ڕێژوان دیاری: ژن لەبەردەم ترس و بەرکەوتەکانی ژیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ترس حاڵەتێکی دەرونی مرۆڤە کە هەستی پێ دەکات، یان توشی دەبێت. یاخود ئەو کارەیە کە دەتەوێ ئەنجامی بدەی، بەڵام ناتوانی ئەنجامی بدەی.
هەڵبەت هەر یەکێک لە ئێمە بەدەر نیە لەم هەست و ترسە، بەڵام بێگومان بۆ شکاندن یاخود زاڵبوون بەسەر ئەم هەستەدا پێویستی بە متمانە بوونێکی خودی بەهێز هەیە.
زۆر جار ژنانیش بەدەر نین لەم هەست و بەرکەوتانە ئەگەر بێت و ئێمە بە ورد و درشتی لەم بابەتە بڕوانین دەبینین و بۆمان دەردەکەوێ زۆر جار ئەم ترسە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ هەر یەکێکمان چرۆی کردوە و دەستی بە گەشە کردن کردوە، بەڵکو بگرە لەم دۆخەدا پشکی شێر زیاتر بەر ژنان کەوتوە،چۆن؟!
ئێستا ئەگەر بێین و وردبینەوە لە کۆمەڵگای کوردی دەبینین لەپێشدا لەهەندێک بیرکردنەوەکاندا بەجۆرێ بوو ئەگەر دایکێک خاوەنی سێ چوار کچ بێت و کوڕی نەبێت ئەوا ترسێک لەدڵی ئەم دایکەدا دروست دەبوو، یان ئەوەتا کە دەبێ خۆی ئامادە بکات بۆ تانە و تەشەری چواردەورەکەی، چونکە ئەو چوار کچی هەیە و کوڕی نیە! بەداخەوە کە ئەم دیاردەیە تائێستاش لەهەندێ بیرکردنەوە و جێگا ماوەتەوە و هەستی پێ دەکرێ.
باسمان لەوە کرد زۆرجار ئەم هەستی ترسە لە مناڵییەوە لەگەڵماندا دەست بە گەورە کردن دەکات. واتە من کە ژنم لەکۆمەڵگای کوردی گەورە بووم هەر لە مناڵی کۆمەڵێک ڕێسام بۆ دادەنرێ، بۆ نمونە کەمن بە ڕەگەزی مێ لەدایک بووم، تەواو ئیدی ئەبێ زۆر ئاگاداری ئەوە بم بزانم کە نابێ هەرکاتێ چۆن بخوازم وەک براکەم هەڵسوکەوت بکەم، یاخود ملکەچی هەموو داخوازیەکی هاوسەرم بم و دەبێ زۆر جیاواز و خانمانە و شەرمنانە هەڵسوکەوت بکەم. دەبێ بە وریاییەوە هەنگاو بنێم و پێ لەسەر هێڵە سورەکان دانەنێم، چونکە ئیدی بەفکری پیاو سالاریانەی کۆمەڵگا من سنوری شەرم و خانم بوونم تێپەڕاندووە، چەندان دیاردە و خاڵی تر بوون بە مۆرکێک لەسەر منی ژن کە گوایە خانم بوونی من دەپارێزن لە هەر ئەگەرێکی نەشیاو کە ڕووبەڕووم ببێتەوە.
هەر بەڕاست ئەم فکر و ڕێسایانە لەکوێ و چۆن سەرچاوەی گرت بۆ منی خانم؟!چۆن بەو جۆرە بە دیاریکراوی لەسەر من چەسپا؟!
ئەم هەستە وات لێدەکات هەمیشە ئاگادارت دەکاتەوە لەوەی کە نابێ تۆی ژن دەنگت لە ماڵەکەت بچێتە دەرەوە، هەرگیز نابێ دەنگت لە ئاستی براکەت یاخود هاوسەرەکەت بەرزتر بکەیتەوە، چونکە خانم بوون واتا بوونی شەرم و حەیا…
دکتۆرە نوال سعداوی نوسەر و داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ سەبارەت بە ترس دەڵێ: ترس بریتییە لە نەخۆشییەک کە ڕێگرە لە داهێنان و بلیمەتی.
خانمی جوان گرنگترین شت لەم دۆخەدا پێویستی بە ئاستێکی ڕۆشنبیری بەرز هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم هەستە بۆ ئەوەی بتوانی نمونەیەکی جوان بیت بۆ خۆت، پاشان جێهێشتنی نەوەیەکی تەندروست باش و ئاست بەرز لەدوای خۆت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت