محەمەد بەرزی: منداڵ و باخچەی ساوایان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشکرایە یەکەم ڕۆژی چوونی منداڵان بۆ باخچەی ساوایان، هەمیشە دایکان و باوکان تووشی ماندوو بوون و دڵەڕاوکێ دەکەن. چونکە ئامادەکردنی منداڵی بچووک بۆ ئەو قۆناغە تازەیە کارێکی قورس و گرانە و پێویستی بە ماندوو بوونە. بێگومان هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی منداڵ لەو تەمەنەدا ناتوانێ لە ئامادەکردنی خۆیدا یارمەتی دایک و باوکی بدات. بەڵام دەکرێ ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە، یارمەتیدەرێکی بە سوود بن، تا یەکەم ڕۆژی باخچەی ساوایان بۆ منداڵ و دایک و باوکیان بە خۆشی و ئاسایی کۆتایی بێ:

1– پێویستییەکانی باخچە
هەموو پێویستییە سەرەکییە گرنگەکان بۆ منداڵەکەت ئامادە بکە. باشتر وایە ئەو پێویستییانە پێش دەستپێکردنی یەکەم ڕۆژی باخچەکە بێ. دوامەکەوە لە ئامادەکردنییان تا ڕۆژێک پێش کردنەوەی باخچەکە. چونکە ئەو کاتە درەنگە و لەوانەیە زوربەی پێویستییەکان لە بازاڕدا نەمابن. سەرباری ئەمەش زوربەی بازاڕ و بازرگانەکان زووتر لە ڕێگای سایتەکانەوە، داشکاندن بۆ ئەو پێویستییانە دەکەن، دەتوانی بەم ڕێگایە بە ئاسانی جۆری باشتر و هەرزانتر بە دەست بهێنیت. بە گشتیش پێویستییە سەرەکییەکان بریتین لە: جلوبەرگی تازە، جانتا، قووتووەیەک بۆ خواردن، پەرداخی ئاوخواردنەوە، پێنووس و تیانووس و… هتد. بێگومان ئەگەر ئەو پێویستییانە ڕەنگاوڕەنگ بن زۆر باشترە، چونکە بە پێی توێژینەوەکان، ڕەنگی جوان و کراوە بۆ مێشکە بچووکەکانی منداڵان یارمەتیدەرێکی چاکن، تا باشتر فێربن. خۆ ئەگەر لە کاتی کڕینی ئەو پێویستییانەدا، منداڵەکەش لەگەڵ خۆتدا بەری و ڕێگای بدەیت خۆی هەڵیانبژێرێت، ئەوا بۆ یەکەم ڕۆژی باخچە بە پەرۆش تر دەبێ و باشتریش ئەو پێویستییانە دەپارێزێ.

2- خویندنەوە بەر لە باخچە
بەر لە کردنەوەی باخچە بە ماوەی نزیکەی مانگێک ڕۆژانە 20 خولەکێک بۆ منداڵەکەت بخوێنەرەوە. ئەو کتێبانە بەکاربێنە، کە وشەکان دووبارە دەکەنەوە و ژماردن و ناسینەوەی ڕەنگەکان لە خۆ دەگرن. ئەو کتێبانە بدۆزەرەوە، کە باسی ئەو شتانەی تێدایە و منداڵەکەت حەزیان لێ دەکا. چیرۆکی بۆ بخوێنەرەوە و پاشان پرسیاری لێ بکە. وای لێبکە قسەبکات، چونکە گفتوگۆ پەرە بە تواناکانی زمان و شەسازی دەدات و تا زیاتربێ باشترە. پاشان گۆرانی بۆ بڵێ، پێنووسی ڕەنگاوڕەنگ و کاغەزی سپی بەرێ با بە ئارەزووی خۆی ڕەشییان بکاتەوە. یارمەتی بدە شتەکانی بە پاکی بخاتەوە شوێنەکانی خۆیان. منداڵەکەت فێری بەکارهێنانی ئاودەست و دەست و دەمووچاو شتن و لووت سڕین بکە. ئەمانەش یارمەتییان دەدا لە باخچەدا دانەمێنێ و ئاسوودەبێ.

3– سەردانی پۆلەکەی بکە
ئەگەر زانیت منداڵەکەت بۆ چوونە باخچە نیگەرانە، دەتوانیت پێش بەرواری دەستپێکردنی دەوام، لەگەڵ منداڵەکەدا سەردانی باخچەکە بکەن. بیبەرە پۆلەکەی خۆی. بە مامۆستاکانی بناسێنە. یارمەتی بدە بە باخچەکەدا بگەڕێ و شوێنەکانی ئاودەست و دەستشتن بزانێ و… هتد. تا هەست بە دڵنیایی زیاتر بکات. بێگومان ئەم سەردانەش تەنها منداڵەکە ئارام ناکاتەوە، بەڵکو بینین و بارودۆخی باخچەکەش، ئاسوودەیی بە خۆشتان دەبەخشێت. پاشان باشترە چاوت بە دادە و مامۆستاکانی بکەوێ و باسی بەرنامەی ساڵەکەیان لەگەڵدا بکەی. خۆ ئەگەر پرسیاریشت هەبوو، بەرەو ڕوویان بکەیتەوە.

4– بەرنامەیەک دابنێ
کارێکی سەخت و گرانە منداڵ بۆ یەکەمجار، یان دوای پشوویەکی دوورو درێژی هاوین بگەڕێتەوە بۆ باخچە و خوێندنگا. ڕەنگە منداڵەکە تەمبەڵ بووبێ. بەیانییان درەنگ لە خەو هەستێ و خۆی لە پۆشینی جل و بەرگی نوێ بە دوور بگرێ، کەواتە پێویستە ئەو هەڵسوکەوتانە بگۆڕیت. هەر بۆیە وا چاکە بە دە دوازدە ڕۆژ پێش دەستپێکردنی باخچە و خوێندنگا، بەرنامەیەکت بۆ منداڵەکەت دانابێ. بۆ نموونە: بەیانییان زووتر لەخەو هەڵبستێ و خۆی بشوات و نانی بەیانی بە دروستی بخوات. بەمجۆرە ڕێگایە، لە یەکەم ڕۆژی خوێندندا پەنا بۆ هەڵسوکەوتی نەخوازراو لەگەڵ منداڵەکەتدا نابەی.

5- فێری هەندێک کاریی سەرەتایی بکە
هەندێک کار هەیە پێویستە هەموو منداڵێک بیزانێ. بۆ نموونە گرتنی پێنووس، ژماردن تا 10، پۆشینی جلوبەرگ، خۆی خواردنەکانی بخوات. هەر بۆیە پێویستە پیش چوون بۆ باخچە و خوێندنگا و لە کاتی پشووی هاویندا ئەو کارە گرنگانەیان فێربکرێت. ئەمەش هۆکارێکە باشتر لە پۆلەکەیدا ڕابێ. پاشان پێویستە پێش ئەو قۆناغە یارمەتی منداڵ بدرێت پەرە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بدات. بتوانێت هاوڕێی نوێ پەیدابکات، فێری ئەوە بکرێت شەرم نەکات و ئەوەی دەیەوێت دەریببڕێت. چونکە لە کاتی دەوامدا چەند کاژمیرێک لە ئێوە بە دوور دەبێ. هەر بۆیە وا چاکە لە چاڵاکییەکانی پشووی هاویندا بەشدار بێ، تا زیاتر تێکەڵ بە کەسانی تر بێ و بتوانێت هاوڕێی تازە بگرێت. پاشان بیبە بۆ شاری یاری و ماڵی خزم و هاوڕێکانت، تا لەگەڵ منداڵی هاوتەمەنی خۆیدا یاری بکات.

6- چالاکی ژماردن
ژماردنی شتەکانی سەر ڕێگای باخچەکە، چالاکییەکی زۆر چاکی سود بەخشە. کاتێک بۆ یەکەمجار منداڵەکەت بەرەو باخچە دەبەیت، داوا لە منداڵەکەت بکە هەموو ئەو درەختانە بژمێرێ، کە لەسەر ڕێگای نێوان ماڵەوە و باخچەکەدا دەیانبینێ. ئەم یارییە ئاسانە و توانای ژماردن لای منداڵەکەت باشتر دەکات و بە درێژایی ڕێگاکەش سەرقاڵ دەبێ. جگە لە درەختیش، دەکرێت ڕۆژێکی تر شتێکی تر بژمیرێت، وەک: خانوو، دوکان، سەگ، ئوتومبیل و… هتد. ئەمەش کارێک دەکات بەردەوام حەزی لەو چالاکییە بێ.

7– گفتوگۆی لەگەڵدا بکە
هەندێ لە منداڵان بە هۆی هەستییاریانەوە ناتوانن لەگەڵ بارودۆخی تازەی باخچەدا ڕابێن. بۆیە وا باشە بەرلەوەی ببرێن بۆ باخچە قسەیان بۆ بکرێت . پێویستە باسی ئەو شتانەیان بۆ بکرێ، کە لەناو پۆلدا ڕوودەدا و چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ مندڵانی تردا بکەن. تا بتوانن لە ڕووی دەروونییەوە خۆیان ئامادە بکەن و کاتێک دەچنە ناو پۆلی باخچەوە ترس و نیگەرانی و تووڕەییان کەم بێ. ئەوەی شایانی باسیشە نیشانەکانی ئامادەیی منداڵیش بۆ چوونە باخچەی ساوایان بریتین لە: بەبێ دایک و باوک هەست بە ئاسودەیی دەکات. گۆشەگیر نیە و لەگەڵ منداڵی تردا بە باشی یاری دەکات و ئارەزووی فێربوونی هەیە.

8– یەکەم ڕۆژی باخچەی ساوایانی خۆت
بیربکەرەوە و بە وردی بە یادەوەرییەکانتا بچۆرەوە و یەکەم ڕۆژی چوونی باخچەی ساوایانی خۆتت بیربکەوێتەوە و بــۆ منداڵەکەتی باسبکە. لە هەمان کاتدا داوا لە هاوسەرەکەت، یان هاوڕێکانت بکە هەمان چیرۆکی خۆیان بۆ منداڵەکەت بگێڕنەوە. ئەم شێوازەش یارمەتی دەرێکی باشە بۆ ئارامی و هێوربوونەوەی منداڵەکەت.

9– پاداشت و ئامانج
پاداشت و ئامانج یەکێکە لە شێوازە چاکەکانی ڕاهێنانی منداڵان بۆ بابەتی نوێ. بۆ نموونە بە منداڵەکەت بڵێ: ئەگەر جانتاکەت بە جوانی کۆبکەیتەوە، بە دڵی خۆت خواردنێکی زۆر خۆشت بۆ دەکڕم. توێژینەوەکانیش ئەوەیان ئاشکرا کردووە، کە منداڵ بە پاداشت، باشتر ئەو ئامانجانە دەپێکێ کە بۆی دیاری دەکرێ.

10– خۆبەخشی لە باخچە
ئەگەر دەربارەی ڕۆژی یەکەمی باخچەی منداڵەکەت نیگەران بووی، چونکە یەکەمجارە لێت دووربکەوێتەوە و لەبەر چاوت نەبێ، کە دیارە ئەمجۆرە هەستانەش دۆخێکی ئاساییە. ئەوا باشترین چارەسەر ئەوەیە خۆبەخشانە لە باخچەکەدا، بۆ نموونە لە چێشتخانەکەی، یان لە کتێبخانەکەیاندا بۆ ماوەیەک کاربکەیت. یان لە لیژنەکانی بۆنە و ئاهەنگەکاندا هاوکاری مامۆستاکان بکەی. بە مەش دەتوانی لە دوورەوە چاودێری منداڵەکەت بکەیت و دڵنیابی، کە بە شێوەیەکی باش لەگەڵ پۆلە نویێ کەیدا تەبا و بێ کیشەیە.

11- بەرنامە و ڕێنماییەکانی باخچەکە
هەموو باخچەیەکی ساوایان بەرنامە و ڕێنمایی تایبەتییان هەیە، کە دەبێت هەموو منداڵێک و دایک و باوکێک پەیڕەوی بکەن. دەتوانیت وێنەیەکی وەربگریت و لەگەڵ منداڵەکەتدا بیخوێنیتەوە. بەم شێوەیە دەتوانی بە پێی ڕێنماییەکان ڕەفتاری چاک بکەیت و بەشێوەیەکی باشیش ئامادەی بکەی بۆ هەموو بۆنە و ئاهەنگەکانی باخچەکە.
لە کۆتایی ئەم باسەدا و ئەوەی زۆر گرنگیشە، بەرلەوەی ڕۆژانە بەجێی بهێڵیت، بە پەرۆشەوە باوەشێکی گەرموگوڕی پێدا بکە و بە دڵیش ماچیکە.

تێبینی: ئەم بابەتە لە چەند سایتێکی ئینگلیزییەوە وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت