زەبەنگ بەهادین: ئەگەر خۆپیشاندان بکەین دژی بەغداد ئەی کێ مۆلۆتۆڤمان تێگرێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموو چین و توێژەکان لەم هەرێمە خۆپیشاندانیان کرد، بە هەموو شێوەیەک نارەزایەتیان دەربری لە دژی گەندەڵێ و دزی نا دادپەروەریی، هەر لە رێپێوان و مانگرتن و بەیاننامە و نارەزایەتی، لە بری دەستخۆشی فەلاقەیان کردین، گولە بارانیان کردین. ئێستاش خوێنی شەهیدانی 17 شوبات ووشک نەبۆتەوە بە شەقامەکانی سالم و سەراوە. خوێنی گەنجەکانی سەید سادق و چەمچەماڵ و چەندەها شوێنی دی هەر بریسکەی دێ.
خۆپیشاندانمان کرد لە دژی هاتنە ناوەوەی هێزی تورکی، لێیان گرتین و لێیان کوشتین. جۆرەها تاوانیان بۆ دروستکردین، وەک ئەوەی ئێمە نەوەی ئەم میللەت و خاکە نەبین. ئێستاش گازی دوکەڵی ژەهراویان لە کاسەی سەرمان ماوە، کاتێک خۆپیشاندانمان کرد بۆ برینی مووچەو نەدانی مووچەو پاشەکەوتی مووچە، جێگەی کێبڵەکانیان بە لەشمانەوە ماوە! کاتێک خۆپیشاندانمان کرد دژی درۆنی دوژمنەکانمان کە هەر رۆژێک دێیەک وێڕان دەکات و پاوان و دەغڵێک دەسوتێنێ و گەنجانی نیشتیمانەکەمان خەڵتانی خوێن دەکات! کاتێک خۆپیشاندانمان کرد بۆ ئازادی گیراوانی بادینان، لە جنێو تۆمەت زیاتر هیچ وەڵامیکی تریان نەبوو.
ئێستاش هاتوون دەڵێن: دژی بەغداد خۆپیشاندان بکەن، ئەی ئەگەر خۆپیشاندنمان کرد مۆڵەتمان ئەدەنێ؟، ئەی کێ گازی فرمێسک رێژمان تێگرێ، کێ بە شەق و کێبڵ لێماندا؟، ئەی کێ تاوانی دەستی دەرەکی و ئاژاوەگێرمان دوا بخات؟، ئێستا هاتون داوای نەتەوایەتی و هەڵوێستمان لێدەکەن، داوای خۆپیشاندانمان لێدەکەن دژی بەغداد، بۆ ئێوە هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمان پەروەریتان هێشت، کە چەند ساڵە خۆتان هەمویتان ناشت لە گۆری بەرژەوەندی و پارە و نەوت گەندەڵیدا، میللەت خۆپیشاندان بکات و ئێوەش تەلار و پایەکان بەرزتر بکەنەوە، کەی تێدەگەن نیشتیمان موڵکی میللەتە، هەتا میللەتان لەگەڵتان بێت سەربەرز دەمێننەوە کە میللەتان لەگەڵ نەما، ریسوای دنیاو قیامەت و ناوەوەو دەرووە دەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت