دووبارە بوونەوەی نەهامەتییەکان ” کێ لێی بەرپرسە ؟ .. ئارام قزلەریی .

ئێمەی گەلی کورد دەرفەتی زۆرمان بۆ ڕەخسا بۆ ئەوەی جارێکی تر ، دوژمنانی گەلەکەمان زاتی ئەوە نەکەن یاری بەچارەنوسمان بکەن.

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩٠ وە دەکرا هێزە کوردیەکان هەنگاوەکانیان بەئاراستەی بنیادنان بوایە ، لەیەکخستنی هێزی پێشمەرگەوە دەستیان پێ بکردایە. بۆئەوەی هەم گەلەکەمان و هەم ئامانجەکانی لەمەترسی زیاتر بیان پاراستایە.

زۆر بەداخەوە ئەوە نەکرا ، بەڵکو هەر لایەنەو بۆ بەهێز کردنی خۆی ” کەوتە دژایەتی کردنی ئەوی ترو شەڕی ناوخۆ و کەسپکردنی پانتایی دەسەڵات و کۆکردنەوەی دارایی زیاتریان کردە ئامانج .

هەڵمەتی هێزەکانی ئەمەریکا بەپشتیوانی کورد بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەدام ، هەلێکی زێرین بوو لەبەردەم کوردا بۆ یەک لایی کردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تر ، ئەمەشیان کرد بەقوربانی حیزبایەتی.

لەبنیادنانی عیراقی نوێدا ، کورد دەوری سەرەکی و یەکلایی کەرەوەی هەبوو ، دەکرا بەشداریکردنیان بەمەرجی مافەکانی کورد بوایە، ئەویشیان کرد بەقوربانی پلەوپایەو بودجە.

لەدوای ڕووخانی سەدامەوە هێزەکانی شیعەو سونە لەسەر دەسەڵاتی عیراق کێشەکانیان گەیاندە ئاستێک مرۆڤ شەرم بکات بڵێت من لەعیراقێکدا دەژیم مرۆڤایەتی بەئاستی بەزەیی هاتنەوە پێشێل بکرێت ، کورد بووە هەوێنی یەکگرتن و کۆتایی هێنانی کێشەکانیان ، دەکرا لەو هەلەدا کورد پیلانی بۆ خۆئامادەکردنی کوردستانی سەربەخۆ و گەرانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان ببوایە . . ئەویشیان کردە قوربانی عێراقێکی یەکگرتوو ..

کورد لەبەغداد لەهەوڵی یەکڕیزی ماڵی عەرەبی دا.. ، لەوێ پیلانیان بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ دادەڕشت ، کەچی لەکوردستان بەپێجەوانەوە ” هەوڵەکان بۆ ناڕێکی ماڵی کورد بوو ، مافی مرۆڤ بەجۆرێک پێشیل کرا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جیهانی ( هیۆمان رایس وۆچ ) ی هێنایە قسە.

لەجیهانی پێشکەوتوودا ئەنجومەنی پیلاندانان، مەرجی سەرەکییە، بۆ گەیشتن بەوەی لەوەبگەین چی بکەین، لەکوردستان حیزبەکان تەنها پیلانیان بۆ کۆکردنەوەی زیاتری دارایی و هێزی سەربازیی حیزبی هەبووەو هەیە.

لە کاتێکدا هەموو درک بەوە دەکەین کە بارودۆخی نێوان هەرێمی کوردوستان و حکومەتی ناوەند ئاڵۆزەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو گرژ بونەوەی زیاتر هەنگاو دەنێت.

بەغداد ڕۆژ بەڕۆژ خۆی پتەودەکات لەسەر ناڕێکی ماڵی کورد ، ئەوان ململانییە حیزبییەکانیان کردۆتە قوربانی چارەنوسە گشتیەکان، هێزە کوردییەکان تازە بەتازە لەسەر بەرژەوەندیەکانیان درزی نوێ و دابڕانی نوێ بنیاد دەنێن!.

کورد لەتەوەرێکدا دەخولێتەوە وەک سەرەتای نەوەدەکانە!! ، بۆڵە بۆلەکان لەسەر ناڕێکی کوردو بەرژەوەندییەکانی باڵای کوردستان نییە ، بەڵکوو خۆزگە حیزبیەکان باشترو جوانتر دەبینرێت لە خۆزگە نیشتیمانییەکان . هەر حیزبەی لەهەوڵی کۆکردنەوەی دارایی گشتیدایە بۆ قەڵەوکردنی خۆی ، لەهەوڵی پتەوکردنی هێزی جەکداری خۆیدایە! ، لەهەوڵی پەیداکردنی پشتی دەرەکی دایە !. کەس لەخەمی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتماندا نییە .. جگە لەدەسەڵات کەس لەڕەوشی نادیاری هەرێمی کوردستان بەرپرسیار تر نییە .. بۆیە دەبێت تا کار لەکار نەترازاوە سەرکردایەتی کورد! وردترو ژیرانەتر بڕوانێتە مەسەلە چارەنوس سازەکانی گەلەکەمان و ماڵی کورد نەکەنە قوربانی ماڵی خۆیان.

ببن بە هاوڕێمان لە نوێترین بەشماندا لە فەیسبوک

وتاری کورد، ڕۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی ئەهلی سەربەخۆ و ئازادە


This will close in 30 seconds