Dr.-kemal

بانگەوازی دکتۆر کەمال میراودەلی : دەنگ بدەن بە گۆڕان ، بە پارتی چارەسەری دیمۆکراتی کوردستان و بە کاندیدە ژنەکان !!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە پەیامێکی شیکاریی سیاسیی و هەلسەنگاندنیكی وردیی رەوشی سیاسی و ئاسۆکانی گۆرانەکاندا ، د.کەمال میراودەلی هەڵبژاردنی ئێستا بە قۆناغی گواستنەوە لە دەسەلاتی شاخەوە بۆ کۆمەلگایەکی مەدەنی دیمۆکراتی مۆدێڕن دەناسێنی و لەگەل رەخنەکانی لە بزوتنەوەی گۆڕان ، داوا لە جەماوەری کوردستان دەکا بە قورسی دەنگ بە گۆڕان بدەن وەک هێزێک کە دەتوانێ ئاسانکاری بۆ ئەو قۆناغی گواستنەوەیە بکات و ماوەکەی کورتتر بکاتەوە . هەروەها داوا دەکات دەنگدەران دەنگ بە پارتی چارەسەری دیمۆکراتی کوردستان و کاندیدە ژنەکان بدەن . ئەمەش دەقی تەواوی پەیامەکەیە :

بۆچی دەنگ بدەیت ، دەنگ بۆ كێ بدەیت؟

بانگەوازێک بۆ کج وکوران و هەموو دەنگدەرانی باشووری کوردستان

د. کەمال میراودەلی

( گرنگی دەنگدان )

١.دەنگدان هەموو شتێک نییە رەنگە زۆریش نەگٶڕێت ، بەلام تاقە بۆنەیەکە بۆ دایەلۆگی نیشتمانی و تاکە دەرفەتێکی دیمۆکراتییە کە بە دەستەوە بێت بۆ سەلمانادنی بوونی دەنگی تاکەکانی گەل ، حزووری خەلک ، مرۆڤ ، هاو – ولاتانیک کە داخوازیی و بەشیان لەم نیشتمانەدا هەیە. هیچ لەبرییەکی ساغ و کارا بۆ دەنگدان و پرۆسەی دیمۆکراسی و دامەزراندنی دەزگا دیمۆکراسییەکان بۆ دروستکردنی کۆمەلگای مەدەنی پێشکەوتوو نییە. بەکارهێنانی دەنگت و بەشداریی گەرمت ئەرکێکە بۆ چەسپاندنی ئیرادەی خۆت بەر لەوەی بیر لە ئاکامەکەی بکەینەوە. دەنگدانێکی تر، هەلبژاردنێکی تر، هەرچەندە پرۆسەکە خاوو درێژخایەن و ئازاراوی بێت، هەنگاوێکی ترە بۆ سەلماندن و چەسپاندنی نەریتی دیمۆکراسیی و ئالوگۆڕی ئاشتییانەی دەەسەلات.

(نوقسانیی دیمۆکراتیی)

٢. دیارە بە ستانداردی جیهانی ، جگە لە هێمنیی و ئازادی کەمپەین و رکەبەرایەتی بێ توندوتیژیی کە جێگەی دەستخۆشی لێکردنە بۆ حکومەت و حیزبەکانی ىەشدار ، ئەم هەڵبژاردنەی کوردستان وەک ئەوانی پێشووش ، زۆر لە ژێر ئاستی ستاندەردەکانی دیمۆکراتیدایە. بە تایبەتی تاوانێكی گەورەی دژە دیمۆکراتییە کە هەر حیزبە میدیای چەواشەکاری تایبەتی خۆی هەبێت و دوای ٢٢ ساڵ دەسەلاتی خۆمالیی ، میدیایەکی نەەتەوەیی پرۆفیشنالی سەربەخۆمان نەبێت کە پرۆسەو مافی کامپەین و رێکلامکردن و دەرکەوتن و بانگاشەکردن یاسابەندو رێکخات و دەرفەتی یەکسان بداتە کاندیدەکان . ئەوە ناهەقیی و نایەکسانییەکی گەورەیە کە ئەوانەی لە حیزبە زلەکانن و پشتگیریی حزییان هەیە یان ئیمکانیاتی ماددی زیاتریان هەیە ، بواری زیاتریان بۆ ناسین و ودەنگ بۆدان هەبێت بێ گوێدانە تواناو بەرنامەو کەسێتیی و ئیرادەی چاکخوازیی و گۆرینی رادیکالی

(کامپەینی نێگەتیڤ و رەوایی رووخاندن)

٣.وەکوو جارانی پێشوو زۆربەی کامپەینەکان نێگەتیڤ و سەلبی یە ، کامپەینی دژایەتی یە نەک دروستکردن ، ناحەزێتیی و رق لە لایەنێک زیاتر لە خۆشەوسیتی و پشتگیریی تەواوی لایەنیكی تر . بەلام ئەمە شتێکی سروشتی وشایانی تێگەیشتنە چونکە دەسەلاتی قۆرخکاری گەندەڵی ٢٢ سالە ئەوەندە ناشیرین و و داڕزاو بووە ، کە خواست و هیوا و خەونی یەکەمی خەلک نەمانی ئەوان و رامالێنی سیستمی دزیی و داگیرکاریی و تاوان و تالانفرۆشی سامان و نەوت و بودجە و بازاری کوردستانە ، دەسەلاتێک کە ئەوپەری بیدادیی و جیاوازیی پارەداریی دروستکردووە . دەسەلاتی بە تالاندانی نەوت و سامان ، داگیرکردنی زەوی و بنزەوی ، شاخ و داخ و باخ ، دەسەڵاتی خانەنشینکردن و ملێۆنەر دروستکردن لە سەر حیسابی هەژاران و نەدارانی ئەم ولاتەو بنکۆلکردنی کۆمەلگاو نەهێشتنی هەستی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانیی و بەها کۆمەلی و ویژدانییەکان

(کۆتایی‌هێنان بە دەموچاوو کەلتووری شاخ ).

٤. بۆیە تاکە هۆیەکی گرنگ بۆ ىەشداریی لەم هەلبژاردنەداو بەکارهێنانێکی کاریگەرانەی دەنگت ئەوەیە کە دەنگت ببێتە هۆکاریكی رادیکالی بۆ کۆتاییهێان بە دەموچاوی شاخ و مێژووی شاخ و میراتی خوێن و خیانەت و براکوژیی وتاوان و تالان و دزیی و داگیرکاریی و گەندەڵیی و ئەنفالکردنی رۆژانەی خەلک و رێگەخۆشکردن بۆ کۆمەلگایەکی شارستانی کە دەستوورو یەکسانی وحوکمی یاسا بەرێوەی بەرێت

( قۆناغی گواستنەوە ) .

٥. کەواتە گرنگیی ئەم هەلبژاردنە ئەوەیە هەلبژاردنی گواستنەوەیە ؛ گواستنەوە لە بیرو ئەخلاقی بەربەرییەتی شاخییەوە بۆ کۆمەلگای مەدەنی دیمۆکراتی شار . ئەم دەرفەتی گواستنەوە سەرکەوتنی دروست نابێت گەر بەشدارییەکی جالاکانە نەکەن و ئەو ‌هێزانە هەلنەبژێرن کە زیاتر نوێنەرایەتی ئەگەرو پێگەشەو ئامانجی ئەم گواستنەوەو وەرچەرخانە مێژوویی یە دەکەن . واتە : ئەو هێزانەی کە دەکەونە دەرەوەی دەسەلات و بازنەی پارتی و یەکێتی یەوە بە سەرکردە شاخییە گەندەڵ و ماندوو-و بوغراو بێ سەوادو بی منەت و بێ ‌هەستکرن بە ئاستی سفری مەسئوولییەت لە عاست ویژدان و دادپەروەریی کۆمەلایەتیی و ئەخلاق و هاوارو دادو داواکارییەکانی خەلکدا

( مەحاڵی چاکسازیی دەسەلاتی گەندەڵیی ) .

تەنیا وەک نموونەیەک : لەگەڵ هاوارو خەبات و خوێنی ١٧ ی شوبات و خۆپێاشاندانی دوو مانگەی خەلک ، لەگەڵ ئەوەشدا کە د . بەرهەم سەرۆکی حکومەت و جێگری سکرتێری گشتی حیزبەکەی بوو ، نەیتوانی سەرانی گەندەڵی حیزبەکەی خۆی رازی بکات کە بارەگای مەکتەبی سایسی و مەلبەندی حیزبەکەیان لە سلێمانی کە قوتابخانەیەک و بینایەیەکی حکومیی داگیرکراون چۆل بکەن و بیدەنەوە بەو حکومەتەی کە خۆیان سەرۆکایەتییان دەکرد .. جا وەرە گەر شتێکی ئاوا سادەو رەمزیی و بەرچاو دوای ٢٢ ساڵ داگیرکردنی کەڵەگاییانەو بێئابرووانە بۆ خەلک نەگێرنەوە چۆن واز لە ئیدارەی گشتیی و کۆمپانیاکانی حیزب و قاچاغچێتی نەوت و ئەو هەموو دزیی و داگیرکاریی و دەسکەوتە حەرامەکانیان دەهێنن : ‌ ئەمەش وای کردووە ، بە بوون یان نەبوونیی تالەبانی ، خۆیان لەگەڵ بنەمالەی بارزانی گرێ بدەنەوە و ، وەک بینیمان دیسان بەوپەڕی بوغرایی و بێمنەتیی لە هەست و خواستی خەڵک ، لە پێش هەموویانەوە ئەندامان و لایەنگیرانی یەکێتی خۆشیی ، بە ناهەق و نارەوایانە دوو ساڵ تەمەنی تەزویری سەرۆکایەتی بنەماڵەیی بارزانی درێژ بکەنەوە . ئەمە ئاخری ئەو بزمارە رەشە بوو کە لە تابووتی یەکێتییان دا .

ئێستاش گومانی نییە هەر دەنگێک بۆ یەکێتیی ، لە ژیر ئەم سەرۆکایەتییەدا ، دەنگێکە بۆ گەندەلی، بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەچێتیی ، بۆ چوارسالی تری دزیی و داگیرکاریی و تالان و تاوان .

( ئەفسانەی دەسکەوتەکانی بنەمالەو حیزبەکەی ).

٦. بنەمالەو پارتەکەشی بە ئاوەدانیی هەولێرو بازارەکانی دەنازن ، بەلام ئەم بازارو بەزمە بۆ كێیە : دوێنی شەو قسەم لە گەڵ هەولێرییان دەکرد ، دەیان وت شارەکەیان ناناسنەوە ، پرە لە عەرەب وبێگانە، گەر عەرەبیی نەزانی لە هەولێردا هەڵناکەی . هەولێرییەکان بوونە هاولاتی پلە دوو – و سێ . لە زەمانی عوسمانییەوە لە کوردستان سسیتمی زەویی (ئەمیریی) هەیە واتە ملکی گشتیی خەلک کە ناشێ بۆ مەبەستی تایبەتی داگیر بکرێ ، لە هەموو ولاتان شاخ و داخ و دۆڵ و دارستان و باخ و شوینە گشتییەکان و مەیدان و بازارو گەڕەکی شەعبی و ملکە حكومییەکان و گەشتوگوزارییەکان و سامانی ژێر زەوی پارێزراون و نابنە ملکی تایبەتی . ئەوانە هەموو شتێکیان داگیر کردووە ، ئەوەتا بێ ئاگاداری کەس و پەرلەمان و دژ بە ئیرادەی خەلک و بەرژەوەندیی نەوەکان نەوت و غازی کوردستان بە تالان و بە نۆکەرایەتی دەبەخشن بە شەریکە تورکیی وئیسرائیلییەکان .

( لەشفرۆشیکردن بە کوردستان و سەرچاوەکانییەوە )

راستیی نیچیروان لە دەلاڵیک زیاتر نییە کە کوردستانی کردۆتە لەشی رووتی ئافرەتێک و هەر جارەی پارچەیەکی دەبەخشێتە ‌هێزەکان و کۆمپانیاکانی بێگانە ، بە بێ ئەوەی کەس بتوانێ لێی بپرسێتەوە . ئێستا گەیشتۆتە سەر ئەوەی ران و ناوگەڵی ولاتەکەمان بە تورکەکان ببەخشێت . ئایا دەلالی کردن بە خاک و سامانی نەوەکانەوە گەورەترین خیانەت و تاوان نییە؟ هەولێر بۆ هەولێرییان نییە ، ئوتێلێلکی گەورەیە بۆ تورک و عەرەب و بێگانە، و هەموو قازانجەکە دەچێتە گیرفانی بنەمالەو دەستوپێوەندەکانیانەوە . راستە شەریکاتی تورکی دەیان ئوتێل و بازاریان دروست کردووە بۆ قازانجی خۆیان ، بۆ راکێشانەوەی ئەم پارەو مووچە کەمەی خەلک بۆ گیرفانی بنەمالەو دەستوپێوەند و ئاغاکانایان.

( مەترسییەکانی پرۆژەکانی گەشتیاریی و فرۆشتنی وڵات بە عەرەب )

ئەوانە لە جیاتی دروستکردنی ژێرخان وموئەسسەساتی نەتەوەیی کەلتووریی پیشەسازیی کشتوکاڵیی ، بە دەیان پرۆژەی گەشتوگوازاری بۆ راکێشانی سەدان هەزار گەشتیارو پارەداری عەرەب وتورک وبێگانە بۆ قازانجی خۆیان دروست دەکەن ، هەر پرۆژەیەکی گەشتیاریی پرۆژەیەکی خیانەتکاری داگیرکارییە کە بنەما کۆمەلایەتی و کەلتوورییەکانی خەلکی کوردستان لە بنەوە هەلدەتەکێنێت و پیسکردنی ژینکەو ئەخلاق و گرانیی بازاڕ و سەپاندنی زمان وکەلتووری بێگانەی لێ دەکەوێتەوە . لە لایەکی تریشەوە بواری کرینی زەوی و خانوویان لەو هەزاران شوققەی لە سەرزەوی داگیرکراوی خەلک دروستیان دەکەن بۆ خەلکی بێگانە بە تایبەتی عەرەب کردۆتەوە کە بۆتە هۆی زیادبوونێکی بێ مانای نرخی خانووبەرەو کرێچێتیی لە کوردستان کە لەگەڵ بەریتانیا بەروارد ەدکرێت و گەەورەترین زەبری ژیان بە کۆمەلانی خەلکی هەژارو بێکارو کەم مووچە دەگەیەنێت . گەر رێگای هاتن و کڕیاری بێگانەیان نەدابایە ، ئێستا نرخی خانوو و کرێخانوو ئەوەندە هەرزان دەبوو هەموو خێزانێکی ئاسایی دەرەقەتی دەهات . ئەمەش دیسانەوە تەنیا بۆ خاتری قازانجی خۆیانە و بێباک لەوەی بوونی دەیان هەزار بێگانە لە کوردستان چ کێشەیەکی گرانی بازاڕو ئابووریی و کۆمەلایەتی وکەلتووری و لە ئاستی دوورخایەندا هەرەشەی زۆر جددییش بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان دروست دەکات . سەیرەکە ئەوەیە کەسیش نییە ئەم پرسیارانە بکات و لێیان بپرسێتەوە . گەر ئەو بنەمالە و پارتەکەی چوار ساڵی تر دەسەلاتی بێ چاودێڕی و موحاسەبەیان هەبێت شتێک نامێنێت ناوی کوردستان و زمانی کوردی شاری کوردیی و نەوت و غازی کوردو کەلتووری وکوردەواریی و کوردایەتی و کەرامەتی نەتەوەیی بێت .

(خیانەتی نەتەوەیی بەرامبەر خۆراوای کوردستان)

٧. لە ئاستی نەتەوەیشدا ، لە هەلوێستی خیانەتکارانەی دەسەلات و سەرشۆڕیی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە کوردی رۆژاواو هاوکاری لەگەل پیلانسازی تورکیا بۆ لاوازکردنی پەیەدەو هێزەکانی پاراستنی گەل لە خۆراواو دروستکرنی جاشمیلیشیای سەر بە میت و دوژمنایەتی پەکەکەی و هەولی ئینشیقاق پێ کردنی و بێدەنگی لە نەخشە و تاوان ودرندەگەریی نوسرەو قاعیدە و بەشداری لە پیلانسازی میت – ی تورکیدا بۆ دروستکردنی دەیان رێکخراوی کارتۆنیی فشەو شەقبوون وکەرت بوون لە ناو بزوتنەوەکەدا، ئاماژەیەکی خەتەرناکن کە چوار ساڵی تری دەسەلاتی پارتی و بنەمالە بە بێ چاودێری و لێپرسینەوەی پەرلەمانیی و موحاسەبەو هاوسەنگیی هێزو هاودەنگیی نەتەوایەتی، دەشێت ببێتە هۆکاری کارەساتێکی نەتەوەیی گەورەو دەڵالە گەورەکە خەریکی فرۆشتنی نەوت و خوێنی خۆراواش ىێت .

(کەموکورتییەکانی گۆڕان)

٨. بە نیسبەت گۆران – ەوە ، دیارە کەس هێندەی من رەخنەی لە ڕێبازو کردەوەکانی نەگرتووەو پێویست ناکات لێرە دووبارەی بکەمەوە. کاریگەرترین بانگاشەی گۆران دژی دەسەلات ، بلاوکردنەوەی بەلگەنامە رەشەکانە : بەڵگەی خانەنشینکردن بە پلەی وەزیرو روتبەی سەربازی فشە بۆ سەدان ئەندامانی پارتی و یەکێتی لە سەر حیسابی بودجەو مالی گشتیی. دیارە ئەمە گرنگە بۆ ریسواکردنی گەندەلیی و دەرخستنی کرۆکی ناعەدالەتی و جیاوازیکاری بێ ئابرووانەی دەسەلاتی پارتی ویەکێتیی. بەلام دیارە ئەم رەخنەیە یەکجار بەهێزتر و کاریگەرتر بوو گەر گۆران و بەتایبەتی پەرلەمانتارەکانی خوولی ئێستای، بیانتوانیبایە نموونەیەکی یەکجار جوان و راستگۆو ئەخلاقیارانەیان نیشان بدایە ئەمەش بە رەتکردنەوەی خانەنشینیی و مووچەی خانەنشیننی خۆیان، ئەمە [ا‌ضعف الیمان] و کەمترین شت و ئاسانترین شت و جوانترین هەنگاو بوو کە دەیانتوانی بیکەن: هیچ شتێک بەرگرو رێگر نەبوو لە بەردەمیان ئەم هەنگاوە جوان و ئاسانە بنێن جگە لە نەبوونی ئاستی ئیلتیزامی ئەخلاقی و باوەربوونیان بە خۆیان و نەبوونی دلسۆزییان بۆ پەیمان و بەلێن و هاتووهووتەکانیان بۆ خەلك. جەند نموونەیەکی جوانیان پێشکەش دەکرد گەر بەرامبەر تەمای ماددی و مووچەی بەلاش سەریان نەوی نەکردباو ئایدیالی گۆڕینی سیستمیان بە زیندوویی هێشتبایەوەو گەر سواڵیشیان کردبایە، دەبوو خانەنشینیی پەرلەمانیی، وەک سازان لەگەڵ دیاردەیەکی هەرەزەقی گەندەڵیی سسیستمەکە، قبوڵ نەکەن. وەک حیزبیش گۆران نەیتوانی نموونەی پرۆسەی رێکخستن و دامەراندنی دیمۆکراسی پێشکەش بکات، بێ ناسنامەی سیاسی مایەوەو جگە لە بانگاشە نێگەتیڤەکانی و شەڕەشەخسییەکانی کەس نازانێت نوێنەرایەتی چ جۆرە گۆرانێکی دەستووریی و ئابووریی و سیاسیی وکۆمەلایەتی دەکات. گەر بەراستی مەبەست گۆرینی سیستم بێت ئەوە دەبوو سەرەتاو کۆتایی، سەری زارو بنی زاری گۆران وەک کورد دەلێت، دەستوورو پێویستی هەبوونی دەستووری دیمۆکراتی بێت پێش هێچ هەڵبژاردنێک. چونکە سیستم دەستوور دایدەمەزرێنێ و سیستمی بێ دەستوور نییە، گەر نیازی وەرگرتنی یان بەشداری دەسەلاتیشی هەبایە ئەوە دەبوودەمێک بوو بەرنامەی حکومەت و کابینەی حکومەتی سێبەری پێشکەشی خەلک کردبا.. لەکاتێکدا بۆ پەرلەمان ئەوەندە کادری ساواو لاوازی داناوە، ئەی دەبێ بۆ حکومەت ، کە تەجرەبەی تێدا نییە، چۆن بێت؟ لە رووی کۆمەلایەتیشەوە دەبوو لەو چوارسالەدا کەمپەین و کاری هەرەە لەپێشی گۆران دادپەروەری کۆمەلایەتی و کێشە کۆمەلایەتییەکان بان: پاراستنی ژیانی خەلک : چۆنێتی وەستاندنی مردنی سەرجاددەکان، وەستاندنی هینانی دەرمان و خواردنی ئێکسپایەرو مردن بە سەرەتان و کارەساتی خەستەخانەکان، چۆنێتی وەستاندنی بەردەوامی بە تالاندانی نەوت و سامانە سروشتییەکان و قاچاغجێتی نەوت و جیاواخی نێوان مووچە کەمەکان و ملێۆنەرەکان، وەستانادنی ژن کوشتن و چەوساندنەوەی ژن و تاوانە کۆمەلایەتییە بەربەرییەکان.. بەداخەوە لە هەموو ئەو رووانەوە گۆران ئەو بزوتنەوە روونکارە دیمۆکاراتییە نەبوو کە چاوەرێمان دەکرد.

(گۆران دینامیک و وتاری گۆرانکاریی پاراست)

٩. بەلام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا گۆڕان گەر تەنیا لە ئاستی وتاری سیاسیی و دەربرینی خواستی شەقامی کوردیشدا بێت، توانی کە وتاری گۆڕین بە تایبەتی ئامانجی رزگاربوون لە دەسەلاتی بەربەریی ٢٢ساڵە بە زیندوویی بیڵێتەوەو دامین و ئاستەکانی گەندەڵیی و دارزانی ئەخلاقی پیاوانی دەسەلات بۆ خەلک زەقتر بکاتەوە. لە لایەکی تریشەوە گۆڕان کۆتایی نییە، سەرەتایەو قۆناغی گواستنەوەیە: بزوتنەوەیەکی تێکەلی کۆن و نوێ، شاخ و شارە، تێکەڵی بەرژەوەندی خۆپەرستی و ئامانجی نیشمانپەروەریی، ئایدیۆلۆجی پێشکەوتنخوازو پراگماتیکی کۆنەخوازە. لە هەمووی گرنگتر لە ئێستادا بەدیلێکی تر بۆ گۆڕان نییەو لە ئایندەیەکی نزیکێشدا نابێت بەلام دەتوانرێ دوای ئەم هەڵبژاردنە رەوتە ئایدیۆلۆجی و ئامانجە دیمۆکراتییەکان تۆخترو ئاشکراتر خۆیان دەرخەن و دایەلۆگی کۆن و نوێ و گۆرینی رادیکالی راستەقینە لە ناو گۆڕان و دەروەشیدا ەدستپێبکرێت بەو هیوایەی رەوتێکی رەخنەیی لیبرالی دیمۆکراتی داپەروەریی بەهێز لە ناو گۆران دەرکەوێت و بێتتە گەرانتی بەردەوامی وتارو ئەجنداو ئامانجی گۆرینی رادیکالی ودیمۆکراتی و دامەزراندنی کۆمەلگایەکی مۆدێرن لە سەر بنەماکانی زانین و دیمۆکراسی و یاسا، رزگارکردنی حکومەت و کۆمەڵ و موئەسسەسات لە بەربەرییەتی حیزبیی و دامەزراندنی سیستمنیكی دیمۆکراتی راستەقینە بە پێی دەستوورێکی دیمۆکراتیی مۆدێرن.

( مەترسی ئینتیهازییەت و موساوەمەو تەوفیقییەت لە سەر حیسابی خەڵک )

١٠. خەتەرترین ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە دەرکەوتنی رەوتێکی تەوفیقی ئینتیهازی یە کە لە بەر نەبوونی زۆربەی رەهای تاکە حیزبێک هەولی دابەشکردنەوەی دەسەلات و دەسکەوتەکانی گەندەڵی لە نیو سەرانی حیزبەکاندا بدرێت و بەم پێیە حکومەتیکی هاوپەیمانی ئیئتیلافی یان زۆربەیی دروست بکرێت کە هیچ هەنگاویک بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی تاوانەکانی و هەلوەشاندنەوەی داگیرکااریی و ناهەقییەکان و پرۆسەی بنەماڵەییکردن و بەتالاندانی خاک و نەوت و کەرامەت ، نەکات و مورتاحانە لە نێوان خۆیاندا مەنسەب و ماددە دابەش بکەن و بۆ خەلکیش هیچ نەگۆڕێت جگە لە هاشوهوشی میدیاو مکیاج. . پارە زۆرە و بودجە فرەیەو نەوت بێ بنەو ئەوە مومکین دەىبێت. هەموو لایەک مورتاح دەبێت کە کەس هیچ باجێک نەدات، هیچ بەرژەوەندییەکی نەکەوێتە مەترسییەوەو تەنیا گەندە شەریکی تازە بێنە سەر کەلاکی رووتی فرۆشراوو کەڵپەتێنراوی نیشتیمان.

(دەنگ بە کێ بدەن؟)

١١. ئایا ئەم هەلبژاردنە هیچ لەمانە دەگۆرێت؟ هەوڵدان لە هەوڵنەدان باشترە.

من داوا لە خەلکی خۆشەویستی وکردستان دەکەم:

١. دەنگ بدەن بە گۆران: بوونی کورسییەکی زۆر بۆ گۆران و وەک هێزیكی نوێش و خاوەن جەماوەرێکی گۆرانخوازو نوێخواز، ئیلتیزامی ئەخلاقی زیاتری بە دروشم و ئامانجەکانیەوە دەبێت و ئەو هێزەی دەداتێ کە بە ئاسانی موساوەمە لە سەر گەندەڵی تەنیا لە بەر خاتری بەشداری لە دەسەلاتدا نەکات. بەشداری بەهێزی گۆران لە پێکهێنانی حکومەتدا هەم ئەو دەرفەتە دەدات بە دەستەوە ئەو گۆرینانە بخاتە کار کە بانگەوازی بۆ کردوون و هەم خۆشی بکەوێتە بەر مەحەکی بەشداری لە دەسەلات و بەرەورووبوونەوەی جەماوەرەکەی و ئاسانکردن و کەمترکردنەوەی ماوەی گوازتنەوە بۆ دەسەلاتی مەدەنی دیمۆکراتی .

٢. بۆیە من هیوادارم تەنانەت جەماوەری یەکێتی- ش دەنگ بە گۆران بدەن. پێوسیتە ەبرژەوەندی نیشتمان و خزمەتی خەلک بخرێتە پێش بەرژەوەندی حیزبییەوە. لەمەدا دەرفەتی باشتر بۆ چاودێری و ئامانجە نەتەوەییەکان دەبێت لە هێشتنەوەی دەسەلاتیكی گەندەڵی بنەمالەخوازی پاشکۆی بنەمالەی بارزانی. بۆ ئەوانەش کە ناتوانن دەنگ بە گۆران بدەن هیودارام بە هەمو وکول و هێزێکتان دەنگ بە پارتی چارەسەری دیمۆکراتی ژمارە ١١٣ بدەن. بە تایبەتی داوا لە کچ و کورە ولاتپەروەرو هوشیارەکانی دەڤەری بادینان لە زاخۆ، لە دهۆک و ئاکرێ و ئامیدی ، هتد دەکەم کە دەنگ بە و کچ و کورە ئازایانە بدەن کە درێژکردنەوەی خەباتی نەتەوەیی خۆبەخشیی ٣٥ سالەی برا وخوشکەکانتانن لە باکوور و لە رۆژاوای کوردستان. بە چاوت خۆتان جوانکاریی و خۆبەخشیی و قارەمانیتی رۆژانەی ئەوان بەرامبەر دوژمن و ژیانی سەخت دەبینن. با لە پەرلەمانی باشووریشدا نوێنەری بزوتنەوەی نەتەوەیی سەرانسەری هەبێت کە پارسەنگێکی گرنگی پاراستنی نەتەوە دروست دەکات. . دەنگدان بە ئەوان زۆرشەرەفمەندانەترە لە دەنگدان بە پارتێکی بنەماڵەیی گەندەڵ و گومانلێکراو کە سەرۆکی لیستەکەیان بکوژی دەیان ژن وپیاوی مەەدنی خەباتکاری باکوورە ..

٣. داوا لە هەموو کیژەکان و ژنانی کوردستان دەکەم تکایە دەنگتان بدەن بە کاندیدە ژنەکان با هەستی حەسوودیی و خەرافاتی ژن بە کەم زانین سڵتان پێ نەکاتەوە دەنگی ئێوە دەتوانێ پەرلەمانێک دروست بکا کە بەشێکی زۆری ژن بن و حەتمەن ئەوان دەتوانن باشتر نوێنەرایەتی هەست و ئازارو داواکارییەکانی ئێوە بکەن و باشتر کاریان تێ بکەن. هیوادارم گەنجانی کوڕیش دەنگ بە کاندیدە ژنەکان بدەن..

٤. لە ئاستی کەسییدا دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە بە ئاشکرایی پەیمانیان داوە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانی قبول نەکەن و بەلینەکانیان فرامۆش نەکەن..

مەبەست لەم پەیامەم تەنیا بەرژەوەندی گشییە ئەگینا من رێزی زۆرم بۆ ئیرادەی دیمۆکراتی ئازادی هەر هاولاتییەک هەیە بە ئارەزووی خۆی و قەناعەتی خۆی دەنگ بدات.

هەر سەرکەوتووبن. ئایندەیەکی رووناک بۆ ئێوەو کوردو کوردستان.

کەمال میراودەلی .

١٨ ی ئەیلوولی ٢٠١٣