Xebat-Ceza

خه‌بات جه‌زا : ئێمه‌و دیموکراسیه‌ت .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕاسه‌قینه‌ی بارو دۆخی دیموکراسیه‌ت له‌ ئیستای کوردستانی باشور به‌تایبه‌تی وبه‌راوردکردن له‌ نێوان فه‌لسه‌فه‌و دۆخی زه‌مینه‌ی جێبه‌جێکردنی به‌ پێوه‌ری بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی دیموکراسی .
پێویسته‌ وه‌ک سه‌ره‌تا پێناسه‌ی دیموکراسیه‌ت بکه‌ین و کوچکه‌و پایه‌کانی که‌ له‌سه‌ری بنیات ئه‌نرێ بخه‌ینه‌ به‌رده‌م خوێنه‌ر ..
دیموکراسیه‌ت وه‌ک زاراوه‌ له‌ دوو وشه‌ی یۆنانی پێک هاتووه‌ ( دیمۆس ) مانای گه‌له‌ ( کراتس) مانای ده‌سه‌ڵات به‌کۆی دوو وشه‌که‌ ده‌بێت به‌ ( ده‌سه‌ڵاتی گه‌ل )
به‌ڵام دیمۆکراسیه‌ت به‌ مانا بڵاوه‌که‌ی ( به‌شداریکردنی گه‌له‌ له‌فه‌رمانره‌وای و ئاگاداریکردنی جێبه‌جێکردنێ فه‌رمانه‌کان وڵێپرسینه‌وه‌ له‌دوای گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامه‌کان .
هه‌روه‌ها له‌ ڕوی بیرۆکه‌ی جێبه‌جێ کاریه‌وه‌ مانای ( ڕێگه‌چاره‌یه ‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ململانێکان له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاسایی سروشتی به‌ ئاشتی له‌ڕیی چه‌ند بنه‌ماو ڕیبازێک که‌ له‌سه‌ره‌تادا هه‌موو لایه‌نه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌سه‌ری رێده‌که‌ون ) که‌ له ‌نێوان بنه‌ماکاندا ده‌ساوده‌ست کردنی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌خۆو پاک و به‌دوای یه‌کا بۆ کاتێکی دیاری کراو .
دوای پێناسه‌کردنی دیموکراسیه‌ت پێویسته‌ بنه‌ماکانی بێنینه‌ به‌ر چاومان و به‌راوردێکی زانستی بێلایه‌ن بکه‌ین له‌ نێوان بنه‌ماکان و کاردانه‌وه‌و دابه‌زاندنی له‌سه‌ر ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌مان و ده‌ست نیشانکردنی که‌موکوڕیه‌کان هه‌تا خه‌ڵک هه‌ڵنه‌خڵه‌تی به‌ قسه‌ی پانو پۆڕو فشه‌ڵ و وابزانێ ئه‌م بارو دۆخه‌ی ئیستا به‌هه‌شتی دیموکراسیه‌ته‌ و به‌ره‌نگاری و دژایه‌تی نه‌فامانه‌ی دیموکراسیه‌ت بکات له‌ کاتی به‌راوردکردنی فه‌لسه‌فه‌که‌ به‌ واقعی ئیستای کۆمه‌ڵگا چونکی زۆر له‌یه‌ک دوورن .

بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌ بژارده‌کانی دیموکراسیه‌ت به‌ کورتی ئه‌مانه‌ی لای خواره‌وه‌ن 

1- دان نان به‌ بنه‌مای سه‌روه‌ری یاسا .

به‌ مانای هیچ ده‌سه‌ڵاتێک له‌سه‌رو ده‌سه‌ڵاتی یاساوه‌ نییه‌ له‌ ده‌وڵه‌تدا به‌هه‌موو خاوه‌ن فرمان و خه‌ڵکی ژێر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ . ئه‌میش تاکه‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌ بۆ ڕزگاربون له‌ دیکتاتۆره‌کان و سه‌رفرازی بۆ خه‌ڵک و به‌ده‌ست هێنانی سه‌ربه‌خۆییه‌کانیان .
له‌کوردستان ته‌نها له‌کۆڕه‌کانا ناوی سه‌روه‌ری یاسا دێت ئه‌گین له‌ بواری جێبه‌جێ کردنا زۆر دورین باشترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتداران پێشێلی له‌ یاسا ده‌که‌ن و خۆیان له‌یاسا به‌ به‌رزتر ده‌زانن .

2- دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی موئه‌سه‌سات

بنیاتنان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی که‌ ده‌وڵه‌ت له‌ چه‌ند موئه‌سه‌سه‌یه‌ک دروست بووه‌ وهه‌ریه‌که‌یان سه‌ربه‌ستن له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئیش و کاره‌کانیاندا و فه‌رمان ده‌رکردنیاندا و جیاو سه‌ربه‌خۆن له‌ ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی ناوه‌ند به‌ پێی ده‌ستوور نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای ویستی که‌سانی ده‌سه‌ڵاتدار .
له‌کوردستان هه‌تا ئه‌مڕۆش ده‌ستورێکی سه‌رده‌میانه‌مان نییه‌ که‌ هه‌موو پابه‌ندبین پێوه‌ی وژیانی سیاسی و یاسایی وکۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ودای ده‌سه‌ڵاته‌کان دیاری بکات بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌تا ده‌ستدرێژی نه‌کرێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌کانی به‌ره‌و خوار . له‌سه‌ر ئاستی به‌ موئه‌سه‌سه‌بونیش زۆر له‌دواوه‌ین ئه‌گه‌ر ده‌ستمان پێ کردبێ .

3- سه‌ربه‌خۆیی دادگاکان و جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌یه‌کتر .

تاکه‌ زامنی سه‌ره‌کی دیموکراسیه‌ت سه‌ربه‌خۆیی دادگاکانه‌ و جیاکردنه‌وه‌ی سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌ ( یاسادانان ، جێبه‌جێکردن ، دادگه‌ری ) به‌مه‌رجی ده‌رنه‌چون له‌ژێر یاسای ده‌ستوری ناوه‌ند بۆیه‌ ڕێگه‌پێدراو نیه‌ که‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان بدرێنه‌ ده‌ست یه‌ک سه‌رۆک .
له‌ کوردستان زیاتر له‌ یه‌ک جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌و هه‌تا ئه‌مڕۆش دوو ئیداره‌یی و دوو وه‌زاره‌ت و پێشێلکردنی فه‌رمانی دادگاکان به‌رده‌وامه‌ وته‌نانه‌ت دادوه‌ره‌کانیش پێش پۆسته‌کانیان هه‌ڵبژارده‌ی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتن . ئیستاش له‌بواری جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان هه‌نگاوی یه‌که‌م نراوه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌ڵام وه‌ک پێویست نییه‌ و هه‌رکاتێ هه‌نگاوه‌کان له‌به‌رژه‌وه‌ندی حیزبێک نه‌بێ ڕاده‌گیرێ و دوا ده‌خرێ .

4- دانپیانان به‌ مافه‌کانی مرۆڤ و مافه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی

زامنکردنی مافی مرۆڤ سه‌ربه‌ستیه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی به‌ پێی ڕێکه‌وتن نامه‌ جیهانێکان بنه‌مای سه‌ره‌کین بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراسی له‌و مافانه‌ش . مافی بۆچون و ده‌ربڕین . سه‌ربه‌ستی ڕۆژنامه‌وانی . سه‌ربه‌ستی دروستکردنی پارته‌کان وکۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و نه‌قابه‌کان . فره‌حیزبی که‌ یه‌کێکه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی ئایدیۆلۆجیای دیموکراسی . دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و نه‌قابه‌کانیش ڕۆلێکی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌ کۆمه‌ڵگا به‌ وه‌رگرتنی هه‌ندێ له‌ده‌سه‌ڵاته‌کانی حکومه‌ت بۆ قۆرغ نه‌کردنی ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌لای حکومه‌ت ..و به‌شداریکردنیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا . ئه‌م دامه‌زراوو نه‌قابانه‌ش چاوی خه‌ڵکن بۆ ئاگاداری و چاودێری له‌ کرداره‌کانی حکومه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ لێی به‌ چاوی ڕه‌خنه‌لێگرتنێکی بنیاتنه‌ری زانستی نه‌ک ڕوخێنه‌ر و ساڕێژکردنی برینه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌هه‌مه‌ئاهه‌نگی هه‌موو .
له‌کوردستان . مافی مرۆڤ پێشێل کراوه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌تا خواره‌وه‌ ته‌نانه‌ت هه‌تا ئه‌مڕۆش ڕۆژنامه‌نوس له‌سه‌ر ڕاپۆرتێ یان نوسراوێ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵات نه‌بێ ده‌کوژرێ و نمونه‌شمان زۆره‌ له‌و بابه‌ته‌ و زۆریش له‌ دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌شێکن له‌ پێکهاته‌کانی حیزبی ده‌سه‌ڵات به‌ نه‌قابه‌کانیشه‌وه‌ که‌ زۆر بێده‌سه‌ڵاتن و ته‌نها بونیان بۆ ده‌مکوتکردنی هه‌ندێ له‌ ئه‌ندامانی حیزبه‌کانه‌ به‌ پێدانی پۆست تێیدا و پاره‌خستنه‌به‌رده‌ستیانه‌ و هیچی تر .

