ڕێژوان دیاری: ژن لەنێوان غیرەکردن و شانازی کردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

غیرەکردن هەستێکە، یان ترسێکە لە مرۆڤدا بونی هەیە بەرامبەر کەسێک کە هەوڵی داگیرکرنی شتێکی دابێت کە لە بنەڕەتدا هی تۆیە یاخود تۆ بەهی خۆتی دەزانی، هەندێ جاریش ئەگەر ئەم غیرە کردنە لە ڕادەیەکی زۆردا بێت بەپێی توێژینەوەکان دەگوترێ دەچێتە حاڵەتی نەخۆشی دەرونی یاخود دەوترێ ئەم کەسە (مرۆڤێکی دەرون نەخۆشە).
ئاستی غیرەکردن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێ، زۆرجار لێرە و لەوێ بەرگوێ دەکەوێ دەڵێن؛ ژنان زۆر زیاتر بەراورد بە پیاوان غیرە لەیەکتر دەکەن، یان دەگوترێ چاویان بەیەکتر هەڵنایەت، هەر بەڕاست با بپرسین ئەم بیرۆکە چەق بەستووە لە کوێ و چۆن سەرچاوەی گرتووە؟
یاخود ئەوەی دەگوترێ هیچ بنەمایەکی زانستی لە پشتەوەیە، یان ئەمە قسەی سەرزارەکییە و لەبیرێکی چەق بەستوی پیاو سالاریەوە سەرچاوەی گرتوە، کە لەم نیشتیمانە هەستی پێدەکرێ و دەبینرێ. بۆیە دەڵێین؛ بیری پیاو سالاری، چونکە زۆربەی کات ئێمەی ژنان لە پیاوەکانەوە بەر گوێمان دەکەوێ و دەبیستین و بە شێوەیەکی تەنز ئامێز و توانجەوە دەڵێن؛ ئێوە چی دەخوازن! ئێوەی ژنان جارێ سەرەتا دوانتان لەسەر بڕیارێک هاوڕا بن و یەکتریتان قبوڵ بێت، پاشان لە ڕەگەزی بەرامبەر و چواردەورتان بخوازن، یاخود ڕازی ببن.
ئەم دیاردەیە بەجۆرێ تۆخ بۆتەوە ئێستا ئەگەر منی ژن، سەرکەوتنەکانی هاوڕێ ژنەکەم ببینم، ستایشی بکەم و شانازی بوونی خۆمی بۆ دەربڕم، دوبارە لای ئەو جۆرە کەسانەی باسمان کرد، گومانێکی وەها دروست دەکات؟ دەڵێن؛ نا ڕاست نیە، بڕوا بکەن ئەوە لە دڵەوە نیەو هەمووی جۆرێکی ترە لە غیرە کردن، بەڵام بەو جۆرە دەری دەبڕێ. خۆی لە بنەڕەتدا بونی ئەم حاڵەتە نەخۆشییە وەک سەرەتا ئاماژەی پێدرا، ئیدی لە هەر ڕەگەزێکدا بونی هەبێت.
لێرە قسەکە لەسەر ئەوەیە بە چ ڕێسا و پێوەرێک ئەم فکرە و ئەم بڕیارە لەسەر ژن درا، هەر بەڕاست پێت وانیە ئەمیش جۆرێک بێت لە جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان.
هەمیشە ئەڵێین؛ ئەوەی گرنگە شانازی کردنی منە، ژنە بە خۆمەوە لە هەر پلەو بارودۆخێکی ژیاندا بووم، پاشان بەرز نرخاندی بون و ماندوبونی هاوڕەگەزی خۆم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت