Xebat-Ceza

خەبات جەزا : بۆ له‌ دواوه‌ین .

(( ئه‌مه‌ ئه‌مه‌ریکایه‌ )) (( That is America )) فیلمێکی دۆکیومێنتاری ئه‌مه‌ریکیه‌ که‌ له‌ کاتژمێڕێک درێژتره‌ هیوادارم هه‌موو کوردێک بیبینێ و له‌ بارو دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و وڵاته‌ تێ بگات و ئه‌م پرسیاره‌ له‌ خۆی بکات : چۆن و بۆچی وڵاتێک پڕ له‌ بێ ئیش و هیپی و بێ ده‌رامه‌ت و سه‌رخۆش و بێهۆشکه‌ر به‌کارهێن و که‌مڕێز له‌گه‌ڵ یه‌ک و پڕ کوشتن و بڕین و دزی وبه‌د ڕه‌وشتی و زۆر شتی تریش که‌ باس ناکرێت و ڕوم نایه‌ت باسی که‌م به‌ڕێژه‌یه‌کی ترسناک به‌ چاوی خۆت ده‌ی بینی له‌ فیلمه‌که‌دا …. چۆن ئاوا پێش هه‌موو ده‌وڵه‌تانی جیهانن و یه‌که‌من له‌ هه‌موو بواره‌کانا ؟ .

به‌ڕای من یه‌که‌م وسه‌ره‌کی ترین هۆکار ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤی شیاو له‌ جێگه‌ی شیاوایه‌ ئه‌ویش به‌ ڕێکخستنی کاره‌کانیان و له‌ژێر سایه‌ی یاساو ده‌ستوردا بۆ نمونه‌ له‌قوتابخانه‌یه‌کدا و له‌ پۆلێکدا زیره‌کترین و ئاقڵترین و به‌ڕه‌وشتترین قوتابی ڕابه‌ری پۆله‌که‌یه‌و باشترین قوتابی سه‌رۆکی یه‌کێتی قوتابیانه‌و باشترین مامۆستا به‌رپرس و داکۆکی له‌ مافه‌کانی مامۆستا ده‌کاو باشترین مامۆستا ده‌بێ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ر و باشترین به‌ڕێوه‌به‌ر ده‌بێ به‌ سه‌رپه‌رشتیارو سه‌رکه‌وتوترین سه‌رپرشتیار ده‌بێ به‌ به‌ڕیوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ و باشترین به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ ده‌بێ به‌ ڕاوێژکاری وه‌زیر …. وه‌زیریش ئه‌وپارته‌ ده‌ست نیشانی ده‌کات که‌ به‌ هه‌ڵبژاردنێکی دیموکراسی سه‌رکه‌وتوبووه‌ و له‌ ناو ئه‌ندامی حیزبه‌که‌دا له‌و شیاوتری تیا نییه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ و ئه‌ویش ته‌نها ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی حیزبه‌که‌ی بخاته‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌ و کاره‌ هونه‌ریه‌کان کاری ڕاوێژکاره‌کانێتی نه‌ک میزاجی خودی خۆی !!! لای ئێمه‌ زۆربه‌ی قوتابیه‌ ته‌مه‌ڵه‌کان ده‌بنه‌ نوێنه‌ری قوتابیان له‌ڕێگه‌ی حیزبایه‌تیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستاکان بترسێنێ و ده‌ری چێنن له‌ دوا ڕۆژیشدا هه‌ر ئه‌وان پۆسته‌کان وه‌رده‌گرن … که‌واته‌ له‌ ئه‌مه‌ریکا مرۆڤه‌ گه‌مژه‌کان هیچیان به‌ ده‌ست نیه‌و جڵه‌وی مه‌ڕێکیشیان نادڕێته‌ ده‌ست …!! و مرۆڤه‌ به‌تواناکان وڵات ده‌به‌ن به‌ڕێوه‌‌ .
لای ئێمه‌ گه‌نده‌ڵی و دزی ته‌نها هۆکاری دواکه‌وتنمان نییه‌ چونکی ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌مه‌ریکاش گه‌نده‌ڵی و دزی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌م جۆره‌ زه‌ق و ناشرینه‌ی لای خۆمان نا …. کورد ئه‌ڵێ خێر بۆ خوێش خوێشیش به‌ مه‌عنا … لای ئێمه‌ بێ مه‌عنایه‌ …. چه‌میش بێ چه‌قه‌ڵ نابێ !!!! به‌ڵام چه‌مه‌که‌ی ئێمه‌ پڕ چه‌قه‌ڵه‌ … هۆکارێکی گرنگی دواکه‌وتنمان چاولێ پۆشینه‌ له‌ هه‌ڵه‌ی کرێکارو فه‌رمان به‌رو به‌رپرس که‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌ هۆی ده‌ست تێگلانی حیزبه‌کانه‌وه‌یه‌ ته‌نانه‌ت له‌ بچوکترین جومگه‌ی به‌ڕیوه‌بردندا … ئه‌م چاوپۆشینه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکاشا ناکرێت و هه‌ر که‌سێ هه‌ڵه‌ و خواری و بێباکی بکات و پۆسته‌که‌ی به‌کاربێنێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌رده‌کرێت له‌ کاره‌که‌ی و له‌که‌ی ڕه‌ش ئه‌خرێته‌ سه‌ر سیڤێکه‌ی و لێی ده‌پرسرێته‌وه‌ و دواکه‌وتن له‌ هه‌ر کارێک ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌رکردنه‌ ئه‌گه‌ر له‌و شوێنه‌ چه‌نده‌ها ساڵیش ئیشی کردبێ !! به‌ڵام لای ئێمه‌ هه‌ر که‌ بوی به‌ فه‌رمانبه‌ر هه‌تامردن که‌س بۆی نییه‌ پێی بڵێ پێی خواداناوه‌ ئه‌ویش ته‌رانته‌رێن ده‌کات له‌کاره‌که‌یدا و یان به‌ ماستاوچێتی ده‌گاته‌ به‌رزترین پله !!! که‌وابێ یاسا سه‌روه‌ره‌ و لای ئێمه‌ هه‌موو خواریه‌ک ده‌کرێت له‌ژێر سایه‌یدا .
له‌ ئه‌مه‌ریکا داهێنان له‌ بواره‌جیاجیاکاندا ئه‌بێته‌ مایه‌ی بوژاندنه‌وه‌ی وترۆقی ئاستی ئابوری هه‌رکه‌سێکی به‌ ئه‌زمون و زانا و به‌هره‌مه‌ند به‌ڵام لای ئێمه‌ به‌هۆێ خراپ به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگاوه‌ که‌س ناپرژێته‌ ئه‌وه‌ی بیرکاته‌وه‌ له‌ تاو زۆری کێشه‌کان که‌ له‌ ژماردن نایه‌ن .
له‌ ئه‌مه‌ریکا ئاستی زانستی نوخبه‌ (( هه‌ڵبژارده‌ی کار به‌ده‌ستان )) به‌ کۆ زۆر به‌رزتره‌ له‌ ئێمه‌ ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵگاش ..
ژێرده‌سته‌یی کوردستان و سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مه‌ریکاله‌ کۆنه‌وه‌ هۆکاری دواکه‌وتنمانه‌و پێشکه‌وتنیانه‌ و له‌وێ هه‌رکه‌سێک له‌ خه‌ویشا خۆی بفرۆشێ به‌ وڵاتێکی تر نایهێڵن به‌ڵام لای ئێمه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌کرێت که‌ پشتی فڵانه‌ ده‌وڵه‌تی دراوسێ ئه‌گرن ….
ئێستا زانیتان بۆ له‌ دواوه‌ین چونکی مرۆڤی شیاو له‌ جێگه‌ی شێاوا نیه‌ و حیزب چۆته‌ ناو هه‌موو جومگه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌و چاوپۆشی له‌ نه‌فامی و هه‌ڵه‌کانی ئه‌ندامه‌کانیان ده‌که‌ن و ده‌یانپارێزن له‌ لێپرسینه‌وه‌ …
دژایه‌تی زاناو مرۆڤه‌ به‌ ئه‌زمونه‌کان ده‌کرێت له‌ هه‌موو شوێنێکا و گرنگ کڕینی ده‌نگه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی دواکه‌وتنی میلله‌ت و نیشتیمانیش بێت …..