5- پشت به‌ستن به‌ بنه‌مای هه‌ڵبژاردنی گشتی

هه‌ڵبژاردنی گه‌ل بۆ کاندیده‌کانی زامنی ڕاسته‌قینه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنی دیموکراسیه‌ت و ده‌ست به‌ده‌ست کردنی حوکمڕانی له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنی پاکو بێ گه‌رد و له‌کاتی خۆیدا بو ماوه‌یه‌کی دیاریکراوی به‌رده‌وام که‌ پێویسته‌ ماوه‌که‌ نه‌ کورت بێ که‌ نه‌توانرێ سیاسه‌ته‌کانی حیزبی ده‌سه‌ڵاتی تێدا جێبه‌جێ نه‌کرێ و ئه‌وه‌نده‌ش درێژ نه‌بێ که‌ قۆرغی ده‌سه‌ڵاتی تێدابکرێ و ئیتر ڕێگه‌ نه‌درێ به‌ حیزبه‌کانی تر بۆ به‌شداریکردن له‌ ده‌سه‌ڵات .
له‌کوردستان ئه‌وه‌ی ڕه‌چاو ده‌کرێ هه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردنێک نه‌کراوه‌ بێگه‌ردبێ . به‌ڵام له‌ هه‌موو دونیادا لێره‌و له‌وێ گه‌نده‌ڵی ده‌کرێ به‌ڵام به‌ڕێژه‌ی ئێمه‌ نا . وپێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن لایه‌نێکی ده‌ره‌کی بێلایه‌ن سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنه‌کان بکات بۆ ده‌رکه‌وتنی ڕاستیه‌کان و نه‌هێشتنی ده‌سکاریکردن له‌ ئه‌نجامه‌کانی . سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش گه‌ر لایه‌نێک له‌ کوردستان بیباته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزبی ده‌سه‌ڵات ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات نابن و به‌ساڵ دوای ده‌خه‌ن وکێشه دروست ده‌که‌ن ، بۆ نمونه‌ش پۆستی پارێزگاری سلێمانی دوای نزیک ساڵێک له‌بردنه‌وه‌ ، ده‌سه‌ڵات قایل نه‌بون پۆسته‌که‌ بده‌ن به‌ کاندیدی براوه‌ .

6- دابین کردنی که‌مترین داهات بۆ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا و ئاستی خۆراک و ته‌ندروستی و خوێنه‌واری و نیشته‌جێبون بۆ ژیانێکی ئاسایی له‌ڕێگه‌ی پابه‌ند بون به‌ دانپیانانی یاساکانی مافی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ل .

له‌کوردستان . ئه‌م مافانه‌ هێشتا دابین نه‌کراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ هه‌نگاوی بۆنراوه‌ به‌ڵام وه‌ک پێویست نین به‌رامبه‌ر به‌ داهاتی وڵات و ته‌نها که‌مێک له‌ به‌شه‌کانی خه‌ڵک سودمه‌ندن له‌م بنه‌ما دیموکراسیه‌ له‌کاتێکدا خه‌ڵکێکی ده‌سه‌ڵاتدار زۆر زۆر له‌ مافی خۆی زیاتری خواردووه‌ له‌ داهات .

7- به‌شداریکردنی کرێکار له‌ یه‌که‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ به‌رهه‌م هێنه‌ره‌کان بۆ زامنکردنی به‌رهه‌مهێنان و قوڵکردنه‌وه‌ی بیرو ڕا له‌ نێوان کرێکاران و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کان بۆ به‌رده‌وام بونی به‌رهه‌م و گه‌شه‌پێدانی .

له‌کوردستان . ته‌نانه‌ت ئه‌و کارگانه‌ی پێش ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ به‌رهه‌میان هه‌بوو داخران و فرۆشران یان وه‌ستاون و هه‌مان به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌و کارگانه‌ی خۆمان هاورده‌ ده‌کرێن ، باشترین نمونه‌ کارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانیه‌ ..کارگه‌ی شه‌کر …کارگه‌ی درومانی . کارگه‌ی چیمه‌نتۆی سه‌رچنار . وه‌ هیچ کاتێک کرێکارێکی هه‌ژار بۆی نییه‌ نزیکیش بکه‌وێته‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌که‌ی .

8- بنیاتنانی بیری تازه‌ بۆ په‌ره‌پێدان ( ته‌نمییه‌ ) له‌سه‌ر بنه‌مای په‌ره‌پێدانی کۆمه‌ڵگا به‌ کۆمه‌ڵگا وه‌ دابینکردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی تاکه‌کان و دابه‌شکردنی یه‌کسانی داهاته‌کان به‌سه‌ر خه‌ڵکا .. به‌م کاره‌ش په‌ره‌پێدان و توانا ئابورێکان و یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و دیموکراتی سیاسی کۆده‌بنه‌وه‌ له‌پێناو خزمه‌تی کۆمه‌ڵگاو سه‌پاندنی فه‌لسه‌فه‌که‌ .

له‌کوردستان کۆمه‌ڵگا په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ به‌ڵام لای لایه‌نێک له‌ خه‌ڵکانی ده‌سه‌ڵاتدار و لایه‌نێکی تر زۆر له‌ دواوه‌ن وه‌ک باری ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ڕۆشه‌نبیری …له‌بواری دابه‌شکردنی یه‌کسانی داهاته‌کان ئه‌وه‌ خه‌وێکه‌ خه‌ڵکانێکی زۆر خه‌وی پێوه‌ ئه‌بینن و هه‌ندێکیش یاری به‌ سامانی میله‌ت ده‌که‌ن ..یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تیش به‌دی نه‌هاتووه‌ هه‌نی که‌س له‌ ئاسمانن و هه‌ندێکیش له‌ ژێرخان … دیموکراتیه‌ سیاسێکانیش هه‌تا ئه‌مڕۆ کۆرپه‌یه‌ و له‌سه‌ر سنگ ئه‌خشی وه‌ک کیسه‌ڵ به‌ره‌و پێش ئه‌چێ .
ئه‌م بنه‌ما سه‌ره‌کیانه‌ی ژماردمان دیموکراسیه‌ت له‌سه‌ری نه‌شو نما ده‌کات و پێوه‌رێتی ، به‌ ڕوون کردنه‌وه‌ی ( ئه‌و بنه‌مایانه‌و زانیاریمان بۆ پێناسه‌ی دیموکراسی ) و به‌راورد کردنی به‌ بارودۆخی ئیستای کوردستان ئه‌زانین که‌ ئێمه‌ی کوردستان چه‌ند دورین له‌و فه‌لسه‌فه‌ ده‌وڵه‌مه‌نه‌ مێژوییه‌ مرۆڤایه‌تیه‌وه‌و چی پێویسته‌ بکرێ بۆ به‌ره‌و پێشچونی کۆمه‌ڵگاکه‌مان و هه‌مه‌ ئاهه‌نگی گشت لایه‌نه‌کان له‌ پێناو زه‌مینه‌سازی به‌خته‌وه‌ری تاکی کورد و کۆمه‌ڵگای کوردستانی له‌ ژێر سایه‌ی به‌دیموکراسی بون و به‌هێزکردنی بۆنده‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌کان بۆ پشتگیریکردن له‌یه‌ک ، کاتی هه‌ڵکردنی ئاڵای مه‌زنی کوردستانی سه‌ربه‌خۆ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت