Xeyam

دکتۆرکەمال میراودەلی : حیکایەتی ژیان و بوون وەک خەیام وێنای دەکات .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

لیکدانەوەی چوارینەکانی ٤١-٤٨

(٤١)

پەنجەی بەیان دەنووسێ و کە تەواوی کرد تۆمار

خۆی لێ دوور دەگرێ و نانووسێ چیدی

هیچ بەزەیی و حیکمەتێک ئیدی

نایهێنێتەوە

تا نیودیڕێکی لێ بسڕێتەوە

نە هەموو فرمێسکەکانی تۆش

دەسڕنەوە یەک وشەی ئەبەدیی

(٤٢) 

ئەو جامە قڵپبٶوەش پێێ دەلێێن ئاسمان

کە لەژێڕیدا بە چەنگ و نینۆک

دەژین و دەمرین

دەست بەرز مەکە بۆی بۆ هیچ پەنایەک ، 

چونکە ئەوێش خۆی

بە بێهوودەیی دەخولێتەوانێ

با یەخەی نەگرین ..!!

(٤٣)

یەکەم قوڕی زەوی هەویری شێلانی

دوایین مرۆڤ بوو

لە [ دوا خەرمانیش ] تۆوی چاندرا

کەچی یەکەمین [ بەرەبەیانی خەلق ] بوو ، کە نووسی

لە دوا [ بەرەبەیانی حیساب ] چ خوێنرا ؟

(٤٤)

تۆ ئەی ئەوەی بە تەڵەو تەپک و تەفرە

تەنیت ئەو ڕێگەیەی کە پێیدا دەڕۆم

تۆ نەبووی قەدەری لەوەپێشت

کردە نوشتەی گوناهی خۆم ؟

(٤٥)

ئەی ئەوەی مرۆڤت دروستکرد لە خۆڵی هەرزان

لە ناو باخی عەدەن – یش مارت بۆ دانا

بۆ ئەو هەموو گوناهەی رووی مرۆڤت پێڕەشکرد

دانوستانی لێبوردن بکە بە مانا

( ٤٦ )

گەر هاتنم بە خواستی خۆم دەبوو

نە دەهاتم

گەر کۆچم بە دەستی خۆم دەبوو ،

جێم نەدەهێشت وڵاتم

باشتر نەبوو بۆ دنیای

ئازارو خەراباتم

هەر نە هاتبام ،

نە بوومایە

بە دیلی ترسی حەیاتم

(٤١)

لەو گەمەدا هەموو شتە کاتیی و بەسەرچووەکان بێهوودە دەنوێنن ، تۆش دەڵێی : کەوایە ئەو مەیەی خۆشیی ژیان کە دەینۆشیی و ئەو لێوەی خۆشەویستیی کە دەیمژی ، وەک هەموو شتێکی ژیان کۆتایی دێت و هیچە . بەلام مادام ئێمەش دەبین بە هیچ با دنیایەک فانیازیاو حەزو هیوا خۆشەویستی دروست بکەین نەک هەر هیچ بکەینەوە بە هیچ . ماناو هوودەی ژیان لە هەموو شتەکانی زیاتر نەبێت کەمتر نییە .

(٤٢)

ئەم شەوو رۆژو تاریک و رووناکییەی رۆژگار تەختی شەترنجێکە کە قەدەر یاری پێوە دەکات . مرۆڤەکان داشی شەترنجن . دەستی قەدەر بە نەخشەسازیی خۆی تاک وجووت دەیانگرێ ، و یەک بە یەک تا کۆتاییان پێ دێنێ دەیانهێنێ و دەیانبا ، دواییش داشەکان دەخاتەوە ناو قوتووە داخراوەەکی خۆیەوەو قوتیان دەدات .

(٤٣)

پەنجەی چارەنووس هەر لە بەرەبەیانی ژیانەوە دەستوورو رێکارەکان دەنووسێ و وەک تۆمارنامەیەک دەیخاتە ناو ملمانەوە . دوای ئەوە خۆ لە هەموو ناوەرۆکەکانی بەدووردەگرێ و گوێ لە هەموو سکالاو دادەکان کەڕ دەکات . هیچ هاوارێک بۆ بەزەیی، دادێک بۆ حیکمەت ، پەنجەی قەدەر ناهێنتەوە سەر تۆماری دوابڕیارەکان تا تەنانەت یەک خەتیش لەوەی بڕیاردراوە بگۆرێت . نە هەموو فرمێسکەکانی تۆش دەتوانن تاقە وشەیەکی ئەبەدییکراو بسڕنەوە .

(٤٤)

سەیری ئاسمان بکە کە وەک جامێكی قڵپبۆوە یان هەڵگەڕاوە وایە . لە ژێریدا ئێمە لە سەر رووی ئەم جامە ڕێکەی زەوی دەژین و بە چنگ و نینۆک و کوێرەوەری بژێویی و بخێویی ژیان بەدەستدێنین تا دەمرین . هەرکاتێ تووشی ئازارێک و نەهامەتیی و بێهومێدیی و بێهیواییەک دێین دەم ودەستی دوعا بۆ ئاسمان بەرزدەکەینەوە ، جار لە دوا ی جار ئەم پراوە دووبارە دەکەینەوە گەرچ قەت مردوویەکمان بۆ نەگەڕاوەتەوەو ، ئازارێکمان بۆ سووک نەبووە ، جەنگێکمان بۆ نەوەستاوە ، زۆردارێکمان بۆ زڕ نەکراوە . من وا مەزەندە دەکەم ئەوەندەی چارەنووسی ئێمە بەرباس بێ ، ئەم جامە قڵبۆوەش بێهوودە دخولێتەوەو ئاگایەکی لە ئێمە نییە .

( ٤٥ )

یەکەم قوڕی زەمین لە جەستەی دوایین مرۆڤ شێلرا، و تۆووی بوونمان لە دوا خەرمانی نەمان چێندرا . کەچی یەکەمین بەرەبەیانی خەلق کە هێشتا ئێمە نەبووبووین ، هەموو وردەکارییەکی بەرنامەی سەرەتاکانی حیساب و کیتابی ئێمەی خوێندەوە .

(٤٦)

خوداوەندا : تۆ بە گەورەیی خۆت منت وەک مرۆڤێکی لاوازو ژینتەنراو بە تەڵەی تەما و تەپکی هەوەس و نەفس و تەفرەی سامان و ژیانی هەمیشەیی دروست کرد . منت کردە رۆلەی خەتاو قەدەری لەوەپێشبریاردراوت کردە نوشتەی گوناهی خۆم بەرلەوەی بتوانم مانای گوناه تێ بگەم .

(٤٧)

مرۆڤت لە خۆڵ و قوڕی هیچ و هەرزان دروست کرد . فڕێت دایە ناو باخی عەدەنەوە لەوێش داری سێوو ژەهری مارت بۆ دانا . تا وات لە مرۆڤ کرد نەفسی خۆی بۆ دابین نەکرێ ، پێی هەلخلیسكێ ، رووی بە گوناه رەش بێت .

خوداوەندا !! کەوایە گوێ لە هاوارمان بگرەو لە گوناهمان بمانبەخشە تا مانایەک بۆ ژیانمان بگەڕێتەوە .

(٤٨) 

گەر بۆ هاتنە ناو ژیانەوە پرسم پێ کراباو بمزانیبایە ژیان ئاوا پڕ تەلەو تەپک و تەفرەو بێهوودەیە ، ئەوا یەقین من نەمدەویست لە دایک ببم و نەدەهاتمە ئەم ژیانەو ئەم نیشتمانەوە کە لێی لە دایک بووم . کە هەر هاتیشم و لەگەڵ خێزان و خەلک و هاونیشتمانانم ئولفەتم گرت و هاوبەشی شادیی و خەمیان بووم ، ئەوە گەر کۆچی دوایی بەدەست خۆم بووایە نەمدەویست قەت خاک و خۆشەویستانم بەجێ بێڵم . لە هەر دوو حالەتدا من بی خواست و بێ بریار، بەرقەرار کراوم . لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەو دنیا پڕ خەرابات و ئەشکەنجەو ئازارە ، لام باشتر بوو هەر لە دایک نە بوومایەو هەموو دەقیقەو ساتێ ترسی مردنی خۆم یان خۆشەویستانم نەبایەو نەبوومایە بە عەبدی گوناه و نهێنیی و دیلی ترس .

 

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس