عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: راپه‌ڕینی شه‌قام – بەشی کۆتایی.
پۆلیسه‌کان له بەردەرگای سەرای شار و لە به‌رده‌م شەپۆلی خۆپیشاندەراندا دۆش دامابوون، نه‌یان ده‌توانی بڵاوه‌یان پێ بکه‌ن، له سه‌عات 11ی پێش نیوه‌ڕۆ به‌رده‌فڕکه به‌رپا بوو. (میسته‌ر ئه‌لبان ) وه‌کیلی موفه‌تیشی ئیداری، داوای له ( عه‌لی ره‌زا به‌گ )ی فه‌رمانده‌ی سوپای عێڕاق له حامیه‌ی سلێمانی کرد، سریه‌یه‌ک سه‌ربازیان بۆ بنێرێ، ئه‌و سریه سەربازە نه‌یان توانی کۆنترۆڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.
دوای فه‌وجێک سه‌ربازی کرد، سه‌ربازه‌کان گەیشتن و بەخیرایی خۆیان گه‌یانده ناو حه‌وشه‌ی سه‌راو لە سه‌ربان و شوێنه به‌رزه‌کان لێی دامه‌زران.
لولەی مه‌تره‌لۆزه‌کانیان ئاراسته‌ی شه‌پۆلی خۆپیشانده‌ران کرد و ته‌قه‌یان لێکردن.
به‌پێی به‌یانی ره‌سمی: ( 60) که‌س شه‌هید کرا و ( 98 ) که‌س ده‌سگیر کرا، (1) پۆلیس و (10) سه‌ربازی سوپای عێراق کوژرا و ( 13)سه‌ربازیش بریندار کرا.
ئه‌مه‌ش ناوی هه‌ندێ له شه‌هیده‌کانه:
حه‌مه‌ی قاله ئاغال و ئه‌حه ره‌ش و حه‌سه‌ن ده‌روێش و عه‌وله سیس و ئه‌له‌گون سووتاوی گه‌ڕه‌کی حاجی حان محه‌ی خوله درێژ و مسته‌فا به‌گی فه‌تاح به‌گ و سه‌عه‌ی حه‌مه‌ی ئامێ و هه‌ڵۆ به‌گ و حه‌مه چاوشین و عه‌لی سی و جگه‌ر و عه‌زیزی مامه حه‌مه ).
ئه‌م که‌سانه‌ش ده‌سگیر کران:
فایه‌ق بێکه‌س و عه‌زمی به‌گی بابان و ره‌شۆڵ عه‌بدوڵڵا و حه‌مه ئاغای ئه‌وره‌حمان ئاغا و شیخ قادری برای شیخ مه‌حمود و میرزا تۆفیق و ره‌مزی ئه‌فه‌ندی و عیززه‌ت به‌گی عوسمان به‌گی پاشا و ئه‌وره‌حمان ئاغای ئه‌حمه‌د پاشا و محه‌مه‌د سالح به‌گ و مه‌جید ئه‌فه‌ندی کانێسکان و فایه‌ق به‌گی بابان و شێخ محه‌مه‌دی گوڵانی.
له 7. 9. 1930 ئینگلیزه‌کان، به‌یانی ره‌سمی ژماره (40)یان ده‌رکرد:
به بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌یئه‌ی ته‌فتیشه‌وه و له لیوای سلێمانی و کۆبوونه‌وه‌ی هه‌یئه‌ی هه‌ڵبژێراوە و ئه‌مڕۆ له مه‌رکه‌زی حکومه‌ت و مقاطیعنی انتخاب له به‌رده‌می شوێنی کۆبوونه‌وه‌که‌دا موزاهه‌ره‌یان کرد و به‌و هۆیه‌وه پێکدادان ڕوویدا و هه‌ندێل له پۆلیس و سه‌بازو خه‌ڵک پێکران و دوای چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک و ئاسایش گه‌ڕایه‌وه و ئه‌وانه‌ی بوون به هۆی ئه‌م رووداوه و دەسگیر کران و لێکۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه.
راپه‌رینی سه‌رای سلێمانی له شیعیری شاعیره‌کاندا:
حه‌مدی:
ره‌بی مووی لێ بێ زمانی ،، په‌نجه‌کانی هه‌ڵوه‌رێ
هه‌رکه‌سێ گوڵشه‌ن به ده‌ردی گوڵخه‌نی دۆزه‌خ به‌رێ
بێکه‌س له زینداندا:
ئه‌ی وه‌ته‌ن مه‌فتونی تۆم و شێوه‌تم بیرکه‌وته‌وه
وه‌ختی به‌ندی و ئه‌ساره‌ت پێ به ته‌وق و کۆته‌وه
من له زکرو فکری تۆ غافڵ نه‌بووم وا تێ نه‌گه‌ی
حه‌بس و تێهه‌ڵدان و زیلله‌ت تۆی له بیر بردووته‌وه
گۆران:
بڵێن به بووکی تازه‌ی یه‌ک شه‌وه‌م گه‌ر هاته سه‌ر نه‌عشم
نه‌ڵێ خۆی بۆ وه‌ته‌ن کوشت و له رێی عه‌شقی منا نه‌ژیا
وه‌زیفه‌م بوو له پێناوی وڵاتیکا سه‌رم به‌خشم
که تۆی په‌ره‌وه‌رده کرد بۆ من له دامێنی چیا‌و که‌ژیا
گه‌ر خوای گه‌وره به‌خشیی پێت هه‌تیوێ، پێی بڵێ رۆڵه
له من فرمێسکی ویست باوکت له تۆش داوا ئه‌کا تۆڵه
پیره‌مێرد:
وه‌فدی کوردستان میلله‌ت فرۆشان هه‌رزه وه‌کیلی شاری خامۆشان
چه‌پکێ له گوڵه‌که‌ی باخه‌که‌ی سه‌را که به‌خوێنی لاوان ئاو درا
ببنه خزمه‌ت عه‌رشی عێراقی بڵێن یار باقی و هه‌م سوحبه‌ت باقی
په‌رده‌و تارای سووربه‌رن بۆ ئه‌میر بڵێن پاش کوشتار هێشتا تۆی دڵگیر
ده‌ک خه‌جاڵه‌ت بن له رووی مه‌حشه‌را ئێمه خاکی غه‌م ده‌که‌ین به سه‌را
ئێوه‌ش ئه‌و عه‌رشی به خوین گوڵڕه‌نگه سوجده‌ی بۆ ده‌به‌ن هیچ ناڵێن نه‌نگه
کورد نه‌مردوه خه‌یاڵتان خاوه به‌راتی نه‌جات به خوین نووسراوه
رای گشتی شه‌قامی شار
راپه‌ڕینی شه‌شی ئه‌یلوول، بزوتنه‌وه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی شه‌قامی بوو، له ناو سەرای شاردا، سه‌ری هه‌ڵدا، به‌سه‌رپه‌رشتی ده‌سته‌ک له رووناکبیرانی کورد، له هه‌موو چین و تویژه‌کانی شار، به یه‌ک ریزو ئیرادەو بە یەک ده‌نگ و بە یه‌ک هه‌ڵوێستی رای گشتی، یه‌کیان گرتبوو.
حکومه‌تی به‌ریتانیا و عێراق، سڵیان له یه‌ک ریزی و رای گشتی شه‌قامی شار کردەوە، له‌و راپه‌ڕینه مه‌ده‌نیه‌دا، کۆمه‌ڵگەی کوردستان، نوقمی بۆته‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و نه‌خوێنده‌واری ببوو.
بژێوی و ده‌رامه‌تی ژیانی هاوڵاتیان قورس و دژوار بوو، ئا له‌و سه‌رده‌مه‌دا سلێمانی مه‌ڵبه‌ندی خوێنده‌واری و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی و هونه‌ر و هەڵوێست و بزوتنه‌وه‌ی خه‌باتی میللی نه‌ته‌وه‌یی بوو.
له 11. 10. 1930 دا ،رۆژنامه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی سۆڤیه‌تی، ئەم نوسینه‌ی له باره‌ی راپه‌ڕینەکەوە، تۆمار کردبوو:
هه‌رچه‌نده ئینگلیزه‌کان و حکومه‌تی عێراق، ژماره‌یه‌کی زۆریان له کورده‌کانی سلێمانی کوشت، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگیان کپ بکه‌ن، به‌ڵام به‌و تراژیدیایه خه ڵکیان فێری راپه‌ڕین کرد.
راپه‌ڕینی شه‌پۆلی شه‌قامی سه‌رای سلێمانی، بوو به وانه‌یه‌کی نوێ، بۆ سه‌راپا راپه‌ڕینه‌کانی تری ئەو شارەو هه‌موو ناوچه جیاجیا کانی کوردستانی گرته‌وه.
گۆڕانکارییه نوێییه‌کانی راپه‌ڕین:
شه‌پۆلی شه‌قامی شار، له بری ئه‌وه‌ی په‌نا به‌رنه به‌ر چه‌ک و شۆڕشی چه‌کداری، په‌نایان برده‌به‌ر کاری سیاسی، وه‌ک: مانگرتن و خۆپیشاندان و نووسین و به‌یاننامه و مه‌زبه‌ته و دیالۆگ.
له بری هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌ک خێڵ و ده‌ره‌به‌گ و شێخ، ئه‌مجاره‌یان رۆشنبیران و نووسه‌ران و سیاساتمه‌داران، رۆڵی گرنگ و دیاریان له ناو گۆڕانکارییه‌کاندا هەبوو.
له بری په‌نا بردنه به‌ر شاخ و دۆڵ و نشێو و گوند‌و شوێنه چه‌په‌کەکانی سه‌ر سنووره‌کان، شه‌پۆلی راپه‌ڕیوی خه‌ڵک، له ناو شار و له به‌رده‌رکی سه‌را و له‌سه‌رشه‌قام و کۆڵان و گه‌ڕه‌که‌کانی شار، راسته‌وخۆ رووبه‌رووی ئینگلیزه‌کان و حکومه‌تی عێراق بوونه‌وه.
راپه‌رینی 6ی ئه‌یلوولی شه‌قامی سه‌را، گه‌وره‌ترین هه‌ڵوێستی نوێ و گۆڕانکاریی نوێ بوو، له زه‌مه‌نێکی دیاری کراوی مێژوویدا، سه‌ری هه‌ڵدا، هه‌ژانێکی گه‌وره‌ی شه‌قامی شار بوو، هێمای پڕ له شکۆ بوو بۆ سه‌راوسلێمانی.
هه‌رچه‌نده شه‌پۆلی شه‌قام به زه‌بری هیز و مه‌ترلۆز کپ کرا، به‌ڵام ئه‌و هەقیقەتەی بۆ داگیرکەران خسته روو: ده‌نگ و هه‌ڵوێستی ناڕازی جه‌ماوه‌ر، به زه‌بری هێز و چه‌ک و توند‌و تیژیی کپ ناکرێ.
سه‌رچاوەکان:
1- نه‌وشیروان مسته‌فا ئەمین، کوردستانی عێراق: سه‌رده‌می قه‌ڵه‌م و موراجه‌عات له (1921- 1931)
2- محه‌مه‌د ره‌سول هاوار، شیخ مه‌حمودی قاره‌مان و ده‌وڵه‌ته‌که‌ی خواروی کوردستان
3- جه‌مال بابان، سلێمانی شاره گه‌شاوه‌که‌م.
4- عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، شه‌شی ره‌شی ئه‌یلوول و یه‌که‌مین جه‌ماوه‌ری شار، ژماره 2553ی کوردستانی نوێ.
5- عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، راپه‌ڕینی سه‌رای سلێمانی، شه‌شی ئه‌لوولی سوور کرد، ژماره 1941.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر – بەشی دووەم.
- -
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: مه‌رگی خانه‌واده‌یه‌ک.
- All Posts