Dr.-kemal

دکتۆرکەمال میراودەلی : دایەلۆگێک دەربارەی ئایدیۆلۆجی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بەشی سێیەم

بنۆلۆجی وشەی ئایدیا :

٤. ئەمانە مانا باوەکانی ئێستان بەلام بنەچەی وشەکە لە کوێوە هاتووە ؟ مانا ئەسڵییەکەی چ بووە ؟

– ئایدیا وشەیەکی یۆنانییەو لە رەسەندا هیندو- ئەوروپایی یە . لە [ ئیدیین ] ی [ ئەیدینێ ] ی هاتووە بە مانای دیتن ، بینین یان روالەتی شت ، فۆرمەکەی، یان سروشتەکەی بە بەروارد لەگەڵ حەقیقەت یان وابوویی شتەکە . ئەویش لە شێوەی سەرەتایی هیندو- ئەوروپییەکەیەوە [ ویدیسیا ] وا هاتووە : ویدی یۆنانی : بە مانای : دی ، دیتن – ی کوردیی دێت . دیارە وەک وشەیەکی رەسەنی هیند – ئەوروپایی رەگەکەی لە گەڵ وشەی دیتن ، و دەیدینێ و ئایین ی کوردیدا هەر یەکە .

لە فەرهەنگی ئیتیمۆلۆجیدا رەگی وشەکە ئاوا باسکراوە .

Idea: literally “the look of a thing (as opposed to the reality); form; kind, sort, nature,” from idein “to see,” from PIE *wid-es-ya-, suffixed form of root *weid- “to see”).

]PIE = proto-Indo-European

بڕوانە :

http://www.etymonline.com/index.php?term=idea

ئیدی، ویدی ) کە نزیکە لە وشەی ئایین و وشەی دین یان دیتن ی ئاوێستایی زەردەشتی . ئایین – وەک لە ئاویستادا هاتووە بە مانای نمایی بوون ، دیاربوون و دیارکەوتن دێت . زاراوەی ئاویستایی : [ مەئینیە نووش ] واتە ئایینە نییە ، دیار نییە . لە کوردیدا کە دەلێین دین و ئایین ئەمانە هەردووکیان لە ئاوێستاوە هاتوون نەک لە وشەی دین – و دیانە – ی عەرەبی کە ئەویش دەشێ هەر لە زەردەشتییەوە هاتبێت . دین – ی کوردیی لە دیتن ەوە هاتووەو لە ئاوێستادا ئەو کاتەیە کە زەردەشت لە دیتنی خۆردا بوونی تاک و بێ هاوتاو گەردوونیی و میهرەبان دەدۆزێتەوە.

وشەی دین ئەسلەکەی لە گاتاکاندا وشەی [ دایینا ] یە کە بە مانای قسەو پەیامەکانی پەیامبەر زەردەشت خۆی دێت کە بە هاورایی هەموو لێکۆلەرەەوانی رۆژهەلاتیی ورۆژاوایی [ گاتاکان ] وتەو نووسینی ئەسلی زەردەشت خۆیین و لە فۆرمە رەسەنەکەیاندا پارێزراون.

( زاهنەر) لە کتێبی (بەرەبەیان و خۆراوای زەردەشتیزم ) دا دەنووسێ :

..”for the Avestan word daēnā which survives to thisday in its Persian form din had hitherto meant the individual conscience or organ offaith of the individual worshipper but in the formula ‘the Good Daēnā of the worshippers of Mazdāh’ it standsfor the faith of the whole community: it is the ‘Good Religion’ as established by theProphet and as interpreted by the minor prophets of the Seven Chapters.”

R. C. Zaehner: The Dawn and Twilight of Zoroastrianism. G. P. Putnam’s Sons. New York. Publication year: 1961. Page: 77[[

” وشەی ئاڤێستایی ( دایینا ) کە تا ئێستا لە شێوە فارسییەکەیدا وەک وشەی ( دین ) ماوەتەوە ، مانای ویژدانی تاکەکەس یان ( ئۆرگانی باوەڕ ) ی پەرستیاری تاکەکەسی دەگەیاند . بەلام لە گوزارشتی ( دایینا ی چاکی پەرستیارانی مەزدا ) ، بە مانای باوەری [ ئایینی ] هەموو کۆمەڵگا دێت کە لە لایەن پەیامبەر خۆیەوە دامەزراوەو و لە لایەن پەیامبەرانی بچوکتری حەوت بەشەکان ] ( ئاڤێستا ) تەفسیر کراون.]”

کەواتە : لە هەردوو رەگە ئاویستایی و یۆناییە سەرەکییەکە : ئایدیا / ئایین / دید بریتییە لە شیوەی بینینی شت . بینینەکە دەبیتە شێوەکە واتە [ فۆرم ] ی یان [ فینۆم ]ی شتەکە لە یۆنانیدا . ئێستاش ئەمە مانای باوی بیرە لە قسەکردنی رۆژانەماندا کە هەستی پێناکەین

بۆ نموونە لە هاوڕێکەت دەپرسی : ئەرێ تۆ ئەم کارە چۆن دەبینی ؟

مانای کتومتی ئەم رستە ئەوەیە : ئایدیای تۆ، بیری تۆ ، دەربارەی ئەم کارە چییە ؟

کەواتە [ چۆن بینین ] بریتییە لە هزری ئێمە دەربارەی ئەو شتەی دەیبینین ، بریتییە لە ئایدیای شتەکە . کەواتە ئایدیا کە کتومت بیکەینە کوردیی : دەبێتە ئاوا-دیتن ئاوا دین، یان دید.

ئایدیای من = ئاوا دینی من ، دیدی من ! من وای دەبینم.!

بەلام مادام بینین گرنگترین ، سەرەتاییترین ، گەردوونیترین توانست و چالاکی و کاری مرۆڤە ئەوە بینین وەک بینیمان بۆتە دیتن، دین ، ئایین ، رێنمایی و ڕێبازی ژیان یان ئایدیاو فەلسەفەو زانستی ژیان هەموو لە بینینەوە سەریان دەر‌ێناوە . هەموو کێشەکانێش بەم کارو پرۆسەوە بەستراونەتەوە

بینین و چۆنبینین یان جیهانبینیی

٤. مەبەستت کێشەی فەلسەفییە ؟

بەلێ : کێشەی بینین / بیر / ئایدیا لە پرۆسەی پەڕەسەندنیدا ، کە چاوگەی هەموو داهێنانەکان و پەرەسەندنەکانە : کێشەو پرۆسەی ئەفسانە ، دین ، فەلسەفە ، ئایدیۆلۆجی ، زانست لەمەوە سەریان هەڵداوە . بینین یانی بەکارهێنانی هەست ، ناسین بە هەست ، زانین بە هەست ، ئەو هەستەیە دید ، ئایدیا یان بیری ئێمە لە شتەکان دروست دەکات. دوای ناسینی شتەکان بە چاو، بە هەست کێشەی پێناسەیان دەست پێدەکات . هەر شتێ کە پێناسەبکرێت دەبێ ناو بنرێت . كێ ناوی دەنێ ؟ چۆن ؟ ئایدیاکە ، دیدەک ، نابێ بە زانین تا لە وشەدا ، لە زماندا یان لە هەر ئامرازوهۆکارێكی گەیاندندا دەرنەبردرێت . پێش زمان مرۆڤی سەرەتایی لە دیواری ئەشکەوتەکاندا بە وێنەو نەخشسازیی ئایدیاکانیان واتە دیدەکانیان ، وابینینیەکانیان ، بە یەکتر گەیاندووە . دیارە پێش سیستمی زمانیش بە هاوارو هوورەو گۆرانی و سەماو نیشانەو بۆڵە ئەمەیان کردووە . بەلام بێ ئەوەی زمان بە فراوانی و کۆبەندیی ببێتە هۆکاری دەربڕین و گۆڕینەوەی ئایدیاکان ناکرێ ببنە ئایدیایەکی هاوبەش کە شایانی مانەوەو گواستنەوەبن . ئەمە لە لایەکەوە ، لە لایەکی تریشەوە درەنگ یان زوو ئەو پرسیارە دروست دەبێ : چۆن دەزانین ئایدیا کانمان نواندن و پێناسەی راستی شتەکانە . ئەم پرسیارە سەرەتای بەهێزی دروستبوونی مرۆڤی مانایی [ عا‌قڵ ] و هۆشمەندە ، سەرەتای لە دایکبوونی بەهێزی عەقڵە .

لێرەوە چوار پێنج گرفتی گەوەرەمان بۆ دروست دەبن :

١. کێ شتەکان دەبینێ و دەدۆزێتەوە ؟

٢ . كێ شتەکان ناو دەنێ ؟

٣. چۆن ئەو زانیارییە واتە ناوو ناساندنە بە کەسانی تر دەگات و تێی دەگەن ؟

٤. چۆن دەزانین ئەو [ چۆنبینین ] و ناساندنەی شت ئەو شتەیە کە ناسراوە ؟

٥ . چۆن دەزانین ئەو شتەی ناوی دەنێین و پێناسەی دەکەین بەم جۆرە دەیهێنینە دنیای هوشیاریی خۆمان دەربارەی بوون ، بەراستی هەیە ؟ ئایا بوونەکە خۆی لە خۆیدا هەیە یان تەنیا هوشیاریی ئێمەیە دەربارەی بوون ؟.

واتە : ئایا ئەم هەستە یان چۆن بینینی ئێمە ، ئایدیای ئێمە دەربارەی شتەکان ، تاکە شتێک ، یان شتەکان بەیەکەوە ، یان جیهانیی فیزیکی هەر یەک شتە ؟ ئایا ناونانی شتەکە مانای دەرککردن و چێوەکردنی بوونیەتی : هوشیارییە عەقڵییەکەو بوونەکەو ناوەکە یەک شتن ؟

واتە ئێمە کە دەلێین [ گوڵ ]؛ ئایا ئەم وشە یان دەنگە سێ حەرفییە ، یەک بڕگەییە ، گوڵەکەیە ؟ کە وایە کام گوڵ : گولەباخ ؟ سوور، زەرد ، سپیی ، پەمەیی ؟ گولە بەرٶژە ، گولە هێرۆ ، شەوبۆ ، گولە حاجیلە ، گوڵە بەڕۆنە ، گوڵە مێلاقە ، ئەرخەوان ، گولەهەنار، هەزاران جۆر و رەنگی گوڵمان هەیە .

هەروەها کە دەلێین بەرد سەدان جۆر بەرد هەیە ، بەردی رێگا ، بەردی هاویشتن ، بەردی گورچیلە ، بەردی شاخ ، تاوێر ، بەرد باران ، کەلابەرد ، بەردی دیوار ، هتد کام لەم بەردانە بەردن ؟ یان بەردە ئەسڵییەکەن ؟ چۆن دەکرێ هەموو یەک ناویان هەبێت ؟

کە دەلێین مرۆڤ دەیان جۆر مرۆڤ هەیە : مرۆڤی کۆرپە ، منال ، گەنج ، پیر، ژن ، پیاو ، پەککەوتە ، جەنگاوەر، دەولەمەند ، هەژار، تاوانکار، دڕندە ، رەشپێست ، سپیپێست، زەرد ، بۆر ، کورت ، درێژ ، مامۆستا ، وەستا ، ئەندازیار ، حاکم ، زیندوو ، مردوو ، مرۆڤی خاوەن ولات و دین و کەلتووری جیا ، هتد چۆن هەموو ئەوانە لە یەک وشەی مرۆڤدا کۆ دەکەینەوە ؟ ئەو وشەش لە هەر زمانێکدا جیایە .

ئایا چۆن بینینی ئێمە بۆ ئەو شتە ، یان ئەو شێوەیەی دەیبینین بریتییە لە شتەکە خۆی؟ یان شت خۆی چییە ؟ چۆن شتەکان دەشتێنین ، دنیا دەکەین بە دنیا و بەردەوام لەگەڵ گۆرانەکانیدا دەگۆڕێین ؟

رەنگە ئەمە وەک پرسیارێکی سەیر بێتە بەرچاو، بەلام راستی ئەمە بناغەی کێشەی هەرە سەرەکی فەلسەفەو دین و ئایدیۆلۆجیاو زانستە !! دایکی هەموو پرس و پرسیارەکانە .

واو! ئەمە کێ سەرەتا ئەم بابەتەی وا بە قورسیی و بە قووڵی گرت ؟

یۆنانییەکان بوون یەکەمجار ئایدیا – یان بۆ جیاکردنەوەی چۆنێتی بینین شتەکە ، فۆرمەکەی یان شێوەکەی لە شتەکە خۆی بەکارهێنا . ئایدیا : ئەو وێنە هوشیارییە یان عەقڵیەییە کە ئێمە لە شتەکان یان جیهان هەمانە کە دژ یان بەرامبەرحەقیقەت یان چلۆنایەتی و وابوویی شتەکە خۆی دەوەستێت . بەلام ئەم پێناسەیە لە خۆیەوە لە دایک نەبوو . وتمان زەردەشت وشەی دینی لە دیتنی ئاساییەوە کرد بە [ دایینا] واتە ئایدیای بینین : لای ئەو بینین لە کردارە سادەکەی بینینی رۆژانەی دنیا بە چاو تێپەڕی ؛ ئەو لە دیتنی خۆردا وەک دیاردەیەکی جیهانی سەیرو سەرسورهێنەرو بەردەوام : حەقیقەتێکی گشتی تری بینی کە بوونی خوداوەندێک یان کردگارێکە بۆ هەموو دیاردەکانی بوون و گەردوون کە خاوەنی بەخشندەیی بێ پایان و خوازیاری چاکەو خۆشیی مرۆڤ و هەموو گیاندارانە . لە سەر ئەمە زەردەشت گەورەترین و بناغەترین و ئاڵۆزترین سیستمی فەلسەفیی دانا کە دیارە ئەنجامی پرۆسەیەکی بیریی ، ئایدیایی یەکجار گشگرو فراوان و قووڵ بوو . لوتکەی بیراندن یان فەلسەفاندن : ئەبستراکتکردنە واتە بەرهەمهێنانی چەمکە ئەبستراکتەکان . هەموو چەمکەککانی چاکەو خراپە ، رووناکیی و تاریکیی ، عەقڵ ، یاسا ، حیکمەت ، خواست ، ویژدان ، داد ، بەهەشت ، دۆزەخ ، گوناه ، تاوان ، خودا ، سروشت ، سرۆش و … هتد . هەموو ئەمانە نەک تەنیا چەمکی داهێنراوی زەردەشتیزمن بەلکو پێکەوە سسیتمێکی فەلسەفی گشتگری ژیان و بوون پێکدێنن . بەلام جیاوازییەکە ئەوەیە زەردەشت یان فەیلەسوفان و حەکیمانی تری رۆژەڵات قەت کارەکەی خۆیان وەک پرۆسەیەکی عەقلیی وەسف نەکرد واتە روونکردنەوەی میتۆدەکە : عەقڵ چۆن بەو ئامانجە گەیشت؟ چۆن عەقڵ گومان لە خۆی دەکات ، لە هەستەکان، بینینەکان ، ناوەکان . وشەکان ، زانیارییەکان و چۆن رێبازێک و میتۆدێک دەدۆزێتەوە تا خۆی لە دژی خۆی بخاتە کار تا خۆی بە خۆی بسەلمێنێت . ئەو کەژە رۆشنگەرییی و ئازادەی کە بۆ یۆنانییەکان دروست بوو تا لە هەموو شتێک بکۆڵەرەوەو هەر نەوەیەک میراتی نەوەی پێشتر کۆبکاتەوەو بە چاوی رەخنەیی لێی بکۆلێتەوە تا ئێستاش لە ولااتنی رۆژهەلاتی ناوەراست دروست نەبووە تا هەر لە سەر میراتی بیریی دەولەمەندی خۆیان سیستمی فەلسەفی بالاتر بنیاتبنێن : ( ئەگینا هەر پرۆسەی زەردەشتیی بیر- قسە – کردار خۆی پرۆسەیەکی فەلسەفی زانستی یەکدیگیری تەواوی لە سەر بنیانت دەنرێ .) ئەمە یۆنانییەکان کردیان . بۆیە بە بێ هیچ گومانێک دەتوانین بلێین چەمک و کۆزانی عەقڵ یان [ مەن ] لە ئاوێستایی دا ، وەک چالاکی ئایدیایی هۆشیاری مرۆڤ بۆ تێگەیشتنی جیهان و خۆی ، یۆنانییەکان دایانهێنا .