Dundutiji-Dj-be-jnan

 دارا خونچە : پێشکەشە بەو پیاوانەی هێشتا ژنان لە خۆیان وە کەمتر دەبینن .

 

هێێێی پیاو

هێی پیاو .. هێی نێر .

هێی پیاو .. هێی ژان .. هێی دەردیسەر .

هێی مێر .. هێی نێر؛ هێی باب و برا و کوڕ و هاوسەر …

هێی پیاو .. هێی مێر .. ژانی زان و سەرلەبەری میهرەبانیی و سۆز و ڤیان – تێکڕا گشتیان – وان لە جەستە و دڵ و دەروونی مێینان .

هێی پیاو .. هێی نێر .. سەرچاوەی مان و ژین و ژیان .. زرۆرترینی وان لە کۆش و ئەستۆی ئەوان؛ کەچی هێشتا ئەنگۆ زاڵن .. پیاوسالار و نێرسالارن .. رەگەزپەرست و زۆردارن .. چەوسێنەر و ستەمکارن .

هێی پیاو .. ئەنگۆ – زۆربەی زۆرتان – چەند دڕندە و چەند بێ هۆش و مێشک پووچن ؛ لەسەر سۆز و خۆشەویستیی .. لەسەر یەک ماچ و رامووسان .. لەسەر یەک بزە و تێڕامان .. لەسەر یەک گ—– .. لەسەر تەنێ یەک ” نا ” ی مێیان .. رەوشتی بێ رەوشتییتان .. شەرەفی بێ شەرەفییتان .. نامووسی بێ نامووسییتان .. وە خوونی ژن دەشۆنەوە !!! وە خوونی ژن مێژووی رەشی دین و داب و دەسەڵاتی نامرۆییتان دەنووسنەوە !

هێی پیاو .. هێی نێر .. دەک داوەشێن !

هێی پیاو .. پیاوی دوژمن وە مێ .. داب و دینت چاویان دەربێ .. ملیان لە حەفت جێیان بشکێ !

هێی پیاو .. پیاوی دوژمن وە ژن .. یاسا و رێسا و دەسەڵاتت سیس و پووت و سووک و ریسوا و شەرمەزار بن .. سەرانگرێ و سەراوقوون بن ..  سەراوبن و بنبز بن!

هێی پیاو .. پیاوی دوژمن وە ژیان .. دوژمن وە ژن .. هۆش و هزر و دەنگ و رەنگ و بەزم و رەزمت ژێرەوژۆر بن !

هێی پیاو .. پیاوی چەقوو وەشێن .. دەک دەست و پەنجانت وەرێن

هێی پیاو .. پیاوی چاو پڕ لە خوێن .. دەک هەردووک چاوانت دەرێن!

هێی پیاو .. پیاوی لووشکە وەشێن .. دەک چوار پەلت گشتیان بشکێن!

هێی پیاو .. پیاوی نەدیوبدیی .. ئازادیی توو هەرگیز وە بێ ئازادیی ژن نایەتەدی .

هێی پیاو .. پیاوی خاوەن فەرهەنگی مێکوژیی .. ئیدی چیدی توو ناتوانی بەری بەرەی ئازادیی ژن وە بەرد و کێرد .. وە ئاور و ئاسن بگری .

هێی پیاو .. پیاوی خاوەن نەریتی ژنکوژیی .. ئیدی چیدی توو ناتوانی بەری ئاسۆی ژیان و ژیار و ڤیان و ژوان و بەرابەریی لە تاریکیی و لە تەم بگری .

هێی پیاو .. پیاوی نەدیوبدیی و چاو پڕ لە رک و لە هێرش و توندوتیژیی .. ئیدی چیدی توو ناتوانی بێ ئازادیی ژنان بژی و دژ وە یەکسانیی و هاوسانیی سەر هەڵببڕی !

هێی پیاو .. هێی نێر .

هێی پیاو .. هێی ژان .. هێی دەردیسەر .

هێی مێر .. هێی نێر ؛ هێی باب و برا و کوڕ و هاوسەر …

هێی پیاو .. هێی نێر .. دەک داوەشێن … دەک داڕزێن …

هێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێێ پیاو !!!

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies