دلێر محەمەد نوری: خیانەتێک لە نێوان عوزر و قەباعەدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قەباعەت وشەیەکی عەرەبی تێکشکاوە و بە کوردی کراوە. وشەی قەباعەت لە وشەی (القباحة)ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، کە بە واتای ناشرین، یان قێزەون دێت. وشەی قێزەون، ناشرین، یان قەباعەتیش، پڕ بە پێستی خیانەتی 31ی ئاب بوو. هێزێکی بەرهەڵستکار، تەنها پێنج ساڵ بەر لەم بەروارە، هۆکاری دەرکەوتن و پەیدابوون و بەرپاکردنی جەنگ و بە گژداچوونەوەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەغدا بوو. حزبێك بە گێڕانەوەی خۆی لە هەر حزبێکی کە زیاتر لە خەبات و جەنگدا بووە دژ بە حکومەتێکی دیکتاتۆر و خودی سەرۆکەکەشی، بەڵام لە شەوو ڕۆژێکدا ئەبن بە برای گیانی بە گیانی و ئەچنە یەک بەرەوە، دژ بە حزبی بەرانبەر. بە هەر لۆژیک و بە هەر تەرازوویەک بیکێشین، خیانەتی 31ی ئاب، پێمان ئەڵێت کە پارتی، هەر نەبێت لە نەوەدد و یەکەوە ئەم پردی پەیوەندییەیان بیناکردووە. دەنا نەکراوە و ناکرێت بە عەریزەیەکی بارزانی و بە بێ هیچ گەرەنتییەکی گیانی، هەفتەیەک پێش ڕووداوەکە ڕژێمی بەعس تۆکمەترین هێزی وشکانی و ئاسمانی خۆی ئەخاتە خزمەتی بەرزانی!؟
بەم جۆرە و بە هەرچ بیانوو و هۆکارێکە خیانەتێکی گەورەی نشتیمانی ڕوویدا. خیانەتێک کە ڕاگەیاندنی پارتی تا 24 ساڵی دوای ئەوەش کڕوکەپی لێ کرد و بە وشەیەکیش یادی نەکردەوە. لە بەرامبەریشدا ڕاگەیاندنی یەکێتی لەو ماوەیەدا بە پێی هەڵکشان و داکشانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ پارتیدا و لە مانگی ئابدا مامەڵەی لە گەڵ یادکردنەوەی ئەم خیانەتە گۆڕاوە. بەڵام بە درێژایی 27ساڵ لە دوای ئەم خیانەتە بەرەی بێ لایەن و ئازادیخواز و قەڵەمە ئازادەکان هەمیشە ئەم یادەیان وەکو نەفرەتییەک یادکردۆتەوە. ئەوەی لە یادکردنەوەی 31ی ئابدا سەیرە ئەوەیە کە لەم چەند ساڵەی دواییدا، پارتی بە بەرنامەیەک کە بە لێدوانی تاکە کەسی دەستی پێ کرد تا گەیشتە نووسینەوەی یادەکە لە لایەن سەرۆکی پارتییەوە، وردە وردە لە بری داوای لێبووردن لەو خیانەتە، یان هەر نەبێ خۆگێلکردن لە یادکردنەوەی، پارتی سەرەتا کەوتە عوزر هێنانەوە بۆ ئەو خیانەتە تا دواجار و لەمساڵدا بە ئاشکرا کەوتە پیاهەڵدان و شانازی کردن پێیەوە. هەڵبەتە کرانەوەی دونیای سۆشیال میدیا و ڕەوتەکانی چالاکی سیاسی و ئازادیخوازانی ناوخۆ و تاراوگە هیچ کەیسێکی بۆ شاردنەوە نەهێشتۆتەوە و تیشکی خستۆتە سەر ورد و درشت.
ئەمساڵ جیاواز لە هەموو ساڵەکانی دیکە ڕاگەیاندنەکانی پارتی بە ئاشکرا و سێبەرییەوە ڕاپۆرتە هەواڵ و شیکاری لە بارەی خیانەتی 31ی ئابەوە بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمجارە نە وەکو خیانەت و نە وەکو کاردانەوەی ناچاری بەڵکو وەکو هەنگاوێکی حەکیمانە و کوردانەی پیرۆز. لە نێو ئەو ڕاپۆرتە هەواڵانەی پارتی و خودی یادەوەرییەکانی سەرۆکەکەیان چەند بیانوویەک بۆ ئەنجامدانی ئەم خیانەتە ڕیزکراون لەوانە (هەولێر کەوتبووە ژێر هەژموونی ئێران و هێزی پاسداران هاتبووە هەرێم و هێرشی ئێران بۆ سەر دیموکرات لە کۆیە بە هاوکاری یەکێتی). کەوابێ به پێوەری بارزانی و پارتی ئەوەی ڕووداوەکانی 31ئابی لە خیانەت و جووڵەیەکی چەوتەوە گۆڕیوە بۆ جووڵەیەکی ڕاست و نشتیمانپەروەری ئەم بیانوو و عوزرانەن. ئێستا لە جیاتی یەکێتی لە پارتی ئەپرسین ئەگەر هەمان ئەم عوزر و بیانووانە لە سنوری پارتی و بۆ ماوەی چەندین ساڵ و بە توندتر و ئاشکراتر بوونیان هەبێت، کارێکی نشتیمانی و پیرۆزە بۆ یەکێتی داوای سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بکات بۆ ڕزگارکردنی هەولێر!؟ مەگەر هەمووان بە ئاشکرا چاومان لێ نیە چەند بنکەی سەربازی تورکیا لە سنوری پارتیدا هەیە؟ چ هەمئاهەنگییەکی سەربازی و هەوڵگری لە نێوان پارتی و تورکیادا هەیە و بە ئاشکرا لە ڕاگەیاندن دەستخۆشی لە یەکتر ئەکەن بۆ هاوکارییەکانیان؟ مەگەر تورکیا بە چاوساغی و موبارەکەی پارتی نەهاتووە بۆ لە ناوبردنی پەکەکە؟ تۆبڵێی لە تەرازووەکەی بارزانی و پارتی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و باکور و دوژمنەکانی ڕۆژهەڵات و باکور جیاواز بن؟
ئەوەی ماوەتەوە لێرە بیڵێم ئەوەیە کە بریا پارتی وبارزانی تەنها خاوەندارییان لە قەباعەتەکە بکردایە نەک عوزرەکەشی، چونکە بە عوزرهێنانەوە بۆ ئەو قەباعەتە دەرگایان خستە سەر پشت بۆ هەمووان تا خیانەت بکەن. ئەوەشی لەم پێشینەی عوزرهێنانەوە بۆ قەباعەتی 31ی ئاب ئەیخوێنمەوە، ئەگەر بمێنین بۆ ساڵی داهاتوو، لە شاشەکانی تەلەفزیۆنەوە بە ڕاستەوخۆ چاومان بە فیستیڤاڵی 31ی ئابی پیرۆزیش ئەکەوێت. ئەوسا پێشمان ئەڵێن ئەوەی شەرەفی بەشداری کردنی لە 31ی ئابدا نەبوو، کوردێکی خائینی پلە نایابە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت