Dabq

بەختیار شارەزورى : یەکەم بڵاوکراوەى داعش .. گۆڤارى ( دابق ) .. گەڕانەوەى خەلافەت  .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس

ئەگەر داعش خەونى تورکیا بێت ، بۆ گەڕانەوە بۆ  دەسەڵاتى عوسمانى و پێ ى وا بێت سنورى فەرمانڕەواى تورکیا لە بەرامبەر ئێرانى سەفەویدا پاشەکشەى کردوە ، ئەوا دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە ئێران دواى ڕوخانى شا ، پێویستیەکى ئەمریکا بوو بۆ دروستکردنى پشتێنەیەکى ئیسلامى بە چواردەورى سۆڤیەت و پەیمانى وارشۆدا ، وەک دژە ئایدیایەکى مارکسى ، بەڵام خەون بینین و گەڕانەوە بەو واتایە دێت کە تورکیا کاتەکان و زەمینەى سیاسى ناخۆێنێتەوە ، خۆ ئەگەر گروپى ئەردۆغانى ، وێناى ئەوە بکات کە ڕوخانى بنەماکانى ئەتاتورک وەک وێنەى ڕوخانى شا دێت و دەتوانێت ولایەتەکانى وەربگرێتەوە ، ئەوا تورکیا ئێستە بوەتە ناوەندى بەریەککەوتنەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، لە لایەکەوە دەیەوێت وەک وڵاتێکى ئیسلامى بچێتە ناو ئەکێتى ئەوروپاوە ، ئەیەوێت لە ناوەندى تورکیادا سستمى دیموکراسى بە دیدێکى ئیسلامیانەى تازەگەرییەوە بمێنێتەوە ، لەلایەکى ترەوە دەیەوێت لە ڕێ ى داعشەوە بگەڕێتەوە بۆ سنورى فەرمانڕەواى عوسمانى و سعودیە و قەتەر هەتا میسر ببێتە فەرمانڕەواى خۆى ، لە لایەکەوە دەیەوێت نمایندەى ئیسلامى سونى بکات وەک جەمسەرێک بەرامبەر بە ئێرانى شیعى سەفەوى ، خۆ ئەگەر ئێران توانیبێتى لە لبنانەوە تا حوسیەکان و تا عەلەویەکان و لەولاشەوە لە کشمیرەوە تا پاکستان و هەتا ئازباینجانیش دەسەڵاتى هەبێت ، ئەوا بۆ تورکیا زەحمەتە لاساى ئێران بکاتەوە ، چونکە تا ئێستا گروپێکى توندڕەوى شیعە دروست نەبوە سنورى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ببڕێت و لە ئەوروپا و ئەمریکا هەڕشەى قورس بێت بۆیان ، بەڵام سونەى توندڕەو هەر لە قائیدە وە تا داعش و تا بزاوتى خوراسانیش . هەڕەشەى توندن بۆ ئەوروپا و ئەمریکا ، بۆیە ئەگەر ئێران نمایندەى جەمسەرى ڕوسى بێت ، ئەوا تورکیا جگە لە قوڵایى ستراتیژى و هەڵکەوتەى جوگرافى و دەروازەیەکى گرنگى ئابورى دنیا ، ناتوانێت ببێتە ئەو وڵاتەى کە تەواوى سونەکانى دنیا لە ژێر چەترى خۆیدا کۆبکاتەوە و ڕاستەو خۆ هەڕەشە نەبێت بۆ ئەمریکا و ئەوورپا ، بۆیە خەونى تورکیا زۆر زەحمەتە بۆ گەڕانەوە بۆ سنورى دەسەڵاتى عوسمانى  .

ئەو گۆڤارەى کە داعش بڵاوى دەکاتەوە کە ناوى ( دابق )ە کە 50 لاپەڕەیە ، بەشێکى ترە لە درێژکراوەى خەونى تورکەکان بۆ سنورى دەوڵەتى عوسمانى ، بەڵام ئەمە زۆر زەحمەت دەبێت ، چونکە تورکیا کە نەتوانێت کێشەى سیاسى ناوخۆى خۆى چارەسەر بکات ئەوا ناتوانێت ئەو خەونە بکاتە واقع ، ( دابق ) کە بە شەڕى مەرج دابقیش ناسراوە ، ئەو شوێنەیە کە عوسمانیەکان و مەمالیک تێدا بەریەککەوتن ، عوسمانیەکان بە سەرکردایەتى سوڵتان سەلیمى یەکەم سەرکەوتن ، بوە سەرەتایەک بۆ سەرکەوتنەکانى عوسمانی بەسەر مەمالیکدا ، هەتا وڵاتى میسر ڕوِیشت و کۆتاییان بە دەسەڵاتى مەمالیک هێنا (1516) ، واتا ئەگەر تومان باى ڕازى نەبوبێت بە دەسەڵاتى عوسمانى ، ئەوا ئەم خەونەى تورکیا بۆ ئێستا لە خەونى حوشتر دەچێت ، چونکە لە کۆبانیدا کۆتاى بەم خەونە دێت و گواستنەوەى شەڕەکانى پەکەکە بۆ ناو تورکیا ئەو نامەیەیە کە نەک ناتوانێ خەون بە سنورەکانى عوسمانیەوە ببینێت ، بەڵکو خۆشى لەبەردەم ئەگەرى تێکچونى شیرازەى ناوخۆیدایە  .

( دابق ) بە تەواوەتى ئەوەى سەلماند کە داعش بە سیناریۆ و تاکتیکەکانى ئەوێت جێبەجێکارى خەونەکانى تورکیا بێت ، خۆ ئەگەر لە سنورى زۆنى زەردا گەڕانەوە بێت بۆ میرنشینى بادینان و دەسەڵاتەکانى تورکیا تەنها بەخشینى دیارى و ناو نانى  بێت ، ئەوا لە ڕوژئاوا و لە کۆبانى و لەسەر دەستى ئاپۆدا ، ئەوە بۆ دنیا و تورکیا سەلمێنرا ، کە ناتوانن لە بەرامبەر پەکەکە و پەیەدەدا ئەو خەونە جێبەجی بکەن و ئاپۆ دەبێتەوە بە شیخ عبداللەى نەهرییەکى تر ، بە پێچەوانەوە دەبێت سیاسەتێکى تر بگرێتە بەر ، بە دیوێکى تردا ئەمریکاو ئەوروپا دەیانەوێت هاوسەنگى بپارێزن ، لە لایەکەوە بدەن لە داعش تا پەکەکە شەڕى ناو تورکیا نەکات ولە لایەکى ترەوە گڵۆپى سەوز بۆ تورکیا هەڵکەن تا  هاوکارى داعش بکات بۆ ئەوەى هەڵنەگەڕێنەوە لە تورکیا، ئەمەش بۆ پاراستنى گەورەترین دەروازە و دەرگاى ئابورى جیهانە ، ئەویش بەندەرى جیهان و بۆریەکانى نابۆکۆ و گەروى بسفۆڕە ، خۆ ئەگەر لە شەڕى چاڵدێراندا کوردەکان بە حوکمى سونە بونیان شەڕى سەفەوییەکانیان کردبێت بۆ عوسمانیەکان لە سەردەستى مەلا ئیدریسى بەدلیسیدا ، ئەوا ئاپۆ نەک وێنەى بەدلیسەیە بەڵکو دەبێتە شیخ سیعدى پیرانێکى تر و جارێکى تر تورکیا دەخاتەوە بەردەم مافى تەواوى کوردەکان لە چوارچێوەى تورکیایەکى دیموکراتیدا ، چى تر خەونى سوارەى حەمیدیەى عبدولحمیدى دووەم دووبارە نابێتەوە ، خۆ ئەگەر وا نەبێت ئەوا بە تەواوەتى تورکیا دەبێتە ناوەندى بەریەککەوتنى شەڕەکانى ڕوژهەڵاتى ناوەڕاست .

 ئەگەر گۆڤارى ( دابق ) درێژکراوەى بڵاوکراوەى ( انسبایر ) ى قائیدە بێت لە 2010 دا، ئەوا ئەمەیان جیاواز لە قائیدە ، گۆڕینى ستراتیژى هێزە ئیسلامییە توند ڕەوەکانە ، گۆرینى دژایەتى ئەمریکا و پێگەى ئەفغانساتانە ، بە فەتح کردنى وڵاتە ئیسلامیەکان و لەناوبردنى مرتەدەکان و دروستکردنەوەى نەخشەى عوسمانى بە شێوەیەکى تر ، ئەگەر بەم پێوەرانە سەیرکەین ، ئەوا تورکیا نییەتى نیە کێشەى کورد بە شێوەیەکى ئاشتى چارەسەر بکات ، بەڵکو دەیەوێت لە ڕێگەى داعشەوە و بە هێز و ترساندن بگەڕێتەوە بۆ سنورى عوسمانى   .

دابق و کۆبانێ  .

ئەگەر دابق وەک ئاماژەیەک بێت بە گەڕانەوە  بۆ سنورى عوسمانى و ئەمریکا و ئەوروپا وەک سەرەتا گڵۆپى سەوزى بۆ هەڵکردبێتن ، ئەوا ئەگەر خەونى داگیرکارى  سەر بگرێت ، ڕوو دەکاتە ئەوروپا و ئەمریکا ، بە تایبەت شەڕى تەقینەوەکان لە ناو قوڵاى وڵاتانى ئەوروپا و ئەمریکادا ،بە دیوێکى تردا ئەگەر ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا نەوێرن سەرباز ڕەوانەى بەرەکانى دژى داعش بکەن ، ئەوا لە کۆبانێدا سەلمێنرا … خەونى ناو گۆڤارى دابق ناتوانرێ جێبەجێبکرێت ، یەپەگە شەڕى ترسنۆکەکانى جیهان دەکات ، بە مانایەکى تر  لە بۆچونەکەى بەخیتار عەلیەوە ، ئەگەر کورد بەردەوام ئەو وێنەیەى دابێت بەدەرەوەى خۆى ، کە پێویستى بە فریاد ڕەس هەیە ، ئەوا لە کۆبانیدا تەواو پێچەوانە بوەتەوە کە وڵاتانى گۆنگرەى پاریس ئەگەر ئاسمانیان بە دەستەوە بێت ئەوا پێویستیان بە خۆین و شەڕى زەمینى هەیە و یەپەگە دەبێتە فریاد ڕەسى کۆى وڵاتانى گۆنگرەى پاریس ، بە مانایەکى تر شەڕ دژى داعش ، پێویستى بە ئاسمانى وڵاتانى کۆنگرەى پاریس و خۆین و شەڕى زەمینى پەکەکە و پەیەدە هەیە ، ئەوەى گرنگە لەم قۆناغەدا کوردیش بگەڕێتەوە بۆ مێژوو هەموو هێزە کوردییەکان لە سەر مێزى ( پەیمانى پیرۆز ) ى بەدرخان پاشاى میرى بۆتان کۆبکاتەوە و بەرامبەر ئەم ڕێکەوتنە نێو دەوڵەتیە بوەستنەوە و ببنە هێزێک کە ئەمریکا و ئەوروپا ناچار بن هاوپەیمانى بن ، کە کۆى یارییەکە  دەکاتە ئەوەى بڵێین سەنگەرى شەرەڤانانى ئێمە دیوارى بەرگرى کردنە لە دنیا .

کلیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکە، سوپاس