kONT

هاشم ساڵح : فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم‌ و (مفهوم ) کۆنسێپتی پێشکەوتوو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

Positivism and the concept of progress

لە عەرەبییەوە : جیهاد موحەمەد

بەشی یەکەم/

هەموو ئەو پێشکەوتنەی کە لەکۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوادا ئەمڕۆ دەیبینین ، ئەوە بەری فەلسەفەی پۆزیتیڤیزمە ، کە لە نیوەی سەدەی نۆزدەدا گەشەی سەند . ئەم فەلسەفەیە بە تەواوەتی بڕوای وایە کە عەقڵ‌و زانست ، هەردووکیان ، بەرەو شارستانییەتێکی پێشکەوتووی باڵا ڕابەرایەتی مرۆڤایەتی‌ دەکەن . بۆیە پێیوستە ئەم فەلسەفەیە بچێتە جێگەی خواناسی مەسیحی نەریتی‌ کە دادگای لێپێچینەوەی دامەزراندوە‌و ، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ، بووە بە هۆکاری داڕوخان‌و دواکەوتنی کۆمەڵگا . ئەگەر ئەم پنتە وەک خۆی وەرنەگرین‌و گرنگی پێنەدەین ، ئەوە بە هیچ جۆرێک لە تازەگەریی رۆژئاوا تیناگەین‌و ناشزانین چۆن مامەڵە‌و دیالۆگی لەگەڵدا بکەین .

فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم کە لەگەڵ سەردەمی پیشەسازیی رۆژئاوادا سەریهەڵدا، بڕوای تەواوی هەبوو بەوەی کە دەبێت زانست جێگەی دین بگرێتەوە ، کە لەسەر گۆی زەوی ، باڵادەستی هەیە بەسەر مەعریفە‌و هەموو چالاکییە مرۆڤییەکاندا . ئەم بڕوابوونە بە زانست‌و تەکنۆلۆجیا لەو ڕۆژەدا، بروایەکی ڕەها بوو . بەڵام لە دواجاردا ئەم بڕوایە بەرنگاری خورپەو پیاکێشان‌و ڕەشبینییبوەوە ، دەرکەوت کە زانست هەمووی چاکە نییە ، بەڵکو هەندێک جار لایەنی نەرێنیی‌و زیانبەخش‌و وێرانکەریشی تێدایە . بۆ نموونە ، ئەو بۆمبە ئەتۆمەی کە کێشایان بە هیرۆشیمادو ناکانزاکیدا ، یان چەکی کیماوی وێرانکەر ، یان ئەو زانستەی کە ئەمڕۆ بە کاردەهێنرێت لە کۆپیکردنەوەی روەک‌و ئاژاڵاو هەتتا مرۆڤدا !… کەواتە دەبێت ئەوە بزانین کە زانست ، بە تەواوەتی وەک دین ، تیغێکی دوو دەمە ، بۆ چاکەو بۆ خراپەش ، بە کار دەهێنرێت .

بەڵام لە کاتی خۆیداو ، لە سەردەمی ئۆگەست کۆنت‌و سان سیمون‌ ـ ی مامۆستایدا ، ئەم مەسەلانە لەئاردا نەبوون‌و بە بیری کەسدا نەدەهات کە زانست ئەو لایەنە ترسناکیەیی هەبێت . لەو سەردەمەدا زانست ئامانجێکی ڕەهابوو . دەیانویست لە کۆمەڵگای کشتوکاڵی‌و دەرەبەگایەتی‌و فێندامێنتالیستی‌و دواکەوتوویەتی دەربچن‌و ، بگەنە سەردەمێکی پیشەسازی‌و تەنکۆلۆجیای پێشکەوتوو . مرۆڤی ئەوروپی لەو سەردەمەدا ، لەسەر هەموو ئاست‌و بوارەکانی ژیاندا ، تینوی بەدیهێنانی پێشکەوتن‌ بوو . خەونی بە سەردەمێکی شارستانی‌و پێشکەوتووەوە دەبینی ، کە تیایدا هەژاری‌و برسێتی‌و دەردو نەخۆشی کاریگەری نەبێت . پێشکەوتنی زانستی پزیشکی بگاتە ئاستێک کە نەخۆشیەکان بنەبڕبکات‌و ، بتوانێت داودەرمان‌و چارەسەریی بۆ نەخۆشیە درمیەکان بدۆزێتەوە .

ئۆگەست کۆنت ، بە کاریگەری سان سیمۆنی مامۆستای ، تەنیا بڕوای بە پێشکەوتن نەبوو ، بەڵکو خوازیاری ئارامی‌و جیگیری کۆمەڵگاکانیش بوو . پێشکەوتن بەو مانایەی گۆران لە بارو حاڵەتی نزمیەوە بۆ بارو حاڵەتی باڵا ، یان گۆران لە حاڵەتێکی دواکەوتوەوە بۆ حاڵەتێکی پێشکەوتوو ، ئەم حاڵەتەش پێیوستە بێسەروبەریی‌و پێکدادان‌‌و نائارامی تیا نەبێت . کۆنت مەسەلەی چارەسەرکردنی نائارامی‌و نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەلاوە گرنگ بوو ، بە تایبەتی ئەو نائارامییەی کە لە دەرنجامی شۆرشی فەرنسیەوە هاتبووە ئاراوە . خوازیاری ئەوە بوو لە قۆناغی شۆرش‌و ڕوخانەوە بگوێزێتەوە بۆ قۆناغی بونیادنان‌و سیستەم‌و رێکخستن‌و چاکسازی‌و ئاوەدانی ، لێرەوە گەورەیی‌و گرنگی ئەم فەیلەسوفە دەردەکەوێت  . 

ئەم فەیلەسوفە وەک هەر فەیلەسوفێکی تر بیری لە بەرژەوەندی خۆی نەدەکردەوە ، بەڵکو بیری لە بەرژەوەندی نەتەوە‌و گەل دەکردەوە. بەم هۆکارەش بە درێژایی ژیانی بە هەژاری ژیا ، لەوانەبوو ، ئەگەر یارمەتی هەندێک لەهاورێکانی‌و ئەوانە نەبوایە کە سەرسام بوون پێی لەبرسا بمردایە .. لەقوڵبوونەوەو سەرقاڵیدا بە بەرژەوەندیە گشتیەکان ، بەرژەوەندی خۆیی‌و ڕەوشە ماددیەکەی خۆی بیرچبووەوە .

بڕوای وابوو کە ڕەوشی کۆمەڵگا دەبێت لەسەر دوو مەسەلە دابرێژرێت : یەکەم پێشکەوتن ، دوەم سیستەم . دەیوت : هیچ سیستەمێکی شەرعی نییە ، کە خۆی رابگرێت‌و بەردەوامبێت ، ئەگەر بە تەواوەتی لەگەڵ پێشکەوتندا نەبێت‌و هاوئاهەنگی نەبێت . هیچ پێشکەوتنێکیش نییە بتوانێت سودی هەبێت‌و بەردەوامێت بە بێ ئارامی‌و ئاسایشی کۆمەڵگاو خەڵک .

کۆنت ، بەم شێوەیە بیری لەمەسەلەکان دەکردەوە : دوای قۆناغی نەرێنی ، کە پێویستبوو بۆ شۆرش‌و ڕوخانی ڕژێمی کۆن ، ئێستا کاتی گۆاستنەوەیە بۆ قۆناغی ئەرێنی : واتا قۆناغی سیستەم‌و ئاوەدانکردنەوە . فەرنسا بۆی نالوێت هەموو تەمەنی خۆی لەسەر دنەدان‌و شڵەقاندنی شۆرش‌و کودەتا رابگرێت‌و بژی . بەڵام پێش ئەوەی کە سیاسەتی نوێ بمەیەت ، پێویستە لەسەرمان لەپێش هەموو شتێکدا لەواقیع تێبگەین . ئەو کاتە سیاسەت دەتوانێت لەسەر مەعریفەیەکی زانستیانەو شارەزایانەی ورد بە پێکهاتەی کۆمەڵگای خۆی بونیادبنێت .

لەواقیعدا ، کۆنت ڕێبازی ئەزموونگەری لەگۆڕەپانی زانستی فیزیاوە گۆاستەوە بۆ ئەوەی بەسەر کۆمەڵگاو دەرکەوتە جیاوازە مرۆڤییەکاندا جێبەجێیبکات . ئەمەش یەکێکە لەخەسڵەتە دیارەکانی فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم . ئەم فەلسەفەیە ، فەلسەفەیەکی زانستی وردە ، ” تەنیا ” بروای بە حسابات‌و هاوکێشە بیرکارییەکان‌و یاساکانی فیزیایە . فەلسەفەیەکە بە دوای دۆزینەوەی یاساکانەوەیە ، چ ئەو یاسایانەی کە حوکمی دەرکەوتە سروشتییە فیزیاییەکان دەکەن ، یان ئەو یاسایانەی حوکمی ڕەفتارەکانی مرۆڤ‌و عەقڵیەتیان دەکەن .

کۆنت ، لای وابوو ، کە ئاراستەی هەموو مرۆڤەکان بەرەو قۆناغی فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم یان زانستێکی پوخت ، ئاراستەیەکی حەتمیە . بەڵام ئەو ئاراستەیە بەردەوام نابێت‌و لەیەک کاتدا ناگاتە جێگەی خۆی ، بەڵکو هەندێک کۆمەڵگا پێش ئەوانیتر دەکەون ، کۆمەڵگای رۆژئاوا یان ئەوروپا بەم ئاراستەیەدا لە پێش ئەوانیترەوە دەبن .

بەڵام لەگەڵ زیرەکیی‌و بلیمەتیەکەیدا وانەو توێژینەوەکانی لەسەر فەلسەفەی پۆزیتیڤیزم سەرکەوتنێکی تەنیا لای توێژێک لەلایاندارانی نەبێت سنورداربوو. لەسەر ئەم فەلسەفەیە ئەو شەش بەشەی کە دەریکرد لە نێو پشتگوێخستن‌و ساردەلاویەکی گشتیدا مایەوە. بۆیە ناکرێت وایدابنێیین کە لەسەردەمی خۆیدا بە ناوبانگبوووە. لەواقیعدا، تا دوای مردنی، ناوبانگی بە تەواوەتی دەرنەکەوت. ڕاستە هەندێک لەزانایان‌و ڕۆشنبیرانی گەورە دەیانناسی، بەڵام جەماوەری گشتی گوێییان لەم ناوە نەببوو، تا دوای ئەوەی کە مەسەلەکە تێپەری‌و کۆچی دواییکرد.

کۆنت، کەسێکی هەژارو دابڕاوو، بە بەردەوامی لای(کارولین)ی هاوسەریەوە لەسەر ئەوەی کە سەرکەوتنی بەدەستنەدەهێنا لە خۆکاندیدکردندا بۆ پلەی مامۆستایی زانکۆ، لێبوردنی نەبوو بەرامبەری‌و سەرکۆنەیدەکرد .

ئەو وێنەیە بهێنەرە بەرچاوی خۆت، چەند وێنەیەکی سەیرە، کە کەسێکی وا لەزانکۆدا قبوڵ نەکرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا دەیان کەسی ئاسایی بە پەلە بەرز لەزانکۆکانی فەرنسادا، ببوون بە مامۆستای !!…

لە ساڵی ١٩٤١ هەواڵێکی بەخەتەوەرانەی پێگەیشت کە لەرووی دەروونیەوە زۆر بەهێزبوو بۆی. نامەیەکی لەلایەن فەیلەسوفی گەورەی ئنگلیزیەوە پێگەیشت، کە تیاییدا سەرسامی زۆری بۆ دەربڕیوە. بۆی نووسیبوو کە زۆر بەختیارە بەوەی کە کارەکانی‌و چالاکیەکانی دەبینێت‌و، بە یەکێک لەلوتکەی فەلسەفەی نوێی دانابوو. ئایا ئەمە سەرەتای دانپیانانییبوو؟ ئایا لە دوای ئەم دانپیانانەوەو، دوای ئەو چاوەڕوانیە دوورودرێژەی ئیتر بەری ئەو بلیمەتییەی دەڕنێت؟ لەواقیعدا بەختەوەرییەکەی ئەوەندەی نەخایاند. کە هاوسەرەکەی کارولین بڕیاریدا بۆ یەجگاریی بەجێیبهێڵت‌و نەگەڕێتەوە بۆ لای!، کە لەڕاستیدا چەند جارێکیتر لێی تۆرابوو، بەڵام دوای هەموو جارێک کورت یان درێژ دەگەڕایەوە بۆ لای. بەڵام ئەمجارەیان بۆ دواجاربوو نەگەڕایەوە بۆ لای. بەڵام بەردەوام بۆ ماوەی چەندین ساڵ نامەی بۆ دەنارد، خۆشەویستییەکەیان لەو جۆەر بوو کە نەدەکوژایەوە… لەژێر خۆڵەمێشەکەشەوە بە هەڵگیرساویی دەمایەوە…بەڵگەش بۆ ئەمە، ئەوە بوو کە کارولین بۆ توێژینەوەکانی دەهات بۆ کەنیسەکانی پاریس. لەنێو گوێگراندا وەک کەسێکی ئاسایی گوێگر دادەنیشت. بۆچی دەهات بۆلای؟ ئایا لە فەلەسەفەو لەبیر تێدەگەیشت؟ یان سۆزی بۆ ئەم پیاوە نەخۆش‌و بلیەمەتە زیاتر بوو لەوەی بەرگە بگرێت‌و سەردانی نەکات؟ کەس ناتوانێت وەڵام ئەو پرسیارە بداتەوە .

مەسەلەکان هەرچۆنێکبێت، بەردەوام زانکۆکانی فەرنسا داواکاریەکانییان ئەفرۆزەدەکرد بۆ ئەوەی کە ببێت بە پرۆفیسۆر. هەموو جارێکیش تووشی ڕەشبینی دەبوو، هەستیدەکرد کە هیچ رێزێکی لێناگیرێت‌و پێزانیینیان نییە بۆی .

بەڵام لە ساڵی ١٨٤٣ تەنانەت ئەو پلەی وەزیفەیەشی دۆراند کە وەک پیاچوونەوەی ئەوراقەکان دانرابوو، وەرەقەی تاقیکردنەوەکان! هەرچەند ئەوە پلەیەکی وەزیفی ساکار بوو، بەڵام موچەیەکی بۆ بەدەستهاتبوو بەو وەزیفەیە. ناچار، بۆ فەیلەسوف ستیوارت میل کە دەوڵەمەند بوو هاواری برد، بۆ ئەوەی یارمەتیبدات. ستیوارت، داوای بەخشیشی لەهەندێک لەکەسایەتیە گەوەرەکانی ئەو سەردەمەی ئنگلتەرەکردو، هەموو پارەکەی خۆیی‌و بەخشیشە کۆکراوەکەی بۆ نارد. بەم پارەیە ژیا هەتا مردن. ئەو سەردەمەش هەندێک لەخەڵک بەهاو نرخی بیرمەندەکانیان لابوو، بۆیە مەحاڵبوو وازیلێبهێنن کە لەبرسا بمرێت . 

لە ساڵی ١٨٤٤ دا ژیانی ئەم فەیلەسوفەمان وەرچەرخانێکی گرنگی بە خۆیەوە بینی لەسەر هەردوو ئاستی بیرو ژیانی. دوای ئەوەی زانستی مرۆڤیی دامەزراند لە میانەی کتێبێکیدا بە ناوی”توێژینەوە لەفەلسەفەی پۆزیتیڤیزم “. زۆرانی لەگەڵ ئەم مەسەلە گرنگەدا دەگرت: دانانی کتێبێک بە ناونیشانی ” سیستەمی سیاسی پۆزیتیڤیزم “. ئامانجی تەنیا دامەزراندنی سیاسەتی نوێ نەبوو، بەڵکو دینێکی نوێش بۆ مرۆڤایەتی، دینێک کە جێگەی خواناسی مەسیحی کۆن بگرێتەوە کە وەک دەڵێن ئەم مەسەلەیە هەموو کاتی ئەم فەیلەسوفەی داگیرکرد . بەڵام لەم کاتەدا ڕووداوێک روویدا کە هەموو ئاراستەی ژیانی ئەم فەیلەسوفەی گۆڕی‌و کاریگەری لەسەر فەلسەفە نوێکەی هەبوو . بە جۆرێک کاریگەری تێکرد، کە هەندێک کەس دەیانوت، کۆنتی یەکەم و کۆنتی دوەم . هەندێک لەقوتابیان وازیان لەلایەندارێتیی ئەم فەیلەسوفە هێنا لەبەر ئەوەی وایان دادەنا کە خیانەتی لەفەلسەفەی یەکەمی کردوە ، یان پاشگەزبوەتەوە لێی .