Fuad - Ibadi

سوارە کەمال : ئەگەڕی داوایەکی پڕ مەترسی .  

سەرەرای ئەوەی حزبە کوردیەکان بەشدارو هاوبەش بوون لە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عیراقی پاش سەدام ، کەچی بریار بەدەستانی عەرەب ، دەستیان لە پێشێڵکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد هەڵنەگرت . پێنەدانی مووچەو چەک و تەقەمەنی بە هێزی پێشمەرگە ، یەکێکە لەو نمونانە .

بەڵام بەهۆی هێرشی داعشەوە ، له‌مکاته‌دا ئامادەیان دەربڕیوە هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لە هێزی بەرگری عیراق بەرخوردی لەتەکدا بکەن .

دیارە ئەم هەڵومەرجەی عیراق و سوریا ، باشوورو رۆژئاڤای کوردستانی پیا گوزەر دەکات . بۆتە جێگای مەترسی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەو دنیای دەرەوە . ئەوانیش هەر یەکەیان بەپێ پێگەو قەوارەی بەرژەوەندیەکانیان لە هەوڵی گۆرینی ڕێرەوی ئەم شەڕەدان . حوکومەتی بەغداش وەک هەر وڵاتێکی بیانی ، لە رێگای رێکەوتنی کاتی و هەوڵە دبلۆماسییەکانیەوە دەیەوێت لەگەڵ هەرێمدا رێکبکەوێت . دیارە هۆکار گەڵێک لە پشت ئەم جموجۆڵەی بەغدا هەیە ، واپێدەچێت یەکێک لە وانە ؛ هەوڵدان بێت بۆ سازدانی زەمینەی بەشداریپێکردنی هێزی پێشمەرگە لە راماڵکردنی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر خاکی عەرەبی عیراق .

هەڵوێستی حزبەکان

 بەهۆی جیاوازبوونی باکگراوەندی حزبەکانی باشوور ، لە شێوازو ئاستی توند و ساردی پەیوەندیان بەوڵاتانی دەرەکیەوە ، تێگەیشتنیان لەسەر زۆرێک لە پرسەکان دژ بەیەک دێنە ئەژمارکردن . بۆ نمونە ؛ لە پاش هێرشی داعش بۆ سەر موسل ، جارێکی تر سەلمێندرا کاریگەری وڵاتانی ناوچەکە لەسەر حزبەکان ، یەکێکە لەو فاکتەرانەی ناچاریان دەکات تەنانەت لەسەر پرسە نیشمانیەکانیش یەک هەڵوێست نەبن . بینرا یەکێتی بێ یەک و دوو داعشی بەدوژمنی کورد هێنایە ناساندن ، پارتیش بەپاساوی ئەوەی شەری کورد نیە ، هەوڵیدا دورە پەرێزبێت . ئیسلامیەکانیش وێرای ئەوەی هەڵویستی دووەمیان پێ پەسەند بوو ، لەهەمان کاتدا بەشێک لە بۆچونەکانیان وا دەردەکەوت کە مەزهەبیان بەلاوە گرنگترە لە بەرژەوەندی گەلی کوردو نیشتمانەکەی . هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆرانش ، دەکرێت زیاد لە بۆچونێک هەڵگرێ ، یەکەمیان ؛ بەهۆی ئەوەی لایەنێگی نوێیە ، نەیتوانیوە بەهەمان شێوازی حزبەکانی تر لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی پەیوەندی ببەستێت ، دووەمیان ؛ واپێدەچێت بزۆتنەوەی گۆران پەیوەندیی حزب بە وڵاتانی دەرەکیەوە رەتبکاتەوەو بە ئەرکی پەرلەمان و حوکومەت بزانی .

هەڵویستی تورکیا و ئیران

دیارە هەر وڵاتی بەپێی بەرژەوەندی ، ریزبەندی دۆست و نەیارەکانی دەکات . حزبەکانی کوردستانیش ویستوویانە بەهەمان شێوە بەرخورد بکەن ، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێزو توانای دەوڵەت زۆر بەرفراوانترە لە حزب ، جگە لەوەی دەستکەوتیان چەند بەرابەرترە ، لەهەمان کاتدا توانایان هەیە حزب ناچاربکەن پێچەوانەی خواستی لایەنگرانشی هەڵوێست دەربرێت .

ئەوەی بینرا ، ئێران لەسەرەتای دەستپێکردنی قەیرانەکانی سوریا ، بێ پێچووپەنا لایەنگری رژێمی ئەسەدی کردووە و لە پەلەماردانی عیراقشدا لەسەر هەمان هەڵوێست ماوەتەوە . بەڵام تورکیا بە پێچەوانەوەی ئێران ، سەنگەری دژ بە ئەسەدی هەڵبژاردووە ، لەپەلەماردانی عیراق و هەرێمشدا نەک هەر خۆی دزییەوە بەڵکو تومەتبارە بەوەی پشتوانی داعش دەکات .

بەرەنجام

لەمکاتەدا هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندی گەلی کورد دایە ، بەلام ئاماژەی پشت جموجولەکانی بەغدا لەتەک هەرێم جێگای تێرامانن ، وادەردەکەون کە داوا لە هەرێم بکرێت شانبەشانی عەسکەر بکەونە هەوڵی رزگارکردنی خاکی عەرەب . دیارە ئەم داوایە جگە لە بەغدا ، لەبەرژەوەندی دەوڵەتی ئێرانشە ، بە دوورش نازانرێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەمان داوایان هەبێ . کەواتە دەبێ بپرسین لە ئەگەری داوایەکی وادا هەرێم چدەکا ؟ پێموایە ئەگەر بە نەرێنی وڵام بداتەوە ، دەیخەنە ‌ژێر چەندین جۆر فشارەوە ، ئەگەر بەشداریش بێت ، ڕوبەروی چەندین ئاستەنگی دەرەکی و ناوەکی دەبێتەوە . بۆ نمونە ؛ شەقامی کوردی ئەزمونی تاڵی لەگەڵ حوکومەتی بەغدا هەیە ، ئایا رێگا دەدات پێشمەرگە بگرێتە سوری بەر لەشکر ؟

بۆیە پێویستە هەر سێی سەرۆکایەتێەکەو سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان ، پێش بەفەرمی داواکردنی بەشدارپێکردنی هێزی پێشمەرگە ، زۆر ژیرانە دراسەی هەمەلایەنەی ئەگەری ئەم داوایە بکەن و ئامادە باشبن بۆ هەر ئەگەرێک .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies