barzani_talabani

دکتۆر ئارام ڕەفعـەت : سکانداڵی دەسبەرداربوونی کەرکوك لەبەرامەر نەوتدا .

بەشی دوەم

لە گۆشەی رابردودا پێناسەیەکی سکانداڵی دەسبەرداربونی کەرکوک لەبەرامبەر نەوتدا کرا. لەم گۆشەیەدا ئەو فاکتەرانە شرۆڤە دەکەم کە زەمینەی بۆ سکانداڵەکە رەخساند .

یەکەم هۆکاری دەسبەرداربونی کەرکوک لەبەرامبەر نەوتدا داکشانی هەژمونی کوردو هەڵکشانی دەسەڵاتی مالیکی بوو . لە ٢٠٠٨ بەولاوەمالیکی وەک حاکمێکی تاکڕەو دەرکەوت‌و توانی زۆربەی رکابەرە ناوخۆییەکانی ( سوننە ، شیعە ، کورد ) پەراوێزبخات . مالیکی لەکۆتایی ٢٠٠٨دا رێککەوتننامەی « سۆفا » ی لەگەڵ ئەمەریکا بۆ گێڕانەوەی سەروەری عێراق‌و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا واژۆکردو بواری حوکمی تاکرەوانەی بۆ رەخسا .

لەو ساڵەدا عێراق مەترسی شەڕی ناوخۆی تێپەڕاند و سوننەکان ناچاربون حوکمڕانی شیعە قبوڵ بکەن . لەناو شیعەکانیشدا مالیکی شکست بەنەیارەکانی دێنێت ‌. لە ئایاری ٢٠٠٧دا ئیبراهیم جەعفەری لەحزبی دەعوە دورخستەوەو خۆی بو بەسەرۆکی حزبەکە . لە ئازاری ٢٠٠٨دا بەسرەی لەدەستی میلیشیاکانی سەدر دەرهێناو لەبەغداش سەدری ناچارکرد میلیشیاکانی هەڵوەشێنێتەوە .

لەمەسەلەی گەرانەوەی کەرکوکدا ، مالیکی توانی سەرکەوتوانە گرەوی دەستوری لەکورد بباتەوەو مادەی ١٤٠ لەباربەرێت‌و رۆژی ٣١/١٢/٢٠٠٧ ( دوا وادەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠) ، بێ هیچ پەرجەکردارێکی کورد تێپەڕی .

مالیکی توانی گرەوی سەربازیش لە کورد بەرێتەوە . لە ٢٠٠٨دا دەستیکرد بە جێگیرکردنی سوپای عێراق لەناوچە دابڕاوەکان . لەتەمموزی ٢٠٠٨دا فیرقەی ١٢ لەکەرکوک جێگیرکردو تا کۆتایی ٢٠١٢ ئەم هێزە گەیشتە ٣٠ هەزار سەرباز . لە ئابی ٢٠٠٨یشدا سوپای عێڕاق هێرشی کردە سەر شارە کوردستانیەکانی دیالە‌و ناوچەیەکی فراوانی داگیرکردەوەو هەمان سیناریۆشی لەناوچە کوردستانیەکانی موسڵ پەیڕەوکرد .

سەرەنجام لە دوو بەرەی سەرەکیدا ( دەستوری و سەربازی ) لایەنی کوردی شکستی خواردو زەمینەی گەڕانەوەی کەرکوک لەبارچوو .

دوەم هۆکار بۆ سکانداڵی خاک بەرامبەر نەوت هەڵکشانی فشارە سەربازی‌و دیپلۆماتیەکانی ئێران‌و تورکیا بوو لەسەر هەرێمی کوردستان . لەگەڵ ئامادەکاری ئەمەریکا بۆ کشانەوە لەعێراق تۆپبارانەکانی ئێران‌و هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا خەستتر بونەوە .

لە حوزەیرانی ٢٠٠٧دا ١٠٠ هەزار ژەندرمەی تورکی لەسەر سنوری هەرێم بڵاوەی پێکراو هەڕەشەی دروستکردنی ناوچەیەکی دابڕاو لەناو خاکی هەرێمدا دەکرد . لە شوباتی ٢٠٠٨دا 10 هەزار سەرباز سنوری هەرێمیان بەزاند . لە تەمموزو دیسەمبەری ٢٠٠٨دا ئێران‌و تورکیا بەهەماهەنگی هێرشێکی ئاسمانی‌و زەمینیان کردە سەر قەندیل . بەمجۆرە لە ٢٠٠٨دا هەرێم لە چەند لاوە گەمارۆ درابوو.

سێیەم هۆکار بۆ دەسبەرداربونی خاک بەرامبەر نەوت بەریەککەوتنی بەرژەوەندیەکانە . لەلایەکەوە ، دوو حزبەکە (بەتایبەت پارتی) مۆنۆپۆڵی جومگەکانی دەسەڵات و ناوەندەکانی بڕیاردانیان لەکوردستان (لەوانەش مەلەفی کەرکوک) کردبوو، لەلایەکی تریشەوە ، پێداگرتن لەسەر گێرانەوەی کەرکوک چ بەڕێکارە دەستوریەکان‌و چ لەڕێگای هێزەوە بەرژەوەندی دوو حزبەکەی دەخستە مەترسیەوە .

لەبەرئەوەی بنەماڵەی بارزانی سەرجەم پایە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی هەرێم ( پۆستی سەرۆکایەتی‌و سەرۆکی حکومەت‌و دەزگای پاراستن ) ی لەدەستدا بوو، هەر هەوڵێک بۆ گێڕانەوەی کەرکوک وەک هەوڵی ئەو بنەماڵەیە دەردەکەوت‌و دەبوە هۆی وروژاندنی شیعەکان‌و سوننەکان‌و ئێران‌و تورکیا لەو بنەماڵەیە  .

جگە لەوە ، پارتی پێگەیەکی لاوازی لە کەرکوکدا هەیەو گەڕانەوەی ئەو ناوچانە دەبێتە هۆی گۆڕینی باڵانسی هێزو جێ لەقبونی حوکمی ئەو بنەماڵەیە . یەکێتیش کە هەموو تەرکیزی لەسەر پاراستنی پۆستی سەرۆک کۆمار بوو بۆ تاڵەبانی ، بەبێ رەزامەندی‌و کۆدەنگی شیعەو سوننەو ئێران‌و تورکیا مانەوە لەو پۆستەدا ئەستەم بوو . هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی کەرکوک بەمانای لەدەستدانی ئەو رەزامەندی‌و کۆدەنگیە بوو .

ئەو هۆکارانە بەسەریەکەوە کەرکوکی لەقودس‌و دڵی کوردستانەوە کردە سەرچاوەی قەیران‌و مەترسی بەسەر بەرژەوەندی یەکێتی‌و پارتیەوە . سەرەنجام بۆ دوو حزبەکە ستراتیژی رزگاربون لەکەرکوک جێگای ئامانجی رزگارکردنی کەرکوک دەگرێتەوە . لێرەدا ئاڵوێری کەرکوک بەرامبەر دەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەبێتە باشترین دەروازە بۆ رزگاربون لەقەیرانی کەرکوک . لەگۆشەی داهاتودا شرۆڤەی چۆنیەتی ئارایشدانەوەی پەیوەندیەکانی پارتی‌و تورکیا لەسایەی سکانداڵی دەسبەرداربونی کەرکوک لەبەرامبەر نەوتدا دەکەم .

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies