Xebat-Ceza

خه‌بات جه‌زا : کوردانی هه‌نده‌ران و گه‌ڕانه‌وه‌یان .

بێگومان ژماره‌یه‌کی بێ شومار له‌ کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی کوردستانن ئه‌وانیش به‌ هۆکاری جیا جیا ڕۆیشتون و له‌و ووڵاتانه‌ جێگیربون وله‌ئاستێکی مام ناوه‌ندو خوار مام ناوه‌ند ئه‌ژین ، به‌ زانینی ئه‌و هۆکارانه‌ش ئه‌گه‌ین به‌و ئه‌نجامانه‌ی که‌ یارمه‌تیمان ده‌دات بۆ نه‌چونه‌ده‌ره‌وه‌ی گه‌نجه‌کانمان و هه‌ر هه‌مان هۆکارن که‌ به‌ربه‌ستن له‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ( چه‌ند هۆیه‌کی تر ) چونکی مه‌رج نییه‌ هۆکاری ڕۆیشتن که‌ بن بڕ بکرێ په‌نابه‌ره‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ . 

له‌م ده‌رفه‌ته‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م هۆکاری ڕۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه‌شیان پێکه‌وه‌ بخه‌مه‌ به‌رده‌م خوێنه‌ری به‌ڕێز بۆ ئیشکردن له‌سه‌ریان و شادبونه‌وه‌ی هه‌نده‌ران به‌ کوردستان و کوردستانیش به‌خۆشه‌ویستانی .
1- هۆکاری سیاسی :
بێگومان بارو دۆخی سیاسی کوردستان هۆکاری سه‌ره‌کی چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بووه‌ له‌ ڕابوردوو ئێستاشدا .
سه‌دام وده‌ست و دایره‌که‌ی وه‌ک داگیرکه‌ر وبه‌ربه‌ره‌کانێ کردنی سیاسی گه‌نجانی کوردی لێهاتو و به‌توانا له‌ هه‌موو بواره‌کانا و زیندانی و ئه‌شکه‌نجه‌و له‌سێداره‌دان و گوله‌باران وئاواره‌کردن وئه‌نفال و کیمیاوی باران وسیاسه‌تی به‌عه‌ره‌ب کردن و به‌ به‌عس کردن و جه‌نگه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌که‌ی ڕژێمی به‌عس له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوخۆ له‌گه‌ڵ کوردو هه‌موو نه‌یاره‌سیاسێ عه‌ره‌به‌کانیش . هه‌موو پاڵنه‌ر بوون بۆ ڕاکردن .. به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ی باشوری کوردستان و ڕوخانی ڕژێمی به‌عس کوردانی هه‌نده‌ران زۆربه‌یان بیریان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ کرده‌وه‌ به‌ڵام ململانێی سیاسی حیزبه‌ سیاسێه‌ کورده‌کان دۆخێکی نا ئاسایی خسته‌ به‌رچاوی ئه‌وان و وای لێکردن که‌ دوو جار بیر بکه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتیمان . هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ توانای زانستی و هونه‌ری و وه‌رزشی و دارایشیان هه‌بوو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ بینینی دۆخه‌که‌و په‌یوه‌ندیان کرد به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانه‌وه‌ هیچیان وه‌ک پێویست نه‌بون له‌گه‌ڵیان وبه‌ره‌وپیریان نه‌چون و فرسه‌تیان نه‌خسته‌ به‌رده‌میان . به‌ڵام لایه‌نگره‌کانی حیزبه‌ باڵاده‌سته‌کان هه‌موو ده‌رگایه‌کیان بۆکرایه‌وه‌ که‌ زۆربه‌یان له‌ماستاوچێتی زیاتر توانای تریان نه‌بوو ، به‌دوایا خزم خزمێنه‌ و عه‌شایه‌رگه‌ری . بۆیه‌ مرۆڤه‌ به‌تواناکان به‌هۆکاری سیاسی دوور خرانه‌وه‌ له‌ پۆست و کورسی و قه‌ڵه‌م و هونه‌رو وه‌رزش وڕاگه‌یاندن وبواره‌کانی دی . ئه‌وانیش به‌ دڵی شکاوه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌نده‌ران و مافی خۆشیانه‌ زویربن له‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ک له‌ وڵات . وه‌هه‌ر ئه‌و نه‌فامه‌ ماستاوچیانه‌ن که‌ ئه‌مڕۆ بوون به‌ ئه‌رک به‌سه‌ر خه‌زێنه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ و به‌ملیاره‌ها دیناری موچه‌ی مانگانه‌ ئه‌بێ بدرێ پێیان .
سه‌ره‌ڕای ئه‌م هۆکارانه‌ش ململانێی حیزبه‌ سیاسێ جۆراوجۆره‌کان که‌ هه‌ریه‌کێکیان سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تێکن وخه‌ریکی سه‌پاندنی ئایدۆلۆجیا جیاجیاکانن به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستانا به‌ گشتی و به‌تایبه‌تی ئیسلامێکان جارێکی تر کوردانی هه‌نده‌رانی ترسانه‌وه‌و هاتنه‌وه‌یان له‌ بیر خۆیان برده‌وه ‌.
ته‌شه‌نه‌کردنی گه‌نده‌ڵی و دزی و نه‌بونی پیاوی زاناو به‌توانا له‌ پۆست و پله‌ هه‌ستیاره‌کانا و دژایه‌تی و زیندانی و کوشتنیش له‌ولاوه‌ به‌رامبه‌ر سه‌ربه‌ستی بیرو ڕا و شکاندنی قه‌ڵه‌مه‌ ڕاست گۆکان هۆکارێکی سیاسی تره‌ که‌ جێگه‌ی مه‌ترسییه‌ بۆ کوردانی ده‌ره‌وه‌
دوو ئیداره‌یی هه‌تا ئه‌مڕۆش . و شه‌ڕه‌ په‌ڕۆ و ڕه‌نگ وته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار کورد دژایه‌تی کورد ئه‌کات له‌ کوردستانا له‌سه‌ر ڕه‌نگی جلوبه‌رگی و ژماره‌ی ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی که‌ به‌ناوی پارێزگایه‌کی جیاوازه‌وه‌یه‌ ! .
به‌ گشت ئه‌م دۆخه‌ سیاسیانه‌ی ئیستای باشوری کوردستان و کوردستانی مه‌زن به‌تێکڕایی بووه‌ به‌ هۆکاری کزبونی هه‌ستی نیشتیمان په‌روه‌ری له‌لای زۆربه‌ی دڵشکاوه‌کان به‌تایبه‌ت بێلایه‌نه‌کان له‌م دۆخه‌ی ئیستا و خۆشه‌ویستی و جه‌مسه‌رگیری حیزبی توندترکراوه‌ له‌ خۆشه‌ویستی گه‌ل و نیشتیمان له‌ناوخۆی کوردستان ، که‌ئه‌ویش هۆکاره‌ بۆ بیرنه‌کردنه‌وه‌ له‌ نیشتیمان و گه‌ڕانه‌وه له‌ هه‌نده‌رانه‌وه‌‌
2- هۆکاری سه‌ربازی :
به‌ڵێ هۆکاری شه‌ڕو شۆڕی سه‌دام و دژایه‌تی کردنی گه‌لی کورد به‌ هێرشه‌سه‌ربازیه‌کانی و بۆردومانی شارو شارۆچکه‌کانی ژێر هێڵی 36 و به‌دوایا شه‌ڕێ براکوژی و له‌یه‌کترکوشتنی نه‌یاره‌سیاسێکان و هه‌میشه‌ ترسی عه‌ره‌به‌ شۆڤێنیه‌کانی به‌غدا له‌سه‌ر هه‌رێم و پڕچه‌ککردنی عه‌شایره‌کانیان و بونی میلیشیای چه‌کدار وهه‌وڵ و ته‌قه‌لای به‌رپرسه‌کانی عه‌ره‌ب بۆ کڕینی ئه‌و چه‌کانه‌ی که‌ ئه‌توانن به‌ هۆیه‌وه‌ ده‌ست درێژبن بۆهه‌رخاڵێکی کوردستان وه‌ک فڕۆکه‌ی جه‌نگی و ڕۆکێته‌کان و زۆر به‌ڕاشکاوانه‌و بێ شه‌رم جارجار ده‌ری ده‌بڕن که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌کانه‌مان ببێ ئه‌وا ناوچه‌کانی که‌ خۆیان به‌عه‌ره‌بستانی ده‌زانن له‌ کوردستان ئه‌یگێڕنه‌وه‌ بۆ سه‌ر فه‌رمانڕه‌وایی به‌غدا به‌هێزی سه‌ربازی
دوای ئه‌م هۆکارانه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی داعشی خوێن ڕێژی ڕه‌شبیری بۆگه‌ن له‌سه‌ر کوردستان تازه‌ترین و به‌هێزترین هۆکاری بیر نه‌کردنه‌وه‌ی کوردانه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ نیشتیمان .
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش له‌هه‌ر چوار پارچه‌که‌ی کوردستان جوڵه‌ و چالاکی سه‌ربازی و شۆڕش هه‌یه‌ دژ به‌ داگیرکه‌ران و ئه‌مه‌ش بێگومان کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر باری ئارامی کوردستانی باشور . به‌ ڕاشکاوانه‌ش نائارامی مانای نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی کوردان بۆ هه‌رێم
3- هۆکاری ئابوری :
هه‌مومان ئه‌زانین له‌دوای هۆکاری سیاسی و سه‌ربازی ، هۆکاری ئابوری پاڵنه‌ربوو به‌ پله‌ی سێهه‌م بۆ ڕاکردن له‌ نیشتیمان چونکی ڕژێمی به‌عس به‌ ده‌ها ساڵ پێش ئابڵوقه‌ ئابورێکه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان ئابڵوقه‌ی ئابوری و زانستی و ڕۆشه‌نبیری و شارستانی خستبووه‌ سه‌ر کوردستان خه‌ڵکێکی زۆریش له‌ برسا وڵاتی خۆیان به‌جێ ‌هێشت و په‌نایان برده‌ به‌ر وڵاتانی جیهان . به‌ڵام دوای ڕوخانی ڕژێم پاره‌یه‌کی زۆر بێشومار که‌وته‌ ده‌ست دوو حیزبی ده‌سه‌ڵات و که‌وتنه‌ کڕینی ده‌نگ و ویژدان و ده‌ها پڕۆژه‌یان ئه‌نجام داو ته‌قینه‌وه‌یه‌کی ئاستی ئابوری ڕویدا که‌ خه‌ڵکێکی زۆر ، نزیک له ‌ده‌سه‌ڵات له‌ چه‌ن ڕۆژێکا بون به‌خاوه‌ن سامان ئینجا که ‌کوردانی هه‌نده‌ران هاتنه‌وه‌ و به‌راوردی بارودۆخی ئابوری خۆیان ده‌کرد له‌گه‌ڵ سواڵکه‌ره‌کانی دوێنێدا زۆر ئه‌وان له‌ دواوه‌ بوون و ئه‌و چه‌ندساڵه‌ی له‌ هه‌نده‌ران بون زۆر بیرو بۆچونیان دوور بوو له‌ ماستاوچێتی و ده‌ست ماچکردن و فێری ڕاست گۆیی ومافی مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ و سه‌روه‌ری یاسا ببون بۆیه‌ زۆربه‌ی زۆریان نه‌یان ئه‌توانی بگونجێن له‌گه‌ڵ دۆخی ماستاوکردنا بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ی هه‌تا دوێنێ له‌ ئه‌وروپا و وڵاتانی تر ئه‌وان هاوڕێی نزیکیان بوون به‌ڵام ئیستا ده‌ست ڕۆیشتون و خۆشیان پیشانیان ناده‌ن به‌ڵکو خۆشیان لێ ئه‌شارنه‌وه‌ که‌سه‌ردانی کوردستان ئه‌که‌ن به‌داخه‌وه‌ .
له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا بژێوی ژیان و هۆکاره‌سه‌ره‌کیه‌کانی له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌دا دابینه‌و به‌سه‌ربه‌رزی ئه‌ژین وهه‌موو پێویستیه‌کانی پاراستنی ته‌ندروستی وخوێنه‌واری و کرێ خانوو سۆشیاڵ دابینه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی که‌مێک له‌ خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی سه‌ره‌تایی لای خۆمان . به‌ڵام له‌م کوردستانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی خۆیاندا بژێوی ژیان نیه‌ و ته‌نانه‌ت ئیش بۆ سۆشیال نه‌کراوه‌ هه‌تا کوردانی هه‌نده‌ران به‌بێ ترس و دڵه‌خورپه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵات و ئه‌بێ هه‌م دیسان له‌دوای چل و په‌نجاو شه‌ست ساڵی ته‌مه‌ن له‌ سفره‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌ بۆ خۆدروست کردن . ئه‌مه‌ش کارێکی زۆر قورس و گرانه‌ و زۆر زۆر که‌سانێکی که‌م که‌وتنه‌ ژێر ئه‌م باره‌وه‌ هه‌تا ئیستاش ئه‌ناڵێنن به‌ده‌ست کرێچێتی و نه‌بونی ده‌رفه‌تی کار و بژێوی ژیان زۆر ورده‌کاری تر دوای گه‌ڕانه‌وه‌ .
گه‌ڕانه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌ گه‌ڕاوه‌کانی هه‌نده‌ران بۆ ئیشه‌کانیان له‌کوردستان به‌تازه‌دامه‌زران نه‌ک به‌ حسابکردنی خزمه‌ته‌ کۆنه‌کانیان که‌ ئه‌و موچه‌یه‌ به‌شی خێزانێکی گه‌وره‌ ناکات دوای چه‌ند ساڵێکی ئاواره‌یی و هه‌ژاری .
هه‌روه‌ها سه‌ربه‌ستی ئابوری ژن به‌بونی موچه‌ی سۆشیال بۆ خودی خۆی له‌ هه‌نده‌ران یارمه‌تی داون که‌ له‌ژێر ڕکێفی پیاوا بچنه‌ده‌ڕی و ئاماده‌ نه‌بن جارێکی تربگه‌ڕێنه‌وه‌ له‌کوردستان ده‌ست بۆ مێرده‌کانیان پان بکه‌نه‌وه‌ خه‌رجیان به‌نێ بۆیه‌ به‌ڕێژه‌یه‌کی زیاتر ژنان به‌ربه‌ستن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ پیاوان وابزانم مافی خۆشیانه‌ .
قه‌یرانی ئابوری ئیستای هه‌رێمیش به‌هۆی نه‌بونی پلانێکی درێژخایه‌ن تازه‌ترین هۆکاری بیر نه‌کردنه‌وه‌یه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌
4- هۆکاری کۆمه‌ڵایه‌تی :
هۆکاره‌کانی سیاسی و سه‌ربازی و ئابوریش ڕێگربون له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ڵام کوردانێکی زۆر گه‌ڕانه‌وه‌ یان ویستیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو به‌ربه‌ره‌کانیه‌ دواجار داکوتانی ڕه‌گی ژیان له‌ هه‌نده‌ران و گه‌وره‌بونی مناڵان بۆ نمونه‌ کوڕ ژنی بێگانه‌ی هێناوه‌ و کچ شوی کردووه‌ و مناڵ فێری دایه‌نگاو قوتابخانه‌و کۆلیج و تێکه‌ڵاوی وهاوڕێی ئه‌و وڵاتانه‌بوون و تازه‌ ناتوانن خۆیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ ژیانێکی زۆر جیاوازو دواکه‌وتوتر له‌ هه‌نده‌ران .
بونی یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و مافی مرۆڤی ڕاسته‌قینه‌ نه‌ک به‌ قسه‌ و مافی ژنان به‌تایبه‌تی و هۆکارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی زۆر گرنگه‌ که‌ زۆرینه‌ی ژنانی کوردی ئه‌وروپاو وڵاتانی تر نایانه‌وێ له‌گه‌ڵ مێرده‌کانیانا بگه‌ڕێنه‌وه‌ و زۆربه‌ی ئه‌و پیاوانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هاوسه‌ره‌کانیان یان نه‌هاتونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵیان یان جیابونه‌ته‌وه‌ لێیان .
نه‌بونی سه‌روه‌ری یاساش له‌کوردستان یه‌کێکه‌ له‌هۆکاره‌کانی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان .
سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش جۆری په‌روه‌رده‌کردنی مناڵان له‌وێ ئاسته‌مه‌ بتوانرێ بگونجێنرێن له‌گه‌ڵ چۆنێتی بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆژهه‌ڵات و جیاوازی ئاینیش له‌ولاوه‌ که‌ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ تێیدا گه‌وره‌بووه‌ له‌ هه‌نده‌ران و پابه‌ندبونی خه‌ڵکانی کوردستان به‌ که‌له‌پورێکی ئاینی وکۆمه‌ڵایه‌تی و بیرو بۆچونێکی جیاواز له‌وێ . بۆیه‌ ئه‌و دایک و باوکانه‌ی ئه‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆنین له‌م بڕیاره‌دا به‌ڵکو هه‌موو ئه‌م هۆکارانه پێکه‌وه‌ به‌سراونه‌ته‌وه‌ وبڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ش ئه‌بێ مناڵه‌کانیشیان به‌شداربن تێیدا . هه‌روه‌ها نه‌بونی ژیانێکی نزمتربه‌ ئاستی چه‌ن پله‌یه‌ک له‌ ژیانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریکا ، له‌گه‌ڵ نه‌بونی هه‌لی ڕابواردن و گه‌شت گوزاری و ئاڵۆزی ژیانی ناوشاره‌کان و نه‌بونی پێداویستیه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌مڕۆی مرۆڤ و دوریمان له‌ پێشکه‌وتنه‌کانی ته‌کنه‌لۆجیای جیهان و شارستانیه‌ت ، بۆ نمونه‌ش نه‌بونی ئاو له‌ هاویناو کاره‌باو هێڵه‌خاوو خلیچکه‌کانی ئه‌نته‌رنێت و نه‌بونی هۆکاری هاتوچۆی نێو ده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی خیراو سه‌رده‌می و خراپی ڕێگاوبان و زۆر هۆکاری تر .
هه‌روه‌ها جیاوازی زمانی خوێندن له‌وێ و لێره‌ و نه‌بونی ئه‌وبه‌شانه‌ی زانکۆ که‌لێی ده‌خوێنن له‌هه‌نده‌ران له‌ زانکۆکانی کوردستان به‌ربه‌سته‌ له‌ڕیگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی قوتابیه‌کان . سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش دانیشتنی هه‌ندێ کوردانی هه‌نده‌ران له‌ ماڵه‌وه‌به‌بێ کار بۆ چه‌ند ساڵێکی زۆر وه‌های لێ کردون ئیتر نه‌توانن بۆجارێکی تر بێنه‌وه ‌سه‌رکار و به‌رهه‌میان ببێ له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌یانا .
دواجار ئه‌م هۆکارانه‌ به‌گشتی و چه‌ند هۆکارێکی گرنگی تایبه‌ت به‌ خودی هه‌ر خێزانێک ڕێگرن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی کوردانی هه‌نده‌ران وه‌ هه‌رچه‌نده‌ کاربکرێت له‌سه‌ر تواندنه‌وه‌ی ئه‌و شاخه‌به‌فرینه‌یه‌ی نێوان ئێره‌و ئه‌وێ که‌باسم کردن زۆر به‌زوویی چونکی نه‌وه‌ی دوای ئه‌م نه‌وه‌یه‌ زۆر سته‌مه‌ بۆجارێکی تر بیر له‌گه‌ڕانه‌وه‌ بکه‌ن گه‌ر بشگه‌ڕێنه‌وه‌ پیره‌مێردو پیرێژنه‌کان دێنه‌وه‌ بۆ چه‌ن ڕۆژێکی پاشماوه‌ی ژیانیان و نه‌وه‌کانیان که‌له‌هه‌نده‌رانن ئه‌بن به‌ بێگانه‌ له‌ وڵاتی خۆیان ( کوردستان ) . ئه‌وسا بۆ گه‌شت و گوزار له‌وانه‌یه‌ سه‌رێک به‌نه‌وه‌ له‌ ووڵاتی باوو باپیرانیان .