ڕێژوان دیاری: ژن و مەترسیەکانی نیولیبڕالیزم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ لەسەرەتای دروست بونیەوە هەتا ئەمڕۆ و وە بۆ داهاتوش، بەردەوام لەهەوڵی گۆڕانکاریدا دەبێت. واتە لەڕووی جەستەیی و ڕوخسارەوە، بەردەوام مەیلی گۆڕانکاری لە ناخیدا گەشە دەکات، بەتایبەتتر ژن ئەمڕۆ بەجۆرێ وەها دەخوازێ، هەردەم جوان و ڕازاوە ببینرێ لە چاوی چواردەورەکەیەوە.
بێگومان ئەم حەزی گۆڕانکاریانەش هیچ خراپیەکی تێدا نیە، ئەگەر بێت و زیاد لە پێویست نەبێت. واتا بەجۆرێ نەبێت بگاتە ئاستێک، زیان بە تەندروستی بگەیەنێت.
وەک دەبینین ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەردەوام بەجۆرێ هەنگاو بەرەو پێشەوە دەنێت کە ژنان زیاتر و زیاتر حەزی گۆڕانکاری ڕوخسار و جەستە تێیاندا گەشە دەکات، هەڵبەت ئەم دیاردەیەش تەنها لە کوردستان بوونی نیە، بەڵکو ئەمە تەوژمێکی جیهانییە، واتە لەجیهاندا ئەم دیاردەیە زۆر بڵاوە، ئەميش سیستمی سەرمایەداریە کە بەشێوەیەکی باڵا دەستی بەسەر تەواوی هەموو کایەکاندا گرتووە، ژن و بونیەتی ژنیش یەکێکە لەوانەی کە ئەم سیستمە ئەیگرتەوە. واتە ژنی وەک مرۆڤێک کە چۆن بیر دەکاتەوە، وەها بڕیار بدات پێی ئەزم ناکرێ. بەڵکو هاتووە کار لەسەر جەستەی ژن دەکات، واتە ژنی کردوە بە “کاڵا”.
هەر ئەمەش وایلێکردووە ژن وەک کاڵا ببینرێ. دەتوانین بڵێین ئەمەش جۆرێکی ترە لە جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، دەکرێ لە هەمان کاتدا دەتوانین بڵێن هەندێ کات ئەمە جۆرێکە لە ستەم کە لە بنەڕتدا ژن بەرامبەر خۆی ئەنجامی دەدات.
بۆچی ئێمە دەڵێن؛ ئەمە جۆرێکە لە ستەم ژن بەرامبەر خۆی دەیکات؟ لەبەر ئەوەی ژن وەک ئەوەی کە بونیەتی هەیە و خوڵقێنراوە خۆی پێ قبوڵ نیە بۆ نمونە؛ دەکەوێتە ژێر کاریگەریەوە و وادەکات هەم چواردەور و هەمیش سیستەمەکە کاری لەسەر بکەن.
ڕوونتر بڵێین ئێمەی ژنان هێشتا نەگەشتوینەتە ئەو خاڵەی هەستی شانازی کردنی خودمان ڕوو لەگەشەکردن بکات، هەمیشە ئەگەر ژنێک لە جێگایەک بیەوێ بوونی هەبێ ئەوە بوونیەتی ژنە کە دەبێ خۆ گونجێن بێت لەگەڵ ئەو ژینگەیە. بەو واتایەی ژنان ڕێگایان داوە کە بکەونە ژێر کاریگەریەوە و ئەوەی کە داخوازی لەسەرە ئەم بێت و وەک ژنێک بۆ بەرامبەری فەراهەم بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت