Kurdan

دکتۆر کەمال میراودەلی : کام سەربەخۆیی ؟ كێ بڕیاری دەدا ؟ چۆن ؟

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

بەشی دووەم

بەڵی بۆ سەربەخۆیی و رێفراندۆم و ژیان و نان و دادو ئازادیی بۆ خەڵک .
‌نا بۆ جەنگی بلێۆنەرەکانی قاچاغچێتیی نەوت و خیانەتی نەتەوەیی .

گەر بەدیلێکی دەستووریی رەوا بەپێی یاسای نێونەتەوەیی و ئیعتیرافپێکردنی نەتەوەیەکگرتۆکان و پشتیوانی جیهانیی مسۆگەر یان رێکەوتنی ئاشتییانە لەگەڵ عێراق نەبێت ، هەڵوەشاندنەوەو دژایەتیکردنی ئەم پرۆسەو دەسکەوتانە کارێکی دروست و عەقڵانیی نییە . فەرموو پێمان بڵێن بەدیلەکە کامەیە ؟
محەممەد حەسەن هەیکەل دەربارەی توانای موقاوەمەی هێزی پێشمەرگە دەلێت : هێزێکی لاوازن و سەرکردایەتی خێزانی گەندەڵیان هەیەو لەیەکەم رووبەرووبوونەوەدا هەرەس دەهێنن . عند سؤاله عن قوة البيشمركة اجاب قائلا ” انها قوات ضعيفة وقيادات عائلية فاسدة وسوف تشاهدون انهيارها في اول معركة “.

٣. نموونەیەکی سەرکەوتووی پرۆسەی دەوڵەتسازیی و سەربەخۆبوون ــ نموونەی سکۆتلاند .

سکۆتلاند لە ١٨ ی ئەیلوولی ئەمسال ڕیفراندۆم دەکات کە لە بەریتانیا جیا ببێتەوە یا بمێنێتەوە. ئەمە پرۆژەیەکە کە چەندین ساڵە حیزبی نەتەوەیی سکۆتلاندی بە شیوەیەکی دیمۆکراتی ئاشتیخوازانە کاری بۆ کردووەو حکومەتی بەریتانی ناچار کرد کە بەدەم داواکەیانەوە بیت.
یەکەمجار سکۆتلەندا بە پێی یاسانامەی سکۆتلاندی ١٩٩٨ ی پەرلەمانی بەریتانی بوو بە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی و دەسەلاتەکانی بە پێی یاسا دیاری کران و بە خێرایی پەرلەمان و حکومەتێکی مۆدێرن و کاراو کاریگەری دروست کرد کە لە سەر بنەماکانی زانست و دیمۆکراسی و یاساو ئەخلاق کار دەکات .
http://www.scottish.parliament.uk/visitandlearn/25488.aspx

لە ١٨ ی ئەیلوولی ئەمساڵ بە رەزامەندی لەندەن خەڵکی سکۆتلەندا دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن .. بەلام ئایا ئەوان لە ژێر سایەی دەسەلاتێكی ڕەشی دزو داگیرکەرو ژنکوژدا ، دەنگ بۆ پرۆژەیەک دەدەن کە تەنیا لە مێشکی سەرۆکی حیزبە نەتەوەییەکەیان دایە ؟ ئایا گەلی سکۆتلاند بە سۆزو پاڵنەری نەتەوەپەرستیی لە دەوری سەرۆکەکەیان و پرۆژەی سەربەخۆیی ئیجماعی نەتەوەیی یان هەیە و کوێرانە بۆ بەهەشتی سەربەخۆیی رادەکەن ؟ ..
نا لەم کارەدا : ئەو شتە سەخیفەی لای ئێمە پێی دەلێن ئیجماع نییە . ئەوەی هەیە دایەلۆگە ، ئاخاوتنە ، ئالوگۆڕێکی فراوانی بیروڕای جیاوازە ، ئیجماع یانی فاشیزم. ئیجماع یان جیماعی سەرۆکی خێل لەگەڵ هەمووان و وبوون بە باوکی هەمووان.
سکۆتلەندا گەر بە هەزاران نەبێت بە سەدان زانای سیاسیی ، یاسایی ، دەوڵەتمەدار ، جەنەرال ، داهێنەر ، ئەکادیمیی، تەکنۆکرات ، پرۆفێشنال ، کارسازی هەیەو بە شێوەیەکی هەرە زانستی ، هەرە یاسایی ، هەرە دیمۆکراتی ، هەرە ئەخلاقیی ، هەرە راستگۆیی و شەففافیی ، پرۆژەیەکی مەزنی ٦٠٠ لاپەڕەیی پرس و کێشەو پرسیارو پرۆسەو ئاکامەکانی سەربەخۆیی بوونیان بە شیوەیەکی سیستماتکی زانستی سادەو روون و ئاسان بۆ تێگەیشتن بە ئاخاوتنی لۆجیکی و بەڵگەو ژمارەو داتا، پێشکەشی خەڵکەکەیان کردووە کە هەموو پرس و پرسیارو کون و کەلێنێکی وردو درشتی پرس و پرۆسە ئەنجامی سەربەخۆیی و شێوەی بەرێوەبردنی ولات دوای سەربەخۆیی بۆ یەک بە یەکی سکۆتلاندیی و دەنگدەران روون دەکاتەوە. بەلێ ٦٠٠ لاپەرەی پڕ بەلگەو زانیاریی و دڵنیایی . بڕوانە
http://www.scotreferendum.com/reports/scotlands-future-your-guide-to-an-independent-scotland/
ئەم بەلگەنامە دەبوو تەرجەمە بکرێت و بکرێتە رێبەر بۆ رێفراندۆم و پرس و کێشەکانی سەربەخۆیی و دەوڵەتسازیی کورد . بەلام لە ولاتی بەربەرستان و فشۆلۆجیدا قسە بۆ كی دەکەیت ؟ .
هێشتاش گەر هەزاران نەبێت سەدان کۆبوونەو سیمینارو دایەلۆگی لە سەر کراوەو دەکرێت لە پەرلەمانی ولاتەکەیاندا ، سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان و لێژنەکانی پەرلەمان وەڵامی یەک بە یەکی پرس و خەم و گومانی هاولاتییان دەدەنەوەو دوو بەرەی کامپەینی گەورە هەن : بەرەی دەنگی بەڵێ [ بۆ سەربەخۆیی ) و بەرەی دەنگی نا [ بە مەبەستی دەنگدان بۆ مانەوە لە ناو بەریتانیا ] .. بە هیچ شێوەیەک ئەو کەژو هەلوێستە سایکۆلۆجییە نەتەوەپەرستییە دروست نەکراوە کە ئاخاوتن دژی سەربەخۆیی مانای دەرچوون لە ئیجماعی یا جیماعی نەتەوەیی یە ، زۆر لە سیاسیی و رووناکبیرە هەرە دیارەکانی سکۆتلەندا لە بەرەی : [ نا ] دا کار دەکەن وەک سەرۆک وەزیرانی سکۆتیی پێشووی بەریتانیا گۆردۆن براون . مەبەستەکە ئەوەیە کە توانستی بڕیاردانی راست و بێ هەڵە تەنیا بە بوونی رای جیاوازو ئاشکرابوونی هەموو حەقیقەت و ئەگەرەکان دەبێت .

سەربەخۆیی

راستیی ئەو واقیعەی کە سکۆتلەندا لە ١٩٩٨ وە هەیەتی ، کوردستانی باشوور لە ١٩٩١ وە هەیەتی و [ بە شێوەیەکی یاسایی پێشتریش کەم یان زۆر دوای بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠هەیبوو ] بەڵام تەنیا وەک پرۆژەیەکی جیۆپۆلیتیکی ئیستیخباراتی کۆلۆنیالی هێزەکانی دەرەوەو کوردکوژو خۆکوژو نیشتمانکوژی ناوەوە ماوەتەوەو لە ناوەوە جگە لە کەرتی گرنگی پیشەسازی نەوت و گاز ، هیچ هەنگاوێکی درێژخایەن بەرەو دروستکردنی ژێرخانی ئابووریی و پێشەسازیی و نەتەوەسازیی [ نەشناڵبیڵدینگ ] نەنراوەو تا ئێستا ئەم حیزبخانەیە دەستوور و یاساو ژێرخانی ئابووریی و دارایی و موئەسسەساتیی و بنەمای زانستیی و ئەخلاقیی و چەمکی وڵات و هاووڵاتبوون و مافی مرۆڤی نییە .
باشوور لە ساڵی ١٩٩١ ەوە وەک بریاری سیاسیی و خۆبەریوەبردن سەربەخۆیە ، واتە باشوور سەربەخۆیی هەیە لە ناو عیراقدا کە ئەمەش لە ٢٠٠٣ ەوە زیاتر بە قازانجی کورد بووەو سەرانی کورد وەک کەری ناو جۆگا لە پۆست و پلەو پارەدا ، لە هەردوو بەرەکەیان خواردووە ، لە کاتێکدا کورد پەرلەمان و حکومەت و ولاتی خۆی هەیە ، دەسەڵاتێکی کاریگەریشی لە ناو حکومەتی عێراق پرۆسەی سیاسیی دا هەبووە .. ئایا بارزانی دەیەوێت ئەمە بپارێزێت و بەهێزی بکات یان نازانین بۆ خاتری کێ قوربانی پێ بدات ؟ ئەوەتا هەر لە ئێستاوە پۆستی گرنگ و سەیادی وەزارەتی دەرەوەی قوربانی پێدا.
دیارە گەر پرۆژەی سەربەخۆیی راست و رەوان و یاسایی و دەستووریی و بەپێی یاسای نێونەتەوەیی بیت ، ئەوە قورنبانیدان بە زۆر شت لە جێی خۆیدایە. بەلام کەس چوێلەکەیەک کە لە دەست دایە ، بە سەد چوێلەکەی بەرزەفڕی ئاسمان ناگۆڕێتەوە. ئەوانە نەبێ کە دەمێکە بە دزی گۆشتاوی چوێلەکاکانیان خواردووە.
وەک دواتر روونی دەکەمەوە سەربەخۆیی ناوخۆیی و دەسەلاتی سیاسیی کورد لە عێراقدا ، دەستووریی یەو جیهانییە واتە لە جیهاندا و لە ناو دەزگاگاکی نێو نەتەوەیی دا رێزی لێدەگیرێت و بە بەشداری نەتەوەیەکگرتۆکان و زلهێزەکان لە تەواوی پرۆسەکەدا بەدیهاتووە.. ئەم مافی سەربەخۆیی و دسەڵاتی دەستوورییە لە ئەنجامی قوربانیدان بە رێفراندۆم و مافی راگەیاندنی دەولەت دوای هەرەسی سەددام بەدی هات . گەر بەدیلێکی دەستووریی رەوا بە پێی یاسای نێونەتەوەیی و ئیعتیرافپێکردنی نەتەوەیەکگرتۆکان و پشتیوانی جیهانیی مسۆگەر یان رێکەوتنی ئاشتییانە لەگەڵ عێراق نەبێت ، هەڵوەشاندنەوەو دژایەتیکردنی ئەم پرۆسەو دەسکەوتانە کارێکی دروست و عەقڵانیی نییە. فەرموو پێمان بڵێن بەدیلەکە کامەیە ؟

سەربەخۆیی بۆچی ، بۆ کێ ؟

من زیاتر باوەڕم بە بارزانی دەکرد گەر رۆژێک لە رۆژان بچوایە پەرلەمان ، ئۆف و ئازارێکی بۆ ئەو هەموو قوربانییانەی رژێمەکەی دەربڕیبایە ؟ گەر بەر لە داواکردنی رێفراندۆم بچووایە پەرلەمان تا تووڕەیی خۆی بەرامبەر فرۆشتنی [ دنیا] ی کچەمنداڵی چواردەساڵی بە ٣٥ دەفتەر ئەوسا ئەشکەنجەدان و پارچەپارچەکردنی لە لایەن مێردەکەی بە ناوی شەرەف و دینەوە ، دەربڕیبایە؟ کە پێمانی بوتایە چی کراوەو چی کردووە بۆ دنیا و لەیلاو ناسک و بێگەردو شیرین و بۆ دە هەزار کچ و ژنی سووتاو و سەربڕدراوی وەک ئەوان ؟ کە پێمانی بوتایە بکوژەکانی سەردەشت و سۆران و کاوەگەرمیانی و بڕوا و دەیان شەهیدی تر کێن و چۆن یاساو دادی رژێمە خێڵەکییەکەی مافی ئەوانی سەندۆتەوە ؟ کە پێمانی بوتایە چۆن تا قەسابخانەی سەر جادەکان نەوەستێت هاوردەکردنی سەیارەی نوێی قەدەغەکردووە ؟ تا هەموو خێزان و منالەکانی ئەنفال خانوویان بۆ نەکرێ داگیرکردنی زەوی دروستکردنی تەلارو تاوەری قەدەغە کردووە ؟ کە وەک ئینسان خەمێکی بۆ ئینسانی لە ئینسانییەت داماڵراوی ئەم ولاتە داگیرکراوە هەبایە ؟
لە ژیر دەسەلاتی بەربەرستانی مافیای حیزبییدا ، یەکەمجار چەمکی نیشتمان ولات و هاونێشتمان نەما ، ئەوسا چەمکی ئینسان و مرۆڤایەتی . هیچ سەردەمێک کوردی باشوور ئەوەندە مەرگاویی و خەماویی و بێ تاقەت و بێ هیوا نەبوون وەک لە ژێر دەسەلاتی بەربەری ئەم دەسەلاتە حیزبییە بێ دەستوورو بێ داپەروەرییەدا. دەیان ولات وەک نایجیریا دەمێکە سەربەخۆ بوون بەلام نەوت و سامانی نەوتەکەیان بۆ شەریکەکانی نەوت و دەستەیەکی سەربژاردەی کەمی گەندەڵ و سەرمایەداری ناوخۆیە . سەرهەلدانی [ بۆکۆ حەرام ] لە رووی سۆسیۆئابوورییەوە ئەنجامی هەژاریی و بێکاریی ئەو رەوشەیە زوڵمکارییەیە . ئایا کوردستانی سەربەخۆ ئەمارەتێکی نەوتیی دەبێ کە بەدوای مودێلی نێجیریا دەکەوێ ، یان کۆماریكی دەستووریی دیمۆکراتیی کە بەدوای مودێلی دانیمارک دەکەوێت ؟
ئەی کوا دەستوورە دیمۆکراتییەکەمان؟
بەچ دەستوورو یاسایەک دەبینە دەوڵەت؟
بە قسەی قەیسەر؟ یان بە خواستی خەڵک؟
دەەسەڵاتیک منالێکی چواردە پازدە ساڵی بە ژن دا بنێت و رێگە بدات بفرۆشرێت و ئەشکەنجە بدرێت و پارچەپارچەبکرێت و لە بیرببردرێتەوە ، و هەزارانی وەک ئەو خوێن و ژیانیان بە فیڕۆ بڕواو هەمان پرۆسەو هەلومەرجی لەناوبردنیان بەهێز بکات ، دەسەلاتێکی بەربەریی سەرسەریی بێ ئەخلاق و ویژدانەو هەقمانە بە گومانەوە لە هەموو وتارو رەفتارو کردارێکی ئەم دەسەڵاتە موجریمە بڕوانینن.

ئەو وتارەی پیرە رۆژنامەنووسیی شارەزای میسری محەممەد حەسەن هەیکەل ئەو مەترسییە مەزنانە ئاشکرا دەکا لە بارزانی تووشی کوردی دەکات : هيكل : بارزاني فتح ابواب جهنم على الاکراد .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت