Abadi-Bremer

   خەبات جەزا :  له‌وسه‌ره‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بێ موچه .

عه‌ره‌بێک وه‌ک تانه‌ له‌ سه‌رکرده‌ کورده‌کان نوسیبوی ، برایمه‌ر له‌ کتێبه‌که‌یدا پێش یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیانا ده‌ڵێ :– ترسێکی زۆرم هه‌بوو له‌ پێداگرتنی سه‌ر‌کرده‌ کورده‌کان له‌ داواکاریه‌کی زۆر که‌ له‌ توانامانا نه‌بێت جێبه‌جێی بکه‌ین له‌م قۆناغه‌دا و ، بیهێنینه‌ دی وه‌ک (( سه‌ربه‌خۆیی کوردستان )) . به‌ڵام ئه‌وان داوای (( پاره‌یان )) کرد ، بۆیه‌ توشی شۆک بوم و زانیم چین و چۆن بیر ده‌که‌نه‌وه‌ .
گه‌ر ئاوا بیرکه‌نه‌وه‌ ئه‌مڕۆش ناتوانن خاوه‌نی بۆچونێکی ڕاستبن له‌ هاوکێشه‌ی سیاسی عیراق چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ ئاڵۆزه‌کانی … وه‌ڵامیشمان بۆ عه‌ره‌به‌که‌ دوو جه‌مسه‌ری هه‌بوو لایه‌نی نه‌ته‌وایه‌تی و لایه‌نه‌ زانستێکه‌ی ..
لایه‌نی‌ یه‌که‌م ‌ / سه‌رکرده‌کانمان له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌موو کوڕیان له‌ بواره‌ جیاجیاکانا ، مافی ئه‌وه‌مان ناداتێ وه‌کو کوردێ له‌ ئاستی به‌سوک سه‌یرکردنی دوژمنێ بۆ گه‌وره‌کانمان بێده‌نگ و بێ وه‌ڵام بین ، بۆیه‌ بۆم نووسی و وتم سه‌رکرده‌کانمان له‌وسه‌ره‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه‌و ئه‌زانن که‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ پاره‌ زیاتر هیچی تریان له‌ ده‌ست نابێته‌وه‌و گه‌ر داوای زیاتریان ببوایه‌ ، بینه‌و به‌ره‌یان پێ ده‌کردن و پاره‌که‌شیان له‌کیس ئه‌چوو ، جا زه‌ره‌ر له‌ نیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ باشتره‌ .
ئه‌و ڕۆژه‌ش له‌وسه‌ره‌وه‌ هاتبونه‌وه‌ که‌ به‌شداری حکومه‌ته‌که‌ی عبادیان کرد ، چونکی گه‌ر نه‌یان کردایه‌ … پاره‌و چه‌ک ویارمه‌تی ئه‌مه‌ریکاو ئه‌وروپا و موچه‌و ده‌سه‌ڵاته‌کانی وه‌زیره‌کانیشیان له‌ به‌غداد له‌ کیس ئه‌چوو … سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش سه‌گه‌ ڕه‌شه‌کانی (( داعش )) تێمان به‌رئه‌بوون هه‌ر به‌ تۆپه‌ڵ گۆشتیان لێ ئه‌کردینه‌وه‌و کاره‌ساته‌که‌ی شه‌نگاریان به‌سه‌ر باشورو ڕۆژئاوای کوردستانا ئه‌سه‌پان و که‌سیش نه‌بو لایه‌کمان لێ بکاته‌وه‌ .
لایه‌نه‌ زانستێکه‌شی له‌ دڵی خۆما ئه‌م وت به‌نهێنی !!! گه‌ر نه‌چونایه‌ته‌وه‌ به‌غدا و ژێر ڕکێفی ئه‌مه‌ریکاوه‌ کورسێکانیان له‌ق ئه‌بوو له‌وانه‌شبوو بڕوخێن ، به‌ڵام ئه‌مه‌م بۆ عه‌ره‌به‌که‌ نه‌درکان هه‌تا گۆشتی پێ نه‌گرێ و دڵی قه‌ڵه‌و نه‌که‌م ….. گه‌ر به‌شداریشیان نه‌کردایه‌ ئه‌بوایه‌ به‌ زۆر کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆیان ڕاگه‌یاندایه‌ ، چونکی هیچ هه‌لێکی تر له‌به‌ر ده‌ستا نه‌بوو سه‌ربه‌خۆییش هیچ کارێکی ئه‌وتۆی بۆ نه‌کراوه‌و ، تواناش نه‌بووه‌ بیکه‌ن له‌به‌ر سه‌رقاڵبونی حیزبه‌کان به‌شه‌ڕی نێوان خۆیان و کڕینی ده‌نگه‌کان به‌ هه‌موو جۆرێ له‌ گه‌نده‌ڵی و به‌ فیڕۆدانی سامانی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ ته‌ممه‌ڵکردنی میلله‌ت و نه‌مانی به‌روبومی خۆماڵی ته‌نانه‌ت تورو پیازو کاڵه‌ک و ماست و شیریشمان لای (( براده‌ره‌ دوژمنه‌کانمانه‌وه‌ )) بۆ هاورده‌ئه‌کرێ .
دیسان نه‌بونی له‌شکرێکی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کڕیز و یه‌ک بیرو باوه‌ڕ و پڕ چه‌ک و یه‌ک سه‌نگه‌ر و نه‌بونی ده‌ستورێکی مۆدێرن و سه‌روه‌ری یاسا زۆر ورده‌ هۆکاری تر . به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌ هۆکارنییه‌ بۆ سه‌رنه‌گرتنی سه‌ربه‌خۆیی به‌ڵکو سه‌رکرده‌کان له‌و سه‌ره‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه‌ ، که‌ کۆی میلله‌ت پشتیان ناگرێت له‌کاتی برسی بون و هه‌ژاری و ده‌ربه‌ده‌ری و شه‌ر له‌ژێر فه‌رمانیانا ، چونکە ئه‌وکاته‌ی ئه‌وان ملیاره‌کانیان له‌به‌ر ده‌ستابوو ئاوڕیان له‌ سه‌رجه‌م میلله‌ت نه‌دایه‌وه‌ ، خێڵی خۆیان و لایه‌نگره‌ حیزبیه‌کانیان نه‌بێ خێریان بۆ خه‌لک وه‌ک پێویست نه‌بوو .
لێره‌دا باسی ده‌مه‌ بۆڵه‌که‌ی نوێنه‌ری روسیاو قه‌ته‌رم هاته‌ یاد له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش که‌ نوێنه‌ری قه‌ته‌ر هه‌ندێ گله‌یی قورسی کرد له‌ روسیا بۆپشتگرتنیان له‌ به‌شار ئه‌سه‌د . نوێنه‌ری ڕوسیاش زۆر به‌توندی وه‌ڵامی دایه‌وه‌و وتی ئێوه‌ی بچوک بۆتان نییه‌ به‌م شێوه‌ ناشایسته‌یه‌ باسی ئێمه‌ی زه‌به‌لاح بکه‌ن ، ئێمه‌ هه‌ر ناتان خوێنینه‌وه‌و به‌ وشه‌یه‌ک له‌ناوتان ئه‌به‌ین ئه‌م سوکایه‌تیه‌ قبوڵ کردنه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حکومه‌ته‌که‌ی قه‌ته‌ر پشتیان به‌ گه‌له‌که‌یان قایم نییه‌ ، که‌ له‌ ڕۆژێکی ڕه‌شا میلله‌ت پشتیان بگرێ بۆیه‌ زۆر به‌ سه‌رشۆڕی نوێنه‌ره‌که‌یان بێده‌نگ بوو ژه‌هره‌که‌ی نۆشی ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ش هه‌روه‌ها .
دژایه‌تی دراوسێکانیشمان زۆر ڕوون و ئاشکرایه‌ چونکی کوردستان له‌چوارلاوه‌ به‌ (( براده‌ره‌ دوژمنه‌کان )) ئابڵۆقه‌ دراوه‌ و ئه‌وانیش هه‌رگیز قایل نابن به‌ ده‌وڵه‌تی کوردستان ، دوابه‌ دوای باشور پارچه‌کانی لای ئه‌وانیش داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن . بێگومان له‌وسه‌ره‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه‌ به‌ ڕێگرتن له‌م سه‌ربه‌خۆییه‌ و دژایه‌تیکردنی . یان ده‌سه‌ڵات داران سه‌ره‌ڕای ئه‌م هۆکارانه‌‌ هیچیان ئاماده‌نین موجازه‌فه‌ به‌ کورسی و شان و شه‌وکه‌ت سه‌ڵته‌نه‌ت و ڤیه‌لاو خزمه‌تکار و ملیاره‌ دۆلاره‌کانه‌وه‌ بکه‌ن له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی کوردستانا . بۆیه‌ مۆڵه‌تی سێ مانگی تری خه‌یاڵیان دا به‌ به‌غداد هه‌تا ئه‌وساش خوا ئه‌مێنێ و موڵکی .
وابزانم له‌م مۆڵه‌ته‌شدا له‌وسه‌ره‌وه‌ هاتبونه‌‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ بێ موچه‌ …