زەردەشت محەمەد: کەرکوک لە حەقیقەتەوە بۆ دروشم.
ئەوەی کەرکوکی لە شارێکی کوردییەوە کرد بەشارێکی داگیرکراوی دەستی عەرەب، نە هێز و توانای داگیرکەران بوو، نە بێدەسەڵاتی و بێدەربەستی خەڵکە کوردەکەی بوو. بەڵکو ئەو هەموو دروشمە دور لە واقعیانەبو کە سی ساڵە هێزە کوردییەکان لە کەرکوکدا بە گوێی خەڵکەکەیدا دەدەن و نەیان توانی دروشمەکانیان بکەن بەڕاستی.
سی ساڵە دروشمی سەرکردایەتی کورد ئەوەیە، تاوەکو ئەوان مابن دەستبەرداری کەرکوک نابن. سەیرە دوو ڕۆژە گەنجانی کورد شەهید و برینداردەبن کەچی تائێستا نەک هێزێکی کوردی نییە بەرگرییان لێ بکات و نەهێڵێت هێزە میلیشیاکانی عەرەب و عێراق لەوشارەدا زوڵمییان لێبکەن. بەڵکو بە پێچەوانەوە، جارێکی دیکە ململانێ نێوخۆیەکانیان قوڵتر کردۆتەوە و هیچ هێزێکیان نایانەوێت ئەوی دیکەیان لەو شارەدا بونیان هەبێت.
ئەمە بەتەنها مایەی نیگەرانی و جێگای مەترسی نییە بۆ خەڵکی کورد و دانیشتوانی کەرکوک، بەڵکو بەلای ئێمەوە مەترسییکە زۆر لەوە گەورەترە و چاوەڕێ دەکەین، ئەگەر ئەم ململانیایانەی نێوان هێزە کوردییەکان ئاوا درێژەبکشێت و هەریەکەیان حەزی بەشکست و لاوازی ئەوی دیکەیانبکات، دڵنیاین کە لەداهاتوودا ئەم داگیرکارییە شارەکانی دیکەی کوردستانیش دەگرێتەوە.
بەپێی ئەو ئامار و زانیاریانەی کەئێمە بیستومانە تائێستا زیاتر لە یەک ملیۆن عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا هەیە کە دەکاتە 26٪ ی دانیشتوان و لەو ژمارەیە زیاتر لە سی هەزار منداڵی عەرەب لە هەرێمی کوردستاندا لەدایک بون.
قەبارەی مەترسیەکان بۆ ئایندەی کوردستان هێندە گەورەن ئێمە لە ئێستاوە بەئاشکرا درکی پێدەکەین، بەڵام بەداخەوە ئەوەی هەست بەم مەترسیانە ناکات، تەنها سەرکردایەتی کورد و ئەوکەسانەن کە نەیانتوانیوە بەباشی مێژوی کوردستان بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی بخوێننەوە، چونکە هەمومان ئەو ڕاستییە مێژووییە دەزانین کە سەردەمانێک ئەم کەرکوکە داگیرکراو ناسنامە شێوێنراوەی ئێستا لە هەزارەی سێیەمی پێش زاین پایتەختی یەکێک لە هەر میللەتە دێرین و دەستڕۆیشتوەکانی کورد بووە بەناوی گۆتییەکان و ئەوکات پێیان دەگوت ئارابخا.
ترسی ئێمە لەم بێباکی و دروشمە بێکردارانەی سەرکردایەتی کورد ئەوەیە ئایە ئارابخای گۆتییەکان و کەرکوکی قودسی کوردستان لەداهاتوودا هەر بە شارێکی کوردستانی دەمێنێتەوە یاخود لەگەڵ کەرکوکیشدا ئەبێ چی پارچە و شارێکی دیکەمان داگیربکرێت و ناو و مێژووییان بشێوێنرێت؟