Kemal-Mirawdeli

دکتۆر کەمال میراودەلی : ئیسرائیل لەرزۆکترین و بەهێزترین دەولەت لە جیهاندا .

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت

* ئیسرائیل بە هۆی چەکی ئەتۆمیی و تەکنۆلۆجیای زاڵی جەنگەوە ، لە بڕیاری سیاسیی خۆیدا , حیساب بۆ ئەمریکاش ناکات .
* هۆکارێکی سەرەکی پشتگیری ئیسرائیل بۆ کوردی باشوور گەر راست بێت ئەوەیە کە لەگەڵ تورکیا ببێتە شەریکی تالانکردنی نەوتی بەلاش و بێ خاوەنی کوردستان .
* گۆڕینی رژێمی محەممەد مۆرسی و ‌هێنانی سیسی پرۆژەی هاوبەشی ئیسرائیل و سعودیە بوو .
* جوولەکەکان گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە ‌هێز عەقلەو عەقلیش ئەو کاتە دەبێتە هێز کە دەست بەسەر زانستدا دەگرێت و زانستیش ئەو کاتە دەبێتە هێز کە دەبێتە تەکنۆلۆجیایەکی بەردەست لە سەرووی هەموو هێزەکانی ترەوە .

پرسی دەوڵەت و دەولەتی کوردیی

بەشی سێیەم

ئیسرائیل لەرزۆکترین و بەهێزترین دەولەت لە جیهاندا .

دوای ئەوەی بە کورتەیەک باسی دەوڵەتۆکەی زیندانکراوو بەردەوام جینۆسایدکراوی غەززەم کرد ، ئێستا دەولەتیکی پێچەوانە ، دروستکراوی دەسەلات و بەرجەستەی هێزی هەرە مەزن ، باس دەکەم کە ئیسرائیلە ، کە ئێستا بەرەحەتی گیانی خۆی ، لەناو خوێنی غەززەدا گەوزاوەو کەس پێی ناڵێت : ئەرێ لەخوین تێر نەبووی ، بەس نەبێت!
ئیسرائیل ئێستا بەهیزترین دەولەتە لە جیهاندا ، لە روانگەی هێزی رووتەوە واتە ‌هێزی خۆپاراستن و قڕانکردن و وێرانکردن و تازەترین تەکنۆلۆجیای جەنگی نوێ . بەلام وەک هەمیشە لاوازترین و لەرزۆکترین دەوڵەتی دنیاشە . تەنانەت لاوازتر لە سۆمال . چونکە سۆمال گەر وەک حکومەت و دەولەتیش هەرەس بێنێت ، وەک ولات و خەڵک دەمێنێت ، ئیسرائیل ئەم چانسەی نییە . هەرەسهیێنانی دەولەتەکە هەرەسهینانی پرۆژەی دەولەتی نەتەوەیی جوولەکەش دەبێت. جا شتێکی نەزانانەو کورتبینە کورد کەرەگی قووڵیی لە میژوو – و جوگرافیاو کەلتوورو سامانی سروشتیی خۆیدا هەیە ، بۆ بە دەولەتبوون پشت بە ئیسرائیل ببەستێت ، کە دەولەتیکی لەرزۆک و بنلەقەو تەنیا بەخوێنی بەردەوامی فەلەستینییەکان مانەوەی وەک ئێستای مومکینە. بەلام تاکەی ؟ . ستراتیجییستە ئیسرائیلییەکان لەوەتی شەری ١٩٤٨ ی عەرەب و جوولەکەوە ئەو بۆچوونەیان وەک عەقیدەیەکی نەگۆڕ وەرگرتووە کە ئیسرائیل دەشێ دەیان جەنگ بباتەوە ، بەلام ئەوەندە بەسە یەک جەنگ بەجددی بدۆڕینێت تا تێدابچێت و ئاسەواری نەمێنێت ؟ ئەمە بۆ وایە .

لاوازی دەوڵەتی ئیسرائیل

ا- ئیسرائیل دەولەتی نەتەوەیی نییە : دەولەتیك نییە خەلکێک لە ناوچەیەکی جوگرافیدا لەبەر هاوبەشی هەستی یەکبوونی نەتەوەییان یان هەستکردنیان بە زوڵم و کۆیلەیی و هەولی رزگاربوونیان لە دەسەلاتی ئەو ناوچەیە ، دروست بووبێت ، بەلکو پرۆژەیەکی ئایدیایییە لەدەرەوە خولقاوە کە بەجەنگ و توندوتیژیی لەسەرەتادا سەپێنراوەو بەجەنگ و توندوتیژی زیاتر و زیاتر پارێزراوەو هێشتراوەتەوە ، جەنگ وەک چۆن مەرجی سەرەکی دروستبوونیەتی مەرجی سەرەکی مانەوەشیەتی ، بەلام جەنگێک کە قەت نەیدۆرێنێت . ئەمەش [ دەولەتی مەحال ] دروست دەکات.
٢ – بۆ جەنگیش شوینی جوگرافیی و دیمۆگرافی ئیسرائیل لەبار نییەو تا بڵێی ناسک و خەتەرناکە . ئیسرائێل وەک خەلک بەو گەل و گرۆیانە دەورە دراوە کە دەریپەراندوون و خاکەکەی لێسەندوون یان لێسەندوونەوەو بەهۆی تێکەڵاوبوونی ئایین و سیاسەتەوە لە پرۆژەی سەهیۆنیزمدا نەک هەر عەرەب دەولەتانی مسلمانی وەک ئێرانێش خۆیان بە بەشێک لە کێشکە دەزانن. لەبەرئەوە ئیسرائیل بۆ ئەوەی قەت جەنگ نەدۆڕێنێت ، دەبێ هەمیشە وریاو ئامادەبێ و تەفەوقی جەنگیی وەک تەکنۆلۆجیاو ستراتیج و توانای لێدان و سەرکەوتنی خێرای هەبێت : وەک لێدانی بنکەی چەکی ئەتۆمی عێراق و سوریا و هەوڵدانی بەرەدوامی بۆ وەستاندنی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و لە ناوبردنی خێرای هێزی ئاسمانی و سەربازیی عەرەبەکان لە ماوەی شەش رۆژدا لەجەنگی ١٩٦٧ دا ، بەلام کورد گوتەنی مەرج نییە لەهەموو هەورێک باران ببارێت .
٣ – لەناوخۆشیدا بەتایبەتی دوای شەڕی ١٩٦٧ ژمارەیەکی زۆر عەرەب هەیە . عەرەبەکان زاووزێ و منداڵبوونیان زیاترە ، ئێستا جوو لە ناو ئیسرائیلیشدا کەمینەیە ، و تەنیا بە حالەتێکی ئەپارتایدی وەک خوارووی ئەفریقا خۆی پاراستووە. لەبەر ئەوە ئیسرائیل ناتوانێت یەک دەولەتی دیمۆکراتی بۆ عەرەب و جوو ببێت ، چونکە بە هەڵبژاردن عەرەب دەیباتەوە ، هەوەها دیمۆکراتیبوونی دەوڵەتەکە تەبیعەت و جەوهەری پرۆژەو ئایدیای دەولەتی جوولەکە دەگۆرێت ، واتە دەبێتە دەولەتێک بۆ جوولەکەو غەیری جوولەکە کە تەنانەت لە لایەن غەیری جوولەکەشەوە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی دیمۆکراتییدا حوکم بکرێت ، گەر ئیسرائیل ئەمە بۆ غەززە رازی نەبێت چۆن بۆ ئۆرشەلیم و تەلئەبیب رازی دەبێت؟ بەڵام چارەی چییە ؟
٤ – لە بەر جیاوازیگەریی بەرامبەریان و داگیرکردنی گوندو مالەکانیان لە لایەکەوەو بەرەدوامی جەنگی ئیسرائیل دژ بە غەززەو هەستکردن بە زوڵم و بێدەسەڵاتی ، هەرەشەی دروستبوونیی گرۆیانی ئێکستریم و تێرۆریست لە ناو ئیسرائیل خۆشیدا هەبووەو هەمیشە هەیەو بە‌هێزە.
٥ – چارەسەریی [ دوو دەوڵەتیش ئیسرائیل و فەلەستین ] گەر لە زۆرینەی عەرەب رزگاری بێت ، ئەو عەرەبانە لە کوێ ببنە دەولەت ؟ کێشەی موستەحیلی خاک و ناوچەی بۆ دروست دەبێت ، هی عەرەبە یان جوو؟ قودس هی كێیە ؟ کێشەی خەتەرناکی موستەوطەنەکان لەمەوە سەری هەڵداوە.
٦ – ئیسرائێل ئەو هەلومەرجە جۆگرافی و ستراتیجییەی نییە کە بۆ جەنگ و لێکدانی سەربازیی لەبار بێت ، جگە لە تفوقی تەکنۆلۆجی و سەربازیی و یارمەتی ئەمریکا و غەرب و سەرشۆڕیی رژێمەکانی عەرەب ، هیچ شتێک لە بەرژەوەندی جەنگخوازیی ئیسرائیل نییە . ولاتەکە [ بەفەر] یان دیواری پاراستنی نییە ، وەک خاکێک ، دەریایەک ، دەولەت یان دەولەتۆکەیەکی تر لە دوژمنەکانی ناوەوەو دەوروبەری جیابکاتەوە ، جوگرافیاکەی راستەوخۆ بە دوژمنەکانی دەوری دراوەو کەوتۆتە ناویشیانەوە. لەبەر ئەوە هەمیشە دۆخیکی ناسکی ترس و گومانی هەیەو لە مانەوەی خۆی بە شکە . ئەمە وای لێکردووە ، هێندە ئامادەیی بۆ جەنگ و کوشتار بێگوێدانە ویژدان و مافی ئینسان و رای گشتی هەبێت ، کە ئەوەش ئەنجامی خەتەرناکی هەیەو رەنگە ئاخری رای گشی جیهان دژی بوەستێتەوە.
٧ – زربەی خەڵکی ئیسرائێل خەڵکی ئەسلی ناوچەکە نین و زۆریان دەولەمەندن وەک پرۆژەیەک کە بەرژەوەندیاین تێدا هەیە هاتوون بۆ ئیسرائیل ، لە بەرئەوە گەر کەمترین هەرەشەی جددی بۆ ژیانیان و ژیانی خێزانیان هەبێت ولاتەکە بە جیدێڵن . بە تایبەتی کە زۆربەیان بنکەو پێوەندیی و بەرژەوەندی گەورەشیان لە وڵاتە غەربییەکاندا هەیە . بۆیە گەر عەرەبەکان بتوانن کامپەینیکی تێرۆریستی سەدی یەکی ئەوەی لە سوریا دژی یەکتر دەیکەن لە ئیسرائیل بیکەن ، یان هەر رۆژێک توانیان ساروخێک بەکاربێنن کە لەقولوڵایی شارەکانی ئیسرائیل بدات ، یان لە جەنگێکی بەرامبەرییدا سەرکەوتنیکی ستراتیجی دیار بەدەست بێنن ، یان لەگەڵ گروپە ئیسرائیلییەکاندا ئینتیفازەیەکی بەردەوام و کاریگەر لە ناو ئیسرائیلدا بکەن ، گومانی نییە دەبێتە هۆکارێکی گەورە بۆ هەرەسهێنانی دەولەتی ئیسرائیل ..
