Barzani

دارا خونچە : بارزانی چیدی ناتوانی نەزانەکانیش سەرمەست بکا .

وە هۆی بێ کەلکیی حیزب وە شێوەیەکی گشتیی و حیزبەکانی کوردستان وە شێوەیەکی تایبەتیی .. سیاسەت لە هەموو کایەکانی دیکە پتر دەرفەتەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵی خەڵکی کوردستانی داگیر کردیە و تا دێ ئاسوودەییەکان دەخاتە بازنەی چووک چووک و هاوکات بازنەکانیش چووکتر دەکاتەوە ، لە نێو ئەو سیاسەتەشدا یەک لە دیاردەکان کە سەرکردەکان و حیزبەکان تا نهۆ وەکاریدەبەن ( سەرمەستکردنی نەزانەکان ) ـە لە رێی ‌هێندەک گوزارشتی لەو بابەتانە : ” دەی خۆ ئەوە باشترە لەوەی هیچ نەبی ” ، ” قۆناغەکە هەر هێندەی وەبەرەوەیە و پێویستە قۆناغ وە قۆناغ بچینە پێش ” ، ” میللەتەکەمان زۆر لە پاشە و هێشتا کاتی زۆر دەوێ تا هۆشیار دەبێتەوە و دەتوانی تازەگەرییەکان هەرس بکا ”، پێویستە ژنان مافیان هەبی و رزگار ببن .. لێ ئێستا بارودۆخی ژنان وە بەراورد وە پێشان ئاسمان رێسمانە ”، ” لە وڵاتە پێشڤەڕۆیەکانیش هەر بەو جۆرەیە .. رەنگە یەک قیچ باشتر بن .. لێ نابی ئەومان بیر بچی لێرە لە ماوەیەکی کەمدا و لەسەر وێرانەیەک ئەوەمان دروست کرد ”، و … هتد .* 

لە شیرینیی خۆشتر لە کن بارزانی تەنێ شیرینییە !

تێکڕای سەرکردە و دەسەڵاتدارەکانی نێو حیزبەکانی کوردستان هەر وەک بارزانین .. لێ ئەومان وەک نموونە هەرە خراپەکە هەڵبژارد ** – هەڵبەتە لە سەرکردە ئیسلامییەکان ” کۆمەڵ و بزووتنەوە و یەکگرتوو ” نادوێین چونکە ئەوان لە خراپەکانیان تێپەڕاندییە .. ئەوان کە دوژمنی هەموو مرۆڤایەتیین هەر تەنێ ( خراپ ) نین بەرانبەر خەڵکی کوردستان بەڵکە ( داعشی نێوخۆ ) ن و دوژمنە هەرە سەرسەختەکەن -، بارزانی لەوەتەی هەیە لە نێو شیرینییدا بووە .. سەردەمەکی دوور و درێژیشە کە دەسەڵاتی یەکەمی وەدەستەوەیە ملێۆنان جار ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی و دەستوپێوەندەکانی شیرینتر بووە و تا دێ هەر شیرینتریش دەبی .. لەبەرئەوە لە شیرینیی خۆشتر لە کن وی تەنێ شیرینییە ، کەواتە هەر دەبی لە پێناو پاراستنی شیرینییەکانی هێندەک لە شیرینەکانی وە نەزانەکان ببەخشی و سەرمەستیان بکا :

هیچ گومانی تێدا نییە ئەوەی ئێستا هەیە زۆر باشترە لە کن بارزانی لەوەی کە پێشتر هیچی نەبوو؛ پێشتر میللەت هیچی نەبوو و ئەویش هیچی نەبوو و لە (کەرەج) کرنووشی لۆ ئاخوندەکانی ئێران – داعشە رەسەنەکان – دەبرد، لە پاش شکستەکەی ”هێزی پێشمەرگە” لە ساڵێ ١٩٨٨ هەموو حیزبەکان لەسەر سنوور و لە دیوی باشوور هێندەک بارەگایان هەبوو .. تەنێ پارتی لە ئێران بوو و تەنانەت یەک بنکەی گچکەشی لە دیوی باشوور نەبوو .. زۆر دەستکورت بوون و ” حیزبی شیوعی ” جاروبارەک خێری پێ دەکردن .***، لێ ئێستا کە خۆی خاوەنی تێکڕای سەرزەوی و بن زەوی کوردستانە و میللەتیش وە بەراورد وە تێپەڕینی کات و گۆڕانکارییەکان و بەرەوپێشەوەچوونەکانی زانست و ژیان لەسەر ئاستی جیهان هیچ هیچی نییە .. ئەوەش فرە فرە باشترە لۆ وی !

هیچ گومانی تێدا نییە ئەو قۆناغەی ئێستا لە کن بارزانی هەر هێندەی وەبەرەوەیە کە لە رێی خۆڕادەستکردنی وە ” ئەردۆگان – عوسمانییە داگیرکەرە نوێیەکان ” دەسەڵاتەکەی بپارێزی و هەر لە رێی ئەوانیشەوە بازاڕی فرۆشتنی نەفت لۆ بنەماڵەکەی مسۆگەر بکا و میللەتیش کە لەسەر دەریایەک سوتەمەنیی دایە با هەر لەوپەڕی قەیرانی سوتەمەنییدا بژی .. هەڵبەتە شیرینیی لە کن وی لەو قۆناغەدا زۆر خۆشترە کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە تاڵیی و تفتییدا بژین ! بەرژەوەندیی وی هەر ئەوەی دەخواست قۆناغەکان بەو شێوەیە ببڕی ؛ ( لامەرکەزیی ، ئۆتۆنۆمی ، فیدراڵیی – کە پتر لە نیو سەدەی خایەند ) .. ئێستاش ” کۆنفیدراڵیی ” لەپێشە و ئەگەر بکرێ و چەندەی لە تواناشدا هەبی درێژە بخایەنی زۆر باشترە ، ئاخەر سەربەخۆیی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی ئەگەر دەستکردی وڵاتە زلهێزەکان نەبی خەڵکی شۆڕشگێڕ و باری شۆڕشگێڕیی گەرەکە .. ئێ ئەوەش نابی چونکە دەبیتە هۆی لەدەستدانی دەسەڵاتە شیرینەکەی !

هیچ گومانی تێدا نییە میللەتەکەمان لە کن بارزانی زۆر لە پاشە .. چونکە کاتەک دەبینی کۆلەوارەکی وەک خۆی کە تا دوو قسەی پووچ و بێ سەروبەر لە لێدوانەکی رۆژنامەنووسیی دەترشێنتە سەر یەک هەناسەسوار دەبی .. کەچی لە رێی داپلۆسین و نانبڕین و پەراوێزخستنەوە لە ٧٠٪ی خەڵک ناچار دەکا دەنگی پێ بدەن و دەتوانی سەرجەمی خەڵکە زیرەک و ژێهاتییەکەی کوردستانیش سەرکوت بکا یان پەڕاگەندەی وڵاتانیان بکا و بێ هەڵبژاردنەوەش خۆی بسەپێنتەوە .. ئیدی هەر دەبی وەها پیشا بدا کە هێشا خەڵکی کوردستان ناهۆشیارن و ناتوانن ئەو تازەگەرییەی وی هەرس بکەن کە دەخوازی کوردستان وە شێوەیەکی زۆر لاواز لاسایی وڵاتانی کەنداو بکاتەوە و کلیلی قاچاغیی نەفت و تێکڕای سامانەکانیش هەر لە بەڕکی خۆیدا بی و پاشانیش نەوەکانی یەک لەدوو یەک وەریبگرن!

هیچ گومانی تێدا نییە ماف و رزگاریی ژنان لە کن بارزانی زۆر زۆر بڤەیە .. ئاخر ئەو تا ئێستا رێ وە ژنانی بنەماڵەکەی خۆی نادا کەس بیانبینی و هەر لە نێو کۆشکە جوان و بەرزەکانی لە زیندان دان .. تەنێ لەسەر ئەوەی ” سەردەشت ” ی رۆژنامەنووس لە پەخشانەکی ئەندێشە ئامێزدا ئاشقی کیژەکەی ببوو وە گوللە زمانی بڕی ! لێ سەردەمەکە گۆڕایە و ئەویش ناچارە لە شەرمیی رووان وەک سەرکردە پیاوسالارەکانی جیهان تەنێ وە گفتار ببێژی پێویستە ژنان مافیان هەبی و رزگار ببن .. لەگەڵ ئەوەشدا هەر چاوی بەرایی نادا ئەو قیچە ئازادییەی ژنانی دەرێی بنەماڵەکەی ببینی کە گۆڕانکارییەکی زۆر زۆر لاوازە وە پێی سەردەم لێ ئەو پێی وەیە جوایەزییەکەی هێندەی ئاسمان و رێسمانە .. لەبەرئەوە لە رەفتاردا بەوپەڕی توندییەوە دژایەتیی دەکا و چەندین رێکخراوی ساختە و لەخشتەبەرانەی ژنان دادەمەزرێنی و لەولاشەوە بکوژانی ژنان وە لێبووردنی تایبەتیی و گشتیی لە زیندانەکان ئازاد دەکا و بەریان دەداتەوە گیانی ژنان !

هیچ گومانی تێدا نییە وڵاتە پێشڤەڕۆیەکانیش لە کن بارزانی هەر وەک کوردستانن.. لەوەیان راست دەکا ئەگەر مەبەستی بی ئەوە بی کە ئەو وڵاتانە و کوردستانیش لە چارچیوەی یەک سیستەمی دڕندانەی سەرمایەداریی و دیموکراسییەتە پەڕپووتەکەیان بەڕێوەدەچن و لە کن ئەوانیش گەندەڵیی و بیرۆکراسییەت زۆرن ، لێ ئەگەر بیەوێ لە رێی چەند نموونەیەکی نەرێنیی ( ماف و ئازادییەکان و مافەکانی ژنان و منداڵان و یاسا و دادوەریی و ژیان و گوزەرانیی ) ی ئەو وڵاتانە وە ئی کوردستان – کە رێک وە گۆڕستان دەچی – بچووێنی .. ئیدی ئەوە هیچ بەرسڤەکی گەرەک نییە چونکە چیدی ناتوانی تەنانەت نەزانەکانی نێو حیزبەکەشی سەرمەست بکا تا لە هەڵبژاردنەکان دەنگی بدەنێ !

____________________________

پەراوێزەکان :

* ئەوانە دەقی گفتاری راستەوخۆی بارزانی یان هیچ دەسەڵاتدارەک نین بەڵکە وە شێوەی داڕشتنی دیکە هەمان ئەو گفتارانەیان هەن و هەر وە پێی ئەو گفتارانەش رەفتار دەکەن .

** دیارە مەبەستمان لە ( بارزانی ) خودی خۆی نییە وەک مرۆڤ، بەڵکە وەک ئەو رۆڵ و پێگەیەی کە ئێستا هەیەتی ، خۆ ئەگەر کوڕی ( مستەفا بارزانی – سەرکردە خێڵەکییەکە ) نەبووایە و ئەو رۆڵ و پێگەیەی وە میرات لۆ نەمابایەوە ئەوە دووچاری ئەو هەموو تاوانانە نەدەبوو و رەنگە ئێستا ئەویش وەک هەر پیرەمێردەکی پاک و رێزداری ئەو گوندانەی کوردستان لە گوندەکەی خۆی خەریکی ژیانی خۆی بووایە و سەربەرزانە و دوور لە داگیرکاریی و ستەمگەریی بژیابا .

*** هێندەک لەو شیوعیانەی کە لە پاش ١٩٩١ بوونە بەرپرسی دیار لە نێو پارتی لەوانەن کە لە پاش ساڵی ١٩٨٨ پەیوەندیی گەرمیان دەگەڵ بەرپرسە ئۆردوگانشینەکانی پارتی هەبوو و ژێروەژێر یارمەتییان دەدان ، ئەوانە هۆکارەکی کاریگەر بوون لەوەی حیزبی شیوعی بەو دەردە بچی کە لە پاش راپەڕینەوە دووچاری بووە .

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies