Azad-Arif

ئازاد حەمدی :  هەڵەبجە لە ڕەمەزاندا . 

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

وە هەر پێش هاتنی  مانگی رەمەزان ، خٶئامەدەکردن  دەکرا ، بەتایبەتی لەلا یەن دانیشتووانەوە ، وەکودابینکردنی  زەخیرە و پێداویستیەکانی مانگی رەمەزان .. ناو بازاریش دەکەوتنە ئامادەکردن  بەتایبەتی لە خواردنی هەمە چەشنە  ( چەشنەکانی شەربەت ، شیرینی ، میوەهات و … هتد )  سەرلە ئێواران لە چەند شوێنێک بەفردەفرۆشرا  کە لە چاڵە بەفرەکانی عەبابەیلێوە دەهێنرا ، وەکو بەردووکانەکەی بەرێز رەشە خڕە کە ساردی  فرٶش  بوو ، بەر چایخانەکەی کاک ‌عارف وە چەند شوێنێکی  تر لە کانی قووڵکە .

هەر لە چێشتەنگاووە  هەندێک دەچوونە  سابات و شوێنە  فێنکەکانی مزگەوتەکان  بۆ ئیسراحەت و ڕٶژ بەسەربردن و قورئان خوێندن .

کاتی نزیکبوونەوەی بەربانگ لە کەلاوە کۆنەکەی ناسراو  بەسەراسوتاوەکە بەرێز ( نوری وەستاقادری ئاسنگەر  ) تۆپێکی لە لوولە ئاسنێکی گەورە درووستکردبوو ، کە جەند پیاڵە بارووتی تێدەکرد و بە پەڕۆ کۆنە دیپەستا ، هەر کە گوێی لە بانگ دەبوو  لە مەنارەکەی مزگەوتی ( جامیعەوە )  بە شاپڵیتەیەک لەکوونی سەر تۆپەکەوە  گڕی ئەدا و ناڵەی لێهەڵدەستا ، دەبووە هەرای سەیرکەرانی لە کروکاڵ و منداڵان .. بەوچەشنە  دەنگۆی کاتی رۆژوو شکاندن  ئاشکرا دەکرا .

لەپاش رۆژوو شکان و پشوو یەک بەپێی  پێوست  دەچوونە سەردانی ماڵان بۆ دەمەتەقی و شەو بەسەسەر بردن بە قسەی  خۆش ، لەزۆر ماڵاندا  چیرۆک دەخوێنرایەوە .. لە چایخانەکەی بەرێز (حەمەکەریمی چایچی )  کەسانێکی زۆر  کۆدەبوونەوە  بۆ گوێگرتن  لە  چیرۆکی شەوانەی  دوورو  درێژ  لە چەشنی ( رۆستەمی زاڵ ،شیرین و فەرهاد  و … هتد ) .

هەر لەدووای نوێژی عیشاوە .. بە دەهۆڵ لێدان خاوەن حەمامی  گەورە  بەرێز ( ئەحمەد حەمە موراد  و حاجی زۆراب  پاشا  )  بانگێشتی ئەوەیان دەکرد کە  ( ئەم شەو حەمامی ژنانە یان پیاوانە ) .