٨ – ئابووری ئیسرائیل بەهێز نییەو زۆربەی داهاتەکەی بۆ پێشەسازیی جەنگ و دروستکردنی موسطەوطەناتی نوێ بەکار دێنێت ، ئەمەش باری ژیانی خەلکی ئاسایی خراپ کردووەو کێشەی چینایەتی و کۆمەلایەتی جددیی دروست کردووە ، ئیسرائیل لە رووی دارایی یەوە تەنیا بەهۆی یاریدەو بەخشیشی زۆرو زەبەندی ئەمریکاوە خۆی گرتووە کە سالی دەیان بلیۆن دۆلارە. دیارە هۆکارێکی سەرەکی پشتگیری ئیسرائیل بۆ کوردی باشوور گەر راست بێت ئەوەیە کە لەگەڵ تورکیا ببێتە شەریکی تالانکردنی نەوتی بەلاش و بێ خاوەنی کوردستان.
٩ – ئیسرائیل دەبێ هەمیشە وریاو پلان و پیلانساز بێت ، کە هیچ دەولەت و هێزو بزوتنەوە و رژێمێکی عەرەبیی دەرنەکەوێت کە هەڕەشە بۆ سەر سنوورو مانەوەی دوورخایەنی دروست بکات ، بەهاری عەرەبیی تا رادەیەکی زۆر ، بەلام بەشێوەیەکی کاتیی بووە . بە بەهاری ئیسرائیلیی و خەزانی عەرەبیی ، بەتایبەتی گۆڕینی رژێمی محەممەد مۆرسی و ‌هێنانی سیسی پرۆژەی هاوبەشی ئیسرائیل و سعودیە بوو .. هەوەها جەنگی دژ بە ئەسەد. وەک بیرمەندی گەورەی تازە کۆچکردووی مەغریب دکتۆر مەهدی مەنجەرە دەلێت: تەنیا دوو بزوتنەوەی موقاوەمەی راستەقینەو کاریگەر دژی ئیسرائیل هەن کە حەماس و حیزبوڵلای لوبنان – ن . کەچی هەموو دەولەتەکانی عەرەبیی لەبەر خاتری ئیسرائیل دوژمنی ئەو دوو بزوتنەوەیەن . کەواتە گرەوێکی تری موستەحیلی ئیسرائیل ئەوەیە کە قەت رژێمێک یان بزوتنەوەیەکی خەتەر بۆ سەر ئەو لە رۆژهەڵاتی نێوەند دورست نەبێتەوەو ئێرانێش بهێنڕیتە سەر چۆک و تورکیاش لە نزیکەوە جاودێری بکرێ و هاوکاری نهێنی و ئاشکرا کە لەسەردەمی ئەتاتورکەوە دامەزراوە ، بەهێز بکرێت.
١٠ – مێژووی ئیسرائیل مێژووی دەولەتێکی سەرکەوتوو و سەقامگیر نییە . مێژووی جەنگ و خوێنە . تا ئەوەش بەردەوام بێت نەوە لەدای نەوە هێزی رق و تۆڵەو موقاوەمەو توندرەوی زیاتر لە ناو عەرەب دروستدەکات ، بە تایبەتی ئەم شەرەی ئێستای دژی غەززە دوور نییە ببێتە سەرەتای کۆتایی دەوڵەتی ئیسرائیل بەم شێوە سیاسەتەی ئێستا هەیەتی واتە یان دەبێ چارەسەرییەکی سیاسیی بکات کە ئاشتیی بۆ خۆی و فەلەستینییەکان مسۆگەر بکات ، یان دەبێت هەر دەولەتیکی جەنگیی خوێندەرو خوێنرێژ بمێنێتەوە. ئەمەش دەولەتە مەحاڵە.

بەهێزیی ئیسرائیل .
١ – هێزی ئیسرائیل بە پلەی یەکەم لە هێزی گەلی جوولەکە لە دنیادا دێت بە تایبەتی لە غەربدا. ئیسرائێل لە سەر بنەمای [ ئایدیا] دروستبووە ، ئایدیای دەوڵەتیک بۆ جوولەکە ، ئەو ئایدیایەش لە لایەن هرتزل ـەوە لە ساڵی ١٩٨٧ دا گۆرا بە پرۆژەیەک لەسەر بنەمای زانست و تەکنۆلۆجی دابمەزرێت و کارکردنی بەردەوامی لە غەربدا بۆ بکرێت . تا سەری گرت . [ لە بەشیکی تردا بەدرێژی ئەم پرۆژەیە باس دەکەم ]
٢ – جوولەکەکان بە تایبەتی دوای هۆلۆکۆستی هیتلەر ، گەیشتنە ئەو ئەنجامە داروینییەی کە مانەوە بۆ بەهێزە ، بەلام لە کاتیکدا داروین ‌هێزی فیزیکی و توانای بەرگری و زالبوونی بایۆلۆجی و فیزیکی لە سروشتدا دۆزیەوە ، جوولەکەکان گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە ‌هێز عەقلەو عەقلیش ئەو کاتە دەبێتە هێز کە دەست بەسەر زانستدا دەگرێت و زانستیش ئەو کاتە دەبێتە هێز کە دەبێتە تەکنۆلۆجیایەکی بەردەست لە سەرووی هەموو هێزەکانی ترەوە . زۆربەی داهیێنانەکانی دنیا هی جوولەکەن بە تایبەتی لە مەیدانی جەنگ و تەکنۆلۆجیای جەنگی نوێ . و کۆنترۆلی تەواویشیان بەسەر داودەزگا ئەکادیمییەکان و زانستیەکانی غەربدا هەیە.
٣ – جەنگی نوێ بە [ جەنگی نێو خەلک ] ناسراوە ، واتە ئەو جۆرە جەنگە کلاسیکییە کۆتایی هات کە کەشتی جەنگیی و تەیارەو ریزی دەبابەو مودەررەعات ، لە بەرەی جەنگ و سنوورەکاندا بەرامبەر یەک بوەستن . شەری ئێستا لە نێو خەلک و شاری پڕ خەلکدا دەکرێت . ئیستیخبارات و ناسینی تواناو نهێنییەکانی دوژمن و شەری پروپاگەندە ، هەموو بە تەکنۆلۆجیای نوێ دەکرێن و تەنیا گروپێکی کەمی مرۆڤی شارەزاو پرۆفێشنالی دەوێت . ئیسرائیل پێشرەوە لە داهێنانی تەکنۆلۆجی و ئیستراتیجی جەنگی نوێ بە تایبەتی لە ئەزموونی شەری غەززەوە زۆر فێر بووە ، هەم تەکنۆلۆجیای تازەی داهیێناوەو بەردەوام داهێنانی تیدا دەکات ، هەم بۆ خۆ پاراستن و هەم بۆ هێرش و لە ناوبردن . گەورەترین و خەتەرناکترین و هەرزانترین و کاریگەرترین داهێنانی نوێ تەیارەی درۆن ی بی فڕۆکەوانە کە بەتەیارەی دروێنەکەرە : واتە دروێنەکەری دەیان و ، سەدان هەزاران مرۆڤ لەهەر شوێنی بخوازرێت ، لە قەبارەی قالۆجەیەکەوە ، کۆترێکەوە ، کامیرایەکەوە ، بۆ مەبەستی ئیستیخباراتی و ووینەگرتن و خۆکردن بە هەموو کون و کەلێنێکدا ، تا تەیارەی جەنگیی بچووک و نێوەندو گەورەی قڕانکەرو وێرانکەر لە هەموو شێوەو فۆرمێک ، ئێستا تەیارەی درۆن بە هەموو شیوەیەک هەیە. ئەوە ئیسرائیل بوو کە ئەو تەکنۆلۆجییەی دروستکردو دای بە ئەمریکاش و دوایی بلاوبۆوە. لەگەڵ چەندەها تەنکنۆلۆجی نوی کە تەنیا خۆی هەیەتی یان تەنیا لەگەڵ ئەمریکا بەشداریی دەکات.
٤ – بە بێ شوورەی یان قەڵغانی پاراستنی [ ئایرن دۆم] قەڵغانی ئاسن کە ئیسرائیل لە دەوری هەموو شارو سنوورەکانی هەیەتی و زۆر بە سەرکەوتوویی رێگری زیاتر لە دوو هەزار سارۆخی حەماس بەسەر شارەکانی ئیسرائلدا کردووە ، ئێستا کوژراوەکانی ئیسرائیل زۆر لەوەی فەلەستینییەکانی غەززە زیاتر دەبوو ، تەنانەت سیناریۆی هەرەسهیێنانی ئیسرائیل شتێکی مەزەندەیی و خەیاڵی نەدەبوو . ئەوە تەکنۆلۆجیایەکی یەکجار سەرسور‌هێنەرو کاریگەرە کە رێگا نادات لەسەدی یەکی سارۆخی ئاسمانبر بگاتە ناو شارەکان و زیان بە ئیسرائێل بگەیەنێت .
٥ – جگە لەمەش ئیسرائیل وەک دەزانین چەکی ئەتۆمیی هەیە . ئەو دەولەتانەی کە چەکی ئەتۆمییان هەیە هەرچەندە بچووکێش بن پێیان دەوتری [یەکەی یان دەولەتی ڤیتۆیی ] . واتە هەر چەند بچوک و بێزراویش بن وەک کۆریای سەروو ، ئەوانە هەمان دەسەلاتی لەناوبردنی یەکسانییان بەرامبەر هەر دوژمنێک هەیەو دەتوانن بە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی ڤیتۆی دەسەلاتی دوژمنەکە بکەن و رایبگرن . گەر رووسیا چەکی ئەتۆمیی نەبایە دوور نەبوو ئێستا ئەمریکا ئۆکرانیای هان بدایە کێشەی جدیی لەناو روسیاش دروستبکات و گروپی سەر بە ئەمریکا بۆ تێکدانی رووسیاش وەک لیبیاو سوریا دروست بکات. تەنیا بوونی چەکی ئەتۆم ـە ، کە ئەم کارانەی ئەمریکا ڤیتۆ دەکات ، بۆیە ئەمریکاو ئیسرائیلیش هێندە حیساب بۆ مەترسی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەکەن . ئیسرائیل بەهۆی چەکی ئەتۆمیی و تەکنۆلۆجیای زاڵی جەنگەوە ، لە بڕیاری سیاسیی خۆیدا حیساب بۆ ئەمریکاش ناکات.
٦ – لەخالە لاوازەکاندا وتم کە جەنگ و خەرجی جەنگ ئابووریی ئیسرائیلی لاواز کردووە. بەلام لە لایەکی ترەوە سنعەتی جەنگ زۆر بەهێزیی کردووە. چەکی نوێ فرۆشتن و تەنانەت تەدریب و مەشقپێکردنی سوپای زۆر دەولەت لەسەر شەری ناو خەلک بۆتە گەوەرترین سەڕچاوەی دارایی و لە لایەکی ترەوە هێزی دیپلۆماسی و پەیداکردنی هاوپەیمانی چەککڕی بێدەنگ لە جیهاندا. بۆ نموونە. تەنیا لە ٢٠١٣ دا ئیسرائیل ، ئەوەی ئاشکرای کردووە ، بایی ٧ بلیۆن دۆلار چەکی فرۆشتووە ، بە پێی هەندێ راپۆرت ، نیوەی چەکی تازەی ئیسرائیل پار لە لایەن هیندستان ـەوە کڕدراوە ، بۆیە هیندستان کە رەخنەگرێکی بەردەوامی ئیسرائیل بوو ، ئێستا بەرامبەر جینۆسایدی غەززە قروقاپی کردووە .
٧ – ئیسرائیل و لۆبی ئیسرائیلی لە ئەمریکاو ولاتانی غەربییدا دەسەلاتی تەواویان بەسەر بڕیارو پرۆسەی سیاسیی و دەزگا حکومیی و زانستیی و ئەکادیمییەکاندا هەیەو زۆر زەحمەتە سیاسییەک یان رووناکبیرێکی بە جددی ناحەزو رەخنەگر لە ئیسرائیل لەو ولاتانەدا جێی ببێتەوە یان بتوانی بەردەوام بێت و پەراوێز نەکرێت. یان هەر نەبێ زۆر بە توندی دوژمنایەتی نەکرێت. ئۆباما و مۆباما فشەن و لۆبی جوولەکەیان لە پشت نەبێت ناتوانن یەک هەنگاوی سەربەخۆ بنێن.
ئەنجام
هێز ، دەسەلات ، دەتوانێت دەوڵەت دروست کات ، تا ماوەیەک بیشیپارێزێت بەلام هێز دەولەتی سەرکەوتوو دروست ناکات. لە رووی باری ئەمنیی ، جوگرافیی ، کۆمەلایەتی ، دوژمنی ناوخۆ ، دیمۆگرافیی ، ئەخلاقیی و … هتد . ئیسرائیل کە یەکێکە لە بەهیزترین دەولەتانی دنیا ، یەکێکیشە لە فاشیلترین و لەرزۆکترین دەوڵەتانی دنیا.

سوپاس بۆ کلیک کردنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ناردنی بابەتەکە بۆ هاوڕێکانت