Xiam

دکتۆرکەمال میراودەلی : حیکایەتی ژیان و بوون وەک خەیام وێنای دەکات .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 کوردییکردن و لێکدانەوەی

بەشی سێیەم

چوارینەی ١٠-٢٠

(١١)

بیربکەوە لە ئەم کاروانسەرایە

شەوو رۆژ دەرگای کراوەو داخراون

چەند سوڵتان بە کەش و فشی دنیایە

شەو یان دوو شەو لێرە ماون و نەماون

(١٢)

دەلێن جرج و مارمێلکە پاسەوانن

لەو کۆشکەی جەمشید کەشخەی لێدەدا

بەهرامیش ئەو راوچییە مەزنە

کەرەکێوی لەقە لە کەللەی دەدا

(١٣)

هەندێ جار دەهزرم : هەرگیز سووریی گوڵ

وەک خوێنی قەیسەرێک ئاڵیی نەدیوە

هەر ریحانەیەکیش باخ لە سەری داوە

سەری جوانێکە لە کۆشیا وەریوە

(١٤)

ئەو گیا گەشەش کە سەوزیی ناسکی

لێوی ئەو جۆبارە دەنۆشێ

ئاه ، لە سەرەخۆ پاتی پیا بنێ

نەوەکا لێوی جوانێک بێ و بڕووشێ

(١٥)

لە بابل بێت یان لە نیشابوور

مەیگێر مەی شیرین یان تاڵ بگێڕێ

شەڕابی ژیان تک تک دەچۆڕێتەوە

گەلای ژین پەلک پەلک دەوەرێ

(١٦)

“هەر بەربەیانێک هەزار گوڵ دێنێ”

راستە بەلام کوان گوڵەکانی دوێنێ؟

ئەم بەهارەش کە گولەباخ دەڕوێنێ

دەیان جەمشیدو خوسرەو دەمرێنێ

(١٧)

دیوانێ شیعر لە سایەی درەختا

گۆزەیەک مەی و کولێرەیەک و تٶ

لە تەنیشتم بچڕی لە کێوی سەختا

ئاخ، کێو بەهەشتی من دەگرێتە خۆ

(١٨)

هەن عەودالی کاش، سامانی دنیان

هەن هی بەهەشتی ئەودنیای پێغەمبەر

کاشی ژیان هەلگرە، قەرز فرێدە

بۆ دەهۆڵی دوور خۆت مەکە بە کەر

(١٩)

دەخیلتم ئەی یار کاسەم بۆ پڕ کە

با تاوێ هۆشم لای خۆی نەمێنێ

لە ناو بادەدا تەڕ تەڕ بە بادەین

ترسی سبەینێ و خەمی دوێنێ

(٢٠)

با ئەوەی هەمانە باشتر خەرجی کەین

بەر لەوەی لە خۆلا سەردەرکەین دوایی

خۆل بۆ خۆڵ، لە ژێر خۆلا راکشێین

ىێ مەی، بێ مەیگێڕ، بە بێ کۆتایی !!

لێکدانەوەی چوارینەی ١٠-٢٠

١١

ئەم دنیایە ، کاروانسەرایە . دەرگاکانی بۆ قافلەیەک دەکاتەوە ، دادەبەزن . پشوو دەدەن ، بە مانەوەیان دلخۆش دەبن ، دوایی دەڕۆن ، دەرگاکان دادەخرێن تا کاروانی داهاتوو دەگات ، ئەمانیش بە هەمان جۆر . بەلام بیر بکەوە چەند سولتان و میرو بازرگانی دەولەمەند بە کەش و فش و لە خۆبایی بوونەوە لێرە حەواونەوە ، خەیالیان کردووە کە دەسەلات و سامان نەمریی و هەمیشەیی دەسەلاتییان پێ دەدا ، بەلام وەکو هەموو کاروانێکی دی ، چەند شەوی لێرە ماونەوەو بە جێیان هێشتووەو کەس نەبیبینیونەوە

١٢

ئەمەیە چارەنووسی هەموو میوانانی ئەم کاروانسەرایە هەرچەند دەسەلاتدارو ساماندار بن . دەڵێن ئێستا لە جێی لەشکری سەربازانی گیانلەسەردەست ، جرج و مارمێلکە پاسەوانی ئەو کۆشک و سەرایە دەکەن کە تێیاندا جەمشید ژیانیكی پڕ دەولەتداریی وکەشخەیی و بوغڕایی دەژیا . بەهرامی گەورە ڕاوچییشت لە یاد ماوە، کە شێرو پلنگ لە بەر تیری ئەو زەلالەتیان بوو؟ ئێستا کاسەی سەری لە بن گڵەوە دەرکەتۆتەوەو کەرەکێوی بەر لقانی دەدەن ؟ ئێمە هیچ سەروەت و سەلتەنەتێک نابەینە ناو گۆڕ، ئەوەی هەمانە تەمەنی ئەم دنیایەیە با بە خەیاڵی بۆشی خڕکردنەوەی سەروەت و سامان لە دەستی نەدەین .

١٣

دڵەکەم ، با پێکەوە سەیری ئەو گوڵەباخە ئالە کەین ، چەند سوورە؟ بەلام من بیر دەکەمەوە لە خوێنی مرۆڤ سوورتر نییە ، ئەو خوێنەی کە لە گەڵ خۆڵدا تێکەل دەبێتەوە ، خوێنی قەیسەرێک کە بۆ خاتری دەسەلات رشتی و کوشتی . ئەو ریحانەرەشە بۆنخۆشانەش کە شۆخەکان لە سەری دەدەن ، من هەر وا زەین دەکەم ، پرچی جوانانێکن کە لە سەر کۆشیاندا سەریان ناوەتەوە

١٤

وریا بە رۆحەکەم . با بە ناسکی پێ بەم گیا سەوزە چاوگەشەدا بنێین کە ئەم لاو ئەولای ئەم کەنارەی بوژاندۆتەوە .، دەترسم ئەوە لێوی جوانان بن لێرە سەریان وەدەر نابێتەوە ، با ئازاریان نەدەین

١٥

لە شانشینەکانی ئاشوورییەکانی بابل بێت یان ساسانییەکانی نیشاپوور، مەیگێری ژیان هەر جۆرە ئەزموونێکی خۆش یان ناخۆش ببەخشێت ، شەرابی ژیان و چرکەی تەمەنی خۆمان ، تک تک دەچۆڕێتەوە ، گەڵای درەختی ژیانیشمان ،  پەلک دوای پەلک ، رۆژ دوای رۆژ دەوەرێت

١٦

هەموو بەرەبەیانێک هەزاران گولێ نوێ دەگەشینێتەوە . بەلام گوڵەگەشاوەکانی دوینێ چییان بەسەرهات ؟ ئەم بەهارە تازەش کە هەزاران گوڵەباخ دەروێنی ، دەیان جەمشید و خوسرەوی دەسەلاتدارو سامانداریش دەمرێنێ کە تەمەنیان لە سەر تەماو تەماع هەڵچنیوە .

١٧

ئاه ، ئێستا تیگەیشتی .. دەپرسی چار چییە ؟ ئەی تۆ چیت لەم دنیایە فانییە دەوێت ؟

کۆشک ، دەوڵەمەندیی ، دەسەلات ، زەمین و باخ و مەزرا ؟

باشە دڵەکەم با پێت بلێم : من لە کێوێکدا، لە پاڵ درەختێکدا، دیوانێک شیعرم پێ بێت ، کولێرەیەک و جامێ مەی و تۆم لەگەڵ بیت و گوێم لە دەنگ و سەدای ناسکت بێت : ئەو کیوە بەهەشتی منە

١٨

ئەوانەی دنیایین هەر خەریکی خڕکردنەوەی سەروەت و سامان و دەولەت بنیاتنانن لە کاتێکدا لە ناوەوەیاندا رۆژ بە رۆژ رۆحیان هەرەس دێنێ ، ئەوانەی دینیین خۆیان بۆ بەلێنەکانی پێغەمبەرو بەهەشتی ئەو دنیا هەڵگرتووەو مونافیقانە ئەم ژیانە بەهیچ و بێبایەخ سەیر دەکەن . بەلام ژیان بەخشیشێکی خودایی یە پێمان دراوە تا هەموو دەقیقەو رۆژەکانی بژین . ئەو کاتەی هەتەو لە دەستتدایە کە رۆژو ساتەکانی تەمەنتن ، هەقیان بەسەر تۆوە هەیە کە باش بە کاریان بێنی ، هەر ئازایەکی لەشت مافی ئەوەی بە سەرتەوە هەیە بۆ سەلامەتی و خۆشییان دریغی نەکەی ، بە سادەیی و شادیی ژیان بە سەر بەرە ، فڕێی مەدەو بە قەرزی دووری مەدە، با دەنگی دەهۆڵی دووریش خۆش بێت

١٩

ئاه، دڵەکەم ئەم خەیالاتانە ، هۆشیان پڕ کردم لە بیری ناخۆش !! تکات لێدەکەم بادەکەم بۆ فوڵ کە با تاوێ هۆشم لای خۆم نەمێنێت . وەرە با پێکەوە بە جەستەو رۆح مەست بین ، با خەمی دوێنێ و ترسی سبەینێ لە بیرکەین و چاوو دل و رۆحمان بۆ موعجیزەی ژیان و بەخشندەییە بێ کۆتایی و بێ سنوورەکانی بکەینەوە

٢٠

با ئەوەی هەمانە : دڵ ، دەست ، لێو ، هۆش، هەناسەو تاسەو خەونی شادیی و ئازادیی … هتد . باشتر بەکاریان بەرین . لەوانە زیاتی هیچی تر لەم دنیایە هی ئێمە نییە ، با هەلیان نەگرین و بە خۆلیان نەبەخشین تا لە ناو گۆڕا بۆ ئەبەدی بێ شەڕابی حەزو ئاواتەکانمان و مەیگێڕی ناسک و بەخشندەی ژیان ، راکشێین