شێرزاد شێخانی: سیاسەتی سەگەکەت برسیکە دوات ئەکەوێ!
نازانم کام ئەولادی شەیتان ئەم دەستەواژەیەی خستۆتە ناو فەرهەنگی سیاسەتەوە کە لەهەموو سەردەمەکاندا بووەتە دروشمی سەرەکی دیکتاتۆرو رژێمە ستەمکارەکانی دونیاو ژیانی میللەتانی بەدەستیانەوە خستۆتە نەهامەتی و زوڵموزۆرداری و بێبەشکردنیان لە سادەترین مافەکانی ژیان کە قووتی رۆژانەیانە. لەلای خۆشمان دەسەڵاتی پارتی وەک دەسەڵاتێکی عەشایەری دواکەوتووی قەتیسماوی سەدەکانی ناوەڕاست بە هەمان عەقڵییەتی میکیافیلی بەسەرچووی دەیان سەدەی بەر لەئێستا هەمان ئەم سیاسەتی برسیکردنە پەیڕەو دەکات!.
لەو سەردەمەی کە ملیاران دۆلاری بەغدا دەڕژایە ناو خەزینەی حکومەتی هەرێم دوای رووخانی صەدام و تا ساڵی 2014لەسەر ئەو سیاسەتە بە چەندین شێوە بەردەوامبوون، بەهەموو قەناعەتەوە باوەڕیان وابوو کە ئەوەی ئەیکەن سیاسەتێکی سەرکەووتوانەیە بۆ پاراستنی رژێمە دواکەوتووەکەیان.
ئا لەو سەردەمی پارە بارینەدا، نەیانویست کێشەی سی ساڵە کارەبای هەرێم چارەسەر بکەن، نەیانتوانی وەکو سەرمایەدارێکیش وێستگەیەکی کارەبا بە 400 ملیۆن دۆلار دروست بکەن و پایتەختەکەیان لەکێشەی کارەبا رزگار بکەن!.
خۆیان و داردەستەو کۆیلەو گەندەو مەندەکانیان لەرێگەی سەدان و هەزاران پڕۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون کردە ملیۆنەرو ملیاردێرو خەڵکی ڕەسەنی شارەکانیشان بێبەشکرد لەکەمترین جووڵەی بازرگانی وپڕۆژەکان بەمەش زۆربەیان مایەپووچبوون و خۆشیان دەوڵەمەندکرد!.
یاری بە قووتو مووچەی هاوڵاتیانیان کرد، مووچەیەکی زۆر کەمی نەژی نەمردنیشیان بە مووچەخۆران ڕەوا نەبینی و دەستیان بۆ قووتیان برد جارێک بەناوی پاشەکەوتو جارێک لێبڕین و جارێکیش نەدانی مووچە ، بەمەش سەرجەم مووچەخۆرانیان فەقیرو موحتاج کرد لەکاتێکدا خۆیان لەگەورەترین مووچەو ئیمتیازات بێبەش نەکرد!.
سێکتەری پەروەردەو تەندروستی و ئاوەدانی وخزمەتگوزارییان وێرانکرد، لەبەرامبەردا دەیان و سەدان قوتابخانەو زانکۆی ئەهلی و نەخۆشخانەی تایبەت و سیتی و گوندی نوێیان بە پارەی دزراوی میللەت دروستکرد و بەناوی خۆیانو نەوەکانیان تاپۆ کرد!.
دەیان گوندی ئینگلیزی و ئیتاڵی و ئیسپانی وسەتان سیتی وشوققەیان هەڵساند، بەڵام بە بیست ساڵ نەیانتوانی گەڕەکێکی وەکو هەشتی حەسارۆک ئاوو کارەباو رێگای بۆ دابینبکەن!.
ئەم دەسەڵاتە دواکەوتووە پڕ بەپێستی دروشمە قێزەوننەکەی ( سەگەکەت برسیکە بەدوات دەکەوێ ) زۆر نەفامانە و ناجوامێرانە جێبەجێ کرد. بەڵام ئەوەتا لە نەتیجەی ئەو گێلی و نەفامییە تووشی رۆژێکی ڕەشی وەها بوونە کە هەموو میللەت نەفرەتیان لێبکاو ئاواتخوازبن لەوەی ئێستا زەلیلترو سەرشۆڕتر بن و خۆیان و سیاسەتەکەیان بخرێنە ژێر گلەوە.
شێخەکانی کەنداو هەر یەکەیان زیاتر لەدوو سەد ساڵە حکومڕانی وڵاتەکەیانن. ئەوان میللەتەکانیان تێرکردووە. خانوویان بۆ دروستکردون، ژیانیان بۆ تەئمینکردون، خزمەتگوزاری تەندروستیان بۆ دابینکردون، داهاتوویان بۆ مسۆگەر کردون. ئیدی میللەت کە تێر بوو بۆچی بیر لەرووخاندنی دەسەڵاتێک بکات کە هەموو هەوڵی بۆ خزمەتکردنی میللەتەکەی بێت؟!.
ئەم دەسەڵاتەی پارتی نە شێخایەتیە، نە مەلەکییە، نە جەمهوریە، نە سۆسیالیستە نە کۆمۆنۆیست، نە سەرمایەداریشە، چونکە تەنانەت لەسیستەمی سەرمایەداریشدا دەسەڵات ژیانی میللەتەکەی مسۆگەر دەکات. ئەم دەسەڵاتەی پارتی شتێکە شێوەی نیە لەهیچ سووچێکی دونیادا بۆیە چارەنووسیشی بەشێوەیەک ئەبێ کە وێنەی نەبێ لە دونیادا.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
-
شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
- -
شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- -
شێرزاد شێخانی: قەیرانە دەستکردەکانی دەسەڵات.
- All Posts