john-constable-the-white-horse-1819

دەرکەوتنی ئیمپریشنیزم

 ئەمە پرۆژەی کتێبێکە  ــ بەشی یەکەم

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە ــ محەمەد ساڵەیی

لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا چەند هۆکارێکی فرە گرنگ بوونە ماکی گەشە سەندنی ئیمپریشنیزم . لە میانی سێ دەکەی ئەو سەدەیەدا هونەری وێنەکێشانی هۆڵەندی و ئینگلیزی باندۆرێکی مەزنیان لەسەر نیگارکێشانی فەرەنساوی و هونەری تابلۆکێشان بە گشتی هەبوو . ، وەکو زانراوە ئیۆجین دێلاکرۆ کە لەسەر ئیمپریشنیستەکان زۆر گاریگەر بوو بە تایبەتی رێنوار ، توانی لە ژێر سەرسامی بە کۆنستەبڵ رەنگی ناسک و کارامەیی لە فڵچە هەڵسوڕان بهێنێتە ئاراوەو لە تابلۆکانیدا نیشانیان بدات. هەر لەو دەمەدا بوو وێنەکێشانی باربیزۆن دەچوونە دەرەوە لە دارستانی شاری فۆنتێنبلۆ راستەوخۆ لە سروشتەوە وێنەیان دەکێشا ،هەمان جێ پاشان مۆنێ و پیسارۆ لە ژێر سەرسامی بۆدین وجۆنکیند کە نیگارکێشی رۆخەکانی نۆرماندی بوون ، روویان تێدەکرد ، هەروەها لەو کاتەدا واتە ناوەڕاستی سەدەی ناوبراودا ، ریالیزم بە سەرپەرشتی گۆستاڤ کۆربێ هاتبووە ئاراوە .

لە ساڵی ١٨٦٣ دا ئێدوارد مانێ تابلۆیەکی کلاسیکی بابەت بە دیدگایەکی نوێتر کێشا بە ناوی نیوەرۆژە لە دەرەوە بەم تابلۆیە کە بە ئابڕوتکێن ناوبرا بووە جێی سەرسامی وێنەکێشە لاوەکانی وەکو مۆنێ ، رێنوار ، سیسلی و بازیللی کە پێکەوە بەر لە ساڵیک لە سۆدیۆکەی چارلس گلێر بناخەی ئیمپریشنیزمیان دانا بوو .

ئیمپریشنیستەکان ، وەکو مۆنێ ، پیسارۆ، سیسلی لەگەڵ رێنوار لە ساڵی ١٨٦٠ لە پاریس بەهەڤدوو گەیشت بوون و شاگەشکەیی بێئەندازەیان بۆ ئەو وێنە کێشانەی بەتەمەنتر لە خۆیان ئاشکرا دەکرد کە دەچوونە گوندەکانی دەور و بەری پاریس و زیندوو تابلۆیان دەکێشا . منە کردن بۆ ئیمپریشنیزم وەکو دیاردەیەک لە لادێ و دارستانەکانی دەرەوەی پاریس وەدەردەکەوت هەروەها رەگێکی دەگەڕێتەوە بۆ سەرمەستی هونەرمەندە رۆمانسیستەکانی وەکو ئۆجین دێلاکرۆ ، سیۆدۆر جیریکۆ بە دیمەنکێشە ئینگلیزەکان چەشنی جۆن کۆنستابڵ و تەرنەر و ریچارد بۆنینگتۆن .

لە ساڵی ١٨٢٤ دا تابلۆی گالیسکەی کا لە ساڵۆنی پاریس نمایش دەکرا ، ئەو دەمەی کەوتە بەردیدەی ئیۆجین دێلاکرۆ بووە جێگەی سەرنجی . رەنگە گەشەکانی ئاسمان، دار و ئاو و فڵچە تێرو ئەستوورەکەی کۆنستەبڵ دیدگای هونەری گۆڕی و لەسەر ئەو بنەمایە تابلۆی رەشەکوژی سایۆ ی کێشا . ئەم تەکنیکە ئازایە لە بەکارهێنانی رەنگی کاڵ و ئەستوور بە فڵچەی کاراتر بۆ بەرجەستە کردنی تەن و دیمەن بوونە کەرەستەی بەردەستی ئیمپریشنیستەکان و دواتر برەوی زیاتریان پێدا .

سیۆدۆر جیریکۆ دوو ساڵ لەوەو بەر تابلۆی گالیسکەی کا ی لە لەندەن دی بوو ، لەگەڕانەوەیدا بۆ پاریس زۆر بە شکۆوە بۆ دێلاکرۆ و هاورێکانی پێیدا هەڵدا بوو ، پێکەوە هەموو بە ئەندێشەی دیمەنکێشە ئینگلیزەکان وێنەیان دەکێشا ، پاشان ئەمە بووە بەردە بازێکی رێخۆشکاری هونەری بۆ مۆنێ و پیسارۆ .

سکێچە هونەرییەکانی کۆنستەبڵ و تەرنەر و بۆنینگتۆن لە نێوان ساڵانی ١٨٢٠ و ١٨٣٠ بۆ دێلاکرۆ و هاودەمەکانی باڵکێش بوون ، چونکە بەلایەوە مەبەست بوو باندۆری سروشت بە شێوازێکی دەمو دەست بگوازێتەوە بۆ سەر کانڤاس لەبەر ئەوەی هەردەم تیشک و رووناکی و رەنگ لە بارێکی بزووت دان و جێگیر نین ، تەنات بە نووسینش ئەمەی لە یاداشتەکانیدا تۆمار کردووە . بەم سۆنگەیەوە رۆمانتیکە فەرەنساویەکان تابلۆی بلەز و سکێچییان بە ئاوڕەنگ و رۆنی دەکێشا . سەرباری ئەوەی بەلای بەرپرسانی ساڵۆنی ئەو رۆژگارەوە بە کاری ناکام و سەرپێی هەژمار دەکران ، بەڵام گرنگی خۆیان هەبوو ، چونکە کارامەیی وێنەکێشەکانی باڵاتر دەکردو تەکنیکی راستگۆیی نیگارکێشانی هەڵدەکشاند دێلاکرۆ و هەڤاڵەکانی هەموو هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کێشانی تابلۆی مەزنتر بە پشتی ئەو سکێچانە لە ستۆدیو ئەو گەشی و زیندووییەی سکێچەکان نابەخشنەوە .،دیارە بۆ ئەم دەمەی ئێمە زۆر بە بەهان و بگرە ئەرزشیان لە گەلێ تابلۆی کامڵ لەسەرترە .

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies