دکتۆر کەمال میراودەلی : چەمکی [دایەلۆگ] لە نێوان چەواشەکاریی دەسەڵات و میکانیزمێکی عەقلانی بۆ دامەزراندنی کۆمەلگای شارستانی دیمۆکراتییدا .

پێشەکی

زۆر چەمکی سیاسی گرنگ هەن کە لای ئێمە تەنیا وەک دروشمی بۆش و وتەی بێ مانا بەتایبەتی لای سیاسییەکان بەکار دێن چەند جار وشەی وەک دایەلۆگ ، دیمۆکراسی ، دەستوور ، دەزگا هتد دووبارە دەبنەوە بەبێ ئەوەی هیچ بگەیەنن یان هیچ لە هیچ بگۆڕن .

ئەم چەمکانە مێژوویەکی دوورو درێژیان هەیە و لای گەلانی پێشکەوتوو دەمێکە لەگەڵ نەک تەنیا فەلسەفە و پراوەی سیاسەتدا بەلکو لەگەڵ بیرکردنەوەو ژیانی رۆژانەشیاندا تێکەڵ بوون و بوونە بەشێک لە چارەسەری عەقلانی بەکۆمەلی دەزگایی کێشەکانی کۆمەل و سیاسەت

واتە ئێمە لە سفرەوە دەستپێناکەین . هەموو ئەو گرفتانەی هەمانن هەموو گەلانی دیکە هەیانبوون، پرۆسەو ئەنجام ، دەرد و چارەسەری لە بەر دەستماندان . بۆ دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی ولات و پاشەرۆژ ، گەورەترین و بە دەسەلاتترین و تەکنۆلۆجیترین کۆمپانیای دنیا دێنن ، بۆ دروستکردنی ئینسانیش ، نا بۆ دارزاندن و دواخستنی ئینسانی کوردیش ، گەندەڵترین و دڕندەگەرترین رێبازی فروفێل و ساختەچێتی و چەواشەکردن بەکاردێنن .

ئەمرۆ دەتوانین باشترین بیرو زانستی دنیا ، باشترین تەکنۆلۆجی دنیا ، باشترین زانکۆی دنیا ، باشترین خەستەخانەی دنیا ، ىاشترین کارخانەی دنیا بێنینە کوردستان و هەموو روالەت و لایەنەکانی ژیانمان زانستیی و تەکنۆلۆجیی بکەین . بەلام دیارە دەسەڵات ئەمەی ناویت ، بۆ خۆی کارخانەی دزیی و داگیرکردن و خاکفرۆشتن و مردندروستکرنەو بەس .

زۆرمان رەخنە گرتووەو دەگرین. زۆریشمان بیرو پرۆژەو پێشنیازی چاک و دروستکەر پێشکەشکردووە کەڵکی نەبووە . بەلام هەر دەبێ بەردەوام بین ، وەک ئەو دلۆپە ئاوەی کە بە بەردەوامی خۆی بەردو ئاسن کون دەکات . ئەو دیوارانەی دەسەلاتیش کە دەمێکە درزبردوو-و ناوبۆش بوون حەتمەن دەتەپن .

لەمرۆ بە دواوە ئەو چەمکە زانستییانە روون دەکەمەوە کەگەلان لە پرۆسەی پێشکەوتندا گەڵاڵەیان کردوون و ئێستا بە ئامادەیی و زانستیی و پراکتیکی لە بەر دەستمان دان ، ئیدی بۆ بە بیرکراوەیی ، دلسۆزیی و دروستی بۆ چارەسەری کێشەکانی خۆمان بە کاریان نەهێنین ؟ ئەمە پرسیارێکە بۆ دەسەلات ، بۆ حکومەتی هەرێم و سەرۆکەکەی ، بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ، بۆ پەرلەمان و بۆ رووناکبیران و رای گشتی ؟ .

هیوادارم ئەم چەمکانەو روونکردنەوەی پێشینەی زاراوەیی و چواچێوەی تیۆریی و ڕێبازی پراتیکی بەکارخستنیان ببێتە هاندەر یەکەم : بۆ دەستپێکردنی دایەلۆگ و گفتوگۆ بۆ زیاتر تەواو کردنیان و ٢. بۆ دروستبوونی کۆدەنگی یان فشاری جەماوەریی بۆ کەڵکلێوەرگرتن و بەکارهێنانیان بە شێوە و ستانداردە زانستییە تاقیکراوەکانیان .

١. دایەلۆگ و دەسەڵات .

دەسەلاتی گەندەڵ ئەو کاتە دایەلۆگی بەبیر دێتەوەو باسی دەکا کە بەرەو رووی نارەزاییەک یان ئۆپۆزیسیۆن دەبێتەوە . لە ماوەی رۆژانی راپەرینی شوباتی ٢٠١١ زۆر باسی دایەلۆگ و چارەسەری گرفتەکانیان بە دایەلۆگ دەکرد. کە هەرایەکەی بادینانیش لەگەڵ یەکگرتوو روویدا ، ئەو کات نیچێروان بارزانی سەرۆکایەتی حکومەتی وەرنەگرتبۆوە لە ئەمریکاوە ئەم پەیامەی لە فەیسبووکەکەی خۆی بلاو کردەوە کە جەختی لە سەر پێویستی بەکارهێنانی دایەلۆگ بۆ چارەسەری کێشەکان دەکرد . ئەمە دەقی قسەکانی خۆیەتی :

[[[[ “من رووی قسەم ئاراستەی پارتەكانی دەسەڵات و برایانم لە ئۆپۆزسیۆن دەكەم ، كە كاتی ئەوە هاتووە پابەندی دیالۆگی نیشتیمانی بین و هەموو كێشەو گرفتەكان لەوێ‌ باس بكەین . نابێ‌ جیاوازی سیاسی ببێتە هۆكاری تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی ، چونكە هەرێمی كوردستان جێگەی سەرجەم ئایین و نەتەوەكانی تێدا دەبێتەوە . دڵنیاشم بەبێ‌ هاوكاری و پاڵپشتی هەموولایەك كێشەكان چارەسەر ناكرێن و ناتوانین تەبایی بپارێزین . هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی زیاتر زووتر دەمانگەیەنێتە ئامانجە پیرۆزەكان و وەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان .” فەیسبوکی نێچیروان بارزانی . ٧/١٢/ ٢٠١١

لەم کۆبوونەوەی دوایی کاک نێچیر و د. بەرهەم – یش لەگەل سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن باس هەر باسی دایەلۆگ و میکانیزمی دایەلۆگ [وتووێژ، گفتوگۆ] بوو .

پرسیارەکە ئەوە یە :

١ بۆ دەساڵ زیاترە باسی دایەلۆگ دەکەن و هیچی لێ شین نەبۆتەوە ؟ ئایا هەر ناوەکەی دەزانن و ناوەرۆکەکەی نازانن و وەک جاهیلێلک ئەم ناوە بەکاردێنن ؟

٢. یان ، بەلێ دەزانن دایەلۆگ چییە بەلام درۆ دەکەن و تەنیا بۆ هەڵخەڵەتاندن و کاتکوشتن ئەم چەمکە بەکاردێنن ؟

وەلامی ئەم پرسیارە بۆ خۆیان و خەلک ومێژوو جێدێڵم . بەلام وەلامەکە هەر چێ بێت ئەوا لێرەدا چەمکی دایەلۆگ وەک یەکێک لە تەکنیک و پرۆسەی چارەسەری زانستی مەدەنی دیمۆکراسی کێشەکانمان روون دەکەمەوە

٣. دایەلۆگ چییە ؟

1. دایەلۆگ گفتوگۆو راوێژی عەقلانییە

١.١ دایەلۆگ وشەیەکی لە بنچینەدا یۆنانییە کە بریتییە لە

diálogos. لە dia-, -logue

پێکهاتووەلە : دایە : واتە دوو، و لۆگ واتە قسە یان ئاخاوتن.

دایەلۆگ واتە : دوو لایی ، دوو لۆیی دوو – وان یان ئاخاوتن .

وەک زاراوەی باو : بریتییە لە ١.گفتوگۆکردن لە نێوان دوو کەس و لایەن یان زیاتر

٢. باسکردنی کێشەکانی کۆمەل و ولات لە رێگای ئالوگۆڕی ئازادی بیروباوەرو بۆچوونی جیاوازەوە لە هەر سەردەم و کاتیكدا پێویست بێت بۆ دروستکردنی هوشیاریی تاک و گشتی و بەشداری جەماوەری و گەیشتن بە هاودەنگی یان کۆدەنگی یان چارەسەری عەقلانی کێشەکان لە رێگای کەمپەینی جەماوەریی و پرۆسەی دەستووریی ودیمۆکراسییەوە .

گرنگی گتوگۆ لە زمانی کوردییدا لەو هەموو ووشەو زاراوانە دەردەکەوێ کە بۆ دەرخستن و دامەزراندنی عەقلانیی و کۆمەڵایەتی ئەم مەبەستە هەمانن :

دووان ، گفتوگۆ ، وتووێژ ، دانوستاندن ، پێکڤەپەیڤین ، ئاخاوتن ، راوێژ ، ئامۆژگاری ( کردن و وەرگرتن ) ، پرس ( پێکردن ) ، قسەلەگەڵکردن ، جڤین ، پێکەوەدانیشتن ، لێکتێگەیشتن ، قەناعەت ( پێکردن ، پێهاتن ) ، گوێگرتن ، لێکحاڵیبوون . دیارە زۆر وشەو دەربرینی دیکەشمان لە دایەلێکتە زۆرو دەوڵەمەندەکانی زمانەکەماندا هەیە .

ئەم مانایانە لەگەڵ هەموو ئەو واتایانە یەک دەگرنەوە کە ماناو میکانیزم و دامەزراوەکانی دووان و پێکەوە قسەکردن و راویژکرن دەگرنەوە و جەخت لە سەر سروشتی تایبەتی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی قسەکەر یان زیندەوەرێکی کۆمەلایەتی هۆشمەند ( وەک ئەرستۆدەلێ ) دەکەن .

پەرلەمان :

parlaiment

وەک وشەی (پەرلەمان) کە ئەویش بە مانای قسەکرن دێ و بنچینەکەی کرداری

parle, perle

فەرەنسییە بە مانای قسە دەکا ، دەردەبڕێ ، گفتوگۆدەکا و ناوەکە پەرلەمان

Parlee-ment

مانای قسەکردن یان جڤینیکە بۆ قسەو گفتوگۆ یان کۆنفرانس

کۆنفرانس

Conference

وشەی کۆنفرانسیش وەک ( کۆنفرانسی حیزب یان رێکخراوێک) ئەویش لە کرداری

conferre

ی لاتینی وەرگیراوە کە بە مانای کۆبوونەوەو راوێژکردن دێ

شورا ( الشوری )

هەموو ئەمانە لەگەڵ وشەی شورای عەرەبی و ئایەتی”

سورەتی الشورى : ئایەتی 38{ وأَمرهم شورى بينهم}

واتە : خوداوەند فەرمانی پێداون راوێژ لە نێوان خۆیاندا بکەن . یەک دەگرنەوە .

خاڵی هاوبەش :

هەموو ئەم مانایانە تایبەتمەندیی مرۆڤ دەردەبڕن : وەک بوونەوەرێکی هۆشمەند کە دەتوانێ لە رێگەی قسەو گفتو گۆوە هەم رێزی راو بۆچوون و مرۆڤایەتی یەکتر بگرن و سوود لە بۆچوون و ئەزموونی و عەقلی جیاوازی یەکتر وەربگرن ، هەم بتوانن کێشەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتی و عەقڵانی چارەسەر بکەن .

١.٢ ئازادیی بیرو بوونی جیاوازییەکان مەرجی دایەلۆگە 

بە حوکمی تەمەن ، بە حوکمی ئەزموون ، بە حوکمی رادەی فێربوون و پلەی زانستی و تێگەیشتنی جیاواز ، بە حوکمی بەرژەوەندی جیاواز ، بە حوکمی جیاوازی نێوان نەوەکان ، بە حوکمی ئەوەی کە مرۆڤ لەگەڵ لە دایکبوونیدا خاوەنی هوشیاری نییەو دەبێ بە پرۆسەی بەخێوکردن و پەروەردەکردن و فێربووندا تێپەرێت ، بە حوکمی جیهانیبوون و گۆڕانە بەردەوامکەنای دنیا ، هتد مرۆڤەکان بیرو رای جیاواز و تێگەیشتنی جیاوازیان بۆ شتەکان هەیە و دەبێت . گەر جیاوازی و ناکۆکی بیرو را نەبێت پێویستیش بە دایەلۆگ و دانیشتن و شورا نابێت .

بۆیە بوونی ئازادیی بیرو راو ده‌ربڕین و میدیا مه‌رجێکی جه‌وهه‌ری بوونی دایه‌لۆگه‌ له‌ ئاسته‌ جیاوازه‌کانی کۆمه‌لگادا . دایه‌لۆگ په‌ره‌دپۆشکردن و پینه‌کردن و پانکردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌کان نییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ته‌وافوقێک کە لە سەر بنەمای خۆدزینەوە لە گرفتەکان یان دواخستنیان یان کپکردنی ناکۆکییەکان دامەزرابێت . ناکۆکی هەر هەبووەو هەر دەبێ و هەر دەبێ ببێت . ئەمە جەوهەری پرۆسەی سروشت و ژیانەو مەرجی پێشکەوتن و نەوەستانە. رۆحی دایه‌لۆگ دایه‌له‌کتیکه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ کۆدژیی ، له‌ده‌رخستنی جیاوازییه‌کان و ناکۆکییه‌کان تا ئه‌وپه‌ڕی و رێزگرتن و پشتگیریکردنی یه‌کێتی جیاوازییه‌کان وه‌ک جه‌وهه‌ری دیمۆکراسی و دینامۆی پێشکه‌وتن

١.٣ سیاسەت هونەری بەکار‌هێنانی دایەلۆگە

کەواتە سیاسەت بە پرینسیپ و میکانیزمەکانیەوە ، مانای هونەری بەکارهێنانی دایەلۆگە بۆ چارەسەری کێشەو دامەزراندنی تەبایی و پێشکەوتن . دایەلۆگ دەبێتە هۆی دروستکردنی رای هاوبەش ، بۆچوونی هاوبەش ، چارەسەری هاوبەش ، ئەمانەش بۆ ئەوەی ببنە بنەمای پێشکەوتن و تەبایی و سەقامگیری لە یاسادا جێیان دەبێتەوە . بۆیە پەرلەمان وەک شوێنی دایەلۆگ و راویژو دیبات و بیرورای جیاواز ، شوێنی شیکردنەوەی گرفتەکان و دروستکردنی چارەسەرییەکان و دانانی یاساکانیشە . ئەم پرۆسە شورایی دیمۆکراتی و یاساسازییەیە کە کۆلەکەکانی کۆمەلگای شارستانی ئاشتیدارو سەقامگیرو عەقلانی دروست دەکا

١.٤سەرەتای دایەلۆگ پێناسەیە

بۆ ئەوەی باسی شتێک بکەی ، گفتگۆی دەربارە بکەی، بگەیتە ئەنجام دەربارەی ، دەبێ بزانی باسی چی دەکەیت . بە بێ ئەمە کات بە فێرۆ دەرواو ئاخاوتنکاران لە ناو بازنەیەکی بۆشدا دەخولێنەوە، یەکتر ماندوو یان چەواشە دەکەن، کات دەکوژن ، دەرفەت لەدەست دەدەن ، بەلام بە هیچ ئاکامێک ناگەن . پێناسەکردنی گرفتەکەو دەستنیشانکردنی وردی خاڵەکانی جیاوازیی و ناکۆکییی سەرەتای پێویستی دەستپێکردنی دایەلۆگە . بۆیە هێچ جڤینێک بە بێ [کارنامە] ی گفتوگۆ یان [ئەجندا] سەرناگرێت . پێناسە یانی تایبەتیکردنی ئەوپەری بابەتی باسە ، خۆدوورخستنەوە لە پێانسە هەلاتنە لە دایەلۆگ و رووبەرووبوونەوەی ئەرژی گەران بە دوای راستییدا . ئەو دایەلۆگەی کە ئاخاوتنکاران وسەدەکەن بە بێ ئەوەی بزانن باسی چی دەکەن یان لێکحاڵیی بنن پێی دەوترێ : دایەلۆگی کەڕان .

١.٥ کۆمەلگای مەدەنی کۆمەلگای دایەلۆگی کراوەیە

کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی مرۆڤیی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه‌ که‌ ده‌توانێ هه‌موو گرفت و کێشه‌و بنبه‌سته‌کانی له‌ رێگه‌ی عەقڵ و دایه‌لۆگ و یاسا‌وه‌ چاره‌سه‌ر ‌ بکات. بە پێچەوانەوە کۆمەڵگای بەربەری یان خێلەکی یان سیستمی دیکتاتۆری راستییەکان دەشارێتەوە وچارەسەرییەکان بۆ قسەو بۆچوونی کەسانی دەسەلاتدارو سەرۆک و میرەکانی جەنگ دەهیڵیتەوە.

١.٦ دایەلۆگ پێویستی بە سەکۆی یەکسان هەیە

فه‌راهه‌مکردنی یه‌کسانی ده‌رفه‌ت و سه‌کۆی یه‌کسان بۆ دایه‌لۆگ مه‌رجی فه‌راهه‌مبوونی دایه‌لۆگی سه‌رکه‌توو – و ئه‌نجامداره‌ . دایه‌لۆگ له‌ شوێنگه‌و روانگه‌ی هێزو له‌ هه‌لومه‌رجی هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌و سه‌رکوتکردن و سزادان و کڕین و ته‌شهیرپێکردندا ناکرێ . دایەلۆگ لە چوارچێوەی ناهاوسە نگی ‌‌هێزدا ناکرێت . دایەلۆگ دەربڕی میکانیزمی هێز نییە ، دەربڕی میکانیزمی عەقڵە بەرامبەر بە هێز ، ئاشتیی بەرامبەر بە هەڕەشەی جەنگ و توندوتیژی ، یەکتر قبوڵکردن بەرامبەر بە هەوڵی پەراوێزکردن و سڕینەوە ، دەرخستن و روونگۆیی (شەفافیەت)بە رامبەر بە شاردنەوەو چەواشەکردن .

دایه‌لۆگ میتۆدو شێوازێکی شارستانییانه‌و عه‌قلییانه و ئەخلاقییانە‌یه‌ که‌ پشت به‌ ئاخاوتن و به‌ڵگه‌و سه‌لماندنی عه‌قڵی و ستانداردی ئه‌خلاقی به‌رز ده‌به‌ستێ و مه‌به‌ستی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ره‌چاو ده‌کا .

١.٧ دایەلۆگ لە هەموو کات و کێشەیەکدا پێویستە 

بێگوێدانه‌ سه‌ختیی هه‌لومه‌رج و قورسیی و ئالۆزیی کێشه‌کان و زۆریی لایه‌نه‌کان و رابردووی کێشه‌و لایه‌نه‌کان و ئاستی رق و دوژمنکاریی ، له‌ هه‌موو کاتێکداو له‌ هه‌موو ئاستێکدا ده‌بێ ده‌ر‌فه‌ت و داوای دایه‌لۆگ به‌ زیندوویی بمێنیته‌وه‌و ده‌رگای دایه‌لۆگ به‌ کراوه‌یی بمێنێته‌وه. هەرشتێک کە لە کۆمەڵ و ژیاندا هەبێت و کاربکاتە سەر ژیانی خەلک بەگشتی یان تەنناەت تویژێکو چەند مرۆڤیکێش ، پێویستە دایەلۆگی دیمۆکراتی دەربارەی ئەو کێشەیە بکرێ و هیچ شتێ بە هیچ بیانوویەکی ئاسایشی نەتەوەیی ، هۆکاری دینیی ، دواکەوتوویی تێگەیشتنی کۆمەلایەتی نابێت تابوو بێت و باسکردنی قەدەغەو یاساغ بێت یان فرامۆش و پەراوێزیی بکرێت ، لە مانە وەک کێشەی ئەیدز ، دەستدرێژی بۆ سەر مێ یان نێر [ زۆراندن ] ، دەستدرێژی سیکسی لە دەزگاکان و رێکخراوەکاندا ، خەتەنەی ئافرەتان، كێشەکانی خۆکوشتنی ژنان و پیاوان ، کێشەی بەکارهێننای مۆبایک وتەکنۆلۆجی نوێ و دەرهاوێشە ئەخلاقییەکانیان ، هتد ئەمانە هەموو کێشەی کۆمەلایەتین کە کار دەکەنە سەر ژیانی هەموو مرۆڤێکی تاک و هەموو کۆمەڵ و پیویستە دایەلۆگ بیانگرێتەوە . هەروەها کێشە رۆحی و فیکرییەکان پێویستییان بە دایەلۆگی بەردەوامە نەک ئامۆژگاری و سەپاندن و تۆقاندن و بێدەنگ کردن .

١.٨ دایەلۆگ مەودای بەشداری سیاسیی هەموو خەڵکە

دایه‌لۆگ ته‌نیا له‌ ئاستی ده‌سه‌لات و حیزبی سیاسی و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کاندا ناکرێ . دایه‌لۆگ ده‌رفه‌تیکی دیمۆکراسییه‌ بۆ به‌شداری هه‌موو توێژو ده‌سته‌کانی گه‌ل له‌ پرۆسه‌ی ده‌ستنیشانکردنی کێشه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌کان و به‌هێزکردنی پرۆسه‌کانی سه‌قامگیریی سیاسیی و ئاشتی کۆمه‌لایه‌تی و به‌هێزکردنی پرۆسه‌کانی پێشکه‌وتن و دیمۆکراسی کۆمه‌لگایی .

دایه‌لۆگ ره‌وشێکی دیمۆکراتیی و چالاکییه‌کی کۆمه‌لگایی مه‌ده‌نییه ‌، ‌ ده‌بێ هه‌موو به‌شه‌کانی کۆمه‌ل تێیدا به‌شدار بن و له‌ هه‌موو ئاستێکدا روو بداو به‌کار بێ : له‌ په‌رله‌مان ، له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ، له‌ سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ، له‌ ده‌زگاکانی حکومه‌ت ، له‌ نیوان ئۆپزیسیۆن و ده‌سه‌لات ، له‌ نێوان به‌شه‌کانی ده‌سه‌ڵات ، له‌ نێوان ئۆپۆزیسیۆن خۆیدا ، له‌ نێوان ده‌سه‌لات و خه‌لک و ئۆپۆزیسیۆن‌ وخه‌لک ، له‌ میدیادا ، له‌ کۆمه‌لگای مه‌ده‌نیداو له‌ شه‌قامدا ، لە قوتانخانەدا ، لە مال و خێزاندا ، لە نێوان هاوریێاندا . تا دایه‌لۆگ زیاتر، به‌هێزتر ، کاریگه‌رتر بێ ، کۆمه‌لگا جوانتر ، دامه‌زراوتر ، یەکگرتووتر ، ئاسووده‌تر و هیوادارتر ده‌بێ . باوەری بە هێزو وزەی مەزنی خۆی دەبێت وبە گەشبیننیەوە بۆ پاشەرۆژ دەڕوانێت .

١.٩ بوونی دەستوور مەرجی پێشینەیی دایەلۆگی خەلک و دەسەلاتە

بوونی دەستوور وەک بنەمایەکی دایەلۆگی خەلک و دەسەلات ، عەقڵ و کردار پێویستە

بوونی ده‌ستووری دیمۆکراسی زامنی ماف و ئازادییه‌کانی خه‌لک و په‌رله‌مانی کاراو دامه‌زراوه‌ دیمۆکراسییه‌کان و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ئازادو میدیای ئازاد و رێکخراو سیندیکای سه‌ربه‌خۆ ، ئه‌و میکانیزم و زامنانه‌ن که‌ ره‌وشی دیمۆکراسی دایه‌لۆگ له‌ کۆمه‌لگادا به‌ چالاکی و کاریگه‌ریی ده‌هێلنه‌وه‌و رێگه‌ له‌ دروستبوونی ناکۆکی سه‌خت و گرێبه‌ند و بنبه‌ستی ئایدیۆلۆجی و سیاسیی ده‌گرن .

١.١٠ دایەلۆگ دەبی کراوەو روون و ئاشکرا بێت لە ئەجنداو پرۆسەو ئەنجامدا و لە ژووری داخراودا ناکرێ

دایه‌لۆگی سیاسی و نوێنه‌ره‌ سیاسییه‌کان ده‌بێ له‌ هه‌موو کاتێکدا کراوه‌و روونکار (شه‌ففاف) بێ و به‌رژه‌وه‌ندی دیمۆکراتی خه‌لک له‌ به‌رچاو بگرێ . دایه‌لۆگ له‌ ژووری تاریک و دانیشتنی داخراودا ناکرێ . ده‌بێ کرده‌وه‌یه‌کی روونکارو خاوه‌ن ئه‌جنداو ئامانج و ئه‌نجامی ئاشکرا بێ . چرپه‌و سرپه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌ی ساخته‌ی سەر تەلەفزیۆنی دوای دانیشتنه‌ داخراوه‌کان زیاتر به‌ پیلان و پروپاگه‌نده‌ دواییان دێت نه‌ک به‌ کردنه‌وه‌ی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و رێگا به‌ستراوه‌کان به‌ کلیلی دایه‌لۆگ

١.١١ دایەلۆگ و دیمۆکراسی دەبێ ببینرێن

دایەلۆگ کردارێکی دیمۆکراتییە دەبێ بکرێ و ببینرێ کە لە هەموو ئاستەکاندا بە روونی و راستگۆیی دەکرێ و لە دەزگاکانی میدیادا پرۆسەکانی بەردەوام نیشان بدرێ و مەودا بۆ بەشداری کاریگەری خەلک بەردەوام ئاواڵە بکرێت . لە ئینگلیزیدا وتەیەک هەیە : دەلێ دیمۆکراسی نەک هەر دەبێ بکرێ بەلکو دەبێ ببینرێ کە دەکرێ . واتە خەلک دەبی بتوانێ بە چاوی خۆی سەرکردەو نوێنەرەکانی لە پەرلەمان و دەرەوەدا ببینێ کە چۆن گفتوگۆ دەکەن و پرسە گرنگەکان روو ن دەکەنەوەو بڕیاری عەقلانیی بەکۆمەل دەدەن و بەپرس دەبن بەرامبەر بە بڕیارەکانیان .

بۆیە هەموو کۆبوونەو کۆنفرانسی حیزبەکانی بەریتانیا لە رێگای بی . بی . سی و کەنالەکانی تریشەوە نیشان دەدرێن . بۆیە کەناڵیكی تایبەتی پەرلەمان بەناوی بی . بی . سی پەرلەمان لە بەریتانیا هەیە کە ٢٤ سەعات لە کاردایەو هەموو کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ، ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران لە پەرلەمان و گفتۆگۆی ئاشکرای لەگەل سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن و وەلامدانەوەی رووبەرووی پرسیارەکانی پەرلەمانتاران و ، کۆبوونەوەکانی کۆمیتەکانی پەرلەمان ، کۆنفرانسی هەموو حیزبەکانی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن بێ جیاوازی ، کۆنفرانسە سیاسییە گرنگەکان ، سیمینارە سیاسییە کان دەربارەی پەرلەمان و دەستوورو حکومەت و سیاسەت و کێشە هەنووکییەکان و رووداوی میژوویی گرنگی پەرلەمان و سیاسەت هتد هەر هەمووی لە سەر شاشەی تەلەفزیۆن نیشان دەدات . ئەمە سەرچاوەیەکی باشە بۆ رۆشنبیرکردنی خەلک و بۆ ئەوانەی دەیانەوێ لە پرۆسەو کاری پەرلەمانی و پرسە دەستووری و یاسایی و سیاسییەکان شارەزا بن و بۆئەوەی دایەلۆگی سیاسیی دیمۆکراتی ببێتە بەشیکی جیانەبۆوەی ژیانی کۆمەلایەتی خەلک و تاک ..

١.١٣ دایەلۆگ بۆ گۆڕینە نەک هێشتنەوەی باری باو بۆیە دایەلۆگی نەوەکان گرنگترین جۆری دایەلۆگە

ناکۆکی هەروەک جەوهەری ژیان وکۆمەلە، هەروا مندالدانی گۆڕان و لە دایکبوونی نوێ یە ، لایەنێکی گرنگی دایەلۆگ دەبێ هەمیشە ئاگادربوون و دەرفەتکردنەوە بۆ گۆرانە نوێکان و هێزە نوێکان و نەوە نوێکان بێت .

دەسەلاتی سیاسی نادیمۆکراتی هەمیشە ئامانجی هێشیتنەوەی باریی باوە (ستاتسکۆ). بۆیە لە دایەلۆگی نەوەکان و هێزە نوێکان دەترسێ و هەمیشە هەول دەدا دەنگ و رەنگ و دەوری گەنجان و نەوەی نوێ پەراوێز بکات . بە پێچەوانەوە لە سسیتمی دیمۆکراتی دەرگا ئاوەڵەیە هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە بۆ پێگەیاندنی هەزاران سەرکردەی سیاسی و رێبەری کۆمەلایەتی و رٶسنبیرییو زانستیی نوێ لە هەموو ئاستەکانداو دایەلۆگی کۆن و نوێ، مانەوەو گۆڕان ، خوێنی تازەو جەستەی ئێکسپایەر هەمیشە لە گۆڕێیە .

بۆ نموونە : پەرلەمانی لاوان لە بەریتانیا گرنگی زۆری پێدەدرێ ، بۆ دایەلۆگ و دیبات ( ئاخاوتنی سیاسی ) دەربارەی کێشەکان هەمان بینایەی پەرلەمان بەکاردێنن و هەمان پرۆسەی پەرلەمانی دایک رەچاودەکەن و سەرکاری پەرلەمان ( سپیکەر ) خۆی هەمان شێوەو پرۆسەی بەرێوەبردنی پەرلەمان بۆ بەرێوەبردنی دایەلۆگەکان گەنجەکان لە پەرلەمانەکەی خۆیاندا بکاردێنێ و کەسانی سیاسی ناودار بۆ ریزگرتن لە پەرلەمانی گەنجان و گەنجان بەشداری دانیشتنەکان دەکەن . بەم جۆرە سەدان کادر و وتاربێژو دایەلۆگزانی نوێ لە ریزی گەنجاندا لەهەموو ئاستێکدا پێ دەگەیەنن

١.١٣ میکانیزمەکانی دایەلۆگ بریتین لە کۆبوونەوە ، سیمینار ، کۆنفرانس ، دایەلۆگی ناو پەرلەمان ، باسکردن و وروژاندنی بابەتە گرنگەکان لە رۆژنامەو تەلەفزیۆنداو رێگەدان بە بەشداری پسپۆران و کەسانی ئاسایی ، سیمینارو چالاکییەکانی رێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی ، گفتوگۆ لە سەر کێشەکان و ئاڵوگٶری بیرو را لە سایتەکاندا ، میدیای کۆمەلایەتی وەک فەیسبووک و یوتیوب ، هتد بەلام دیارە سەرەکیترین شوین بۆ بەرپاکردن و دۆزینەوەو چارەسەری بۆ کێشەکان و یاسا دانان بۆیان پەرلەمانە بەو سیفەتەی ئەندامانی پەرلەمان نوێنەری هەلبژێردراوی خەڵکن و نەک هەر لە جیاتی خۆیان وەک ئەندام پەرلەمان قسە دەکەن بەڵکو وەک نوێنەری دەنگدەرانیش لە سەریانە دەنگ و رەنگ و هەڵوێستیان هەبێت و بەپێی دەستوورو یاسا پەرلەمان گەورەترین دەسەڵاتە بۆ بەرێوەبردنی قەیرانەکان و دۆزینەوەی چارەسەرییە دەستووریی و یاسایی و سیاسییەکان .

2,437 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies