووسی بەناوبانگ (م.س. لازارێڤ) کە شیکردنەوەی بۆ ژمارەیەکی زۆری شۆڕشەکانی کورد و نەتەوە بە ڕەگەز ناتورکەکان کردوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەلومەرجی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە: لە کۆتاییدا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان خزمەتی بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا دەکرد، وەک ململانێکەریی سەرەکی ئینگلیزەکان لە ناوچەکەدا [ بەڵام ئەوە هەرقسەیەکە].
دووەمیان/ لەم کتێبەدا، عەقید – کارتسۆڤ باسی سیاسەتی ڕووسیا بەرانبەر هێزەکانی کورد لە سەر سنورەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەکات، ئەوێ ڕۆژێ بەهۆی موسوڵمانەکانی قەوقازەوە هەواڵگیریی تورکیا لەو ناوچانە بەهێزتربوە لە هەواڵگیریی ڕووسیا. لەشوێنی دیکەشدا باسی بەرزبونەوەی ئاستی ڕقی کوردان دەکا بەرانبەر ئەرمەنەکان بەهۆی ئاین و فاکتەری ئابورییشەوە. بەدرێژایی سەدەی نۆزدەو ئەو ماوەیەشی کارتسۆڤ تیایدا باڵادەستی هەبوە لە سوپای قەیسەردا، کورد لە ڕێگەی عەشیرەت و هۆزەکان و بەگەکان و ئاینەوە خۆی نمایش کردوە و جموجوڵەکانی دەستپێکردوە؛ واتە قەت ڕۆژێک چاوی لە ڕووسەکان، فارسەکان و تورکەکان و تەنانەت ئەرمەنەکانیش نەکردوە کە دامودەزگاییانە مامەڵە بکات.
لە کۆتاییدا، سوپاس و دەستخۆشی بۆ هاوەڵی هێژامان دکتۆر سوارە شاکەلی، هەم بۆ پێشکەش کردنی کتێبەکە، هەم بۆ ئەم هەوڵانەی بوەتە بەشێک، یان عیشقێکی سەیر لە ژیانیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت