دکتۆر کەمال میراودەلی: نەتەوە و زمان و ئینسان لە ڕوانگەی قورئانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەتەوە و جیاوازی نەتەوەیی لە پێش دین و ئایینەوەیە و ئەبەدییە: ئەمە شەرعی خودایە.
لەوەتی دنیا هەیە، مرۆڤ و بیر پێکەوە هەبوون و زۆربەی پێوەندییەکان و جەنگەکانی مرۆڤایەتیش ناوێكی بیر و باوەڕیان لێنراوە
کۆمەڵگاکانی مرۆڤیش بە حوکمی جوگرافیا یان رووداوی مێژوویی بیرەکانی یەکتریان وەرگرتووە، هەر لە بیروباوەڕی ئاینیی یەوە تا بیری فەلسەفیی و زانستیی و کۆمەلایەتیی و تەکنۆلۆجیی. بەلام ئەوەی ئاشکرایە هەر گەلە بیرێک و ئایدیایەکی وەرگرتووە بۆ خزمەتی مرۆڤ و گەل و کۆمەڵی خۆی، واتە هەمیشە خاک و نەتەوە پێش بیر و ئایدیاکانەوە بووە
بوونی ئینسانیی یانی بوونی نەتەوەیی و تەواو
بوون یانی نەتەوەیی بوون کە پیرۆزترین حەقیقەتی بوونی مرۆڤە
لە دایکبوون و نەتەوەییبوون لێک جیا ناکرێنەوە.
سڕینەوەی نەتەوایەتییت سڕینەوەی سەرەتا و سەرتاپای بوونی خودایی خۆتە، یان ژیان بەسەربردنە وەک بوونێكی ساختەی لە ئینسانییەت دابڕاو، بوونێکی بۆش، تێکەڵ لە درۆ و ڕق، ترس و تاوان، پووش و پووچەڵیی، نوقم بوو لە ساختەچێتیی و نیفاق و کوفر و خەرافات و خیانەتدا.
(نەتەوە) و (نەتەوایەتی) بەرهەمی سروشتیی پێوەندی بوونیاریی مرۆڤە بەو خاکەوە کە لێی لە دایک دەبێت
لەم پێوەندییە وجودییەی نێوان مرۆڤ و خاکە، کە مێژوو بەهەموو دامێن و پرۆسەکانییەوە: ئابووریی، کۆمەلایەتی، کەلتووریی (زمان و ئەدەبیات و دین)، شارستانیی، سیاسیی و بەربەرەکانی جەنگیی دەرەوە (واتە جیۆپۆلیتیکی) لە دایک دەبێت.
بەلام گومانی نییە دوای ئەوەی کۆرپەیەک لە دایک دەبێت: گەورەترین و خۆشترین لەحزە کە بناسی ئەو وەک مرۆڤ دیار دەکا: ئەو کاتەیە کە دەکەوێتە گڕوگاڵ و بۆ یەکەم جار بەو زمانەی خودا پێی بەخشیوە: وشەی دایە، بابە، بەبە، هتد پڕئاواز دەکات.
ئەو کاتەیە کە دایکوباوکی خەنی دەبن.
ئەمە لەدایکبوونی دووەمی مرۆڤە، لە دایکبوونی راستەقینەی ئەو
یەکەمجار وەک بایۆلۆجی: وەک بوویەکی جەستەیی، وەک پارچەگۆشتێک، وەک لەش و روخسار.
دووەم جار: وەک بوویەکی رۆحی و سایکۆلۆجی، واتە حەقیقەتی رۆحی ئینسان وەک زمان دەریدەبڕێت، وەک رەوشی دەروونیی ناوەوەی و تێگەیشتنی لە دنیای دەرەوەی.
لەورۆژە بە دواوە بە زمانەکەی خۆی فێردەبێت و فێردەکرێت و ئاخاوتنی مرۆڤانەی خۆی لەگەڵ کەلتووری کۆمەلەکەی خۆی دەکات و ئەمەش کەسێتیی و بناسی مرۆڤیی ئەو دیار دەکات.
تەنیا ئەو کاتە مرۆڤ دەشێ وجودییەتێکی رۆحی نەتەوەیی خۆی نەبێت کە لە ولاتێکی تر لە دایک بێت و هەر لە سەرەتاوە بە زمانێکی تر گۆشبکرێت، ئەو کاتە زمانەکەی تر دەبێتە ناونیشانی وجودییەتی ئەو.
پیسترین و رەشترین و تاوانکارترین و دژەدینترین شالاوی داگیرکەرانە و ئیمپریالیستانە لە مێژوودا ئەو شالاوانە بوون کە ویستوویانە زمان و بناس و سروشتی و خودایی و کەسێتیی گەل و کۆمەڵگاکان بسڕنەوە و زمان و وکەلتووری هێزی غەریبە و بێگانەی داگیرکەر بە سەریاندا بە زەبری شیر و تیر، جەنگ و تفەنگ، لافاوی خوێن و لاشە، کوشتوبڕ و رێرانکاریی، بسەپێنن بە تایبەتی کە ئەمە تاوانکارانە بە ناوی دینەوە ئەنجام بدرێت..
بەدترین وبێشەرەفترین و حەقیرترین بەندەی خوداش لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەو بەدسروشتانە بوون کە بوونەتە ئەداتی دەستی داگیرکەران بۆ دوژمنایەتی کوڕ و کچ و خوشك وبرا و ئەهل و خەلکی کۆمەلگای خۆیان بۆ خاتری هێزی بێگانەی داگیرکەر و خۆسەپێنەر بە هەر ناو و بیانوویەکەوە بوو بێت: بە تایبەتی هەڵگەرانەوە لە زمان و هەستی کۆمەلگایی و نەتەوەیی، تا دەستچوونە خوێنی خەڵکی خاک و دەڤەری خۆت..
چونکە بوون و زمان و نەتەوە لێک جیاناکرێنەوە
نیشتمان و زمان و نەتەوەش ئایاتی بوون و ئیرادەی خودایین و لە دین لە پێشتر و پیرۆزترن
زمان و قەومییەت، وەک بەڵگەی ئیمان، لە قورئاندا شتی جەوهەرییە و لە پێش دینەوە یە کە جەوهەری نییە و عادەتییە.[ ئەمە لە وتارێکی تردا روون دەکەمەوە]
ئەمە حەقیقەتێکە کە قورئانی پیرۆز چەندین جار سەلماندوویەتی. وەک لەم بەشەدا بۆمان روون دەبێتەوە.

1
زمان و گەل و قەوم لە قورئاندا
نەتەوە پێش دین دێت
لە قورئان – دا نەتەوە و زمانی نەتەوەیی پێش دین دێت.
لە پێشەوە قەوم هەیە
ئەو قەومە بە زمانەکەی دەناسرێت
ئەوسا خودا پەیامبەر بۆ ئەو قەومە بە زمانی خۆیان دەنێڕێت.

2
خودا هەموو پێغەمبەریكی تەنیا بە زمانی قەومەکەی ناردووە
قورئان جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە خودا بۆ هیچ میللەتێک پێغەمبەرانی نەناردووە ئیللا بە زمانی خۆیان نەبێت:
( وَمَا أَرْسَلْنَا مِن رَّسُولٍ إِلاَّ بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ فَيُضِلُّ اللّهُ مَن يَشَاءُ وَيَهْدِي مَن يَشَاءُ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ (ابراهیم ٤)
کوردییەکەی: [[ ئێمە [ئەی محەممەد] هیچ پێغەمبەرێکمان [پێش تۆ] نەناردووە [ئیللا] بە زمانی قەومەکەی خۆی نەبێت، تا [پەیامەکەیان] بۆ روون بکاتەوە. خودا کە حەز بکات کەسانێ گومڕا دەکات، کە حەز بکات کەسانێ هیدایەت دەدات. خوداوەند عەزیز و حەکیمە.]
تەفسیری ابن کثیر
وَمَا أَرْسَلْنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ ۖ فَيُضِلُّ اللَّهُ مَن يَشَاءُ وَيَهْدِي مَن شَاءُ ۚ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ
هذا من لطفه تعالى بخلقه : أنه يرسل إليهم رسلا منهم بلغاتهم ليفهموا عنهم ما يريدون وما أرسلوا به إليهم ، كما قال الإمام أحمد :
حدثنا وكيع ، عن عمر بن ذر قال : قال مجاهد : عن أبي ذر قال : قال رسول الله ، صلى الله عليه وسلم : ” لم يبعث الله ، عز وجل ، نبيا إلا بلغة قومه ”
وقد كانت هذه سنة الله في خلقه : أنه ما بعث نبيا في أمة إلا أن يكون بلغتهم ، فاختص كل نبي بإبلاغ رسالته إلى أمته دون غيرهم ، واختص محمد بن عبد الله رسول الله بعموم الرسالة إلى سائر الناس.
تەفسیری ابن کثیر:
ئەمە لە لوتفی خوداوەیە لەگەل خەلقەکەی: خودا پێغەمبەریان لە ناو خۆیان بۆ دەنیرێ بە زمانی خۆیان تا لێیان تێبگەن چیان دەوێت و چییان پێدا نێردراوە، وەک ئیمام ئەحمەد دەڵێت، وەکیع گێڕایەوە لە عومەری کوڕی زەر، وتی: موجاهید لە ئەبی زەر ەوە گێرایەوە، وتوویەتی پێغەمبەری خودا سەلامی خودای لێبێت وتی: خودای مەزن هیچ پێغەمبەرێكی نەناردووە ئیللا بە زمانی قەومەکەی نەبێت. ئەمە سوننەتی خودایە بۆ خەلقەکەی، خودا هیچ پێغەمبەرێکی لە ناو میللەتیکدا نەناردووە ئیللا بە زمانی خۆیان نەبێت هەر پێغەمبەرە تایبەت بووە بە گەیاندنی پەیامەکەی بە میییلەتی خۆی نەک میللەتانی تر، [بەلام] محەممەدی بن عبداللە ی تایبەت کردووە پەیامەکەی بۆ هەموو خەڵک بێت.]
وشەی [ئیللا] زۆر گرنگە و رەهایی ئەم ئیرادە ئیلاهییە وەک شەریعەتێک بۆ مرۆڤ دادەمەزرێنێت.
ئەی محەممەد ئیمە هیج پێغەمبەرێکمان بۆ هیچ نەتەوەیەک نەناردووە بە زمانی خۆیان نەبێت.
بێگومان ئەنجامی واتایی لۆجیکی/ مەنتیقی تەواوکەری ئەم ئایەتە ئەوەیە:
کەوایە محەممەد تۆشمان بە زمانی قەومەکەت بۆ قەومەکەت ناردووە.
لە بەشی ناوەکانی قورئاندا بە ئەو ئایەتانەم هێنانەوە کە جەخت لە سەر عەرەبیبوونی قورئان دەکەن و بە قورئانی عەرەبیی ناوی دەبەن.

3
لە زۆر ئایاتی تردا ئەوە سەلمـیندراوەتەوە کە هەر نەتەوەیەک پێغەمبەری خۆی بۆ نیردراوە و پێغەمبەرایەتی محەممەدیش بەشیکە لەو پرۆسەیە:
1- وَلِكُلِّ أُمَّةٍ رَسُولٌ فَإِذَا جَاءَ رَسُولُهُمْ قُضِيَ بَيْنَهُمْ بِالْقِسْطِ وَهُمْ لا يُظْلَمُونَ( ٤٧ یونس)
تفسیر الطبری
القول في تأويل قوله تعالى : وَلِكُلِّ أُمَّةٍ رَسُولٌ فَإِذَا جَاءَ رَسُولُهُمْ قُضِيَ بَيْنَهُمْ بِالْقِسْطِ وَهُمْ لا يُظْلَمُونَ (47)
قال أبو جعفر: يقول تعالى ذكره: ولكل أمة خلت قبلكم ، أيها الناس ، رسول أرسلته إليهم، كما أرسلت محمدًا إليكم ، يدعون من أرسلتهم إليهم إلى دين الله وطاعته ، (فإذا جاء رسولهم) ، يعني: في الآخرة،
وقوله: ( قضي بينهم بالقسط)، يقول قضي حينئذ بينهم بالعدل (7) ، ( وهم لا يظلمون)، من جزاء أعمالهم شيئًا ، ولكن يجازي المحسن بإحسانه:-
ئەی خەڵکینە، پێش ئێوەش بۆ هەموو ئوممەتیک پەیامبەرێکمان ناردووە [هەر وەک چۆن محەممەدمان بۆ ئێوە ناردووە، تا بانگیان بکا بۆ دینی خودا و تاعەتکردنی، ] پێغەمبەرەکەیان لە ئاخرەت دا بە دادپەروەریی لە نێوانیاندا قەزاوەت دەکا، لە ئەنجامی کارەکەیان زوڵمیان لێناکرێ {و هەر کەسە بە پێی چاکەکانی خۆی پاداشی دەدرێتەوە.]
2- وَلَقَدْ بَعَثْنَا فِي كُلِّ أُمَّةٍ رَسُولًا أَنِ اعْبُدُوا اللَّهَ واجتنبوا الطاغوت ﴿٣٦ النحل﴾
بۆ هەموو ئوممەتیک پێغەمبەرێکمان ناردووە [بانگیان بکات] کە خودا بپەرستن و لەتاغوت/ ستەمگەران دووربکەونەوە.
وەکو لە ئایەتی پێشووش سەلمێندرا بۆ هیچ قەومێک، ئوممەتێک پەیامی پێغەمبەرایتەی نەنێردراوە ئیللا بە زمانی خۆیان نەبێت.

4
هەر میللەتەش/ قەومەش بەرپرسیارە لە بڕیاردانی شێوەژیان و چارەنووسی خۆی:
ذَٰلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ لَمْ يَكُ مُغَيِّرًا نِعْمَةً أَنْعَمَهَا عَلَىٰ قَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ ﴿53 الأنفال﴾
إِنَّ اللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ ﴿١١ الرعد﴾
خودا نیعمەتێکی کە بە قەومیکی بەخشیوە نەیدەگۆڕی [ و نەیدەکرد بە نەگبەتیی بۆیان] تا خۆیان نەبوونایە بە هۆکاری ئەو گۆڕینە. واتە لیرەدا هەر قەومە بەرپرسیارە لە چارەنووسی خۆی کە وا بکات کۆمەڵەکەی بۆ باش یان خراپ بگۆڕێت.

5
هەموو پێغەمبەرەکان پێغەمبەری قەومی خۆیانن
بۆ زیاتر سەلماندنی پێوەندی نزیکیی دین و قەوم قورئان باسی هەموو پێغەمبەرەکان وەک نێردراو بۆ قەومی خۆیان دەکات و قسە لەگەل قەومی خۆیان دەکەن:
لَقَدْ أَرْسَلْنَا نُوحًا إِلَىٰ قَوْمِهِ فَقَالَ يَا قَوْمِ اعْبُدُوا اللَّهَ ﴿٥٩ الأعراف﴾
نوحمان بۆ قەومەکەی نارد ووتی: ئەی قەومەکەم خودا بپەرستن.
بێگومان بە زمانی خۆیان پێیوتوون ئەگینا تێینەدەگەیشتن.
وَإِذْ قَالَ مُوسَىٰ لِقَوْمِهِ يَا قَوْمِ إِنَّكُمْ ظَلَمْتُمْ أَنْفُسَكُمْ ﴿٥٤ البقرة﴾
موسا بە قەومەکەی وت: ئەی قەومی من ئیوە زوڵمتان لە خۆتان کرد.
وَإِذْ قَالَ مُوسَىٰ لِقَوْمِهِ يَا قَوْمِ اذْكُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ ﴿٢٠ المائدة﴾
موسا بە قەومەکەی وت: ئەی قەومی من ئیوە نیعمەتی خوداتان لە سەر، لەبیر بێت..
قَالَ الْمَلَأُ مِنْ قَوْمِ فِرْعَوْنَ إِنَّ هَٰذَا لَسَاحِرٌ عَلِيمٌ ﴿109 الأعراف﴾
کۆمەڵێ لە قەومی فیرعەون وتیان؛: ئەم [پیاوە] ساحیرێکی لێزانە.
وَمِنْ قَوْمِ مُوسَىٰ أُمَّةٌ يَهْدُونَ بِالْحَقِّ وَبِهِ يَعْدِلُونَ ﴿159 الأعراف﴾
لە قەومی موسا کۆمەلێک هەن هیدایەتی هەقیان هەیە و پێی ڕێگەی راست دەگرن.
ذَٰلِكَ بِأَنَّ اللَّهَ لَمْ يَكُ مُغَيِّرًا نِعْمَةً أَنْعَمَهَا عَلَىٰ قَوْمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ ﴿53 الأنفال﴾
خودا نیعمەتێکی کە بە قەومیکی بەخشیوە نەدەگۆڕی [ و نەیدەکرد بە نەگبەتیی بۆیان] تا خۆیان نەبوونایە بە هۆکاری ئەو گۆڕینە.

6
بۆچی زمان و نەتەوە ئەوەندە گرنگن لای خودا؟
چونکە زمان، وەک بەهرەیەکی موعجیزەیی کە دراوە بە مرۆڤ و کەس ناتوانێ سەرەتا و سەرچاوەکەی لێکبداتەوە، وەکو هەموو شتێکی تر لە گەردووندا: ئەو هەموو کەونە بێ بن و بەرینانە، ئەم هەموو خۆر و مانگ و ئەستێرە و ئاسۆیانە و جوانیی و رەنگاورەنگیی بێ ژومار و بێکۆتایی سەر زەمین، وەک ئەوان زمان ئایاتێکە [نیشانەیەکە] و موعجیزەکەیە لە نیشانەکانی خودا.
لە قورئانی پیرۆزدا لە دوای دروستکرنی ئاسمانەکان و زەمین، جیاوازیی زمانەکان بە سێیەم گرنگترین ئایاتی خوداوەند دانراوە.
تکایە سەرنج بدەن قورئان ناڵێ خەلقکردنی زمان ئایاتی خودایە ،
بەڵکو دەڵێ [جیاوازی زمانەکانتان] – اختلاف السنتکم-: ئایاتی خودا یە. واتە جیاوازییەکە بەڵگەی ئایاتی خودایە وەک خەلقکردنی ئاسمان و ئەرز.
﴿وَمِنْ آَيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ﴾ [[سورة الروم الآية: 22]
واتە: [لە ئایاتی [خوداوەند] خەلقکردنی ئاسمانەکان و زەمین و جیاوازیی زمانەکانتان و رەنگەکانتانە].[
ئەم شەریعەتە ئیلاهییە فۆرمێکی ئایدیایی تەواوی لە زۆر ئایەتی تردا وەرگرتووە کە جەختی رەها لە سەر جیاوازی وەک سوننەتی بوون و ژیانی مرۆڤ دەکات.

7
زمان دەربڕینی بیر و نیاز و خواستی مرۆڤەکان و کۆمەلەکانە. بە زمانی خۆی مرۆڤ هەر لە منالییەوە ناوی خودای خۆی دێنێت و فێری خۆشەویستیی خۆدای خۆی.
بەلام قورئان نیشانی دەدات کە ئایاتی زمان تەنیا مرۆڤ یا بەشەر ناگرێتەوە بەلکو هەموو خیلقەت و زیندەوەران.

8
تێگەیشتنی زمانەکانی گەردوون
( الم تر أن الله يسبح له من في السماوات والأرض. والطير صافّات.
كل قد علم صلاته وتسبيحه)‏‏ النور‏ ٤١:
ئەرێ نابینی هەرچی لە ئاسمانەکان و سەر ئەرزە ستایشخوانی خوداوەندە ئەو تەیرانەی باڵیان کردۆتەوە [ لە ئاسمان]، و هەر مەخلوقێک فێری نوێژ و ستایشخوانیی خۆی بووە.[النور ٤٨
تُسَبِّحُ لَهُ السَّمَوَاتُ السَّبْعُ وَالْأَرْضُ وَمَنْ فِيهِنَّ وَإِنْ مِنْ شَيْءٍ إِلَّا يُسَبِّحُ بِحَمْدِهِ وَلَكِنْ لَا تَفْقَهُونَ تَسْبِيحَهُمْ إِنَّهُ كَانَ حَلِيمًا غَفُورًا. الإسراء٤٤
ئەمە ئایەتیكە لە ئایەتە بنەماییەکانی قورئان و مانایەکی زۆر قووڵ و فراوانی هەیە و تەفسیری جۆراو جۆری بۆ کراوە زۆریان تەفسیری خەرافیی گێرانەوە و بوختانن، لە کاتێکدا دەکراو دەکرێ جیهانیكی زانستی فراوانی لە سەر بنەما بکرێت بەتایبەتی دەربارەی ماهییەت و چییەتی بوون و زمان و هەڵوێستی مرۆڤ بەرامبەر زمانی خۆی و زمانی گەردوون
مانای وشەیی ئایەتەکە:
حەوت ئاسمانەکان و زەمین و هەرشتێ تێیاندا هەیە ستایشخوانی خوداوەند دەکەن و هیچ شتێک نییە هەبێت و ئیللا ستایشخوانی چاکەی ئەو نەبێت بەڵام ئێوە لە [زمانی] ستایشخوانیی ئەوان تێناگەن. خودا حەلیم و غەفورە
وفي القرآن آيات تدل بمقالها ورمزيتها علي أن كل عالم في الوجود له لغة يتفاهم بها في ذاته‏:‏ إذن کل شئ في الوجود علم كيف يصلي لله‏,‏ وكيف يسبح لله‏ وقد يتسامي الجنس الأعلي ليفهم عن الجنس الأدني لغته‏,‏ فكيف نستبعد وجود هذه اللغة لمجرد أننا لا تفهمها ؟
وهو تسبيح حقيقي ذاتي ينشأ بلغة كل مخلوق من الأحياء والجمادات ومن مختلف صور المادة والطاقة والظواهر المصاحبة لوجودها

http://forums.ozkorallah.com/f9/ozkorallah25050/‏.
لە قورئاندا ئایات هەیە کە بە وتار و ڕەمزییەتەکەی ئەوە دەگەیەنێ کە هەر هەبوویەک لە بووندا زمانی خۆی هەیە، کەوایە هەرشتێ لە بووندا فێربووە چۆن نوێژ بۆ خودا بکات، و چۆن ستایشخوان بێت..خۆی لە خۆیدا تێگەیشتن لەگەڵ خودادا دروست دەکات. بەلام وا روودەدات کە توخمی بەرزتر [بەدەسەلات تر] خۆی بە بەرزتر دەزانێت لە توخمی نزمتر و نایەوێت زمانی توخمی نزمتر تێ بگات، بەڵام چۆن ئێمە دەشێ بوونی ئەو زمانە بە دوور بزانین تەنیا لە بەر ئەوەی بۆ خۆمان تێێناگەین؟
ئەو ستایشەی خوداوەند ستایشخوانێکی راستەقینەیە کە بە زمانی هەموو مەخلوقاتەکان لە گیاندار و بێ گیان پەیدا دەبێت، لە زۆر شێوەی جیاوازیی ماددەو وزە و ئەو دیاردانەی لەگەلیان دێن، پەیدا دەبن.]]

وەک وتم لێکدانەوەی ئەم ئایەتە زۆر تەفسیری لۆجیکی و خەرافیی بۆ کراوە بەلام کرۆکی ئایەتەکە ئەوەیە:
1- هەر شتێ لە بوون و گەردووندا هەیە ستایشخوانیی خوداوەند دەکات
2- ئێوەی مرۆڤ ئەوە نازانن چونکە تێیان ناگەن
3- واتە تێنەگەیشتنەکە لە تەسبیح یان ستایش خوانییەکە یا وتنەکەیە
4- هەموو خوێندن یان وتنێک بە زمان دەبێت وەک دەلێین: کەو دەخوێنێ، واتە قاسپەقاسپ زمانی کەوە کە پێی دەخوینێ یان قسە دەکات.. هەمان شت بۆ قووقەی کەڵەشێریش کە وەک زمانی بانگدانی بەیانیش ناسراوە.
کەواتە هەموو شتەکان لە کەوندا زمانیان هەیە و بەراستیی بە زمانی خۆیان ستایش دەڵێنەوە و ئێمە تێیان ناگەین
http://forums.ozkorallah.com/f9/ozkorallah25050/
ئەمە ئایەتێکی ترە کە گرنگیی وپیرۆزیی هەموو زمانەکان تەنانەت زمانی زیندەوەر و دار و بەردیش، وەک ئایاتی خەلق دەناسێنێت

9
پێغەمبەر سلێمان زمانی زیندەوەرانی زانیوە
لە قورئاندا پێغەمبەر سلێمان لە زمانی زیندەوەران وەک مێروولە و پەپولەسلێمانکە تێدەگات و قسەیان لەگەڵ دەکات؛
تەنانەت لە سورەتی نمل دا: پەپوولە سلێمانکە دەری دەخات کە ئەو زانیارییەی ئەوە دەربارەی سَبَإٍ لە یەمەن و شاژنەکەیان هەیەتی پێغەمبەر سلێمان خۆی نییەتی:
فَمَكَثَ غَيْرَ بَعِيدٍ فَقَالَ أَحَطتُ بِمَا لَمْ تُحِطْ بِهِ وَجِئْتُكَ مِن سَبَإٍ بِنَبَإٍ يَقِينٍ
فمكث الهدهد زمنًا غير بعيد ثم حضر فعاتبه سليمان على مغيبه وتخلُّفه، فقال له الهدهد: علمت ما لم تعلمه من الأمر على وجه الإحاطة، وجئتك من مدينة “سبأ” بـ “اليمن” بخبر خطير الشأن، وأنا على يقين منه.
پەپولە سلێمانکە ماوەیەکی زۆر ی نەخایاند هات و [ سلیمان لە سەر دواکەوتنی لۆمەی کرد] پەپولە سلێمانکە پێی وت:: زانیارییەکم بە دەستهێناوە کە تۆ نیتە و لە سەبەئەوە [ لە یەمەن] خەبەری یەقینم بۆ هێناوی.
ئەمەش بەڵگەیەکی تری ئاشکرایە کە بە پێی قورئان زیندەوەران زمانی جیاوازی خۆیان هەیە گەرچی مرۆڤ توانستی تێگەیشتنی زمانە زۆر و جیاوازەکانی زیندەوەرانیان نەبێت.
10
ئاخاوتن و وتاری عەقلانی بە بی زمان و گۆڕینەوەی جەدەل و بیر و بۆچوون نابێت. بۆیە زمان دەوری هەرە گرنگی لە قورئاندا هەیە، چونکە ئامراز و پێکاری بەکارخستنی هەست و بەهرەکانی تێگەیشتن و عەقلاندنە. بە بی زمان هێچ کام لە بابەتەکانی قورئان بەرتوانست نەدەبوون: گێڕانەوەی چیرۆکەکان، پەند وئامۆژگارییەکان، هەڕەشە و وەعید وەعدەکان. پەیمان و بەلینەکان، دوعا و پارانەوەکان، ڕوونکردنەوە و زانیارییەکان، وەسفەکانی خوداوەند و قودرەت و خەلقکارییەکەی. واتە زمان و فەرهەنگی زمانەوانیی مەرجی جەوهەریی و سەرەتایی و کۆتایی بوونی ئەو ئاخاوتنانەیە. بەڵام
سنوورداریی مرۆڤ و کۆسپی تێگەیشتن گرفتی تێگەیشتنە لە پەیامی خودا و زمانی سروست / گەردوون و زمانی یەکتر وەک:
جیاوازی زمان: مرۆڤ ناتوانی زمانی بوونەوەرانی تری گەردوون تێ بگات،
میللەتانی جیاواز بە ئاسایی لە زمانی یەکتر تێناگەن: وەک قورئان دەیگێڕیتەوە کە زیلقەرنەین لە ولاتی تورک خەلک لە زمانەکەی نەدەگەیشتن لە بەرئەوەی زمانی جیاوازیان هەبوون
جیاوازی ئاستی تێگەیشتن بە پێی گرنگیی و سەختی پەیامەکە: قەومی شوعەیب زۆر لە پەیامەکەی ناگەن نەک وەک قسە چونکە بە زمانی خۆیان بووە، بەلکو وەک مانا و مەبەست، هەروەها موسا دەپارێتەوە لە خودا زمانیكی ڕەوانی بداتێ بتوانێ مانا و مەبەستەکانی بە ڕوونی بە خەڵکەکەی بگەیەنێت

11
بەلام زمان لە وەتی لەگەڵ مرۆڤەوە پەیدا بووە، بە قەدەر زۆریی و جیاوازیی کۆمەلانی مرۆڤ، زمانی جیاواز هەن. لە بەر ئەوەی زمانی پەیمانی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرێکی عەرەب نابێ وەک شێوەی زمانیی هەمان شێوە زمانیی پەیامەکەی موسا و ئیبراهیم بێت. مەبەستی پەیامە قورئانییەکە تیگەیاندن و ڕینیشاندان و عەقلاندنی عەرەبە، لە بەر ئەوە زمانەکەش زمانی خۆیانە، زمانی پێغەمبەرەکە و کۆمەڵەکەی. قورئان زۆر جەخت لە سەر عەرەبیووبنی قورئان دەکات تا رادەیەک کە بە هۆی زمانەکەوە وەک پرۆژە و تێکستێکی قەومیی عەرەبیی نیشانی دەدات. لە بەشیکی تردا هەموو ئەو ئایەتانەم هێناونەوە کە جەخت لە سەر عەرەبییبوونی قورئان دەکەن.

12
وەک زمانی جیاواز گەلان جیاوازن
پێش دین و هاتنی هیچ پەیامێكی یەزدانیی، خودا مرۆڤی وەک نێر و مێ و گەلان و تیرەی جیاواز دروست کردووە تا یەکتر بناسن:
یا ایها الناس انا خلقناکم من ذکر و انثی و جعلناکم شعوباً و قبائل لتعارفوا ان اکرمکم عندالله اتقیکم» (حجرات/13)
ئەی مرۆڤینە، ئێمە ئیوەمان لە نێرو مێ خەلق کردووە، و کردوومانن بە گەلان و تیران تا یەکتر بناسن، بەرێزترتان لای خودا ئەوانەن کە تەقوادار ترن
واتە یەکەمجار مرۆڤ وەک ڕەگەز مێ یان نێر لە دایک دەبێ’
دوای ئەوە یەکسەر دەبێ: بە گەل کە هەموو مرۆڤەکانی ناوچەیەک و نیشتمانێک دەگرێتەوە..
واتە هەموو نێر و مێکان وەک بەشێک لە گەلیک و بۆ ناو نەتەوەیەک لە دایک دەبن ئەوسا بە پێی شوێنی جوگرافیی و هەلومەرجی ژیان دەبنە تیرەی جیاواز هەر لە ناو ئەو گەلەدا.
ئەمە یەکێکە لە بنەما ئیمانییە هەرە گرنگەکانی قورئان کە جیاوازییی رەگەز و نەژاد کارێكی خوداوەندییە و مانای جیاوازی ماف و ئەرک و ئیمتیاز و فەزڵی گەلێک بە سەر گەلێکی تردا نییە بە چاکەکاریی نەبێت.

یەکترناسین: [تعارف] مانای ناسینی حەقیقەتیی جیاوازیی و مافەکانی یەکترییە وەک هۆکارێک بۆ لێکنزیکبوونەوە، ئاشنایی، دۆستایەتیی و پێکەوەژیانی ئاشتیی و لە یەکترگەیشتن. مانای ناسینی جیاوازیی رەنگ و زمان و نەتەوە و تیرە یە.

13
قورئان لەوە زیاتر پەیامە ئاسمانییەکە روون دەکاتەوە: نەتەوە چییە؟
جیاوازی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەک بە ڕەنگ نییە، رەنگە زۆر نەتەوە هەمان رەنگ بن: رەش، سپی، بۆر، زەرد، سوور بەلام وەک تیرە و نەتەوە جیاواز بن، ئەوەی جیاوازی نەتەوەیەک لە نەتەوەیەک بە ئیرادەی یەزدان دروست دەکات زمانە.
﴿وَمِنْ آَيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ﴾ [[سورة الروم الآية: 22]
واتە: [لە ئایاتی [خوداوەند] خەلقکردنی ئاسمانەکان و زەمین و جیاوازیی زمانەکانتان و رەنگەکانتانە].[

14
هەموو مرۆڤەکان لە یەک نەفس خولقاون
قورئان وەک پیرۆزیی ژیان و بوونی مرۆڤ و جیاوازنەبوونی بە پێی ڕەنگ و روخسار و زمان و نەتەوە وەک ئافەریدەی خودا، جەخت دەکات کە هەموو مرۆڤ لە یەک نەفس واتە یەک تاکە ژینۆم/جینات یان زیندەیی مرۆڤیی دروستبوون:
يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ ﴿١ النساء﴾
ئەی خەڵکینە، خوداوەندی خۆتان بپەرستن کە لە یەک تاکە نەفس [ واتە ئادەم] ئێوەی ئافەریدە کرد.
وَهُوَ الَّذِي أَنْشَأَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ فَمُسْتَقَرٌّ وَ مُسْتَوْدَعٌ ﴿٩٨ الأنعام﴾
خوداوەند ئێوەی پێکهێنا لە یەک نەفس [واتە ئادەم] ئەوسا نشینگە [ واتە منالدانی دایک] و خاک و مەڵبەند.
و هو الَّذِي خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ وَجَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا ﴿١٨٩ الأعراف﴾
خَلَقَكُمْ مِنْ نَفْسٍ وَاحِدَةٍ ثُمَّ جَعَلَ مِنْهَا زَوْجَهَا ﴿٦ الزمر﴾
تفسير الميسر
فهو الذي خلقكم من نفس واحدة هي آدم عليه السلام، وخلق منها زوجها وهي حواء، .
خوداوەند ئێوەی لە یەک نەفس [ئادەم] خەلق کرد ئەوسا جووتەکەی ‘ئینسانی دووەم[ حەوای لە [پەراسووی] ئەو دروست کرد.
کە بگەرێینەوە بۆ ئایەتەکەی پێشوو:
یا ایها الناس انا خلقناکم من ذکر و انثی و جعلناکم شعوباً و قبائل لتعارفوا ان اکرمکم عندالله اتقیکم» (حجرات/13)
ئەی خەڵكینە ئێوەمان لە نێر و مێ خەلق کرد و کردمانن بە گەل و تیرە تا یەکتر بناسن.
دەبینین: لە یەک نەفس [ئادەم] یەکەم جار جیاوازیی نێر [ئادەم] و مێ [حەوا] دروست بووە.. ئەوسا نەوەکانیان وەک گەل و تیرە بە هۆی جیاوازی شوێنی جوگرافیی و زمان و روخسارەوە دروست بووە. واتە یەکبوونیی [یەک تاکە نەفسی] لەگەل خەلقبوونی حەوا کۆتایی دێت و سەردەمی جیاوازی نەوەکان و قەومەکان و تیرەکان دەستپێدەکات.

15
بۆیە لە قورئاندا جەختی رەها و موتلەق لە سەر جیاوازیی تاکەکان و کۆمەلان و تیر و گەلان کراوە نەک یەکێتی و یەکبوون کە بیری ئیستیبدادی دینیی دژ بە شەریعەتی خودایی و زولمی لێ لە دایک دەبێت.
خوداش ئەو زالمانە جیا دەکاتەوە وەک بەعسیەکان و ئیسلامچییە عەرەبەکان کە دژ بە ئیرادە و شەرعی ئەو دەیانەوێ بیری [امة واحدة ذات رسالە خالدە] بە مانای تواندنەوەی جیاوازییە دینیی و نەتەوەیی و کۆمەلایەتیی و ئینسانییەکان لە یەک فیکری دینیی عەرەبیستدا، کۆ بکەنەوەبە زەبری شیر و تیر و کوشتار و تاوان بە سەر خەلکیدا بسەپێنن.
وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَجَعَلَهُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَٰكِنْ يُدْخِلُ مَنْ يَشَاءُ فِي رَحْمَتِهِ ۚ وَالظَّالِمُونَ مَا لَهُمْ مِنْ وَلِيٍّ وَلَا نَصِير [الشورى ٨ ٩
ئەگەر خودا حەزی بکردایە، دەیکردن بە یەک نەتەوە [یا دین] بەلام خودا کێ حەزبکات دەیخاتە بەر رەحمەتی خۆی و زالمەکان نە وەلییان هەیە نە پشتیوان
خودا بۆچی مرۆڤی نەکرد بە یەک نەتەوە، دین، زمان، تیرە؟
وەلامەکە لە ئایەتی پێشوودا یە: بۆ ئەوەی یەکتر بناسن و بزانن لە شەرعی خودادا هیچ جیاوازییەکیان لە نێودا نییە لە سەر بنەمای ئیمان و چاکەکاریی و تەقوا نەبێت.
ئەمەش مرۆڤی ناتەواو لە سەر زەمین ناتوانێت حوکمی بدات، تەنیا خودا خۆی لە رۆژی حیسابدا بڕیار دەدات کێ ئیماندارە و كێ بەراستی تەقوادار و چاکەکار بووە لە ژیانییدا.
بەلام کێن لەم شەریعەتە دەردەچن؟ زاڵمەکانن ئەوانەی لە جیاتی ناسینی جیاوازییەکان و یەکتر ناسین، بە رەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستیی دەیانکەنە هۆکاری بەربەرەکانی و جەنگ و خوێنرێژیی و تاوان، ئەوانە هیچ پەناو پشتیوانێکیان نییە چونکە دژی سوننەتی خودایین

16
هەروەها سورەتی (نحل) هەمان شت دووبارە دەکاتەوە و دەفەرموێت
ولو شاء الله لجعلكم أمة واحدة ولكن يضل من يشاء ويهدي من يشاء و لتسألن عما كنتم تعملون
واتە: [گەر خودا حەزی بکردایە دەیکردن بە یەک ئوممەت بەلام کێ حەزبکات گومرای دەکات، کێ حەز بکات هیدایەتی دەدات و هەرخۆشی لێتان دەپرسێتەوە چیتان کردووە]
لیرەشدا جەخت لە سەر جیاوازییە: جیاوازی نەتەوە، کۆمەڵ و تاک و کردەوەی چاک و خراپەی تاکەکان کە تەنیا خوای گەورە خۆی لە رۆژی حیسابدا حیساب لەگەل ئینساندا دەکات و مرۆڤی ناتەواو و زالـمێکی گومڕا و تاوانکار و ئیمام و موفتی داردەستی دەسەلاتە زالمەکان، ناتوانێت لەم دنیایەدا حوکمی چاکە و خراپە بدات
مرۆڤ تەنیا دەتوانێ ئامۆژگاری براو خوشكی مرۆڤی بکات و رێگای راستی، بە زمانی خۆی و بە قەناعەتی خۆی، نیشان بدات و ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە بکات و نەک حوکم بە سەر ئیمانداری و بێئیمانی هیچ مرۆڤێکدا مسلمان یان ناموسمان بدات بەمە خۆی دەخاتە جێگەی خودا و دەبێت بە تاغوت و بە کافر.

17
تەنانەت قورئان لە زۆر شویندا یەک- ئوممەتی مرۆڤ ئەوەندە بە کارێکی نەشیاو و مەحاڵ دادەنێت کە دەڵێ: ئەگەر خودا بە یەک ئوممەش مرۆڤی خەلق کردبا، هێشتا جیاوازیی و ناکۆکییان تێدا دەبوو!!
[ هود: ١١٩] ولو شاء ربك لجعل الناس أمة واحدة ولا يزالون مختلفين
گەر خودای تۆ حەزی بکرادیە، هەموو خەلکی دەکرد بە یەک نەتەوە و هێشتا هەر جیاواز و ناکۆک دەبوون
تفسير الميسر
ولو شاء ربك لجعل الناس كلهم جماعة واحدة على دين واحد وهو دين الإسلام، ولكنه سبحانه لم يشأ ذلك، فلا يزال الناس مختلفين في أديانهم؛ وذلك مقتضى حكمته
تەرجومەی تەفسیری المیسر:
گەر خودای تۆ حەزی بکردایە ئەوا هەموو خەڵکی دەەکردن بە یەک کۆمەل و لەسەر یەک دین کە دینی ئیسلامە، بەلام خودای مەزن حەزی بەم کارە نەکرد و ئەوەتا هێشتا مرۆڤەکان لە سەر دینی جیاوازن و ئەمەش بە پێی قەزای حیکمەتی خوداوەند..
ئەمە حەتمییەتی جیاوازیی وەک جەوهەری بوونی مرۆڤ [نێر و مێ] و جیاوازیی گەل و تیرە [نەک یەک ئوممەیی ] و یەک دینیی وەک یاسایەکی سروشتیی و فیتریی دەردەبرێ

18
لە ئایەتێکی تردا ئەمە زیاتر روون دەکاتەوە و دەری دەخات کە راستیی هەموو مرۆڤ لە سەرەتاوە یەک ئوممەت بوون و دوایی جیاوازییان تێدا پەیدا بووە و خودا بۆ هەر میللەتێکی جیاواز پێغەمبەرێکی بە زمانی خۆیان بۆ ناردوون تا هیدایەتیان بدات:
وَمَا كَانَ النَّاسُ إِلاَّ أُمَّةً وَاحِدَةً فَاخْتَلَفُوا وَلَوْلا كَلِمَةٌ سَبَقَتْ مِنْ رَبِّكَ لَقُضِيَ بَيْنَهُمْ فِيمَا فِيهِ يَخْتَلِفُونَ)؟
واتە [مرۆڤەکان تەنیا یەک نەتەوە بوون جیاوازییان کەوتە نێوان گەر فەرمانی پێشوەختی خوداوەند نەبایە [ کە مرۆڤ بە ئەجەلی خودا کۆتایی دیت] ئەوە قەزای یەکتر لە ناو دەبردن لە نێوانیاندا بە هۆی ناکۆکییەکانیانەوە، جێبەجێ دەبوو]
قال أبو جعفر : يقول ، تعالى ذكره : وما كان الناس إلا أهل دين واحد وملة واحدة فاختلفوا في دينهم ، فافترقت بهم السبل في ذلك ( ولولا كلمة سبقت من ربك ) ، يقول : ولولا أنه سبق من الله أنه لا يهلك قوما إلا بعد انقضاء آجالهم ” لقضي بينهم فيما فيه يختلفون ” يقول : لقضي بينهم بأن يهلك أهل الباطل منهم ، وينجي أهل الحق .

19
بەشەر یەک ئوممەت/ نەتەوە بوون ئەوسا جیاوازییان تێدا کەوتەوە و خودا پێغەمبەری بۆ ناردوون تا ئاگادریان بکاتەوە:
[[كَانَ النَّاسُ أُمَّةً وَاحِدَةً فَبَعَثَ اللّهُ النَّبِيِّينَ مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ وَأَنزَلَ مَعَهُمُ الْكِتَابَ بِالْحَقِّ لِيَحْكُمَ بَيْنَ النَّاسِ فِيمَا اخْتَلَفُواْ فِيهِ وَمَا اخْتَلَفَ فِيهِ إِلاَّ الَّذِينَ أُوتُوهُ مِن بَعْدِ مَا جَاءتْهُمُ الْبَيِّنَاتُ بَغْياً بَيْنَهُمْ فَهَدَى اللّهُ الَّذِينَ آمَنُواْ لِمَا اخْتَلَفُواْ فِيهِ مِنَ الْحَقِّ بِإِذْنِهِ وَاللّهُ يَهْدِي مَن يَشَاءُ إِلَى صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ]] [البقرە، ٢١٣]
[مرۆڤان یەک نەتەوە بوون خوداوەند پێغەمبەی بۆ ناردن وەک موژدەدەر و ئینزارکەر و کتێبی هەقی بۆ ناردنە خوارەوە دەربارەی ئەو ناکۆکییەی هەیان بوو، بەلام ناکۆکییان نەبوو ئەوانە نەبێت کە دوای ئەوەی خودا رووناهییەکانی بۆ ناردن لە بەر حەسادەت و گومرایی ناکۆکیان لە نێو پەیدا بوو خودا ئەوانەی هیدایەت دا کە باوەریان بە هەق هێنا و خودا کێ حەز بکات دەیخاتە سەر رێی راست. ]
ئەم ئایەتە جارێکی تر مەنتیق/لۆجیکی جیابوونەوەی مرۆڤان لە یەکتر وەک جیاوازی نەتەوەیی یان قەوم لێکدەداتەوە جونکە هەموو پێغەمبەرەکان بۆ قەوم نێردراون و بە زمانی خۆیان. واتە لە سەرەتادا دیارە دەبێ مرۆڤ هێندە زۆر نەبووبن و رەنگە هەموو سەر زەمین ملیۆنێک بەشەری تێدا نەبووبێ، واتە گرۆی کەم بووبن لە نێر و مێ [ ذکر و انثی] و دوایی کە زۆر بوون خودا کردوونی بە [شعوب و قبائیل] وەک پێشتر سەرنجم دا لەو ئایاتەدا؛
یا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ]]
بۆ نێر و مێ کرداری خەلق هاتووە ، بەلام بۆ گەلان و تیرەکان کرداری جعلناکم واتە کردمانن. هاتووە. واتە یەکەم جار ئادەمزادەکان نەتەوە / کۆمەلی ژن و پیاو بوون و دوایی بە زۆر بوونیان خودا کردوونی بە گەل و تیرەی جیا و خاوەنی ڕەنگ و روخسار و زمانی جیا.

20
لە لایەکی دیکەشەوە، سروشتی جیاوازییخواز و ناکۆکیداری مرۆڤ دەردەبرێت کە تەنانەت دوای هاتنە خوارەوەی پەیامی خوداش بۆ مرۆڤ، جیاوازی و ناکۆکی زیاتریان لا دروست بوو ئەوانە نەبێت کە خودا هیدایەتی کردوون بۆ رێگای راست. واتە دین بۆتە هۆی ناکۆکیی نەک کۆکیی و ەک زۆر لەو گەلانەی پێشوو کە بە هۆی ناکۆکیی و دژەفەرمانی خودا لە ناوچوون، تەنانەت لە ناو ئەو قەومانەشدا کە تایبەتی پەیامەکەیان بە زمانی خۆیان بۆ دەچێ وەک عەرەب کە تەنیا بە زەبری شمشێر بوون بە مسڵمان ئەویش بە نیوەناچڵیی و نابەدڵیی و بێ تێگەیشتنی ماناکانی عیلم و ئیمان و قورئان لە دەیان ئایەتدا عەرەبەکانی قوڕەیش و ئەعراب بە نموونەی کوفر و ناعەقلانییەت ناو دەبات و بە کەمترین لە ئاژەڵ ناویان دەبات و تەنانەت ئەعراب بە خراپترین قەوم لە کوفر و نیفاقدا وەسف دەکات
وَمِنْهُمْ مَنْ يَسْتَمِعُونَ إِلَيْكَ ۚ أَفَأَنْتَ تُسْمِعُ الصُّمَّ وَلَوْ كَانُوا لَا يَعْقِلُونَ ﴿٤٢ یونس﴾
هەندێکیش لە [موشریکانی قوڕەیش] گوێت لێدەگرن [کاتێ ئایەتەکانیان بۆ دەخوێنیەوە] ئەرێ ئەوەتۆ وادەکەیت کەڕ گوێت لێبگرێ، [گوێی خۆیان هاخنیوە و] بە عەقڵ تێناگەن.
أَمْ تَحْسَبُ أَنَّ أَكْثَرَهُمْ يَسْمَعُونَ أَوْ يَعْقِلُونَ إِنْ هُمْ إِلَّا كَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ سَبِيلًا ﴿٤٤ الفرقان﴾
بۆ وا دەزانیت [ئەی محەممەد] [عەرەبەکانی قوڕەیش] زۆربەیان گوێت لێدەگرن و بە عەقڵ تێت دەگەن، نا ئەوانە وەک ئاژەڵ وان بەڵکو زیاتر گومڕان.
(اَلأَعَرَابُ أَشَدُّ كُفْرًا وَنِفَاقًا وَأَجْدَرُ أَلا يَعْلَمُوا حُدُودَ مَا أَنزَلَ اللهُ عَلَى رَسُولِه) (سورة التوبة: 97)؟
عەرەبەکان خراپترین کوفرکەر و مونافیقن و زیاتر شایانی ئەوەن کە سنووری ئەوە نەزانن کە اللە بۆ پێغەمبەرەکەی ناردۆتە خوار.
دیارە موفەسسیرە عەرەبەکان ئەعراب بە کۆی عەرەب دانانێن و وای لیکدەدەنەوە کە ئەعراب تەنیا عەرەبی بادیە دەگرێتەوە. بەلام لە عەرەبیدا کۆی
کرد اکراد
ترک اتراک
عرق [رەگەز] اعراق ە.
نسب [بەرەباب] انساب ە
ئەی بۆ کۆی عرب اعراب نەبێت؟
تفسير الميسر
الأعراب سكان البادية أشد كفرًا ونفاقًا من أهل الحاضرة، وذلك لجفائهم وقسوة قلوبهم وبُعدهم عن العلم والعلماء، ومجالس الوعظ والذكر، فهم لذلك أحق بأن لا يعلموا حدود الدين، وما أنزل الله من الشرائع والأحكام .
ئەعراب لە خەلکی بادیە خراپتر کافر و نیفاقدارن لە ئەهلی شارەوانیی ئەوەش لە بەر ویشکیی و دڵڕەقییان و دوورییان لە عیلم و عولەما، و ئەنجومەنی ئامۆژگاریی و زیکر، لەبەرئەوە ئەوان زیاتر شایانی ئەوەن کە لە سنوورەکانی دین و ئەو شەریعەت و حوکمانە تێنەگەن کە خودا ناردوونییە خوارەوە..

21
بۆیە زمان و دین سەرچاوەی ناکۆکیی و جەدەلن بۆ مرۆڤ هەر وەک چۆن پێکاری لیکتێگەیشتن و هاوگەیاندنن. چونکە وەک لە ئایەتێکی پێشتردا روون بۆوە خودا حەزی نەکردووە هەموو ئادەمیزاد بکاتە یەک دین و یەک ئوممەت بەلکو بۆ قەومەکان و خەلکی جیهێشتووە بەرفەرمانی ئایاتەکانی بن و بە عەقل و عیلم تێیان بگەن. تا ئەو تینەگەیشتنە و جیاوازی تەفسیر و تێگەیشتن هەبێت، جیاوازی گرۆ و خەلک و فیرقە و مەزەب و کوفر و نیفاق دەبێت..
کەوایە کۆلەکەیەکی هەرە بەهێزی شەرعی خودا جیاوازیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکانی زمان و رەنگ و نەتەوە و بیروبۆچوون و لێکدانەوە بەرژەوەندی جیاوازە
لَكُمْ دِينُكُمْ وَ لِيَ دِينِ (الکافرون ٦)
ئێوە دینی خۆتان بۆ خۆتان و من دینی خۆم بۆ خۆم.
ادعُ إِلىٰ سَبيلِ رَبِّكَ بِالحِكمَةِ وَالمَوعِظَةِ الحَسَنَةِ ۖ وَجادِلهُم بِالَّتي هِيَ أَحسَنُ ۚ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبيلِهِ ۖ وَهُوَ أَعلَمُ بِالمُهتَدينَ النحل ١٢٥.
بانگەواز بۆ ڕێگای خوداوەند بکە بە حیکمەت و ئامۆژگاری چاک، بە بیری چاکتر موجادەلەیان لەگەڵ بکە، خوداوەندی تۆ چاکتر ئاگاداری ئەوانەیە کە گومڕا بوون و زیاتر ئاگاداری ئەوانەیە کە ڕێگای هیدایەتیان هەڵبژاردووە.
مادام خودا عەقلی داوە بە مرۆڤ و عەقل بەهرەیەکی تاکیی وتایبەتیی هەموو تاکیکە مرۆڤ لە هەموو بووەکانی تر زیاتر بیر و رای جیاواز و جەدەلی هەیە:
وَ لَقَدْ صَرَّفْنا فِي هذَا الْقُرْآنِ لِلنَّاسِ مِنْ كُلِّ مَثَلٍ وَ كانَ الْإِنْسانُ أَكْثَرَ شَيْ‌ء جَدَلًا. کهف ٥٤.
لەم قورئانەدا لە هەموو جۆرە نموونەیەکمان بۆ خەڵک/ مرۆڤان هێناوەتەوە و مرۆڤ لە هەموو شتێک زیاتر جەدەلیارە.
واتە مرۆڤی عەقڵدار وتراوەکان قبول ناکات و بیر و ڕای جیاواز دێنیتە گۆڕێ. جەدەل ڕۆحی مەنتیق و فەلسەفەیە. بۆیە داوا لە محەممەدیش دەکات بە حیکمەت [بیری فەلسەفیی] و ئامۆژگاری چاک [ بیری چاک و وتاری چاک] و بەڵگە و حیججەی چاکتر لەوەی هەیانە لەگەلیان بکەوێتە موجادەلەوە. بەلام لەگەل ئەم حیکمەت و بیرە چاکترانەش محەممەد ئەو دەسەلاتەی نەدراوەتێ لە کۆتاییدا بڕیار بدات كێ گومڕایە و کێ ڕیگای ڕاستیی هەڵبژاردووە جونکە تەنیا خودا لەم نهێنیانە زاناترین و ئاگادارترینە:
ادعُ إِلىٰ سَبيلِ رَبِّكَ بِالحِكمَةِ وَالمَوعِظَةِ الحَسَنَةِ ۖ وَجادِلهُم بِالَّتي هِيَ أَحسَنُ ۚ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعلَمُ بِمَن ضَلَّ عَن سَبيلِهِ ۖ وَهُوَ أَعلَمُ بِالمُهتَدينَ النحل ١٢٥.
خوداوەندی تۆ چاکتر ئاگاداری ئەوانەیە کە گومڕا بوون و زیاتر ئاگاداری ئەوانەیە کە ڕێگای هیدایەتیان هەڵبژاردووە.

22
شاردنەوەی ئایاتەکان
بەلام زۆربەی موفەسسیرە عەرەبەکان و موستەعرەب و عەرەبیستەکان، تەفسیرێکی زۆر عەرەبیست و رەگەزپەرستانەیان بۆ قورئان کردووە و خۆیان بەلای ئەو ئایەتانەدا نابەن کە یەکسانی خەلق و جیاوازیی مرۆڤ و تیرە و نەتەوەکان و پیرۆزی زمان و بیر و بۆچوون دەسەلمێنێت یان دەیانشارنەوە. یان بۆ گومراییکردن هاتوون موجریمانە حەدیسیان بە ناوی پێغەمبەرەوە دروست کردووە تا سەروەری عەرەب بە سەر غەیرە عەرەبدا بسەپێنێت. یان ئایەتەکان فرامۆش دەکەن و خۆیان بە سوننە و سەلەفییەت و ئەخلاقییاتی عەرەبییەوە دەبەستنەوە و حەدیسی دروستکراو لە جێی ئایەتی روون [بینات] ی قورئان دادەنێن و ئەوەی پێیدەڵێن سوننەتی محەممەد لە جێی پەیام و بنەما یەزدانییەکانی قورئانی دادەنێن.
إِنَّ الَّذِينَ يَكْتُمُونَ مَا أَنزَلَ اللّهُ مِنَ الْكِتَابِ وَيَشْتَرُونَ بِهِ ثَمَناً قَلِيلاً أُولَـئِكَ مَا يَأْكُلُونَ فِي بُطُونِهِمْ إِلاَّ النَّارَ وَلاَ يُكَلِّمُهُمُ اللّهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَلاَ يُزَكِّيهِمْ وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ. سورە البقرە١٧٤
ماناکەی: ئەوانەی ئەو(ڕاستییانە) دەشارنەوە کە خودا لە کتێبەکانیدا ناردوونیی تا پارەیەکی کەمی پێ پەیدا بکەن ئەوانە لە ناو دل و دەروونی خۆیاندا هیچ شتێ ناخۆن ئاگر نەبێت، خودا رۆژی قیامەت نایان دوێنێ و پاکیان ناکاتەوە و عەزابێکی زۆر بە ئازار دەچێژن.
واتە ئەوانەی هەندی ئایەت بۆ خاتری مەبەست و قازانجی دنیایی یان شەڕو فیتنە دێننە ناو خەلک و ئایەتە بنەمایی و ئیمانییەکانی قورئان دەشارنەوە ئەوانە وەک ئەوە وایە کڵپەی ئاگر بخۆن و خودا لە قیامەتیش دا تەریک و عەزابداریان دەکات.
بە درێژایی مێژوو، تا ئەمڕۆش، لە کام دەولەتی ئیسلامیدا: وەک تورکیا و ئێران کە گوایە حکومەتی ئیسلامیشیان هەیە، کورد ئازادیی هەبووە ئەم مافە ئیلاهییانەی زمان و هەست و بیری نەتەوەیی تەنانەت بۆ چاکەو برایەتیش بە ئازادیی بەکاربێنێت. لە بەر جەهالەت بێت یان خۆ بەکەمزانین یان دینفرۆشیی ئەوانەی پێیان دەڵین مەلا و زانای دینی کوردیش ئەم ئایەتە روونانەیان بۆ خەلکی مسلمانی کورد باسنەکردووە و نەیانکردووە بە بنەمایەکی دینیی بۆ پاراستنی زمان و ماف و کەسێتیی و کەرامەتی نەتەوەکەیان و پاراستنی مال و منداڵیان لە شالاوەکانی غەزا و ئەنفال و جێنۆساید.

23
پەیامی جیاوازیی و فرەنەتەوەیی و ئەرکی بڕیاردانی چارەنووس
کەوایە پەیامی قورئان بۆ ئینسان پەیامی جیاوازیی و رەنگاورەنگییە و عەهدی خودا لەگەڵ مرۆڤ لەم ژیانەدا عەهدی ئیمان و چاکەیە کە ئەزموونی ئەم جیاوازییە ئیختیاری بۆ هەر یەکێکمان فەراهەم کردووە: بە تەنیا لە دایک دەبین، خاوەنی چاو و دڵ و عەقل و ئیرادەی جیاوازین و هەر یەکەش دەچینە قەبری خۆمانەوە:
زانایەکی ئیسلامی الدكتور محمد راتب النابلسي دەربارەی ئایەتی
﴿وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَجَعَلَكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً﴾
[سورة النحل الآية 93]
دەڵێت: [[ئەم ئایەتە مانای هەیە. گەر خودا ئیختیاریی جیاوازیی مرۆڤی نەهێشتبا، گەر حەزی نەکردبایە ببینە خاوەنی خواستی خۆمان، هەموومان دەبووینە نوسخەی یەکتر، ئەو یەکبوونە ئێمەی پێشنەدەخست، ئەو روالەتە گشتییە وجودی ئێمەی ئیلغا دەکرد، ئیختیاری ئیلغا دەکرد، عەهد و ئەمانەتی ئیلغا دەکرد، پێشکەوتنی ئێمەی لای خوداوەند ئیلغا دەکرد.]]

24
هاوپەیمانی و هاوکاری بۆ چاکە و خێر
بۆیە خوداوەند ژیان و دڵ و عەقڵی بە مرۆڤ بەخشیوە تا بەپێی ویژدان و عەقلی خۆی لەم دنیایەدا چاکە یان خراپە بکات، و تا ئەو رۆژەی دەمرێت دەرفەتی هەیە زیاتر خۆی زانا بکات و زیاتر تێبگات وخۆی لە خراپە دوور خاتەوە، گوناه بکات و پەشیمان بێتەوە، گومرا بێت و بێتەوە سەر رێی راست. و ڕێی راست تەنیا رێی عەقل و زانستە. تا رۆژی مردن هەموو کەس ئەو دەرفەت و کاتەی هەیە و هێچ تاوانکارێک بۆی نییە بە ناوی دینەوە ژیان لە هیچ کەس بستێنت و ببێتە بەرەی تاوان و عودوان، خودا دەفەرموێت:
﴿وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ﴾ [سورة المائدة]
واتە [[ لە خێر و چاکەدا هاوکاری یەک بن، لە تاوان و دەستدرێژییدا هاوکاری مەکەن.]]
لەمەدا، لە چاکەدا خوداوەند فەرمان دەدات کە مرۆڤەکان مونافەسەی یەکتر بکەن
(وَفِي ذَلِكَ فَلْيَتَنَافَسِ الْمُتَنَافِسُونَ) المطففین ٢٦
بۆ ئەمە [چاکەو خێر] با رکەبەران رکەبەرایەتی بکەن
﴿لِمِثْلِ هَذَا فَلْيَعْمَلِ الْعَامِلُونَ). الصافات ٦١.
[بۆ ئەم جۆرە کاری چاکەیە با کارمەندان کار بکەن.]]
ئەمەیە عەهدی خودا نەک بازرگانی و جاشەتییکردن بە دینەوە دژی خوشک و برا و رۆلانی نەتەوەی خۆت
[اثم و عدوان] کاری دوژمنایەتی نانەوە و جەنگ و کوشتار و تالان و دەربەدەریی و ئەسیرگرتن و کوشتنن
ئایا دوژمنایەتیینانەوە و تاوان و دەستدرێژیی لەوە زیاتر کە لە سەدان بەلگە و ڤیدیۆی لەم چەشنەدا دەیبیبنن؟
بەلام وەک خوداوەند دەفەرموێ:
[[صم بكم عمي فهم لا يرجعون]]
کەڕ و لاڵ و کوێرن و چاوی خۆیان لە هەق دەنوقێنن و ناگەرێنەوە سەر رێگای هەق و چاکە

25
دیارە من ناتوانم بلێم ئەوانەی دژی جیاوازی نەتەوەیی و زمان و ماف و چارەنووسی نەتەوەیی و پەیامی یەکترناسین و یەکتر قبوڵکردنن، ئەوانە کافرن یان مسلمان نین، خودا خۆی دەزانێت.
بەلام گومانی نییە ئەوانە موجریم و مونافیقن و خیانەت لەو عەهدەی خوداوەند بۆ تەماع و دەسکەوتی دنیایی کەم دەکەن و بە ناهەق دەبنە زاڵم و خوێنرێژ و درۆبێژ و تاوانکار و لەو ئامۆژگارییەی خوداوەند لادەدەن کە دەفەرموێت:
ولا تشتروا بعهد الله ثمنا قليلا – النحل ٩٥
واتە: بازرگانی بە عەهدی خوداوەندەوە مەکەن و بۆ تەماع و دەسەلاتی دنیایی بە نرخێکی کەم مەیفرۆشن

26
خودا غافڵ نییە لە تاوانی ئەوانەی خەلک لە دیاری خۆیان دەردەپەڕینن و ئەسیر دەکوژن و ئەو نیقاقەش دادیان نادات کە بە ئارەزوی خۆیان باوەڕ بە هەندی ئایەت بێنن و ئایەتە ئەساسییەکان فرامۆش بکەن
ثُمَّ أَنْتُمْ هَؤُلَاءِ تَقْتُلُونَ أَنْفُسَكُمْ وَتُخْرِجُونَ فَرِيقًا مِنْكُمْ مِنْ دِيَارِهِمْ تَظَاهَرُونَ عَلَيْهِمْ بِالْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ وَإِنْ يَأْتُوكُمْ أُسَارَى تُفَادُوهُمْ وَهُوَ مُحَرَّمٌ عَلَيْكُمْ إِخْرَاجُهُمْ أَفَتُؤْمِنُونَ بِبَعْضِ الْكِتَابِ وَتَكْفُرُونَ بِبَعْضٍ فَمَا جَزَاءُ مَنْ يَفْعَلُ ذَلِكَ مِنْكُمْ إِلَّا خِزْيٌ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ يُرَدُّونَ إِلَى أَشَدِّ الْعَذَابِ وَمَا اللَّهُ بِغَافِلٍ عَمَّا تَعْمَلُونَ} [البقرة : 85]
ئەوە ئێوەن خۆتان دەکوژن و هەندێک لە مال و دیاری خۆیان دەردەکەن و بە تاوان و دوژمنایەتی لەگەڵیان رەفتار دەکەن.. کە ئەسیرتان کەوتە بەر دەست رایان دەدەن کە دەرکردنیان حەرامە لە سەرتان . ئایا ئێوە باوەڕ بە هەندێ بەشی کتێب /قورئان دەکەن و کوفر بە هەندی بەشی تر دەکەن؟ ئەوەی ئەوە دەکات تەنیا لە دنیادا پاداشتی شوورەیی و سەرشۆرری دەبێت و لە رۆژی قیامەتدا توندترین سزای دەدرێت. خودا غافڵ نییە لەو تاوانانەی دەیکەن:
{وَمَنْ يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا} [النساء: 93
ئەوەی ئیماندارێک بە ئەنقەست بکوژێت پاداشەکەی جەهەندەمە بە نەمری تێیدا دەمێنێتەوە. و خودا غەزەبی لێگرتووە و لەعنەتی کردووە و عەزابێکی مەزنی بۆ ئامادە کردووە.
{مِنْ أَجْلِ ذَلِكَ كَتَبْنَا عَلَى بَنِي إِسْرَائِيلَ أَنَّهُ مَنْ قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا } [المائدة: 32]
لە بەر ئەوە ئێمە بۆ بەنی-ئیسرائیلمان نووسی کە هەر کەسێک مرۆڤێک بەبێ [تۆڵە و هەقی] نەفس و [تاوانی] فەسادکردن لە زەمیندا بکوژێت، وەک ئەوە وایە هەموو مرۆڤی دنیای کوشتبێت، ئەوەش کە خۆی لە کوشتنی دەپارێزی و بە زیندوویی دەیهێڵێتەوە، وەک ئەوە وایە کە هەموو مرۆڤی ژیاندبێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت