زەبەنگ بەهادین: بەتاڵی و بێ بەرهەمی کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەسەڵات ئامێری بەجێهێنانی سیستمی سەرمایەداریە لە وڵاتە دواکەوتوەکان، هەندێک جار لە رێگەی قەیران هەندێک جار لە رێگەی دیکتاتۆریەت، زۆر جاریش لە رێگەی میدیا و هەڵخەتاندن و چەواشکردن.
هەموو ئەو نەتەوانەی لە مێژودا خاوەنی سامانێکی نیشتیمانی بوون، جا نەوت بێت، یان کشتوکاڵ، یان کانزاکان سەرمایەداری خۆی گەیاندویەتێ و بە شێوازێک لە ژێر چنگی میللەتەکەی دەرهێناوە، عێراق بە گشتی و کوردوستان بە تایبەتی یەکێکە لەو ناوچانەی سیستمی سەرمایەداری وەک تاعون تێیدا تەشەنەی کردوە، هەڵبەت ئەم سیستمە وەک قۆناغ رەنگی نییە لە روە جێۆپۆلۆتیکە سیاسیەکەی کوردوستان، لەبەر ئەوەی تا ئێستاش کورد لە نێوان فیوداڵ و سەرمایەداری جۆرێک لە وونبونی سیاسی و ئابوری هەیە، نە ئەوەتا فیوداڵێکی تەواو نە سەرمایەدارێکی زانستی، ئەم تێکەڵکێشەکە هێندەی کە دۆخی سیاسی کوردی شێواندوەو و بە لارێدای بردوە، کورد نە توانیویەتی ببێتە دەوڵەت نەتەوە نە دەوڵەتی دیموکراسی شارستانی و بگرە پاشایەتی جێنەهێشتوە تا ئێستاش لە رێگەی مەرجەع و تاک گەرایی بریاری سیاسی.
دەسەڵاتی سیاسی لە کوردوستان لە ئێستادا ئامرازێکە بەدەست سیستمی کاپیتالیزمی بۆ ساخکردنەوەی بازارەکانیان و بەکارهێنانی تاکی کورد و سامانەکەی وەک بەکار بەر، لە دوای راپەرین تا ئێستا دەسەڵات هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ و کردنەوەی کارگە و زیادکرنی بەروبەمی ناوخۆی، لە تەک ئەمەدا تاکی کورد هیچ بیری نەکردۆتەوە لەوەی ببێتە خاوەن بەرهەم بە پێچەوانەوە ئەوەی کارگەی هەبوو ئەوەی کشتوکالی هەبوو مەر و ماڵاتی هەبوو هەمووی پاشەکشەی لێکرد وە بەرەو کەمبونەوە گەیشت، لە پاڵ زیادکردنی بەکاربەر.
ئەنجامی ئەم دەسەڵاتە ئێستا لە کوردستان بێ بەرهەمی و بەتاڵی گەشەی پێدراوە، ئەو مووچەیەی دەسەڵات ئەیدا هیچ پلانێک و بەرنامەیەکی نییە تا بزانرێت ئاستی بەرهەم بەراورد بە ئاستی بەکار هێنان چەندە نە ئەوەتا بە سیستمێکی سوشیال پارە دابەش بکرێ تا هیچ نەبێ هەڵئاوسان روو نەدات، دەبینی بازارێکی هەڵئاوساو لە پاڵیدا پارەیەکی بێ سەودا. مانگ هەیە پارە زۆر، مانگ هەیە پارە نامێنێ ئەم ناجێگیریە کۆنترۆڵی بازاری لە دەست داوە لە پاڵیدا بەرز بونەوە و دابەزینی بەهای دروای نیشتیمانی، بە هەر لا دەروانی کورد نابێتە دەوڵەت تا لە ژێ سایەی ئەم دەسەڵاتەدا بێت کە هیچ ئاراستەیکی نە سیاسی نە ئابوری نە رامیاری دیاری نییە و هیچ پلانێکی نییە بۆ بەرێوەبردنی وڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت