گۆران هەڵەبجەیی: علی قەرەداغی نەیویست بڵێ، ئەردۆغان کورد دەچەوسێنێتەوە.!
لەمێژە ژمارەتەلەفۆنی دکتۆر[ علی قەرەداغی] م لەکنە، زۆر جار زەنگم لێداوە بۆی، بەڵام هەرگیز بەرسیڤی نەداوەتەوە. 14. 8 بۆ ژمارەی هاوڕێم علی سیاسی دەگەڕام، لەناکاو ناوی علی قەرەداغیم بەرچاوکەوت. بەفرسەتم زانی هەوڵێک بدەم، بەڵکو بەرسیڤ بداتەوە، هەرواش دەرچوو، کەزەنگم لێدا خۆی وەڵامی دایەوە. پاش سڵاو ئەو بەعەرەبی وەڵامی دایەوە، گووتم کوردم فەرموو بەکوردی قسەبکە. وتی فەرموو برا چیت دەوێت؟
منیش خۆم پێناساند و مەبەستی پەیوەندیەکەشم ڕوونکردەوە بۆی.
دەتوانم دەست بە قسە بکەم؟
وتی بەڵێ بەڵێ فەرموو قسەبکە.
داوام کرد کە قسەکانم پێ نەبڕێت تا کۆتایی پێدێنم، ئەویش بەڵێنی دا.
گووتم بەر لە چەند ڕۆژێک لە سۆشیالمیدیاکاندا هەواڵێک بەرچاوم کەوت کە دەربارەی شاندێک، پێم وابێت لەلایەن یەکێتی زانایانی ئیسلام بەسەرۆکایەتی بەڕێزت پێکهاتبوو، چووبوونە لای ئەردۆغان.
وایە وایە ئەو شاندە نوێنەرایەتی هەزارەها مسوڵمانیان کرد.
ببورە ئەو ژمارەیە گرنگ نیە بەلامەوە، ئەوەی گرنگە ئەم پرسیارەمە، هیوادارم وەڵامم بدەیتەوە، ئەویش ئەوەیە کە مەبەستی شاندەکە شەفاعەت کردن بووە بۆ [ئیخوانەکانی میسر] تا ئەردۆغان فشارەکانی لەسەریان کەمبکاتەوە بەتایبەتی لەڕووی گرتن و دەرکردن و لێسەندنەوەی [ئیقامە] و ئاستەنگیەکانی دیکەوە.
هیوادارم بەهۆی ئەو پەیوەندیە باشەی لەگەڵ ئەردۆغان هەتانە سووکە شەفاعەتێکیش بۆ نەتەوەکەت بکەیت، با دەست لە کووشتنیان هەڵبگرێت کە ڕۆژانە بەدرۆن ئەیانکاتە ئامانج، خۆ ئەوانیش جگەلەوەی مرۆڤن، کوردن و مسوڵمانن.
لەبری ئەوەی وەڵامی ڕاستەوخۆی پرسیارەکەم بداتەوە باسەکەی دوورخستەوەو بە ئەنقەست بەلاڕێدا بردی، گووتی کاتی خۆی هەوڵمداوە شەڕ ڕابگیرێت، گوایە لەو بارەوە قسەی لەگە ئەردۆغان و پێ کاکاش کردوە، [بەشبەحاڵی خۆم بەگومانم لەو هەوڵەی]. پرسیم ئەی ئەنجام چی بوو؟وەڵامێکی ناڕوونی دایەوە، بۆیە ناچار گووتم دڵنیام کە پێ کاکا ئامادەیە بۆ ئاشتی، بەڵام ئەوە ئەردۆغانە ئاشتی ناوێت و هەموو کورد بەدوژمنی خۆی دەزانێت. پاشان پرسیم بۆ ئێستە هەوڵنادەیت تا ئەردۆغان دەست لەچەوساندنەوەی کورد هەڵبگرێت؟
لەبری ئەم وەڵامەش بازیدا بۆ ئیبراهیم خەلیل،گووتی من نەبوومایە ئەردۆغان ئەو دەروازەیەی دادەخست، هەوڵیشم داوە تورکیا ڕێگە بە فڕۆکەخانەی سلیمانی بدات تا گەشتەکانیان بۆ تورکیا دەست پێبکەنەوە، بەڵام جارێ هەوڵەکانم کۆتایی نەهاتوە.
لەوەڵامی مەسەلەی سنووری ئیبراهیم خەلیلدا گووتم، ئەردۆغان هەرگیز ئەو سنورە داناخات، چونە داهاتی ساڵانەی بۆ تورکیا چەندین ملیار دۆلارە،جگە لەوە لەمدیویش داهاتەکەی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانیە نەک بۆ خەڵک، جا گەر داشبخرێت هیچ زیانێک بەخەڵکی بەشمەینەت ناگەیەنێت.
پرسیم تکایە بە بەڵێ، یا نەخێر وەڵامم بدەرەوە کە ئایا ئەردۆغان کورد دەچەوسێنێتەوە یا نا؟ نەیویست ڕاستەوخۆ بە بەڵێ، یا نەخێر وەڵام بداتەوە، بەڵکو دەیخواست تەموومژاوی بکات و بەجۆرێکیتر ڕوونی بکاتەوە. بۆیە ناچار بووم پێی ببڕم و دووبارەم کردەوە کە تکایە بە یا، یاخود نا وەڵامم بدەرەوە، بڕێک توڕەبوو گووتی تۆ بۆت نیە ئیمتحانی من بکەیت،گوتم ئیمتحان نیە، بەڵکو تەنها پرسیارە و پرسیاریش عەیبە نیە، دەکرێ بێ ڕوونکردنەوە بە وشەیەک وەڵامم بدەیتەوە. دەرکەوت کە ناخوازێت، وەڵام بداتەوە، چونکە لەهەردوو حاڵەتەکەدا لەسەری دەکەوت.
ئەو تەواو دڵنیایە کەکورد لەلایەن ئەردۆغانەوە دەچەوسێتەوە، بەڵام هەرگیز ناخوازێت بەئاشکراو ڕاشکاوانە ئەو حەقیقەتە بڵێت، چونکە نایەوێت ئەردۆغان لەخۆی زویربکات.
گووتم ئەردۆغان تەنانەت دژی زمانی کوردیشە، بەردەوام میدیا کوردیەکان دادەخرێن خاوەنەکانیان زیندانی دەکرێن،گووتی شتی وا نیەو تا ڕادەیەک ئازادی بۆبەکارهێنانی زمانی کوردی هەیە، منیش نمونەی مامۆستایەکی کوردم بۆ هێنایەوە کەجگە لەداخستنی پۆلەکەی هەڕەشەی کووشتنیان لێکردوە، لەئاکامدا ناچاربووە تورکیا بەجێ بهێڵێت و ئێستا لەهۆڵەندا وانەی کوردی دەڵێتەوە. نکولی لەمەش کرد، بۆیە گووتم چی دەڵێیت گەر هەواڵەکەت بۆبنێرم کەلە ماڵپەڕی هاوڵاتی بڵاوکراوەتەوە؟ گووتی باشە بۆم بنێرە، منیش گەرماوگەرم ناردم بۆی.
ئەوەی سەیربوو بەلامەوە ئەوجۆرە ستایشە بوو لەلایەن دکتۆر علی قەرەداغیەوە، بەوەی گوایە من لە ئاخافتنمدا زمانی زبرم بەکارنەهێناوە، وابزانم هەر ئەوەش بوو کە زوو کۆتایی بە گفتوگۆکان نەهێنا. لەوبارەوە گووتم وابزانم کەم تا زۆر موتابەعەی سۆشیال میدیای کوردی دەکەیت، وە ئاگاداری هەڵوێست و تێڕوانینی خەڵکی کوردستانیت بەرامبەرت، کە بەهۆی پشتگیریتەوە بۆ ئەردۆغان خەڵک زۆر لێت تووڕەن، جاگەر بەزمانی زبر دوابن ئەوە هۆکارەکەی بێ هەڵوێستیتە بەرامبەر بە نەهامتیەکانی گەلەکەت، بۆیە هیوادارم بەخۆتا بێیتەوەو کەمێک کار بۆنەتەوەکەت بکەیت.
دەیویست کۆتایی بە دیالۆگەکە بهێنێت ئەویش بەبەهانەی سەرقاڵی، بۆیە منیش نەمویست لەوە زیاتر کاتی بگرم و سوپاسیم کرد بۆ ئەو دەرفەتەی بەخشی پێم، بەئومێدی ئەوەی لەداهاتودا دووبارەی بکەینەوە.