عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له ئازاره‌وه بۆ هەرەس و رەشەبای ژەهر و ئەنفال!
له دوای 3 مانگ لە گفت‌و گۆی نێوان حکومه‌تی عێڕاق و مه‌لا مسته‌فا بارزانی سه‌رکرده‌ی شۆڕشی ئهیلوول، له 10. 3. 1970 رێکهتنامەیەک له‌لایه‌ن مەلا مستەفا و سه‌دام حسین جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق له‌قوتابخانه‌یه‌کی ناوپردان ئیمزا کرا و له 11 ئازاری 1970، بڵاو کرایەوە.
دوای ئه‌و رێکه‌وین نامه‌یه په‌یامنێری لۆمۆندی ی فه‌ره‌نسی پرسیارێکی رووبه‌رووی سه‌دام کرده‌وه: ئایا ئێوه گه‌لی کورد به به‌شێک له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب داده‌نێن.
سه‌دام ده‌ڵێ: عێراق له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی یه، ئێمه دژی ئه‌وه نین که که‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له وڵاتانی عه‌ره‌بی بژین به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه خاکیان بۆ دابین بکه‌ین ئه‌وا ئه‌وان جیا ده‌بنه‌وه، حکومه‌تی عێراق و حیزبی به‌عس ئۆتۆنۆمی بە کورد دەدن، نه‌ک خاک.
له 7. 7. 1970 رژێمی عێراق له ده‌ستوری کاتی عێراق له به‌ندی حه‌وته‌می رێکه‌وتن نامه‌ی 11ی ئازاری 1970دا ده‌ڵێت: عێراق له دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کی کورد‌و عه‌ره‌ب پێک هاتووه. لەو ده‌ستوره کاتییه‌دا ده‌یان پلان و نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی سیناریۆی داڕێژراو جێ به‌جێ کرا:
1- له 17. 12.0 1970 عێراق هه‌وڵی تیرۆر کردنی ئیدریس بارزانی له به‌غداد دا.
2- له 29 .9. 1971 وه‌فدێک له‌زانایانی ئاینی به دوو ئۆتۆمۆبیل له به‌غداده‌وه گه‌یشتنه لای مه‌لا مسته‌فا بۆ گفتوگۆ، نازم گزار به‌رێوه‌به‌ری ئه‌منی عامه، له سینارێویهکدا میکرۆفۆنێکی بۆ یەکێک لەمەلاکان دانابوو، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی مه‌لا مسته‌فا تۆمار بکات، ئەو وه‌فده نەیان زانی بوو بۆمبی چێنراویان پێوه لکێنراوه.
مه‌لا مسته‌فا پێشوازی له‌وه‌فده‌که کرد دوای چه‌ند خوله‌کێک مه‌لایەک ویستبووی به ریکۆرده‌که ده‌نگی مه‌لا مسته‌فا تۆمارکات، ته‌قینه‌وه‌یه‌ک ناوپردانی هه‌ژاند، لەو کاته‌دا چایچیه‌که چای ده هێنا بۆ میوانه‌کان، که‌وتبوه نێوان مه‌لا مستهفاو مه‌لا که‌ی رژێم، چایچی یه‌که کوژرا، مه‌لا مسته‌فا به‌رنه‌که‌وت.
3- له مانگی 12. 1. 1971 ده‌وڵه‌تی عێراق چوارسه‌د هه‌زار کوردی فه‌یلی له سنووری عێراقه‌وه ئاو دیوی ئێران کرد و ده‌ستی به‌سه‌ر ماڵ و موڵک و سه‌روه‌ت و سامانیانیان دا گرت و تاڵانی کرد.
4- عێراق کۆمپانیای نه‌وتی خۆماڵی کرد، ژێر خانی ئابوری عێراقی بوژانده‌وه.
5- سه‌دام بە سیناریۆ جیاجیاکانی، هەموو کادێره پێشکه‌وتوه‌کانی حیزبی به‌عسی له‌ناو برد.
6- له 17. 7. 1973 حیزبی به‌عس و حیزبی شیوعی عێراق، به‌ره‌ی نیشتمانیان دامه‌زراند، پارتی دیوکراتی کوردستان نه‌چووه ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌وه، بە نهینی یارمەتی لە ئەمەریکاو ئیران وەردەگرت،گفتوگۆی بەرەو ئاراستەیەکی دژوار برد، په‌یوه‌ندی نێوان مه‌لا مستهفاو سەدامی سارتر کردەوە.
7- سه‌دام هه‌موو داموده‌زگای ئه‌من و ئیستیخبارات و موخابه‌راتی بە تەوای کۆنترۆڵ کرد، گرنگی زیاتری به‌سوپای عیراق دا‌و فراوانتری کرد، چه‌کی نوێی کڕی.
سه‌دام ده‌ستی به‌سه‌ر حیزبی به‌عسدا گرت، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حمه‌د حەسه‌ن به‌کری لاواز کرد. سوپایه‌کی پڕچه‌کی مۆدرێنی بۆ جینۆسایدکردنی کورد پێک هێنا.
دوای 4 ساڵه‌که، سه‌دام حسین جێگری سه‌رۆک کۆماری عێراق له سیناریۆیه‌کی تردا، ناوەرۆکی بەیاننامەی ئازاری 1970 یان جێ بە جێ نەکرد، لە دوای 11ی ئازاری 1974، شەڕ بەرپا بوەوە.
نه‌خشه‌ی رێکه‌وتن نامه‌ی 11- ی ئازار ی 1970ی سه‌دام و حیزبی به‌عس سیناریۆیەکی پڕ له پیلان و بەرنامەو نه‌خشه بۆ داڕێژراو بوو، زنجیرەیەک سیناریۆی جیاجیای ره‌گه‌ز په‌رستانه‌ی چه‌ق به‌ستوو بوو، له گه‌ڵ داوا کارییه سه‌ره‌تاییه‌کانی کوردا یه‌کیان نه‌ده‌گرته‌وه. لە کاتی رێکەوتنی بەیانی 11ی ئازاری 1970ی نێوان سەدام و بارزانی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و ئەمەریکا جۆرە هاوکێشەیەکی دروست کردبوو. عێراق سەر بەیەکێتی سۆڤیەت و ئیران و تورکیاش سەر بە ئەمەریکابوون. ئەمەریکا و ئێران لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان لە 1972تا 1974 هاوکاری بارزانی یان کرد.
هێنری کیسنجەر لە یاداشتەکەیدا وتویەتی؛ لە 18ی شوباتی 1975 شای ئێرانم لە زیورخی سویسرا بینی و پێی وتم: بە نیازم لە گەڵ سدام حسین رێبکەوم،گومان دەکەم و دەترسم بە هۆی کێشەی حکومەتی عێراق و کوردەوە، کێشەی کورد ببێ بە کێشەیەکی نێودەوڵەتی، بگات بە نەتەوە یەکگرتوەکان، بەمەش کێشەی کورد لە ئێران سەرهەڵدەداتەوە.
کیسنجەر دەڵێ؛ بە (شا )م وت: بەم رێکەوتنەتان کورد دەروخێنن. کیسنجەر هەواڵەکەی گەیاند، بە جیرڵد فۆردی سەرۆکی ئەمەریکا. لە 1975دا ئەمەریکاو ئیران بۆئەوەی لە سەدام و عێراق نزیک ببنەوە، یارمەتیەکانیان لەکورد بڕی و شای ئێران، ناوەرۆکی رێکەوتنی جەزائیری بەسەر بارزانی دا سەپاند.
له6ی ئازاری 1975رێکه‌وتننامه‌ی جه‌زائیری له نێوان سەدام حسینی جێگری سەرۆک کۆمار و محه‌مه‌د ره‌زا ی پەهلەوی شای ئێران و هه‌واری بۆمەدیەن سه‌رۆکی کۆماری جه‌زائیر له جه‌زائیر جێ به‌جێ کرا، ئه‌نجامه‌که‌ی به ئاش به‌تاڵ و بێ هیوایی و ترس و گومان و چاره‌نووسێکی نادیار بوو.
شۆرشی ئەیلوول لە 1961- تا 1970، داوی 15ساڵ ئەنجامەکەی هەرەس بوو، سوپای عیراق و ئەمن و ئیستیخباراتی گەیاندە هەموو سنووی نیشتمان، بۆ کۆمەڵکوژی کورد و خاپورکردنی گوندەکان و گواستنەوەی جوتیارەکان بۆ ئۆردوگاکان.
له 1976 تا 1988، شۆڕشی نوێ دوای 13ساڵ ئەنجامەکەی ئەنفال و کیمیا بارانی هەڵەبجەو گوندەکان و خاپوورکردنی نیشتمان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان بوو.
لە ئازاری 1991راپەرین بەرپا بوو، نیشتمان ئازاد کرا، دوای ڕاپه‌رین هەموو کورد لە هەموو شارەکانەوە ئەنجامەکەی،کۆچ و رەو بوو بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا. لە 1992 کورد لە دوای هەڵبژاردنی په‌رله‌مان و حکومه‌تی هەرێمی کوردستان هیوایان به ژیانێکی نوێ بوو، مافی هەموو تاکێکی کورد له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کورده‌وه بۆ دابین بکرێت.
ئه‌وه 33ساڵه کورد رووبه‌رووی نه‌هامه‌تیی تراژیدیای سه‌رانی کورد بوونه‌وه، تا ئێستا تاکی کورد مافی هاوڵاتی بوونی نی یه. ده‌سه‌ڵاتدارانی عیراقی عەرەبی و کوردی، دوور له ده‌ستوورو یاسا‌و رێسا کورد دەچەوسێننەوە.
ئەزمونی ده‌وڵه‌تی عێراق لە 1920تا 2024 لە ماوەی ( 104)، ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی عێراقی عەرەبی سونە، کۆماری عیراقی عەرەبی سونە، عێراقی نوێی عەرەبی شیعە، حکومەتی هەرێمی کوردی کوردستانی، هیچ کامیان نوێنەری مافە سەرەتاییەکانی کورد نەبوون.
سه‌رچاوه: عه‌بدوڵڵا که‌ریم مه‌حمود، ره‌شه‌بای ژه‌هرو ئه‌نفاڵ، به‌رگی دووه‌م .ل 16.آ
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
-
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر – بەشی دووەم.
- -
عه‌بدوڵا که‌ریم مه‌حمود: له قۆچکه تاشییهوه بۆ حه‌فر.
- -
عەبدوڵا کەریم مەحمود: مه‌رگی خانه‌واده‌یه‌ک.
- All Posts