Mardin-Muhemed

ماردین محمد : بۆ ده‌بێت کورد بۆ ئازادی بمرێت و پێشی بمرێت ؟ .

نزیکه‌ی چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌که ‌، کوردستانی باشوور (نه‌) ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و (نه‌) به‌شێکیشه‌ له‌ ده‌وڵه‌تێک (ته‌نها وه‌ک ڕۆتینێکی پرۆتۆکۆلی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراقدا مامه‌ڵه‌ و سه‌ودای سیاسیانه‌ی هه‌یه‌ و هیچ تر)، که‌واته‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌دا کورد له‌باشوور هه‌رته‌قه‌یه‌کی خودموختاری یان خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان هێناوه‌ته‌ کایه‌وه‌، که‌ له‌ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌رده‌وام به‌(ئازادی) ناوبراوه ‌…!

له‌کاتێکا ئه‌و فه‌رمانڕه‌وایی و خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌ هیچ پێگه‌یه‌کی پێناسه‌کراویشی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیشدا نه‌بووه‌و نه‌ هه‌یه‌!
سه‌یر ئه‌وه‌شه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ی باشوور که‌ ناوی لێ ده‌نێین “ئازادی” به‌رهه‌می ده‌یان ساڵی هه‌وڵ و تێکۆشان و قوربانیدان و خاپوور کردنی گوند و شار و کۆمه‌ڵکوژی و په‌ت و سێداره‌ و به‌ندیخانه‌کانه‌ و ده‌یان هه‌زار جانفیدامان ژێرخاک ناوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و ئازادیه‌ی که‌ فۆرمێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌و بۆ ده‌رکشان بووه‌ له‌جه‌وری ژێرده‌سته‌یی گه‌لانی سه‌رده‌سته‌!

له‌کاتێکا ئه‌و ئازادیه‌ی که‌ ئه‌و هه‌موو قوربانیدان و ماڵوێرانی و نه‌هامه‌تیه‌ی بۆ کێشراوه‌ نایه‌ته‌سه‌رپێی خۆی و پێ ناگرێت، گه‌ر دوای به‌ده‌ستهێنانی ئازادی گشتی، هه‌وڵ نه‌درێت که‌ ئامانجه‌که‌ بگۆڕێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی تاکی ئازاد و فه‌راهه‌مکردنی ئازادیه‌کانی تاک…!

[ئه‌و گه‌له‌ ئازاده‌ و به‌ئازادی هه‌یشتووه‌‌ که‌ تاکه‌کانی ئازاده‌، ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ ئازایه‌ و نه‌به‌زیوه‌ که‌ تاکه‌کانی نه‌خه‌سێنراون]

سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی له‌ ماوه‌ی ئه‌و چاره‌که‌ سه‌ده‌یه‌ی فه‌رمانڕه‌واییدا به‌مه‌به‌ست و بێ مه‌به‌ست پشتی له‌ئازادیه‌کانی تاک کردووه و نه‌ک هه‌رهیچ هه‌وڵێکی نه‌داوه‌ بۆ پارێزگاری کردن له‌ئازادیه‌کانی تاک و به‌رهه‌مهێنانی تاکی ئازاد‌، به‌ڵکو هه‌ندێک جار ده‌سه‌ڵات خۆی سه‌رچاوه‌ی ترس و مه‌ترسی بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و که‌سه‌ بوێرانه‌ی که‌ دانه‌دانه‌ ڕێچکه‌ی ئازادیان گرتووه‌ و قه‌ڵه‌مێکی نه‌ترس بوون!
له‌ولاشه‌وه‌ له‌سایه‌یدا کۆمه‌ڵێک که‌س و گروپ به‌پاساوی داکۆکیکردن له‌پیرۆزی و خه‌ته‌ سووره‌کان ڕاشکاوانه‌ و به‌وپه‌ڕی ئازادیه‌وه‌ هێرشی ناوزڕاندن و هه‌ڕه‌شه‌ی تۆقێنه‌رانه‌ ده‌که‌نه‌ سه‌ر که‌سانێک که‌ ڕایه‌کی جیاواز له‌وانیان هه‌بووێت!!!

دوایین که‌یسیش ئه‌وه‌ی نوسه‌ری ته‌نز و ساتیر(حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن) ه که‌ له‌سه‌ر دیواری په‌یجه‌که‌ی خۆی نوسیبووی : ” هەرکەسێک ڕێکلام بۆ پەیامبەری داعش بکات ، بلۆکی دەکەم “

له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه‌و ده‌ربڕینه‌ ئیسلامی سیاسی له‌بنکه‌وه‌ تاده‌گاته‌سه‌رێ لێی که‌وتونه‌ته‌ هه‌ڵا و تانه‌و ته‌شه‌رلێدان و جوێن پێدان و هه‌ڕه‌شه‌ کردنێکی ڕێکخراو!
جگه‌ له‌وه‌ش کاریان گه‌یاندۆته‌ ئه‌وه‌ی به‌م هه‌ڵایه‌ سۆزی که‌سانی ساده‌ و هه‌رزه‌ته‌مه‌ن و بازاڕی بجوڵێنن و له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا سوکایه‌تی به‌ ئه‌ندامانی خانه‌واده‌که‌ی بکه‌ن!
له‌ کاتێکدا ئه‌و هه‌ڵایه‌ی ئێستا له‌ئارادایه‌ ده‌رهه‌ق به‌و ده‌ربڕینه‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن دوو لێکدانه‌وه‌ هه‌ڵده‌گرێت و نابێته‌ سێ!

یه‌که‌م/ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی نیگه‌رانن به‌و قسه‌یه‌ و پێیان وایه‌ په‌یامبه‌ری داعش و په‌یامبه‌ری ئه‌وان هه‌ر یه‌کێکه‌و له‌ (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن)ی قبوڵ ناکه‌ن ئه‌وه‌ بڵێت که‌نوسیویه‌تی‌؟! که‌واته‌ داعشه‌کان مسوڵمانی عه‌یاره‌ بیستوچوارن و باڵی ڕادیکاڵی مسوڵمانان و ئیسلامه‌تین و هه‌رچی داعش ده‌یکات پێداچونه‌وه‌و تۆخکردنه‌وه‌ی ڕێچکه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ئیسلامه‌!

دووه‌م/ خۆ ئه‌گه‌ر لێکگرێدانی (په‌یامبه‌ر و داعش) به‌سوکایه‌تی ده‌زانن بۆ په‌یامبه‌ری ئیسلام و پێتان وایه‌ که‌ نه‌ده‌بوو (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن) له‌و ده‌ربڕینه‌دا په‌یامبه‌ری مسوڵمانان بکاته‌ په‌یامبه‌ری داعشیش!
ئه‌وا ڕه‌وا نیه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ و هێرش بکرێته‌ سه‌ر ئه‌و پیاوه ‌، چونکه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ڕه‌وابێژی کردووه‌ و هه‌موو ئه‌ندام داعشێک (محمد) به‌ په‌یامبه‌ری خۆی ده‌زانێت، به‌ڵکو ده‌بوو ئه‌و نیرووه‌ی دژی حه‌مه‌سه‌عید وه‌ستاونه‌ته‌وه ‌، خۆیان پڕچه‌ک بکردایه‌ و بچونایه‌ته‌ ناوچه‌کانی ژێرده‌ستی داعش و زمانی هه‌ر داعشێکیان بقرتانایه‌ که‌ده‌ڵێت (محمد المصطفى) په‌یامبه‌ر‌مه‌!

ئه‌گه‌ر پاساوێکیش له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دوو لێکدانه‌وه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌دا بۆ ئه‌و هه‌ڵایه‌ی دژی حه‌مه‌سه‌عید مابێت، ئه‌وا به‌ڕای من خزمایه‌تی و نزیکایه‌تی خۆڕسکانه‌یه‌ له‌داعش و فکری داعشیزمه‌وه‌، که‌ ئاوا کارێک ده‌کات هه‌موو ئه‌و ئازارانه‌ی داعش به‌سه‌ر کوردانی ڕۆژئاوا و باشووریا هێناوه‌ بیربچنه‌وه‌و چه‌ند ڕۆژێک پێش کاره‌ساته‌که‌ی پاریس هه‌وڵی تیرۆر کردنی که‌سایه‌تی نوسه‌رێکی ناودار و بوێری خۆماڵی ده‌درێت!

ئه‌گینا ئه‌وه‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن نوسیبووی، ته‌نها ده‌ربڕینێک بوو که‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانی فه‌یسبوکی خۆیدا ده‌دوێت و نه‌ک وتارێکی سه‌رلاپه‌ره‌ی ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌کان!

 

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies